پڕۆفایلی مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحموود  (رحمە اللە)

 - لە بەھاری ساڵی (١٩٥٠) زایینیدا لە گوندی یاڵانپێی سەر بە ناحیەی خورماڵ و پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید لە داییکبووە، واتە ناوی: (ئەحمەد کوڕی کاکە، کوڕی مەحموود، کوڕی عەلی، کوڕی خدرە).

 - لە تەمەنی (٦ بۆ ٧) ساڵی دەنێردرێتە بەر حوجرەی مزگەوتی گوندو لەوێ لە خزمەت یەکەم مامۆستای (م. سەیید حسێن) دەست دەکات بە خوێندنی قورئان و ئەلف و بێی عەرەبی و ئادابە ئیسلامییەکان و تەجویدی قورئان.. پاش ماوەیەک ھەر لە خزمەت مامۆستا سەیید حوسەین کتێبەکانی: (ئەحمەدیی و گوڵستانی سەعدیی و عەوامیلی جورجانی و بورکەوی) دەخوێنێ و زۆر سوود وەردەگرێ.

- دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن و زانستە شەرعییەکان چەندین گوندو شاری کوردستانی ئێران و عێراق دەکات و لەخزمەت چەندین زانای ناودارو گەورەی کوردستان وانەی شەرعی خوێندووە ، لەوانە:
(مامۆستا مەلا موستەفا لە گوندی ھانەی دن ، مامۆستا سەیید نەجم الدین تاھا لەگوندی تەپی سەفا ، مامۆستا مەلا باقری بالک و قوتابیەکانی وەک مامۆستا (سەید مەسعود) لە گوندی بالک ، مامۆستا مەلا محمد بەھائەدین لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ ، مامۆستا مەلا محەممەدی ملچەور لە ساڵی ١٩٦٦ ز. لە گوندی نەوێ ، مامۆستا "شێخ نورالدین موفتی" لەساڵی (١٩٦٧) لە مزگەوتی دار السلام لە ھەڵەبجەی شەھید ، مامۆستا "شێخ خالدی موفتیی" لە مزگەوتی گەورە (الجامع الکبیر) لە ھەڵەبجەی شەھید ، مامۆستا مەلا محەممەدی عەبابەیلێ لە مزگەوتی (دار الاحسان) لەھەڵەبجەی شەھید ، کۆتا جارو کۆتا مامۆستای مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز بووە لە مزگەوتی پاشا لە شاری ھەڵەبجەی شەھید.

- دواتر لە خزمەت مامۆستا مەلا عوسماندا لە مزگەوتی پاشا دەمێنێتەوەو لە بەرواری (٢٤ / ١ / ١٩٦٧ ز) دەچێتە (پەیمانگای ئیسلامیی ھەڵەبجە) کە جەنابی مامۆستا مەلا عەلی عبدالعزیز "بەڕەحمەت بێ" بەرێوبەری دەبێ و بەسەرکەوتوویی پەیمانگای ئیسلامیی ھەڵەبجەش تەواو دەکات.

- لە ساڵی ١٩٧١ ز، لە خزمەت جەنابی شێخ عوسمان عبد العزیز مۆڵەتی زانستی شەرعی وەردەگرێ .

- بەکورتی جەنابی مامۆستا ئەحمەد ماوەی (١٨) ساڵ بەدوای خوێندنەوە دەبێ و ئەو ماوە زۆرە لە تەمەنی بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری ئیسلامیی تەرخان دەکات.

- لە ساڵی (١٩٧٢) زایینی ھاوسەرگیری دەکات و خاوەنی (٩) منداڵە بەناوەکانی (فاروق و عیرفان و سومەیەو نوسەیبەو ھوداو سوھەیب و محمد و کۆچەرو ھەدیە) .

- لە سەرەتای ساڵەکانی (١٩٧٧)ی زایینیدا دەست دەکات بە نووسین و وەرگێران و یەکەم کتێبی وەرگێرانی لەسەر بوونی خودا بوو بەناوی (خوا لە ڕوانگەی زانیاری یەوە) لە عەرەبی یەوە کردە کوردیی و بە چاپی گەیاند ، وە لەو بەروارە بەدواوە مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود بەردەوام بووە لەنووسین و زیاتر لە ٢٨ دەستنوسی لە دوای خۆی بەجێھێشتووە ، ناوی ھەندێک لە نووسراوەکانی مامۆستا ئەحمەد بریتین لەم کتێبانەی لای خوارەوە:
 (وتەی زاناکان و باوەڕ بە خوا ، سەربەستی لە ئیسلامدا ، پەروەردە لە ئیسلامدا ، خواپەرستی لە ئیسلامدا ، جیھاد لە ئیسلامدا ، ڕێزی بەیعەت لە ئیسلامدا ، ئاشتی لە ئیسلامدا ، ڕامیاری لە ئیسلامدا، دەستەیەک لە رۆشنبیرانی ئیسلام ، یاسای زیندان لە ئیسلامدا ، دوا رۆژی ستەمکاران لە ئیسلامدا ، جوولەکە بناسە ، سۆشیالیزم یان ئیسلام لە چارەسەرکردنی کێشە ھەنووکەییەکاندایە؟! ، ئیسلامییەکان و پەرلەمان و وەزارەت ،  گۆرانیی و مۆسیقا لەبەر رۆشنایی فەرموودەکاندا ، تاقیکردنەوە لە رێگەی خوادا ، کەسایەتی موسڵمان وەک لە قورئان و فەرموودەدا نەخشەی بۆ کێشراوە  ، پرسیارە ھەتا ھەتاییەکان.. لەکوێوە؟! بۆ کوێ؟! وە بۆچی؟! ، عەقیدەی ئیسلامیی لە ژێر رووناکی تێگەیشتنی زانایانی پێشوومان ، ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا، کێشە کۆمەڵایەتیەکان و چارەسەریان لە ئیسلامدا.
دوا قۆناغی ژیانی کە پیایدا تێپەڕی نوسینی تەفسیری قورئانی پیرۆز بوو بە زمانی شیرینی کوردی بە کورتی و بە پوختی کە لە ساڵی (١٩٩٢)دا دەستی بە نوسینی کردو لە ساڵی (٢٠٠٥)دا کۆتایی پێ ھێنا. وە تا ئێستا ٥ جار چاپ کراوە.

- وە لە بەرواری شەوی (١٧ی ڕەمەزانی ١٤٠٧ کۆچیی بەرامبەر بە ١٧ لەسەر ١٨/ ٥/ ١٩٨٧) لەگەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی ھەڵەبجەو سیروان و ناوچەی ھەورامان شارەزوور، بە ڕابەرایەتی جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز بەرەو وڵاتی ئێران کۆچ دەکەن، لە بەرواری ( ١٧ / ١٠ / ١٤٠٧)ی کۆچیی بەرامبەر بە (١٤ / ٦ / ١٩٨٧)ی زایینی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان/ عێراق) یان ڕاگەیاند. وە مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحموودیش یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و ئەندامی شووراو پاشان تا وەفاتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیە بوو.

- لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەم، بەرواری ( ٥ ی موحەڕەمی ١٤٢٩ کۆچی بەرامبەر ٢٥/١/٢٠٠٧ ) زایینی، لە وەرزی زستانداولە شاری ھەڵەبجەی شەھید کۆچیی دوایی کردو لە مەراسیمێکی بێ وێنەدا لە گۆڕستانی گوڵان بە خاک سپێردرا.

- مامۆستا ئەحمەد لە دوای وەفاتی خاوەنی چەندین پرۆژەی بانگەوازییە لە نووسین و سۆشیاڵ میدیا کە لە ئێستادا پرۆژەکانی بە گەورەترین و بەرچاوترین پرۆژە دا دەنرێن ، وە مامۆستا ئەحمەد خاوەنی گەورەترین پەیجە لە فەیس بووک و زیاتر لە (٢,٥٠٠,٠٠٠) لایکی ھەیە. وە مامۆستا خاوەنی ماڵپەری فەرمی خۆیەتی بەناوی (www.ahmadkaka.org) ، وە خاوەنی ماڵپەرێکی بانگەوازییە بەناوی (www.dangiislam.org).

ئامادەکردنی : عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود