ژیان و به‌رهه‌م و تێكۆشانی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود
ژیان و به‌رهه‌م و تێكۆشانی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود
وته‌یه‌كی پێویست
بسم الله الرحمن الرحیم
الحمدلله، والصلاة والسلام علی رسول الله، وعلی آله وصحبه ومن والاه..
خوێنه‌ری به‌رێز:
مێژووی گه‌لی كورد ده‌وڵه‌مه‌ندو دره‌وشاوه‌یه به سه‌دان كه‌ڵه پیاوی ئایینی و خزمه‌تكاری گه‌ل و ولاَت له هه‌موو بواره‌كاندا، ئه‌گه‌ر لاپه‌ره‌كانی مێژووی گه‌لی كورد هه‌ڵ بده‌ینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئه‌وانه‌ی له حوجره‌و مزگه‌وت تێگه‌یشتوون و پێگه‌شتوون، هه‌ر ئه‌وانیش بوون سه‌رقافڵه‌ی شۆرشه زانستیی و رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بیات و پارێزه‌رانی كلتوری ره‌سه‌نی كوردیی و تا ده‌گاته شۆرشی چه‌كداری دژی داگیركه‌ران له هه‌ر پێنج پارچه‌ی كوردستانی دابه‌شكراودا، له (100) ساڵی ڕابوردوودا به ده‌یان و سه‌دان كه‌ڵه‌پیاوی لێهاتوو و خواویست و خۆنه‌ویست له‌م كوردستانه گه‌وره‌دا خزمه‌تیان كردووه‌و تا ئه‌م كات و ساته‌ش، ئێمه‌ی نه‌وه‌ی نوێی ته‌كنه‌لۆجیاو دونیای عه‌وله‌مه شانازی به دانایی و زانایی و خه‌باتی ئه‌و قاره‌مانانه‌وه ده‌كه‌ین.
له‌م سۆنگه‌وه هه‌ستاین به نووسین و ئاماده‌كردنی (پوخته‌یه‌ك له ژیان و به‌رهه‌م و تێكۆشانی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود) تا بۆ نه‌وه‌ی نوێی داهاتوو ده‌ربكه‌وێ كه زانایان و كه‌ڵه‌پیاوانی كورد چ شتێكیان پێشكه‌ش به گه‌له‌كه‌یان كردوه له هه‌ر سێ ته‌وه‌ری (بانگه‌واز به هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه + كۆچكردن له پێناوی خودا‌و + پاشان جیهادو تێكۆشان).، ناساندنی ئه‌م كه‌ڵه پیاوانه ئه‌ركی سه‌رشانی نه‌وه‌و دۆست و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره به‌و بواره، كه نه‌هێڵن مێژووی دره‌وشاوه‌ی ئه‌و زانا گه‌ورانه‌ی كوردستان له‌به‌رچاو ون ببن و هه‌وڵیش بدرێ له مێژووی كوردیدا ناویان تۆمار بكرێ كه به‌و ته‌مه‌نه كورته‌یان چ به‌رهه‌م و خه‌باتێكیان پێشكه‌ش به نه‌ته‌وه‌كه‌یان كردووه..
لێره‌وه داوا له مامۆستایان و برایانم ده‌كه‌م كه له هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌و ناساندنی زانایان و دانایان و خه‌باتگێران بن كه به‌داخه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ته‌وژمی عه‌لمانیه‌ت له ونكردنی مێژووی ئه‌و كه‌ڵه‌پیاوانه‌ی حوجره‌و مزگه‌وتدایه.! خۆشمان زۆر لا موبالات و كه‌مته‌رخه‌مین و گرنگی به ناساندنیان ناده‌ین، بۆیه قۆڵی هیممه‌ت بۆ ئه‌و بواره هه‌ڵ كه‌ن و مێژووی دره‌وشاوه‌ی كه‌ڵه‌پیاوانی ئه‌م گه‌له موسوڵمانه بۆ نه‌وه‌ی نوێ و داهاتوو بنووسنه‌وه.
ئێمه وه‌ك نه‌وه‌ی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود گه‌ر نه‌مان توانیبێ وه‌ك پێویست جێ پێ و قه‌ڵه‌م و تێكۆشانی مامۆستای باوكمان هه‌ڵبگرین كه ئه‌وه‌ش بۆ خۆی قسه‌و باس هه‌ڵده‌گرێ.!! سوپاس بۆ خودا توانیومانه ئه‌و ناو‌و مێژووه گه‌وره بپارێزین و رای بگرین.!
له‌و رۆژه‌وه‌ی جه‌نابیان وه‌فاتیان فه‌رمووه تا ئه‌م كات و ساته، سه‌رجه‌م نووسینه‌كانی پارێزراون و هه‌موو سه‌ر له‌نوێ تایپ كراونه‌ته‌وه‌و به یارمه‌تی خودا‌و ته‌مه‌ن باقی بێ سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی چاپ و بلاَو ده‌كه‌ینه‌وه، وه له بواری ژیاننامه‌و ته‌فسیری رامان و فه‌تواكانی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود كاری باش و به‌رچاومان ئه‌نجامداوه‌و زۆر مه‌منونی خوای بالاَده‌ستین كه نه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ته‌فسیری رامان په‌روه‌رده بووه‌و ده‌بێ و ئه‌وه‌ش به هه‌وڵ و تێكۆشان و شه‌ونخونیی و لێكۆڵینه‌وه له ته‌فسیره‌كه‌دا بووه.!
له بواری ته‌كنه‌لۆجیاو دونیای ماڵپه‌رو فه‌یس بوك و ئینستاگرام و یوتیوب، زۆر زۆر منه‌تباری خوای تاقانه‌ین كه هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌و به‌رچاومان ناوه‌و ناوی (مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود) ناوێكی زیندووه‌و له هه‌موو ماڵێكی ئه‌م كوردستانه‌دا هه‌یه‌و په‌یجی شێخ ئه‌حمه‌د له عێراق و كوردستان به یه‌كه‌م و پڕ خوێنه‌رترین په‌یجی ئیسلامیی كوردی داده‌نرێ.. ئه‌وه‌ش هه‌وڵ و هیممه‌ت و ماندووبوونی ویستووه‌و له‌خۆڕا نه‌بووه.!
لێره‌وه به پێویستی ده‌زانین سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراسته‌ی مامۆستا مه‌لا جه‌مال حسێن شه‌مێرانی بكه‌ین كه ماسته‌ر نامه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌وڵه بانگخوازییه‌كانی مامۆستا ئه‌حمه‌د بوو، به‌ناوی (الشیخ أحمد كاكه محمود وجهوده الدعویة)، له راستیدا كات و ساتێكی فراوانی له‌و بواره‌دا سه‌رف كرد‌و توانی له كوردستانی عێراق و ئێران زانیاری گرنگ له‌سه‌ر مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كۆ بكاته‌وه، له وه‌فاداریان زۆر مه‌منونین.
خوای گه‌وره له جه‌نابی مامۆستا خۆش ببێ و هه‌وڵ و هیممه‌تی زیاتر به ئێمه ببه‌خشێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌و رێبازه پیرۆزه‌ی كه باوكمان كاری له‌سه‌ر كردووه خزمه‌ت بكه‌ین.. له ئێمه كاركردن و له ئێوه‌ش دوعای خێر..
قوتابی خزمه‌تكاری به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود
عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود
کرتە لێرەبکە بۆ خوێندنەوەی