سیاسه‌ت له‌ ئیسلامدا
 
سیاسه‌ت له‌ ئیسلامدا
 
پێشه‌كی‌ چاپی دووه‌م
 
بسم الله الرحمن الرحیم
 
الحمدلله، والصلاة والسلام علی‌ من لانبی بعده..
 خوێنه‌ری‌ هێژا.. له‌ زنجیره‌ی‌ (7) حه‌وته‌می‌ به‌رهه‌م و نووسراوه‌كانی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود،"ره‌حمه‌تی‌ خودای لێبێت" دێینه‌وه‌ خزمه‌تان له‌ نووسراوێكی‌ زۆر گرنگ و بابه‌تێكی‌ جێی مشت و مڕی ئێستای‌ نێوان دوو هێزی‌ گه‌وره‌ی‌ سه‌ر ساحه‌ی‌ كوردستان، كه‌ یه‌كێكیان پێی وایه‌ ئیسلام و سیاسه‌ت دوو جه‌مسه‌ری‌ پێكه‌وه‌ گرێدراون و ده‌بێت ئیسلام له‌ هه‌موو كایه‌كانی‌ ژیاندا ده‌وری‌ كارای‌ هه‌بێ و نابێت له‌ گۆشه‌یه‌ك له‌ گۆشه‌كانی‌ ئه‌م ژیانه‌ قه‌تیس بكرێ.! به‌ڵكو ئیسلام لای‌ ئێمه‌ی‌ موسوڵمان: دین و ده‌وڵه‌ته‌، عه‌قیده‌و یاسایه‌، هێزو ده‌سه‌لاَته‌، له‌ باسككردنی‌ بچوكترین ئاداب و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ رۆژانه‌ تا یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ و سه‌رجه‌م جومگه‌كانی‌ حكومڕانی باسو خواستی‌ لێوه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ ئیسلامه‌ لای‌ ئێمه‌..!
  لای‌ ده‌سته‌كه‌ی‌ تریش ئیسلام ته‌نها په‌یوه‌ندی نێوان خودو خوایه‌و نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئیسلام وه‌ك "ده‌ستوور" بێته‌وه‌ كایه‌ی‌ ژیان و سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌كان رێك بخاته‌وه‌.. بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش سه‌دان و هه‌زاران په‌رتووك و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ چاپ و بلاَوكراوه‌ته‌وه‌و چه‌ندین سیمینارو دیبه‌یتیش بۆ ئه‌م بواره‌ ساز دراوه‌.! 
  جا بۆ وه‌لاَمی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌ ئه‌م په‌رتووكه‌ی‌ به‌ر ده‌ستان (سیاسه‌ت له‌ ئیسلامدا) به‌ تێرو ته‌سه‌لی‌ وه‌لاَمی‌ ئه‌و پرسیارو گومانانه‌ی‌ داوه‌ته‌وه‌و به‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌ی‌ "عه‌قڵی‌ و نه‌قڵی‌" جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئیسلام تاكه‌ یاسای‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ژیانه‌و ده‌بێ له‌ (ئه‌لفه‌وه‌ بۆ یا‌و) قسه‌و گفتی‌ خۆی هه‌بێ.. 
 وه‌ سوپاس بۆ خودا توانیومانه‌ له‌م چاپی دووه‌مه‌دا پیاچوونه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌م كتێبه‌ی‌ به‌رده‌ستان بكه‌ین و هه‌ڵه‌چنییه‌كی‌ زۆر وردمان بۆ كردووه‌و سه‌رجه‌م فه‌رمووده‌كانی‌ ناو ئه‌م كتێبه‌ش (تحقیق و تخریج) بكه‌ین.
  هیوادارین به‌م به‌رهه‌مه‌مان توانیبێتمان خزمه‌تێك به‌ ئایینی‌ ئیسلام و ئه‌هلی‌ ئیسلاممان كردبێ و وه‌لاَم گه‌لێكیش درابێته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌دوای‌ حه‌ق و راستیدا ده‌گه‌رێن.. جارێكی‌ تر داوای‌ دوعای‌ خێرو سه‌ركه‌وتنتان لێده‌كه‌ین و تا له‌به‌رهه‌مێكی‌ دیكه‌ی‌ جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود به‌ یه‌ك ده‌گه‌ینه‌وه‌ به‌ خواتان ده‌سپێرین.   
 
داگرتنی کتێب
کرتە لێرەبکە بۆ خوێندنەوەی