گوزه‌رێك به‌ناو موسوڵمانانی‌ وڵاتی‌ "كینیا" دا.!

گوزه‌رێك به‌ناو موسوڵمانانی‌ وڵاتی‌ "كینیا" دا..

مزگه‌وتی‌ موسا له‌شاری‌ مۆمباسای‌ کینیا تۆمه‌تبارده‌کرێت به‌ ناوه‌ندێک بۆ پێگه‌یاندنی‌ «توندڕه‌وان»‌و ناردنیان بۆ نێو بزوتنه‌وه‌ی‌ شه‌بابی‌ سۆماڵ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ کینیاوه‌، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ پێشنوێژ‌و نوێژکارانی‌ مزگه‌وته‌که‌ ده‌ڵێن ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ی‌ قورئان‌و شه‌رعی‌ ئیسلامدا کار ده‌که‌ن.
مزگه‌وتی‌ موسا له‌ مۆمباسا - دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری‌ کینیا-، ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێکه‌ له‌و وڵاته‌ به‌«دڵی‌ ئیسلامی‌ توندڕه‌و» ناوده‌برێت که‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌که‌ی‌ مه‌سیحین، بۆیه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ کراوه‌ته‌ ئامانجی هه‌ڵمه‌تێکی‌ سه‌رکوتکردن.
له‌مانگی 8ی 2012دا عه‌بود رۆغۆ محه‌مه‌د،  گه‌وره‌ بانگخواز‌و پێشنوێژی‌ مزگه‌وته‌که‌ تیرۆرکرا، پاشان له‌ 10ی 2013دا شێخ ئیبراهیم ئیسماعیل پێشنوێژێکی تری هه‌مان مزگه‌وت تیرۆر کرا، ئه‌و دوو روداوه‌ش چه‌ندین کرده‌ی‌ ئاژاوه‌گێڕیی‌و توندوتیژی به‌دوای خۆیدا هێنا.
لایه‌نگرانی مزگه‌وته‌که‌ ده‌سه‌ڵاتداران تۆمه‌تبارده‌که‌ن به‌تیرۆرکردنی هه‌ردوو پێشنوێژه‌که‌، ژماره‌یه‌کیش له‌شرۆڤه‌کاران پشتیوانی‌ له‌و تێڕوانینه‌ ده‌که‌ن، هه‌رچه‌نده‌ حکومه‌ت ئه‌و گومانه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ سایتی‌ ئیلاف.

کۆنگره‌ی‌ جیهادیی‌ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌

له‌مانگی  رابردودا مزگه‌وته‌که‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌کی‌ خوێناوی‌ به‌خۆوه‌بینی‌، کاتێک هێزه‌کانی‌ پۆلیس هه‌ڵیانکوتایه‌ سه‌ر مزگه‌وته‌که‌ بۆ راگرتنی‌ «کۆنگره‌یه‌کی‌ جیهادی‌» که‌به‌گوێره‌ی‌ تێڕوانینی‌ حکومه‌ت ئامانج لێی‌ ئاماده‌کردنی‌ جه‌نگاوه‌ران بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ڕیزه‌کانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ شه‌بابی‌ ئیسلامی‌ له‌سۆماڵه‌وه‌ بکه‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی‌ شه‌بابی‌ ئیسلامی‌ له‌سۆماڵ بزووتنه‌وه‌یه‌کی‌ ئیسلامی‌ سیاسی خاوه‌ن فیکری‌ سه‌له‌فی‌ جیهادیه‌‌و به‌شوێنکه‌وتوی‌ فیکری‌ رێکخراوی‌ قاعیده‌ داده‌نرێت، که‌ سۆماڵ شوێنی‌ چالاکی‌ بزوتنه‌وه‌که‌یه‌.
بزوتنه‌وه‌که‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مەریکا‌و نه‌رویج‌و سویدو چه‌ند وڵاتێکی تره‌وه‌ به‌«تیرۆریست» ئه‌ژمارکراوە.
به‌گوێره‌ی‌ سایتی‌ ئیلاف هێشتا ره‌وشی‌ مزگه‌وته‌که‌ ئاڵۆزه‌‌و به‌شێوازێکی‌ زۆر توند نزیکه‌ی‌ 100 نوێژکه‌ر ده‌ستگیرکراون، که‌یه‌کێکیان له‌دوای‌ ده‌ستگیرکردنیه‌وه‌ دیارنیه‌.
شێخ ئه‌بو به‌کر ناسراو به‌«ماکابۆری‌» یه‌کێک له‌که‌سه‌ دیاره‌کانی‌ مزگه‌وته‌که‌ که‌هاوکات که‌سێکی‌ نزیکه‌ له‌ پێشنوێژی‌ تیرۆرکراو عه‌بود رۆغۆ محه‌مه‌د، ده‌ڵێت «به‌شێوه‌یه‌کی‌ نایاسایی‌ هه‌ڵکوتراوه‌ته‌سه‌ر مزگه‌وته‌که‌‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ لێره‌ روده‌ده‌ن نایاساین، هیچ پرۆسه‌یه‌کی‌ ئاماده‌کردنی‌ جه‌نگاوه‌رانیش به‌ڕێوه‌نه‌ده‌چوو».
نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان‌و واشنتۆن شێخ ئه‌بوبه‌کر شه‌ریف به‌وه‌ تۆمه‌تبارده‌که‌ن که‌ یه‌کێکه‌ له‌و که‌سه‌ دیارانه‌ی‌ جه‌نگاوه‌رانی‌ ئیسلامی‌ له‌کینیا ئاماده‌ده‌کات‌و ده‌یاننێرێت بۆ ریزه‌کانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ شه‌بابی‌ ئیسلامی‌.
شێخ ئه‌بوبه‌کر شه‌ریف جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ کۆبونه‌وه‌که‌ کۆنگره‌یه‌کی‌ جیهادی‌ نه‌بوو، «به‌ڵکو کۆنگره‌یه‌ک بوو بۆ تاوتوێکردنی‌ چه‌ند بابه‌تێکی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌جیهاده‌وه‌، وه‌کو شه‌هیدبون‌و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ئاین»، زیاتر وتی‌ «هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ تاوتوێده‌کرێن له‌قورئاندا باسکراون‌و یاسا قه‌ده‌غه‌ی‌ نه‌کردون له‌مزگه‌وته‌کان یان له‌هه‌ر شوێنێکی‌ تری‌ کینیادا باسبکرێن».
ماکابۆری‌ ئه‌وه‌ش ره‌تده‌کاته‌وه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ شه‌بابدا هه‌بێت، به‌ڵام ده‌شڵێت که‌ «پشتیوانی‌ له‌جێبه‌جێکردنی‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامی‌ ده‌کات له‌سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا»، به‌ڵام ناشارێته‌وه‌ که‌ سه‌رسامه‌ به‌ئوسامه‌ بن لادن، هه‌ر به‌پێی سایتی ئیلاف.
ئه‌و بۆچونی وایه‌ که‌ ته‌نها مزگه‌وتی موسا ئیسلامی‌ «راسته‌قینه‌« بڵاوده‌کاته‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتیش تۆمه‌تبارده‌کات به‌وه‌ی‌ پاساو دروستده‌که‌ن بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر مزگه‌وته‌که‌.

ده‌سه‌ڵاتداران توندوتیژی‌ هه‌ڵده‌بژێرن

ئه‌گه‌ر توندڕه‌وی‌ به‌شێک له‌لاوانی‌ ئیسلامی‌ هه‌ڕه‌شه‌بێت، ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ کینیا ره‌وشه‌که‌ ئاڵۆزترده‌که‌ن له‌ڕێی‌ به‌کارهێنانی‌ توندوتیژی‌ که‌ زۆرجار له‌چوارچێوه‌ شه‌رعیه‌کان ده‌رده‌چێت، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ روبه‌ڕوی‌ ره‌گوڕیشه‌ی‌ کێشه‌که‌ ببنه‌وه‌، هه‌روه‌کو حه‌سه‌ن عومه‌ر ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پیران‌و چالاکوانی‌ پێشوی‌ مافه‌کانی‌ مرۆڤ ده‌ڵێت.
حه‌سه‌ن به‌سایتی ئیلافی وتوه‌ «ئه‌و ره‌فتاره‌ تونده‌ی‌ حکومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌مزگه‌وتی‌ موسا، رێگه‌یه‌که‌ بۆ توندڕه‌وی‌، چونکه‌ ئه‌و ستراتیژه‌ی‌ حکومه‌ت پیاده‌ی‌ ده‌کات ده‌بێته‌هۆی‌ ئاڵۆزترکردنی‌ ره‌وشه‌که‌، له‌جیاتی‌ باشترکردنی‌». بڕواشی‌ وایه‌ که‌ ده‌بێت حکومه‌ت دیراسه‌ی‌ هۆکاره‌کانی‌ بێزاری‌ موسڵمانانی‌ کینیا بکات، به‌تایبه‌تیش دانیشتوانی‌ ناوچه‌ که‌ناراویه‌کان.
خه‌ڵکی‌ ئه‌و ناوچانه‌ -که‌ناراویه‌کان- له‌چه‌ند ده‌یه‌ی‌ رابردودا به‌شێوه‌یه‌کی‌ راسته‌قینه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌سته‌بژێری‌ سیاسیدا نوێنه‌رایه‌تیان نه‌کراوه‌‌و وه‌کو پێویست فێرکردن‌و خوێندنیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ جیاکاری‌ بونه‌ته‌وه‌ له‌بازاڕه‌کان‌و بواره‌کانی‌ تری‌ کارکردن، هه‌روه‌ها به ‌هاوڵاتی‌ پله‌ دوو له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن‌و به‌ئاسانی‌ ناسنامه‌یان نادرێتی.
حه‌سه‌ن ده‌ڵێت «هه‌موو کارێک له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ چوارچێوه‌ی‌ یاساکان، گوتاری‌ سه‌رکه‌وتکردن‌و سوکایه‌تیکردن به‌دانیشتوانی‌ که‌نار به‌هێزتر ده‌کات، به‌تایبه‌تی‌ موسڵمانان»، کێشه‌که‌شی به‌گه‌وره‌تر له‌وه‌ زانی که‌ ده‌یبینین.

فه‌ریق حه‌بیب - هاوڵاتی‌

بەروار2020/07/05سەردان 1206

ماڵپەری مامۆستا مەلا ئەحمەد چەندین كەسایەتی ئیسلامیی بەسەر دەكاتەوە له‌ یادی‌ راپه‌ریندا وێنه‌كان وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌.! گوزه‌رێك به‌ناو موسوڵمانانی‌ وڵاتی‌ "كینیا" دا.! هەڵەبجە پێناسی میللەتی موسوڵمانی كورد.! چه‌ند وێنه‌یه‌كی‌ تراژیدیای‌ هه‌ڵه‌بجه‌..! وه‌فایه‌ك بۆ پیاوه‌ گه‌وره‌و به‌ غیره‌ته‌كه‌ی‌ كوردستان.! ڤیدیۆ.. پێشوازی‌ له‌ ته‌رمی‌ جەنابى مامۆستا ملا علی‌ له‌رۆژێكی‌ وه‌ك ئه‌مرۆدا شيخ ئه‌حمه‌د یاسین تیرۆر كرا ساڵڕۆژی‌ له سێداره‌دانی‌ پێشه‌وای‌ كوردان قازی‌ محمد بیرمه‌ندی مه‌زنی ئیسلامیی محمد قطب كۆچی دوایی كرد پەیامی خانەوادەی مامۆستا ئەحمەد بەبۆنەی وەفاتی جەنابی شێخ محمد بەرزنجییەوه پەیامی سایت و پەیجی مامۆستا لە رۆژی لە داییکبوونی پێغەمبەری پێشەوا روونکردنەوەیەک لەسەر رووداوەکەی فەرەنساو کوژرانی رۆژنامەنووسەکان نامەیەكی كراوە بۆ بەرێز نەوشیروان موستەفا.! پەیامی پرۆژە بانگەوزاييەكانى شێخ ئەحمەد له ساڵوەگەری ١١٧ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی.