په‌یڤێك بۆ موفه‌سیره‌كه‌ی هه‌ورامان..


په‌یڤێك بۆ موفه‌سیره‌كه‌ی هه‌ورامان..

عبدالرحمن شیخ عثمان عبدالعزیز محمد

له‌ هه‌ورامانی سه‌ركه‌ش و پۆڵایینه‌وه‌ له‌ دامه‌نه‌ی هه‌وارگه‌ی ڕه‌نگینه‌وه‌ چڵه‌ نێرگسێكی ڕه‌سه‌نی ئه‌و بناره‌ پاك و بێگه‌رده‌ له‌گه‌ڵ گزنگی ڕۆژو به‌باڵی شه‌ماڵی كوێستاندا كاروانی زانستی كرده‌ مه‌به‌ست تاكو له‌ باخچه‌و مزگه‌وتی پاشا بگیرسێته‌وه‌و له‌سه‌ر ده‌ستی باخه‌وانی گه‌وره‌ی شارا بدره‌وشێته‌وه‌ .
زۆرن ئه‌وانه‌ی تا خۆری ته‌مه‌نیان ئاوا نه‌بێت وه‌كو پێویست قه‌دریان نازانرێت جائیتر نازانم هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاسمانی سه‌رزه‌مینی ئێمه‌ دره‌وشاوه‌ بووه‌ به‌و هه‌مو ئه‌ستێره‌ پرشنگداره‌ی نورو مه‌عریفه‌ت یان خه‌ڵكی ئێمه‌ هه‌ر چاویان بۆ دورتر ده‌ڕوانێت یان هۆكاره‌كه‌ هه‌ردوكیانه‌ , به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای هه‌موان سه‌لمێنراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆحیان فرسه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست دان گه‌شتنه‌ ئه‌نجامی پرۆژه‌كانیان ببینن ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌ به‌نرخه‌كانیان وه‌ك تیشكی بێ كۆتایی خۆر وزه‌و تین ده‌به‌خشن و هه‌رده‌م ڕوناكی ڕێن و بونه‌ته‌ ڕوبارێكی بێ بڕانه‌وه‌ و سه‌ده‌قه‌ی جاری پێك ده هێنن و ڕۆژێك ده‌بێت ئه‌و قوتابخانه‌ هزریه‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری خۆی بنوێنێت .
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حمود له‌و ڕۆژه‌وه‌ بو به‌قوتابی له‌خزمه‌ت مامۆستاو شیخ و مورشیدی خۆیدا هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ هێمای ویقارو عیزه‌تی پێوه‌ دیاربو له‌كاتێكدا شه‌رم و حه‌یای لێ ده‌باری, وانه‌ زانستیه‌كانی زۆر به‌وردی وه‌رده‌گرت و له‌سه‌ر زیاتر شیكاری بابه‌ته‌كان له‌خزمه‌ت مامۆستایدا پانتایی مه‌تنیان تێ ده‌په‌ڕاندو ده‌چونه‌ قوڵایی شروح و هه‌ر به‌وانه‌شه‌وه‌ نه‌ده‌وه‌ستان سه‌ریان ده‌كێشا بۆ حه‌واشی و شه‌واهیده‌كانیان به‌به‌یتی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌خوێنه‌وه‌ كه‌ مامۆستای مورشیدی ئه‌و جۆره‌ قوڵ‌ ڕۆچونه‌ی شاگرده‌كانی زۆرپێ خۆش بو كه‌هه‌م به‌ ڕاهێنانی ئه‌وانی ده‌زانی و هه‌م به‌ وه‌رزشی فیكری خۆی .
مه‌دره سه‌كه‌ی مامۆستا مه‌لا عوسمان سه‌ره‌ڕای تۆكمه‌یی زانستی و پاراوه‌یی ڕۆحی و ئاراسته‌یی په‌روه‌رده‌یی له‌هه‌مانكاتیشدا بزافی مه‌شره‌ب بو.! هه‌ر بۆیه‌ شاگرده‌ به‌ئه‌مه‌كه‌كه‌ی هه‌ورامانی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندی كردن به‌و قوتابخانه‌یه‌وه‌ بو به‌ جێگای ئومێدی مامۆستاو له‌ مه‌جلیسی خه‌مخواردندا ڕای خۆی هه‌بو ,
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌مو ته‌مه‌نی لاوێتی به‌ وه‌رگرتنی زانیاریی و خۆ سازدانی ڕۆحی و بیر تێركردن به‌ڕۆشنبیری ئیسلامی به‌سه‌ر برد، تاكو گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئیجازه‌ی عیلمی له‌خزمه‌ت شێخی خۆیدا وه‌ربگرێت ئیتر هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌یان پێ ده‌سپاردو هه‌ر جاره‌ی دیاننارده‌ ده‌ڤه‌رێك تاكو له‌نگه‌ری كاره‌كانی زانستی و بانگه‌وازوكاری ئیسلامی پێكه‌وه‌ ڕابگرێت , له‌ساڵی 1974 داو ئه‌وكاته‌ی شۆڕشی كورد بڕیاری به‌رنگاربونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌ دوژمنكارانه‌ی به‌عسی دا زانایانی كوردستان له‌ سه‌نگه‌ری یه‌كێتی زانایانه‌وه‌ خزمه‌تیان به‌ گه‌لی كوردو شۆڕشه‌كه‌ی ده‌كردو سه‌ره‌ڕای پێشه‌وایه‌تی ئایینی به‌هێزكردنی ڕیزه‌كانی جه‌ماوه‌رو گرێدانیان به‌شۆڕشه‌وه‌و ئه‌ركی داوه‌ری شه‌رعیشیان له‌ ئه‌ستۆدابو، له‌پاڵ كاری وانه‌وتنه‌وه‌دا , مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود به‌ مه‌شۆره‌ت نێردرا بۆده‌ڤه‌ری پێنجوێن و له‌ گوندی بناوه‌سوته‌ی‌ سه‌رسنور ئیداره‌ی مزگه‌وت و مه‌دره سه‌و بانگه‌وازی ئیسلامی و كارو چالاكیه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ده‌كردو له‌سه‌ردانێكیدا بو بنكه‌ی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان له‌ بیاره‌ كه‌ ئه‌وكات ماڵی ئێمه‌ی لێبو داوای كرد له‌ جه‌نابی باوكم كه‌ با عه‌بدولڕه‌حمان له‌گه‌ڵ خوَم ببه‌م و خۆیندنه‌كه‌شی له‌وێ ته‌واو بكات و جه‌نابی باوكم پێی خۆش بو وه خیرا موافه‌قه‌تی فه‌رمو و منیش وه‌ك قوتابی بۆماوه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د دا بوم كه‌ به‌ڕاستی زۆر میهره‌بان بو له‌گه‌ڵ من و هه‌رگیز له‌یادم ناچێت .
چه‌ند ساڵێك پێش هیجره‌ت كردنیان مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د سیروانی كردبو به‌ قه‌ڵایه‌ك بۆ به‌رگری له‌مه‌رجه‌عیه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ هاوكات جه‌نابی مامۆستا شیخ سدیق سه‌رگه‌تی و ئه‌و پۆله‌ زاناو بانگخوازانه‌ هه‌ورامانیان كردبویه‌ سنوری پۆڵایینی ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته‌و قه‌ڵای سه‌یدسادق و شاره‌زوریش مامۆستا مه‌لا ئیبراهیم و زانا تێكۆشه‌ره‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ سپه‌ره‌كه‌یان ئه‌وه‌نده‌ی تر به‌هێز كردبو كه‌ته‌ختی زۆرداری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ حسابی بۆ ده‌كردن.
من لێره‌داو له‌م ماوه‌ كه‌مه‌دا ناتوانم ژیان و هه‌ڵوێست و به‌سه‌رهاتی ئه‌و مامۆستا شه‌رع ناسه‌ گه‌وره‌یه‌ باس بكه‌م، به‌ڵكو ده‌ڵێم جێی خۆیه‌تی سه‌نته‌رو دامه‌زراوه‌ ئیسلامیه‌كان هه‌ر ساڵه‌و سیمیناری تایبه‌ت ساز بده‌ن بۆ ئاشناكردنی نه‌وه‌ی نوێ به‌ ژیاننامه‌ی ئه‌م پایه‌ گه‌ورانه‌ی كاری ئیسلامی كه‌ تا كو ئه‌وان هه‌بون و ڕۆڵیان هه‌بو كاری ئیسلامی به‌رهه‌می هه‌بو عیزه‌تی هه‌بوو.! ره‌قه‌م بو حسابی بۆ ده‌كرا .! ئه‌وه‌ته‌ له‌و كاته‌ی گه‌لی كورد پێویستی به‌ پشتیوانه‌ی ئایینی هه‌بو ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ به‌هێزه‌یان هێنایه‌ دی .
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د زانایه‌كی كارامه‌و به‌ ئه‌مه‌ك بو، هه‌میشه‌ له‌ خه‌می گه‌له‌كه‌یی و موسڵماناندا بوو له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ نه‌گۆڕه‌كان پایه‌دارو دامه‌زراو بوو, نوسه‌رێكی خامه‌ ڕه‌نگین بوو, هه‌ر بۆیه‌ یه‌كێك بو له‌ پایه‌ ڕیشه‌داره‌كانی بێداری ئیسلامی و له‌گه‌ڵ برا هاو مه‌سله‌كه‌كانیدا له‌ده‌وری شێخ و ڕابه‌ریان ئه‌و بازنه‌ پیرۆزه‌یان پێكهێنا كه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌وكاته‌ی تێدا ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ شیاوترین پرۆژه‌ی كاری ئیسلامی ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ بو، خۆ ئه‌گه‌ر پیلان و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌لایه‌ك و له‌ هه‌مانكاتدا كه‌مته‌ر خه‌می برایان و ده‌سك له‌ خۆی خنجه‌ری ناوخۆ نه‌بوایه‌ تائیسته‌و بۆ له‌مه‌و دواش وزه‌و تینی كاروانی ئیسلامخوازانی كورد بوو , له‌م بوارانه‌دا كه‌لێنی له‌ده‌ست دانی ئه‌و زانا خاوه‌ن پێگه‌یانه‌مان تێدا به‌دی ده‌كرێت، كه‌ئه‌م ڕۆژانه‌و له‌ سه‌كۆی ئه‌ملاو ئه‌ولادا چه‌ند كاڵ فام و هه‌رزه‌یه‌ك به‌ ده‌ست له‌پشت دانێك بێ ئه‌ده‌بی به‌رانبه‌ر ئه‌و مێژووه‌ پڕ سه‌روه‌ریه‌ بكه‌ن و ڕای بگه‌یه‌نن كه‌ پرۆژه‌كه‌ی جه‌نابی مامۆستا مه‌لاعوسمانی ڕابه‌ر و دامه‌زرێنه‌ر چیمه‌نتۆیی نه‌بووه‌و یان له‌ ئاستی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا نه‌بووه‌و له‌م جۆره‌ قسه‌ی هه‌له‌قو مه‌له‌قانه‌ی كه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر خۆیان و ئاغاكانیان پێ دڵخۆش بكه‌ن .

20/01/2015

 

 

 
بەروار2020/03/30سەردان 747

یادەوەرییەک لە مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموودەوە وەفایەک بۆ مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحمود مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود وەک نمونە مردنی‌ زانایه‌ك مردنی‌ جیهانه‌ وەفایەک بۆ مامۆستاو فێرکاری ژیانم ئەحمەد کاکە مەحموود له‌یادی‌ وه‌فاتی‌ خه‌مخۆری‌ وەحدەت و یەكڕیزی ڕابوونی‌ ئیسلامیدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەستێرە درەوشاوەکەی ڕابوونی ئیسلامییدا له‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئێوه‌دا، ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت؟ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ خه‌می‌ رابوونی‌ ئیسلامیی و ته‌فره‌قه‌ پیری‌ كرد !! ئیمان و مه‌عنه‌ویه‌ت لای‌ مامۆستا وتاربێژە ناوازەکەی بێداری ئیسلامی هه‌ر به‌ ته‌نیا ڕیشت ڕه‌مز بوو ! بۆ ئاوه‌دانی‌ ته‌شریفتان بردووه‌ مامۆستای‌ قورئانزان! گیانی‌ په‌روه‌رده‌كردن‌و بانگه‌وازی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ له‌ هزرى مامۆستا ئه‌حمه‌د دا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود " گه‌لێ‌ له‌ پێش ئه‌وانه‌وه‌..!