وه‌فایه‌ك له‌ ساڵیادی‌ كۆچی جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د


وه‌فایه‌ك له‌ ساڵیادی‌ كۆچی زانای‌ پایه‌به‌رز جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموددا
 
ئه‌حسه‌ن حه‌سه‌ن 

له‌هیچ كات و زه‌مه‌نێكدا ژیان خاڵی‌ نابێ‌ له‌ شۆڕه‌ سوارانی‌ نێو بانگه‌وازی‌ ئیسلامی‌ و بگره‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ گه‌وره‌ ئه‌بن و له‌ژێر سێبه‌ری‌ قورئانا پێئه‌گه‌ن و ئه‌ناسرێن نوخبه‌ی‌ ناو كۆمه‌ڵگان و له‌سه‌روی‌ هه‌موانه‌وه‌ جێگایان بۆدائه‌نرێ‌، میلله‌تی‌ كوردی‌ موسوڵمان به‌درێژایی‌ مێژووی‌ خۆی‌ كه‌تێكه‌ڵ به‌ فیكری‌ ئیسلامی‌ بووه‌ هه‌میشه‌ ئاڵا هه‌ڵگری‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان و پێشه‌نگی‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی‌ بووه‌.
بۆیه‌ ئێستا ئه‌و بانگ خوازانه‌ ناویان وه‌ك ڕوناكی‌ ئه‌گه‌شێته‌وه‌و نورو پیرۆزیه‌كانیان دڵانی‌ تامه‌زرۆ به‌عیشقی‌ حه‌قیقی‌ شادو ئاسوده‌ ئه‌كات، ئه‌وه‌ی‌ كه‌من ئه‌مه‌وێ‌ لێره‌دا باسی‌ بكه‌م و سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مێك وه‌ك وه‌فا بۆ موجاهیدێكی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ قورئان بنوسم كه‌ شایه‌ن به‌ زۆر په‌ڕاو هه‌یه‌ ده‌رحه‌قی‌ بوترێ‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ باسكردنی‌ پیاوچاكانی‌ خۆماندا كه‌مته‌رخه‌مین و نامانه‌وێ‌ زاناكانی‌ خۆمان له‌لوتكه‌دا ته‌ماشایان بكه‌ین و بگره‌ له‌ كاتی‌ بونیاندا به‌قه‌ده‌ر خۆیان رێزیان لێ‌ ناگرین.
جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ئه‌و پیاوه‌ به‌ڕێزه‌ بووه‌ كه‌ له‌ناو رابوونی‌ ئیسلامیدا جێگه‌ ده‌سته‌كه‌ی‌ دیاره‌و خزمه‌ته‌كانی‌ وه‌ك خۆر بۆ بانگه‌وازی‌ ئیسلامی‌ ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، كه‌سایه‌تی‌ مامۆستا له‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ و پێش بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیش جێگای‌ نرخاندن و ڕێزلێگرتن بووه‌، من نامه‌وێ‌ له‌م چه‌ند دێڕه‌دا هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌كان و خزمه‌ته‌كانی‌ ئه‌وو و هه‌م و خه‌می‌ بۆ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ ئیسلام دۆستی‌ كوردستان ئاماژه‌ پێ‌ بكه‌م، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك له‌وه‌فاو ڕێزو ته‌قدیر بۆ ئه‌و كه‌ڵه‌ موجاهیده‌ دلێره‌ بڵێم و بنوسم كه‌ شایان به‌ئه‌وه‌، قه‌ناعه‌تی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌بوو كه‌ ئیسلام ژێنه‌ری‌ هه‌موو ئاده‌میزاده‌و ده‌كرێ‌ له‌سێبه‌ریدا گه‌وره‌ ببن  گه‌شه‌ بكه‌ن و بمێنینه‌وه‌ تاوه‌كو نه‌مامگه‌یه‌ك له‌ ئه‌هلی‌ ئیسلام دروست ئه‌بێ‌، ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ ئیسلامیه‌ هاوچه‌رخه‌ له‌مه‌یدانی‌ ململانێیه‌كی‌ زۆر هه‌ستیاردا خوڵقابوو قه‌ناعه‌تێك له‌جه‌وهه‌ری‌ فیكری‌ ئیسلامی‌ و بیری‌ جیهادی‌ له‌كوردستاندا پێی‌ گوتبوو ئه‌وان بوبوونه‌ پێشه‌نگ و قه‌ڵغان تاوه‌كوو ئاڵایه‌ك هه‌بێ‌ ئه‌هلی‌ ئیمان له‌ژێریا بحه‌سێنه‌وه‌، نزیكی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود له‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز رابه‌ری‌ رابوونی‌ ئیسلامی‌ وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ڕوحانی‌ ته‌ئسیراتێكی‌ زۆر ئیجابی‌ هه‌بوو كه‌ بگه‌نه‌ ترۆپكی‌ عیباده‌ت و لێوه‌ی‌ فیری‌ ئه‌وه‌ببن كه‌ خه‌بات كردن له‌ڕێگه‌یه‌كی‌ پاكی‌ وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا هه‌وڵدانه‌ بۆ هێنانه‌ دی‌ حوكمی‌ شه‌رعی‌ ئیسلامی‌ و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر وه‌همدا.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ی‌ گه‌یانده‌ لوتكه‌و هه‌ر به‌گه‌نجی‌ بواری‌ ڕه‌خساند تاله‌فێرگه‌ی‌ حوجره‌و قوتابخانه‌ ئاینیه‌كان و مزگه‌وتدا ببنه‌ موجاهیدێك و هه‌ر یه‌كه‌یان ژیله‌مۆیه‌ك بێ‌ به‌ده‌ستی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێی‌ قورئانه‌وه‌و ڕێگا بۆئه‌وانه‌ی‌ دوای‌ خۆشیان كه‌ دێن ڕۆشن بكاته‌وه‌، ئه‌م پیاوه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ بانگه‌وازی‌ خۆی‌ له‌مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ سیروان به‌زیاده‌وه‌ به‌جێ‌ گه‌یاند، دواتر بووه‌ یه‌كێك له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ و له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عوسمان و مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ و مامۆستا شێخ عبداللتیف و مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ بیاره‌و ئه‌و قاره‌مانانه‌ی‌ دیكه‌ كاروانی‌ جیهادیان له‌كوردستانا خسته‌ ڕێ‌، كاروانێك كه‌تائێسته‌ش جێگه‌ ده‌سته‌كانی‌ پێوه‌ دیاره‌و مێژوویان هه‌میشه‌ له‌ناو ئه‌هلی‌ ته‌قوادا ئه‌دره‌وشێته‌وه‌، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د به‌هه‌موو ئه‌و ڕێگا مه‌حاڵانه‌دا هه‌نگاوی‌ نا تاوه‌كو ده‌سته‌ڵاتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ گه‌یشسته‌ لوتكه‌، ئه‌وه‌بوو بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ توشی‌ ده‌یان كێشه‌و كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌بوو، به‌فه‌زڵی‌ خوای‌ گه‌وره‌ بزووتنه‌وه‌ له‌ مێژووی‌ ته‌مه‌نیدا هه‌ر له‌گه‌شه‌سه‌ندندا بووه‌ ئه‌مه‌ش به‌ره‌كه‌تی‌ ئه‌و پیاوه‌ به‌ئیمانانه‌یه‌ كه‌ رۆح و جه‌سه‌دی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌بوون و نه‌یان ئه‌هێڵا كێشه‌كان بگه‌نه‌ بن به‌ست،، دوای‌ ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ی‌ ئه‌وان بۆ دروستكردنی‌ قودسیه‌تی‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵی‌ زۆر درا تا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ خاوه‌نیه‌تی‌ له‌بار ببرێ‌، ئه‌وه‌بوو ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌بار براو ئه‌م كاره‌ش ئێشی‌ سه‌ره‌كی‌ گه‌یانده‌ جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كه‌ هه‌موو جار ده‌یگوت سه‌ربڕینی‌ مناڵه‌كانی‌ خۆمم به‌لاوه‌ ئاسانتره‌ تا ئه‌م جیابوونه‌وه‌و ئینشیقاقه‌، به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ درزێك بوو كه‌وته‌ دیواری‌ ڕابونی‌ ئیسلامی‌ له‌كوردستاناو به‌هیچ جۆرێ‌ په‌رده‌پۆشی‌ بۆناكرێ‌، هه‌ڵوێستی‌ ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو حه‌ساره‌ش كه‌دانرا له‌سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌هه‌وڵدان نه‌كه‌وت و بگره‌ شه‌ووڕۆژی‌ خستبووه‌ سه‌ر یه‌ك و بیری‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ ئه‌كرده‌وه‌ كه‌داخۆ چی‌ بكرێ‌ تا ئه‌و فه‌راغ و كه‌لێنانه‌ پڕ بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ چاوخشاندنێكی‌ خێرایه‌كه‌ من ئه‌مه‌وێ‌ ئه‌م بابه‌ته‌می‌ پێ‌ گه‌وره‌ بكه‌م و له‌به‌ره‌كه‌تی‌ ئه‌ودا قسه‌م هه‌بێ‌، دوای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ پیلانه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كان سه‌ریان نه‌گرت و بزووتنه‌وه‌یان پێ‌ حه‌ل نه‌كرا، ئه‌و هه‌وڵه‌ نه‌زۆكانه‌ی‌ به‌دوادا هات كه‌ گرتنی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ رابه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ بوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌.
گرتنی‌ شه‌خسیه‌تیه‌كی‌ وه‌ك رابه‌ری‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌گه‌ڵ جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا عومه‌ری‌ گه‌وره‌و هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كانی‌ له‌وكاته‌ چاره‌نوس سازه‌ی‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ تێكه‌وتبوو زه‌نگێكی‌ تر بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌ نه‌هێڵن و قیاده‌كانی‌ تری‌ ئاگادار بكه‌ن كه‌ چاره‌نوسیان به‌و چه‌نسه‌ ده‌بێ‌، مامۆستا ئه‌حمه‌د له‌وكاته‌دا بوێرانه‌ كه‌وته‌ جموجوڵ و ئاوڕێكی‌ خێرای‌ له‌ته‌له‌فزیۆن و راگه‌یاندن دایه‌وه‌و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دابوو كه‌ نه‌هێڵێ‌ كاروانی‌ بزووتنه‌وه‌ كه‌ به‌ئاقارێكی‌ خراپدا بچێ‌، زۆرجار ده‌ینارده‌ لای‌ كه‌سایه‌تیه‌كان بۆئه‌وه‌ی‌ هاوكاری‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وی‌ راگه‌یاندنه‌كه‌ بكه‌ن به‌ڵام كه‌سێك نه‌بوو كه‌به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌یه‌وه‌ بچێ‌ و بوێرانه‌ بێته‌ ناو واقیعه‌وه‌و نه‌هێڵێ‌ كه‌لێن و فه‌راغه‌كان گه‌وره‌ترببن.
رۆژێكیان له‌خزمه‌تی‌ جه‌نابیابووین بیرمان له‌وه‌ده‌كرده‌وه‌ كه‌ كارێ‌ بكه‌ین و به‌رنامه‌ ڕێژیه‌ك دابنێین بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ ئه‌ویش نامه‌یه‌كی‌ نوسی‌ بۆكه‌سایه‌تیه‌كی‌ دیاری‌ ناوچه‌كه‌و گوتی‌ بچن به‌ناوی‌ منه‌وه‌ سڵاوی‌ پێ‌ بگه‌یه‌نن و ئه‌م نامه‌یه‌ی‌ منی‌ بده‌نێ‌ و پێی‌ بڵێن كه‌ به‌رنامه‌تان بۆ تۆماركا، ئێمه‌ش چووین و نامه‌كه‌مان گه‌یاند ئه‌و به‌ڕێزه‌ش كه‌ له‌ئاستێكدایه‌ نامه‌كه‌ی‌ ماچ كردو خستیه‌ سه‌ر سه‌روچاوی‌ گووتی‌: به‌خوا زروفی‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ من بێم و له‌ته‌له‌فزیۆنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌رنامه‌ بكه‌م، ئیدی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ خۆی‌ هه‌ستا به‌تۆماركردنی‌ به‌رنامه‌یه‌ك و هه‌رجاره‌و په‌یڤێكی‌ ده‌گوت، ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تێكه‌ له‌هه‌ره‌ هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌كانی‌ جه‌نابیان كه‌ تامه‌زۆر بوون بره‌و به‌و بانگه‌وازه‌ بده‌ن و نه‌هێڵن له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌وان لاوازی‌ ڕوبكاته‌ ئه‌هلی‌ ئیمان، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د ته‌مه‌نی‌ پیرۆزی‌ به‌و چه‌شنه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ تێئه‌په‌ڕاند، هه‌موو ئومێدی‌ ئه‌و گه‌یاندنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بوو به‌و قۆناغه‌ی‌ كه‌ عیزه‌تی‌ تیا ده‌بینراو گه‌شبین بوو به‌داهاتوو كه‌تیایدا سه‌ربازێكی‌ به‌غیره‌ت بێت و بانگه‌وازه‌كه‌ی‌ ئه‌دا بكات، هه‌ربۆیه‌ له‌م دواییانه‌شدا له‌مزگه‌وتی‌ نوور رۆژانی‌ هه‌ینی‌ كۆمه‌ڵێك ووتاری‌ به‌پێزو تیژی‌ ئاراسته‌ ئه‌كردو، خه‌ڵكی‌ ئیسلامخوازی‌ هۆشیار ده‌كرده‌وه‌ له‌و جه‌هل و تاریكیه‌ی‌ كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م جیله‌ نوێیه‌دا هاتووه‌و پێی‌ راده‌گه‌یاندن كه‌ قۆناغه‌كانی‌ ده‌سته‌ڵاتی‌ ئیسلام به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕوبه‌ڕووی‌ له‌م جۆره‌ موعاناتانه‌ بووه‌ته‌وه‌و ده‌بێ‌ ئێمه‌ش خۆڕاگربین و نه‌هێڵین ئاڵای‌ ئیسلام له‌ته‌مه‌نی‌ ئێمه‌و له‌سه‌رده‌می‌ ده‌سته‌ڵاتی‌ ئێمه‌دا بكه‌وێ‌، مامۆستا له‌م دواییه‌دا زۆر هه‌وڵی‌ یه‌كڕیزی‌ و ته‌بایی‌ و برایی‌ و پێكه‌وه‌ژیاندا بوو، له‌م پێناوه‌شدا هه‌نگاو گه‌لێكی‌ زۆری‌ هه‌ڵگرت و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ باسك بوون ئاگادارن، هه‌رچه‌نده‌ جاروبار كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ ئه‌هاته‌ به‌رده‌م كاره‌كانی‌ به‌ڵام ئه‌و خۆبه‌خشانه‌و دڵ پڕ له‌باوه‌ڕانه‌ له‌جوهدی‌ خۆی‌ سارد نه‌ئه‌بوه‌وه‌و به‌رده‌وام گه‌نجێكی‌ پڕ له‌بۆنی‌ عیباده‌ت و شه‌ونوێژگه‌رو خه‌بات كاربووه‌.
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌مه‌نێكی‌ تری‌ خۆی‌ به‌خشی‌ به‌نوسین و له‌گشت بواره‌كانا وه‌ك نوسه‌رێكی‌ سه‌ركه‌وتوو كارایانه‌ كاره‌كانی‌ بانگه‌وازی‌ له‌دوتوێی‌ كتێب و نامیله‌كه‌دا ئه‌خسته‌ كتێبخانه‌ی‌ كوردیه‌وه‌و نه‌ی ئه‌هێڵا گه‌نجانی‌ رابوونی‌ ئیسلامی‌ به‌م لاولادا بچن، گه‌وره‌ترین شاكارو خزمه‌تێك كه‌ له‌پاش خۆی‌ به‌جێی‌ هێڵا ته‌فسیری‌ قورئانی‌ پیرۆزبوو هاوڕێ‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عوسماندا بوونه‌ به‌شێك له‌و نووره‌ی‌ كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌یبه‌خشێته‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ خۆشی‌ ئه‌وێن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر چی‌ له‌م ژیانی‌ دونیایه‌دا گه‌لێك ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌و ئاسته‌نگیان بۆپێشهات به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ماڵێك عیباده‌تیان له‌پاش خۆیان به‌جێ هێڵاو بوونه‌ به‌شێك له‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ ئیسلام و ناویان له‌گه‌ڵ چاكاندا بۆهه‌میشه‌یی‌ ده‌مێنێته‌وه‌.
ئه‌م هه‌ست و سۆزه‌ی‌ به‌نده‌ بۆ مامۆستای‌ موجاهیدو موفه‌سیر ته‌نها وه‌فایه‌كه‌ بۆ خۆشه‌ویستی‌ ئه‌و، چونكه‌ دڵنیام جێگه‌ی‌ ئه‌و پیاوانه‌ له‌ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ دا به‌بۆشی‌ و كه‌لێن ئه‌مێنێته‌وه‌و هه‌رگیز ئه‌و قاره‌مانانه‌ جێگایان پڕنابێته‌وه‌و ده‌نگیان له‌گوێمانا بۆ هه‌میشه‌ ئه‌مێنێته‌وه‌و، سه‌لام و ڕه‌حمه‌ت و درود بۆگیانی‌ پاكی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود هه‌ڵگری‌ ئاڵای‌ بانگه‌وازی‌ ئیسلامی‌ كه‌بزووتنه‌وه‌ی‌ كردبووه‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ فیكری‌ سیاسی‌ ئه‌ده‌بی‌، ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێین جوانی‌ و به‌ره‌كه‌ت له‌وماڵه‌دا كه‌ئه‌وی‌ تیا ئه‌ژیا ژوره‌كه‌ی‌ كردبووه‌ نورستان، كه‌من بۆخۆم جێهێڵانی‌ ئه‌و به‌خه‌سارێكی‌ گه‌وره‌ ئه‌زانم و رابوون و بزووتنه‌وه‌ش ئه‌و راستیه‌ ناشارنه‌وه‌و ده‌ركی‌ پێ‌ ده‌كه‌ن.

 

  20/01/2015

 

 

بەروار2020/03/30سەردان 640

یادەوەرییەک لە مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموودەوە وەفایەک بۆ مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحمود مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود وەک نمونە مردنی‌ زانایه‌ك مردنی‌ جیهانه‌ وەفایەک بۆ مامۆستاو فێرکاری ژیانم ئەحمەد کاکە مەحموود له‌یادی‌ وه‌فاتی‌ خه‌مخۆری‌ وەحدەت و یەكڕیزی ڕابوونی‌ ئیسلامیدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەستێرە درەوشاوەکەی ڕابوونی ئیسلامییدا له‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئێوه‌دا، ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت؟ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ خه‌می‌ رابوونی‌ ئیسلامیی و ته‌فره‌قه‌ پیری‌ كرد !! ئیمان و مه‌عنه‌ویه‌ت لای‌ مامۆستا وتاربێژە ناوازەکەی بێداری ئیسلامی هه‌ر به‌ ته‌نیا ڕیشت ڕه‌مز بوو ! بۆ ئاوه‌دانی‌ ته‌شریفتان بردووه‌ مامۆستای‌ قورئانزان! گیانی‌ په‌روه‌رده‌كردن‌و بانگه‌وازی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ له‌ هزرى مامۆستا ئه‌حمه‌د دا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود " گه‌لێ‌ له‌ پێش ئه‌وانه‌وه‌..!