شایه‌تییه‌ك بۆ مێژوو: مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د.. زاناو ڕوناكبییرو خواناس.


شایه‌تییه‌ك بۆ مێژوو: مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د.. زاناو ڕوناكبییرو خواناس..

كامیل مه‌حمود

(خوا ناسین) ده‌ربڕینێكه‌ سووك و ئاسان و بێ گرێ له‌سه‌ر زمان، به‌ڵام سه‌خت و دژوارو پڕ له‌ئه‌سرینه‌ له‌ گۆڕه‌پاندا، ڕێگای‌ خواناسین سه‌دان و هه‌زاران كۆسپ و هێماو ئاماژه‌ی‌ (ئیست) له‌ به‌رده‌میدا دانراوه‌و به‌ ته‌نها خواناسان ده‌توانن تێیان په‌ڕێنن و به‌ره‌و هه‌وارگه‌ی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ مه‌عبودی‌ خۆیان بێباكانه‌ هه‌نگاو بنێن، ڕێبوارانی‌ ئه‌و ڕێگایه‌ باكه‌میش بن، به‌ڵام كاریگه‌رانه‌ ڕه‌وتی‌ مێژوو ده‌گۆڕن و زۆرجار پێچه‌وانه‌ی‌ خواست و ئاره‌زووی‌ زۆرینه‌ ئایینده‌ بنیات ده‌نێن.
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموودیش یه‌كێك بوو له‌و خواناسه‌ كه‌مانه‌ی‌ تووانیان مێژوو به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا به‌رن خۆیان ده‌یانویست و وه‌رچه‌رخانێك له‌ كوردستاندا دروست بكه‌ن كه‌ دواتر ئه‌و حاڵه‌ته‌ی‌ لێ كه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ گوزارشتی‌ لێ كرا. ئه‌م مامۆستا كارایه‌ی‌ ناو ئه‌و ڕابوونه‌ به‌ ته‌واوی‌ واتا زانای‌ ئایینی‌ بوو.
دیاره‌ زانا له‌ ناو دنیای‌ ئیسلامدا زۆرن و له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ ئه‌م جوگرافیا به‌رینه‌دا سه‌دان پیاوی‌ مێزه‌ر به‌سه‌ر هه‌یه‌و سیفه‌تی‌ زانای‌ ئایینی‌ به‌خۆی‌ داوه‌، به‌ڵام به‌درێژایی‌ مێژووی‌ ئه‌م ئوممه‌ته‌ ئیسلامییه‌ ئه‌و زانایانه‌ دابه‌ش بوون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا: ده‌سته‌یه‌ك له‌وانه‌ زانای‌ كاركرده‌ن و له‌ئه‌ده‌بیاتی‌ ئیسلامیدا به‌ (علما‌‌و العاملین) ناوبراون، ده‌سته‌كه‌ی‌ تریش به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ كاركرده‌ن، به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵات و سوڵتانه‌كان، كه‌ ئه‌وانیش به‌ (علما‌و السلاگین) ناسراون.
ده‌سته‌ی‌ یه‌كه‌م كه‌مینه‌یه‌و هه‌وڵ و تێكۆشان و كاری‌ بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی‌ دروشمی‌ (لا اله الا الله) و سه‌روه‌ری‌ و پایه‌داریی‌ ئیسلامه‌و له‌م پێناوه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌كاته‌ قوربانی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئیسلام و موسڵمانان، په‌یامی‌ حه‌ق ده‌گه‌یه‌نێت و له‌ لۆمه‌ی‌ لۆمه‌كه‌ران ناترسێت و كوشتن و تۆقاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانیش نایترسێنێت. ده‌سته‌ی‌ دووه‌میش زۆرینه‌یه‌و هه‌میشه‌ به‌و زانا ئایینیانه‌ ده‌وترێت كه‌ له‌به‌ر ده‌رگاو له‌ ده‌رباری‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندان و بوونه‌ته‌ فه‌تواده‌ری‌ ناحه‌ق بۆیان و ئه‌وانیش دژایه‌تی‌ زانا سه‌رڕاسته‌كان و موسڵمانه‌ خواناسه‌كانی‌ پێ ده‌كه‌ن.
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ زانا:
وه‌ك كه‌سێكی‌ نزیك له‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ كه‌ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵ له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا له‌ خزمه‌تیدا بووم و نیوه‌ی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و ده‌ ساڵه‌ له‌یه‌ك ئۆرگاندا كه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ كارم له‌گه‌ڵدا كردووه‌، هه‌روه‌ها دوای‌ ئه‌وه‌ش چوار ساڵ زیاتره‌ دراوسێ و ماڵ له‌یه‌كین و دراوسێیه‌تیش سه‌نگی‌ مه‌حه‌كه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ئاكارو ڕه‌فتاری‌ كه‌سێك، بۆیه‌ به‌م دوو سیفه‌ته‌ شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ بۆ مێژوو، هه‌روه‌ها له‌به‌رده‌م خوای‌ خۆشمدا ده‌ده‌م، كه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د زانایه‌كی‌ عابیدی‌ زاهیدی‌ له‌ خواترس بوو، هه‌موو خه‌مێكی‌ بۆ ئیسلام و موسڵمانان و هه‌موو خۆشییه‌كیشی‌ له‌و بارودۆخانه‌دا بووه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتن و سه‌روه‌ری‌ و خۆشییه‌كی‌ موسڵمانانی‌ ده‌بیست یان ده‌بینی‌. له‌كاری‌ ڕێكخراوه‌یی‌ و سیاسیدا پابه‌ندیی‌ ئایینی‌ و دڵسۆزی‌ بۆ ئیسلامی‌ لێ ده‌باری‌. له‌ بیرمه‌ ئه‌وكاتانه‌ی‌ كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن به‌رپرس و ئه‌میرمان بوو هه‌میشه‌ چاودێری‌ نوێژه‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ ده‌كردو گشت كاتێك ئه‌وه‌ی‌ لێ دووپات ده‌كردینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر كاتێك بانگی‌ فه‌رموو و ده‌ست له‌ هه‌موو كارێك هه‌ڵبگرن و وه‌رن با نوێژه‌كانمان به‌ جه‌ماعه‌ت بكه‌ین، زۆر به‌ته‌نگ برایه‌تی‌ نێوان كارمه‌نده‌كان و ڕازیكردنی‌ دڵی‌ ئه‌وانه‌وه‌ بوو، هه‌میشه‌ ده‌ست به‌ ده‌ست نوێژه‌وه‌ بوو. له‌ ژووره‌كه‌ی‌ خۆیدا هه‌میشه‌ یان كتێبی‌ ده‌خوێنده‌وه‌، یان شتێكی‌ ده‌نووسی‌.
خه‌مخۆری‌ ئه‌و مامۆستایه‌م له‌وه‌دا بۆ ده‌ركه‌وتبوو كه‌ زۆر دڵگران و خه‌مبار ده‌بوو بۆ كێشه‌و گرفت و نه‌هامه‌تی‌ موسوڵمانان له‌ هه‌ر كوێیه‌كی‌ ئه‌م جیهانه‌دا بێت، ئێمه‌ چه‌ند نووسه‌رێكی‌ ناو ڕاگه‌یاندن بووین كه‌ بابه‌تمان بۆ ئێزگه‌و ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌ ده‌نووسی‌، هه‌موو سه‌ر له‌به‌یانییه‌ك كه‌ ده‌هاتین بۆ ڕاگه‌یاندن، دوای‌ ماوه‌یه‌ك مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د ده‌ینارد به‌ دوای‌ یه‌كێكماندا، یان نامه‌یه‌كی‌ بچوكی‌ بۆ ده‌نووسین كه‌ برایان هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌فاتی‌ فڵان زانا یان كوشتن و شه‌هید كردنی‌ پۆلێك موسڵمان ده‌كه‌ن له‌فڵان وڵات با وتارێك ئاماده‌ بێت بۆ ئه‌م ئێواره‌یه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆن، یان داوای‌ ده‌كرد شتێك بنووسین ده‌رباره‌ی‌ كێشه‌ی‌ موسڵمانانی‌ فلیپین یان كشمیر یان فه‌له‌ستین یان هه‌ر وڵاتێكی‌ تر كه‌ئه‌و ئێواره‌یه‌ نه‌ها‌مه‌تییه‌كانی‌ ئه‌وانی‌ له‌ ئێزگه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ر گوێ بكه‌وتایه‌، رۆِژێك وتم مامۆستاگیان ناكرێت تۆ هه‌ر شه‌ڕو هه‌رایه‌ك و مه‌ینه‌تی‌ هه‌ر موسڵمانێك ببیستی‌ داوا له‌ ئێمه‌ بكه‌یت شتێكی‌ بۆ ئێزگه‌و ته‌له‌فزیۆن له‌سه‌ر بنووسین، ئه‌م هه‌موو وتاره‌ ماندوومان ده‌كات، مامۆستا ئه‌حمه‌د وه‌ك سروشتی‌ هه‌میشه‌یی‌ خۆی‌ له‌كاتی‌ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌خنانه‌ی‌ ئێمه‌دا زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی‌ ده‌كردو پاشان ده‌یفه‌رموو: باشه‌ توخوا ئه‌و هه‌موو میحنه‌ته‌ی‌ موسڵمانان له‌م دنیا به‌رینه‌دا ئه‌گه‌ر دوو وشه‌شی‌ له‌سه‌ر نه‌نووسین خۆ له‌ داخدا ده‌ته‌قین.
به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌ناڵانه‌دا ده‌كرد كه‌ له‌به‌رده‌ستی‌ بزووتنه‌وه‌دا بوون و ده‌یوت حه‌یفه‌ خوا ئه‌م هۆكارانه‌ی‌ پێ داوین خزمه‌تێكی‌ زۆری‌ ئه‌م ئیسلامه‌ی‌ پێ نه‌كه‌ین، بێزار ده‌بوو له‌ ته‌رفیهات و هه‌ندێ بابه‌تی‌ تری‌ ناو ئێزگه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان و ده‌یفه‌رموو براكانم با دوای‌ شتی‌ باوی‌ ناو كه‌ناڵه‌كانی‌ تر نه‌كه‌وین و ئه‌وه‌ی‌ سوود و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئیسلام و موسڵمانانی‌ تیادا نییه‌ بڵاوی‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ یان هیچ نه‌بێت كه‌م بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م كات و ده‌رفه‌ته‌ی‌ كه‌ خوا پێی‌ داوین لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌و قیامه‌ت سه‌خته‌.
ئه‌مه‌ی‌ باس كرا ئه‌زموونی‌ كار كردنی‌ خۆم بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و زاناو سه‌ركرده‌ خواناسه‌دا له‌ناو ڕاگه‌یاندنی‌ بزووتنه‌وه‌دا، كه‌ هه‌موو كاره‌كانی‌ دڵسۆزی‌ و خه‌مخۆری‌ بۆ ئیسلام و ڕابوونه‌كه‌ی‌ لێ ده‌باری‌. ئه‌زموونی‌ چوار ساڵه‌ی‌ دراوسێیه‌تیم به‌ ته‌واوی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ پێناساندم، ئه‌توانم بڵێم له‌ ته‌واوی‌ (10)ساڵی‌ كاری‌ حیزبایه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ به‌ڕێزه‌دا حه‌قیقه‌تی‌ ئه‌وم نه‌ناسی‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ چوار ساڵی‌ هاوسێیه‌تیدا ئه‌و زانا خواناسه‌م ناسی، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆر جار سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌كانت لێ ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه‌و دڵه‌كان له‌یه‌كتر به‌د گومان ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ بۆ خۆم هه‌رگیز و له‌هیچ كاتێكدا گومانم له‌ دڵسۆزی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود نه‌بووه‌.
له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی‌ به‌نده‌و هه‌موو دراوسێكانی‌ تر له‌ مامۆستای‌ ڕه‌حمه‌تیمان بینی‌، نموونه‌ی‌ موسڵمانێكی‌ خاوه‌ن ڕه‌وشتگه‌لی‌ ئیسلامی‌ بوو له‌گه‌ڵ ده‌رو دراوسێدا، سه‌ردانی‌ هه‌موومانی‌ ده‌كرد و به‌ده‌م خۆشی‌ و ناخۆشیه‌كانمانه‌وه‌ ده‌هات، هاتنی‌ بۆ ماڵی‌ هه‌ر یه‌كه‌شمان به‌ شێوه‌ ئادابی‌ ئیسلامی‌ بوو، كه‌ پێش چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك منداڵێكی‌ خۆی‌ ده‌نارد كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌كرێت سه‌ردانتان ده‌كه‌ین، مه‌جلیسه‌كه‌شی‌ به‌ ناوی‌ خواوه‌ ده‌كرده‌وه‌و كۆتاییه‌كه‌شی‌ به‌ سڵاواتێكی‌ سوننه‌تی‌ ده‌ڕازانده‌وه‌.
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د تا ئه‌م ڕۆژانه‌ش كه‌ وه‌فاتی‌ كرد خه‌مه‌كانی‌ هه‌ر له‌ زیاد بووندا بوون، خه‌می‌ دۆزی‌ نا هه‌مواری‌ موسڵمانان و پاشان خه‌می‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیشی‌ هاتبوویه‌ سه‌ر.
ئه‌گه‌ر كارێك یان خه‌مێكی‌ نوێی‌ هه‌بوایه‌و حه‌زی‌ به‌ هاوده‌مێك بكردایه‌ بۆ قسه‌و به‌ بادانی‌ خه‌مه‌كانی‌، له‌ مزگه‌وت پێی‌ ده‌فه‌رمووم: كاك كامیل من سه‌ردانێكی‌ تۆ بكه‌م یان تۆ سه‌ردانێكی‌ من ده‌كه‌یت، منیش ده‌مزانی‌ حه‌ز ده‌كات سه‌ری‌ لێ بده‌م و كارێكی‌ هه‌یه‌ و قسه‌كه‌ی‌ به‌ ته‌وازعه‌وه‌ ده‌رده‌بڕی‌‌، خێرا ده‌موت من دێمه‌ خزمه‌تی‌ جه‌نابت مامۆستا گیان. هه‌موو كاتێكیش ڕێزو پێشوازییه‌ گه‌رمه‌كانیم له‌ یاد ناچێت كه‌له‌ میوانه‌كانی‌ ده‌كرد و له‌وه‌شدا هه‌موو سوننه‌تێكی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلامی‌  ده‌هێنا. له‌هه‌ر سه‌ردانێكیشدا بارودۆخی‌ موسڵمانان و مه‌ینه‌تییه‌كانی‌ ئوممه‌تی‌ ئیسلاممان ده‌خسته‌ به‌رباس و مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌ هه‌ناویه‌وه‌ هه‌ناسه‌ی‌ گه‌رمی‌ بۆ هه‌ر میحنه‌تێك هه‌ڵده‌كێشا كه‌ دوچاری‌ موسڵمان بوو بێت له‌هه‌ر جێگایه‌ك، خه‌م و حه‌سره‌تیشی‌ بۆ دۆزی‌ ناله‌باری‌ ئیسلامیش له‌سه‌رووی‌ هه‌موو خه‌مه‌كانه‌وه‌ بوو.
زاناو ڕوناكبیری‌ موسڵمان:
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د مه‌لایه‌كی‌ ته‌قلیدی‌ و زانایه‌كی‌ ئایینی‌ وه‌ها نه‌بوو كه‌ ته‌نها كۆمه‌ڵێك زانستی‌ ئایینی‌ خوێندبێت و خاوه‌نی‌ توانای تایبه‌تی‌ و شێوازی‌ بیر كردنه‌وه‌ی‌ خۆی‌ نه‌بوو بێت، ئه‌و دارای‌ ئاسۆیه‌كی‌ فراوانی‌ مه‌عریفی‌ و رۆشنبیری‌ گشتی‌ سه‌رده‌میش بوو، له‌گه‌ڵ ڕۆژگاریشدا هه‌نگاوی‌ ده‌ناو هاوچه‌رخانه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ شێوازی‌ بانگه‌وازو هۆكاره‌كانیدا ده‌كرد، له‌ هه‌ر قۆناغێكدا ئه‌و فاكته‌رانه‌ی‌ بۆ ئه‌دای‌ كارو بانگه‌وازی‌ ئیسلام ده‌ڕه‌خسا، به‌ چاكترین شێوه‌ به‌كاری‌ ده‌هێناو ده‌یخسته‌ خزمه‌تی‌ كارو بانگه‌وازی‌ ئیسلامی‌ یه‌وه‌. سه‌ره‌تای‌ مه‌لایه‌تی‌ و وتاری‌ ناو مزگه‌وته‌كانی‌ له‌ دوانگه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد، ئه‌و به‌هه‌موو واتایه‌ك مافی‌ به‌ وتارو مینبه‌رو میحراب دابوو، ناوه‌ڕاستی‌ هه‌شتاكان و له‌و كاته‌دا كه‌ ڕژێمی‌ به‌عس ده‌ستی‌ له‌ قوڕگی‌ هه‌موو خاوه‌ن په‌یام و بانگه‌وازێك توند كردبوو، وتاره‌كانی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ سیروان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ فراوان و گه‌وره‌ی‌ له‌ ناو موسڵمانانی‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌بوو، له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ لاوانی‌ ناوچه‌كه‌ ڕوویان ده‌كرده‌ سیروان و حه‌قبێژی‌ و دڵسۆزی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د جۆش و خرۆشێكی‌ هه‌ست پێ كراوی‌ پێ ده‌به‌خشین.
مامۆستا به‌وتاری‌ ناومینبه‌رو مزگه‌وت وازی‌ نه‌ده‌هێناو ده‌یویست له‌ كه‌ناڵی‌ تریشه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ حه‌قیقه‌تی‌ ئیسلام تێبگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ بوو ده‌ستی‌ دایه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی‌ و كۆمه‌ڵێك كتێبی‌ به‌ پێزو گرنگی‌ پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ی‌ كوردی‌ كرد، ئه‌وه‌ی‌ به‌هێزی‌ و فراوانی‌ ئاسته‌ ڕۆشنبیری‌ و مه‌عریفییه‌كه‌ی‌ ئه‌م زانا خوا ناسه‌ زیاتر ده‌سه‌لمێنێت بابه‌تیبوونی‌ نووسینه‌كانی‌ بوو، هه‌ر كتێبێكی‌ كه‌ ده‌رده‌چوو بابه‌تی‌ ڕۆژو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ پرسیارو گومانه‌كان بوون كه‌له‌و كاته‌دا ناحه‌زانی‌ ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌م ئایینه‌ دروستیان ده‌كرد. بۆ نموونه‌ له‌ بارودۆخێكدا كه‌ چه‌پ و ماركسیه‌كانی‌ كوردستان بانگه‌وازیان بۆ ئیلحادو دژایه‌تی‌ ئایین و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ بوونی‌ خوا ده‌كرد، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كتێبه‌كانی‌ )خوا له‌روانگه‌ی‌ زانیارییه‌وه‌)و (وته‌ی‌ زانایان و باوه‌ڕ به‌خوا)ی‌ وه‌رگێڕا بۆ زمانی‌ كوردی‌ و له‌ ڕێگای‌ وته‌ی‌ كۆمه‌ڵێ زانای‌ به‌ناو بانگی‌ جیهانیه‌وه‌ مایه‌ پووچی‌ ئیلحادو بێباوه‌ڕی‌ ڕاگه‌یاند، پاشان دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ عه‌لمانییه‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ كوردستان هه‌وڵیان ده‌دا به‌ ناوی‌ ئازادی‌ گه‌ل و سه‌ربه‌ستیه‌وه‌ دژایه‌تی‌ ئیسلام بكه‌ن، ئه‌م زانا ڕوناكبیره‌ كتێبی‌ (سه‌ربه‌ستی‌ له‌ ئیسلامدا)ی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ به‌ گرنگترین و كاریگه‌رترین كتێبی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د داده‌نرێت له‌ خزمه‌تكردن به‌ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ و لاوانی‌ موسڵمان و ناحه‌زانی‌ ئیسلامیشی‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بێزار كرد كه‌ سه‌دان نوسخه‌ له‌و كتێبه‌ له‌ كتێبخانه‌كانی‌ سلێمانی‌ و ده‌وروبه‌ری‌ بكڕن و دواتر بیانسووتێنن، به‌ڵام زمانی‌ حاڵی‌ مامۆستا پێی‌ ده‌وتن (یریدون لیگفئوا نور الله بأفواهم، والله متم نوره ولوكره الكافرون).
دوای‌ ئه‌وه‌ش بازنه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ فراوانتر بوو، هه‌روه‌ها لاوان به‌ كۆمه‌ڵ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای‌ ئایینی‌ خواو ڕوویان ده‌كرده‌ مزگه‌وته‌كان مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ زانای‌ ڕوناكبیر به‌كتێبی‌ (خوا په‌رستی‌ له‌ ئیسلامدا) ڕێنموونی‌ كردن بۆ قۆناغی‌ پراكتیزه‌ بوونی‌ گه‌ڕانه‌وه‌كه‌یان له‌ به‌جێهێنانی‌ خواپه‌رستی‌ و دروشمه‌ ئیسلامیه‌كاندا و تێگه‌یشتن له‌ چه‌مك و چۆنیه‌تی‌ و ئامانجی‌ ئه‌و خواپه‌رستیانه‌.
مامۆستای‌ ئه‌حمه‌د كاتێك زانی‌ كه‌ قۆناغی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی‌ بزاڤی‌ ڕێكخراو، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ ڕاگه‌یه‌نرا و پرسیار له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی‌ كاری‌ حیزبایه‌تی‌ و سیاسی‌ له‌ ئیسلامدا دروست بوو، له‌و قۆناغه‌شدا مامۆستا كتێبی‌ (سیاسه‌ت له‌ ئیسلامدا)ی‌ نووسی‌.
له‌گه‌رمه‌ی‌ جیهادی‌ شاخی‌ بزووتنه‌وه‌شدا كتێبی‌ (جیهاد له‌ ئیسلامدا)ی‌ نووسی‌، دوای‌ ڕاپه‌ڕینیش هه‌موو كتێب و بابه‌تێكی‌ بڵاوكراوه‌ی‌ ئه‌م زانا ڕوناكبیره‌ هه‌ر وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كانی‌ ڕۆژو كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان بوو، بۆ نموونه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی‌ په‌رله‌ماندا نامیلكه‌یه‌كی‌ ده‌رباره‌ی‌ حوكم و مه‌رجه‌كانی‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌ماندا ده‌ركرد.
چه‌ندین فه‌توای‌ هاوچه‌رخ و وه‌ڵامی‌ مه‌سه‌له‌ فیقهییه‌كانی‌ ڕۆژیشی‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌و گۆڤاری‌ جه‌ماوه‌ردا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌م زانا هه‌ڵكه‌وتووه‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ ئازادو جه‌ریئانه‌ی‌ ئه‌و بوو له‌ مه‌سه‌له‌ فیقهییه‌كان و له‌ ئاستی‌ ده‌قه‌ پیرۆزه‌كاندا، كه‌ مامۆستا خاوه‌نی‌ بیروڕاو ئیجتیهادی‌ عیلمی‌ و هاوچه‌رخی‌ خۆی‌ بوو.
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی‌ پێشتكه‌وتووی‌ ڕۆژگاردا هه‌نگاوی‌ ده‌ناو به‌ شێوه‌ی‌ هاوچه‌رخانه‌ ئه‌دای‌ كارو بانگه‌وازی‌ خۆی‌ ده‌كرد، له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌و دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تۆڕی‌ جیهانی‌ (ئینته‌رنێت)یش هاته‌ پاڵ هۆكاره‌كانی‌ تری‌ ڕاگه‌یاندن و بانگه‌واز، مامۆستا ئه‌و بارودۆخه‌شی‌ قۆسته‌وه‌و له‌ سایته‌كانی‌ ئێنته‌رنێتدا كۆمه‌ڵێ بابه‌تی‌ ئیسلامی‌ به‌ پێزی‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دواترینیان بابه‌تێك بوو له‌سه‌ر ئازادی‌ له‌ ئیسلامدا و له‌ سایتی‌ (كوردستان نێت)دا مشتومڕێكی‌ زۆریشی‌ له‌سه‌ر كرا.
مامۆستای‌ سیاسه‌تمه‌دارو خه‌می‌ بزووتنه‌وه‌:
یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین خه‌مه‌ به‌ئازاره‌كانی‌ مامۆستا ئه‌و دۆزه‌ هه‌نووكه‌ییه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامییه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان و چه‌تری‌ ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ بوو، به‌ڵام كه‌ ئێستای‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ده‌بینی‌ به‌رده‌وام هه‌ناسه‌ی‌ هه‌ڵده‌كێشاو ده‌یفه‌رموو چی‌ بكه‌ین ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ زیندوو ببێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌و ده‌ركه‌ش بوو خه‌می‌ زیاتری‌ پێ ده‌دا، ده‌یفه‌رموو بڵێ ی‌ ڕۆژێك بێته‌وه‌و چه‌ترێكی‌ تر بۆ موسڵمانان هه‌ڵدرێته‌وه‌و هه‌موومان له‌سێبیه‌ریدا به‌عیزه‌ته‌وه‌ بژین.
ئه‌و ده‌ركه‌ سیاسی‌ و بابه‌تییه‌ زه‌روره‌تی‌ ئێستای‌ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو كاراكته‌ره‌ قیادی‌ و جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ وه‌ك مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د ده‌ركی‌ پێ بكه‌ن. مامۆستا ئه‌و ده‌رك و زانینه‌ مه‌یدانییه‌ی‌ ئێستای‌ باری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ره‌تای‌ ڕیفۆرم و ژیانه‌وه‌ی‌ ئه‌م بزاڤه‌ ئیسلامییه‌ داده‌ناو بێتاقه‌ت بوو به‌نه‌بوونی‌ ئه‌و ده‌ركه‌ سیاسییه‌ ، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ واقیعبینی‌ و ده‌ركه‌ سیاسییه‌كه‌یدا به‌رده‌وام له‌بیركردنه‌وه‌دا بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕاوێژی‌ به‌هه‌موو كادیرو دڵسۆزانی‌ ناو بزووتنه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ش ده‌كردو له‌م چه‌ند مانگه‌ی‌ كۆتایی‌ ته‌مه‌نیشیدا گه‌لێ جموجوڵی‌ دڵسۆزانه‌شی‌ بۆ خۆی‌ دروست كردو ئه‌م خه‌مه‌ی‌ خۆی‌ ده‌كرده‌ خه‌می‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ قسه‌و گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵدا ده‌كردن، له‌ قسه‌و بزاوتی‌ ئه‌م زانا دڵسۆزه‌ی‌ ئیسلامدا هه‌موو خه‌مخۆری‌ و نیه‌تپاكی‌ و لێبڕانێكی‌ خواویستانه‌م به‌دیی‌ ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌فسوس بۆ مه‌رگی‌ دڵسۆزان...

 

(إنا لله وانا إلیه راجعون)

 

 

20/01/2015
 
بەروار2020/03/30سەردان 749

یادەوەرییەک لە مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموودەوە وەفایەک بۆ مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحمود مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود وەک نمونە مردنی‌ زانایه‌ك مردنی‌ جیهانه‌ وەفایەک بۆ مامۆستاو فێرکاری ژیانم ئەحمەد کاکە مەحموود له‌یادی‌ وه‌فاتی‌ خه‌مخۆری‌ وەحدەت و یەكڕیزی ڕابوونی‌ ئیسلامیدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئەستێرە درەوشاوەکەی ڕابوونی ئیسلامییدا له‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئێوه‌دا، ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت؟ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ئه‌و گه‌نجه‌ی‌ خه‌می‌ رابوونی‌ ئیسلامیی و ته‌فره‌قه‌ پیری‌ كرد !! ئیمان و مه‌عنه‌ویه‌ت لای‌ مامۆستا وتاربێژە ناوازەکەی بێداری ئیسلامی هه‌ر به‌ ته‌نیا ڕیشت ڕه‌مز بوو ! بۆ ئاوه‌دانی‌ ته‌شریفتان بردووه‌ مامۆستای‌ قورئانزان! گیانی‌ په‌روه‌رده‌كردن‌و بانگه‌وازی‌ په‌روه‌رده‌یی‌ له‌ هزرى مامۆستا ئه‌حمه‌د دا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود " گه‌لێ‌ له‌ پێش ئه‌وانه‌وه‌..!