
تەفسیری ڕامان فەرهەنگێکی دەوڵەمەند بۆ ماناو مەبەستی قورئان.!
یەکێک لەسەرنجڕاکێشترینی ئەو تەفسیرانەی کەبەزمانی پاراوی کوردی نووسراوەو بەوردی و پوختی واتاو مەبەستی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزی خستبێتەڕوو بریتییە لە(تەفسیری ڕامان بۆ ماناو مەبەستی قورئان)، لەنووسینی زاناو نووسەری گەورە مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحمود، کە لەنزیکەوە ئاگاداری هەلومەرجی مەیدانی نووسینەوەی تەفسیرەکەم و هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی مامۆستام بینیوە لەپێناوی نووسینەوەیدا، چەندین جار خۆی پیداچوونەوەی بۆ کردووەو دڵی ئاوی نەخواردووەتەوەو هەرجارەو زانیاری و مەعریفەی دەرکپێنەکراوی نوێ و ناوازەتری بۆ زیاد کردووە، گفتوگۆی زۆرمان لەوبارەیەوە کردووە، تەنانەت جارێک پێم وت جەنابی مامۆستا تۆ وا بکەی ئەم تەفسیرەت لەژوورەکەی خۆت ناچێتە دەرەوەو ڕووناکی نابینێت، تەفسیرەکەت جوان و دەوڵەمەندو پڕ واتاو پوختەو دوودڵ مەبە تیایداو قسووریت نەکردووە، جەنابت ئەهلی عیلمی و بەردەوام لێت دەڕژێ، ئەوەی لەم بارەیەوە چەند ساڵە هەوڵت بۆ داوە ڕژاوەتە ناو ئەم دەریاچە ڕوون و پاکەوە، ئەوەیتر کە بۆت دێ و بیری لێ دەکەیتەوە شوێنیتری بۆ بدۆزەرەوە و عەتای زانستی و بیرکردنەوەی نوێی خۆتی تیادا جێ بکەرەوە.
مامۆستای نووسەر لەنووسینەوەی تەفسیرەکەیدا تموحی زۆربوو، بارودۆخەکەش لەباربوو بۆ نووسین و بیرکردنەوەی زیاتر، بەو پێیەی لەکەشێکی ئازادی دوور لەفشارو هەندێ کۆسپ و گرفت کەزۆرجار بۆ نووسەران و زانایان دروست دەبێت مامۆستا قەڵەمەکەی هەڵدەسوڕاند.
سەرەتای دۆخی دوای ڕاپەڕین بوو کە ڕەوشی کارو بانگەوازی ئیسلامی کەشێکی لەباری بۆ دروست بووبوو، هەرچەندە مامۆستا لەدۆخە دژوارەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیشدا بەخششی فیکری و نووسین و کارە بانگخوازییەکانی کەمتر نەبووە لە بەرهەمەمەکانی دوای ڕاپەڕینی، بەڵام دەتوانین بڵێین شای کارەکانی کەوتە دوای ڕاپەڕینەوە کە تەفسیری ڕامانە.
تەفسیری ڕامان ناوێکی پڕ بەپێست و تەواوە بۆ ئەم شاکارەی جەنابی مامۆستا، چونکە بەڕاستی تێڕامانی زۆری کردووە لەئایەتەکان و وشەو دەربڕینەکان پاشان قەڵەمەکەی لەسەر پیت و وشە داناوەو مانایەکی جوانی بۆ دەقە پیرۆزەکان داڕشتووە.
پێم وایە مامۆستا ئامانجی هەبووە لەدانانی ئەو دەربڕین و ناوە لەسەر بەرگی تەفسیرەکەی، ئەو ویستویەتی بەخوێنەر بڵێ ئەم تەفسیرە تەنها واتاسازیەکی باو نییە بۆ ئایەتەکانی قورئان، بەڵکو زیاتر لەوەش قووڵبوونەوەیە لەئایەتە پیرۆزەکان بۆ گەیشتن بەمەغزاو مەبەستی دەقەکان، واتە بەدیدێکی مەقاصیدییەوە تەفسیرەکەی نووسیوە، قورئان کتێبی نووسەرێک نیە لەزمانێکەوە بۆ زمانێکیتر وەرگێڕانی بۆ بکرێت، بەڵکو دەقێکی دەستووری و باڵاترە لەدەستوورە دنیاییەکان، دەقەکانی یاساو ڕێسای تیادا حەشار دراوە کە لەهەموو سەردەمێکدا ئەرکی زانایانی وەک مامۆستا ئەحمەدە کەبۆ سەردەم و پێشهاتە نوێیەکان یاسا و حوکم و ڕێنموونییەکانی لێ وەربگرن.
مامۆستا ئەحمەد بەدوای زۆر واتاو مەبەستی ناو دەربڕینە قورئانییەکاندا دەڕۆیشت، بەزۆر دەرەنجامی ناوازەو زانستیش دەگەیشت، هەندێکی لەتەفسیرەکەیدا تۆماری کردوون، بەڵام زۆرێکیتری بۆ قۆناغیتر هەڵگرتبوو، چونکە ئەوەی من لەنزیکەوە گوێبیستی بووم پێی وابوو هەندێ کەس لەوەسەتی مامۆستایان و مەلاو تەنانەت لەناو بزاڤە ئیسلامییەکەی خۆیشیدا هەندێ حوکم و ئیجتیهادی نوێ ئیستیعاب ناکرێت، لەڕاستیدا وابوو چەند جارێک مامۆستا بەشێوەی موغامەرە هەندێ فەتواو ڕوونموونی شەرعی بۆ چەند پرسێکی ڕۆژ خستەڕوو، بەڵام ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی نازانستی و منداڵانەی هەندێ لەوانە بوویەوە کەهەموو دەرک و زانین ناوەرۆکی چەند کتێبۆلکە و نامیلکەیەکی تەقلیدی تێ نەدەپەڕاند، زۆرێک لەوانە ئێستا بەو دەرەنجامە دروستانە گەیشتوون کەپێشتر مامۆستا پێی گەیشتبوو.
یەکێک لەو گفتوگۆو دانیشتنە پڕ سوودانەی هەمیشە چێژی لێ دەبینم گفتوگۆ و دانیشتنە لەحزوری کەسانێکدا کە بەهزرو بیرکردنەوە لەم سەردەمەدا بژین و بتوانیت بێ تەحەفوزو ترس دیدگاو بینینی خۆت بخەیتەڕوو، لەگەڵ جەنابی مامۆستاشدا هەمیشە ئەو دیالۆگەمان هەبوو، مامۆستا لەسەر بنەمای (قورئان بۆ هەموو شوێن و سەردەمێک) مامەڵەی لەگەڵ کۆی ئایەتەکانی قورئاندا دەکرد، باوەڕی وابوو کە کات و سەردەمی ئێستا مامەڵەیەکی وەقیعی نوێی دەوێ جیا لەڕابردوو، بەبێ ڕەتکردنەوەی بەخششی زانایانی پێشین و پێشوو،
لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی پێی کراوە لەتەفسیرەکەیدا جێگای کردووەتەوەو هەوڵی داوە ئەوەندەی ئیستیعاب دەکرێ لەچوارچێوەی پێویستییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژیارییەکانی ئەم سەردەمەدا بچێتە ناو ناخی ئایەتەکانەوە.
جگە لەوانەش دەتوانین بەخاڵ هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی تەفسیری ڕامان دەستنیشان بکەین:
١- زمان و داڕشتنی مامۆستا کوردییەکی پاراوەو هەوڵی داوە بۆ هەموو وشەو تەنانەت زۆرێک لەزاراوەکانیش وشەو واتای کوردی دابنێت، بەو پێیەی مامۆستا نووسەرێکی بەئەزموونە لەبواری زمان و نووسیندا، ڕێنووسە کوردییەکەی ڕوونە و زمانی ئاخاوتنی گشتین، لەگەڵ داڕشتنێکی ئەکادیمی جوان بەزمانی نوخبە.
۲- سەرەتای تەفسیری هەر سورەتێک پێناسەو ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر سورەتەکە دەدات، هەموو باس و بابەت و تەوەرەکانی ناو سورەتەکە لەچەند دێڕێکدا دەخاتەڕوو، کاتێک خوێنەر ئەو سەرەتایە دەخوێنێتەوە باسێک یان تەوەرەیەکی ناو سورەتەکە ڕایدەکێشێت بۆ خوێندنەوەی تەفسیرەکەو وەرگرتنی زانیاری پێویست لەڕووانگەی ئایەتەکانەوە.
۳- کە دەچیتە ناو خوێندنەوەی تەفسیری سورەتەکەش بۆ هەر تەوەرەو باس و تەنانەت ئاماژەیەکی ناو سورەتەکەش مانشیت و ناونیشانی کورت دانراوە، کە هەموو ئەو جیاکردنەوەو مانشێتکاریە وا لەخوێنەر دەکات ماندوو نەبێت لەخوێندنەوەو بینینی جوگرافیای دەقە نووسراوەکان وەک مێرگ و کێڵگەیەکی فرە ڕەنگ و فرە بەرهەم بێنەپێش چاوی، هەروەها کارئاسانیش بۆ توێژەرو نووسەران دەکات کەبۆ دۆزینەوەی باس و بابەت و ئاماژەیەکی قورئانی کەپێویستیانە وەک سەرچاوە، بەئاسانی بیدۆزنەوە لەڕێگای ناساندن و ڕونکردنەوەی سەرەتای سەورەتەکانەوە، یان لەو ناونیشان و مانشیتە کورتانەی ناو تەفسیری سورەتەکانەوە.
٤- لەهەر شوێنێکی تەفسیری ڕاماندا ئەگەر شرۆڤەو تەفسیری ئایەتێک یان چەند ئایەتێک ڕوونکردنەوەو قووڵبوونەوەی زیاتری پێویست بێت، قەڵەم و هزری مامۆستا بەخێرایی بەسەر ئەو ئایەتانەدا تێنەپەڕیوەو لەچوارچێوەی ڕێنموونی و کۆمەڵێ ڕوونکردنەوەدا درێژەی بە تەفسیری زیاتری ئەو ئایەتانە داوە.
٥- لەبابەتی حوکمە شەرعیەکان و تەفسیرکردنی ئایەتەکانی ئەحکامدا، لەکوێدا حوکمەکان تەفسیرو خوێندنەوەی ماناو مەبەستی جیاواز هەڵبگرێ، مامۆستا ڕایەکانی هێناوەو مانای ڕاجیح و پەسەندکراوی خۆی خستووەتەڕوو، بۆنموونە لەتەفسیری ئایەتی شۆردن یان مەسحی قاچ لەدەستنوێژدا.
بەکورتی مامۆستای موفەسیر لە نووسینەوەی ئەم تەفسیرەدا مامەڵەیەکی مەوسوعیانەی کردووەو هەوڵی داوە لەشرۆڤەو لێکدانەوەی دەقە پیرۆزەکاندا هەرچی واتاو پێدراوی نوێ هەیە لەهەر ڕوویەکەوە بێت ئاماژەی بۆ بکات، لەکۆتایشدا هەموو بەرهەمەکەی بەو پوختیە لەکتێبێکی گەورە یان لەیەک بەرگدا کۆبکاتەوە..
خوای گەورە بەخێرو چاکە و بەهەشتی بەرین پاداشتی هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستای زاناو موجاهید بداتەوە.
نووسینی: مامۆستا کامیل مەحموود.
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.



