دەبێت پێڕەوی لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت بکەین.!
نووسینی: مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحموود
بەشی یەکەم.
پێشەکی.
الحمدللە، والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی آله وصحبه ومن والاه..
لە مێژە حەزم بەنووسینی پاکژەو پوختەیەکە لە عەقیدەو بیروباوەڕی موسوڵمانانی پێشین، بەڵام خوای گەورە هەلی بۆ نەدەڕەخساندم، تا ڕەمەزانی ساڵی 1423ی کۆچی، دەستم دایە نووسینی پوختەیەک لەو باسەوە، هۆی ئەم بیرۆکەیەش، بیرکردنەوەم بوو لە چەرخی پێغەمبەری خودا ﷺ و هاوەڵانی، کە سەردەمی هاتنەخوارەوەی وەحی و دامەزراندن و تەشریع بوو، گوتم باشە! ئەو پێغەمبەرە ﷺ لە وردوو درشت، لە گەورەو بچوکی ئەو ئیسلامە بیری کردۆتەوەو ڕوونیکردۆتەوە، لە یاسای کۆمەڵایەتی، ئەحواڵ شەخسی، مامەڵەو کڕین و فرۆشتن، شێوەی هەڵسوکەوت و ڕەفتار لەگەڵ گشت خەڵکانی دونیادا، تەنها بەندێک، تەنها خاڵێک نەماوەتەوە ڕاڤەی نەکات تەنانەت چوونە سەر ئاویش یاسای خۆی بۆ دانابێت! ئاخۆ بگونجێت بیر لە گرنگترین باس نەکاتەوە کە (ئیمان و باوەڕ)ە، کە ئەمەش ئەساس و بناغەی گشت پەرستن و ڕێبازەکانی دیکەی ئیسلامەکەمانە.!
چۆن دەبێت پێش هەموو شتێک (ئیمان)ی شیتەڵ نەکردبێت بۆ هاوەڵان و گشت موسوڵمانانی جیهان.؟ تا تووشی هەڵەوپەڵە نەبن و بزانن چۆن خودا بدۆزنەوەو، چۆنی بناسن.! تا دەرەنجام گەیشتمە ئەو حەقیقەتە کە (ئیمان و ئیسلام و عەقیدە)و دینەکەیان، دەبێت تەنها لە قورئان وەرگرتبێت و پاشان خۆیشی ﷺ ئەوەی پێویستی کردبێت ڕاڤەی کردووەو بۆی ئیزافە کردووە، ئیتر بێ ئەوەی فەلسەفەی یۆنانییەکانی ئاوێتە بکرێت و بەوشێوەیش بشێوێنرێت و ئاڵۆز بکرێت و هیچ کەسێک سەری لێ دەرنەکات، بەتایبەت پاش سێ سەدە لە پاش پێغەمبەری خوداوە ﷺ، ئەم ڕاستییەش چاک دەسەلمێنرێت ئەگەر بنواڕینە ئەو کتێبانەی لە (کەلام)دا نووسراون، دەتوانم بڵێم لە سەرەتایانەوە بۆ کۆتاییان ئەگەر (ئایەت)ێک، یان (فەرمووە)یەکیان تێدابێت.!!
لە ئەنجامدا موسوڵمانان ساڵ دوای ساڵ لە قورئان و فەرموودەکان دوورتر دەکەوتنەوە، تەنانەت بۆعەقیدەش نەیاندەڕوانییە قورئان، چونکە لە فەلسەفەی یۆنانییەکانەوە وەریان دەگرت!
خۆ وەنەبێت دونیاش هەرخاڵی بووبێت لە کەسانێکی خەمخۆرو دڵسۆز به ئیسلام و هەوڵ نەدرابێت عەقیدەو ئایدۆلۆژی لەسەر بناغەی عەقیدەی (ئەهلی سوونەت و جەماعەت) بنووسن و داڕێژنەوە، بەڵام ئەم شەپۆلە نوێیە دونیای ئیسلامیی داپۆشی و هەموو شتێک لەبیر چوویەوە، پاشان الحمدللە ئەم ڕابوونە ئیسلامییە دەستیپێکردو جووڵانەوە لێرەو لەوێ سەری هەڵداو ئەو کتێبە پاک و چاکانەش گەیشتنە لای خۆمان و بە دیداریان شاد بووین، هەر ئەوەبوو لە مێشکی ئێمەیشدا دەهات و دەڕۆیشت..
بۆیە منیش بە ئاسانیی و بە بوێرانە توانیم بۆچوونەکەم بخەمە بەردەم خوێنەرانی هێژا، بەو هیوایەی گشتمان بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەن و پەسەنەکەی خۆمان و بتوانین بە ئاسانی و بێ دەستێوەردانی مانای (ئایەت) و (فەرموودە)کان عەقیدەی خۆمان بخوێنین و بنووسین بۆ ڕۆڵەی داهاتووی ئیسلام.
ئەوەش لەبیرنەکەین کە فێربوون و زانینی ئەم باسەیە (عەقیدەو بیروباوەڕی موسوڵمانانی پێشین) لە گشت زانست و زانیارییەکانی دی بەڕێزترو شەرەفمەندترەو پێی دەڵێن: (علم اصول الدین)، (ئەبوو حەنیفە)ش لەو کتێبەیدا لەم بوارەدا نووسیویەتی و بە (الفقه الاکبر)ی ناوبردووە، چونکە ڕاستە لەهەموو شتێک پێویستترە بۆ بەندەکان و بێ ئەوە دڵەکان دانامرکێن و دڵنیانابن و هەر لە شک و گوماندان، لەولاشەوە خوای گەورە تەنها بەو (زانیاری)یە دەناسرێتەوە.
خۆزگە خوازم ئەقیدەکەمان هەر لە پێغەمبەرو هاوەڵانەوە وەربگرین و بەو شێوە ئاسان و سادەیە بیر بکەینەوە و لانەدەین بۆ بیروڕای ئەم و ئەوو ڕێیەکی تر بۆ خۆمان هەڵبژێرین.
وصلی الله علی سیدنا محمد، وعلی آله وصحبه وسلم.
ئەحمەد کاکە مەحموود
5ی ڕەمەزانی 1423 کۆچی
10/11/2002 میلادی
هەڵەبجەی شەهیدان
سەرچاوە: مهذب شرح العقیدة الطحاویة.. ماویەتی..