لە پێشوازی (10) ساڵ بەسەر وەفاتی مامۆستای باوک و دڵسۆزمدا.
ئەمرۆ 25 / 1 / 2017 زایینی 10 ساڵ تێ دەپەرێت بەسەر وەفاتی زاناو داناو تێکۆشەرو موفەسیری قورئان جەنابی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود دا.. خوای میھرەبان بە میھری خۆی لوتفی لەگەڵ کردبێ و لە گوناھەکانی خۆش بوبێ و ئەو ھەموو ماندووبوبونە لەرێی بانکەوازو کۆچکردن و تێکۆشانی لە پێناو سەرخستنی وشەی (اللە) دا، بیکاتە شەفاعەتکارو مایەی لێخۆشبوون بۆی..
بابەگیان/ سوێند بەوەی گیانی ھەموومانی بەدەستە لە دوای وەفاتت ساتە چرکەیەک بێ خۆشەویستیی و سۆز بۆتان بەسەر مندا تێ نەپەریوەو ھەموو سات و کاتەکانم لە خزمەت بەرھەم و نووسراوەکانت و ژیانی پر سەروەریتدایە.. !
سوێند بەخوای میھرەبان مرۆڤ 100 ساڵ تەمەن بکات بەڵام دوور بێت لە نازی باوکایەتی و سۆزو دڵسۆزی باوک، وەک ئەوە وایە ھەموو تەمەنی بە فیرۆ رۆ شتبێ و بەبێ لانەو سێبەر شەوو رۆژی کردبێتەوە..!
زۆریش بەداخەوە تا ئەمرۆ بۆنی سۆزی باوکایەتیمان بە ھیچ کەسەوە نەکرد و کەس نەیتوانی کەمێک لەو بێ نەوایی و خۆشەویستییە حەقیقییە پڕ بکاتەوە..!
ھەرگیز لەبیرم ناچێ پێش ماوەیەک لە وەفاتی جەنابی باوکم لە رێکخستنی سەفەرێکیدا بووم و تا ئەندازەیەک لە سەفەرەکەی دواکەوت و کەمێک بێتاقەتی دەربڕیی ..
دواتر کە بەرێکەوت و نزیک سنوور بوویەوە لە رێی تەلەفۆنەوە وتی : مەلا عیرفان گەردنم ئازاد بکە دەنگم بەرز کردەوە بەسەرتا...!! خۆزگە خوای بە دەسەڵات بەو موسیبەتە تاقی نەدەکردمەوە..!!
یاربی خوایە گیان باوکی لە دڵاشیرینم لەگەڵ پێغەمبەری نازدارو ھاوەڵە سەربەرزەکان و ساڵحان و شەھیدانی ئوممەت حەشری بکات.. اللم ئامین.
لێرەشەوە بە دۆستان و خۆشەویستانی مامۆستای بابم را دەگەیەنم کە الحمدللە چەندین بەرھەم و نووسراوی ئامادەی چاپەو ھەمووی لێرەوە بڵاو دەکەینەوەو لە ھەمووی گرنگتر لە ماوەی یەکساڵدا توانیمان ژیاننامەیەکی زۆر پوخت و ئەکادیمی لە ٤٢٠ لاپەرەدا بخەینە بەردەستی خوێنەرو لە ئامادەکاری چاپکردنیان.. بێجگە لەوەی کە دو بەرھەمی زۆر ناوازەو بەپێز بەناوەکانی (700 پرسیارو وەڵامى شەرعی تایبەت بە ئافرەتان) و (کیشە کۆمەڵایەتیەکان و چارەسەریان لە ئیسلامدا) دوای وردبینیی و لێکۆڵینەوەی فەرموودەکان ئامادەی چاپ کراون..
وە لە ئێستادا ھەردوو بەرھەمی (وەڵامی گومان و چەواشەکاری ناحەزانی ئیسلام) و (بۆچوون و فەتواکانی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود) لە لێکۆڵینەوەو خوێندنەوەیداین و خوا یاربێت دۆستانی بە وەفای بەرھەمەکانی مامۆستا دڵشاد دەکەین..
تەنھا داوام ئەوەیە خوا تەمەنم پێ ببەخشێ تا سەرجەم نووسراوەکان و بەرھەمەکانی بە تەواوی بێنە بەرھەم و سەرجەم چاپ و بڵاو بکرێنەوە..
قوتابی مامۆستای دڵسۆزو بەسۆزم: عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود
www.ahmadkaka.org