ساتێك لەگەڵ ئەم وێنەیەدا...!!
ئەم وێنەیە لە ساڵی ١٩٨٩ لە هۆڵی پێشوازی لە میوانانی مامۆستای رەحمەتی لە ئۆردوگای دزڵی گیراوە.. ئەمەی لەم وێنەیەدا وە دەردەكەوێ:
- یادگارییەكی زۆر شیرین و پر لە تاسەی سەردەمی زێرینی خانەوادەیی ماڵی خۆمانم وە بیر دێتەوە.. كەئەو كات هەموو پێكەوە لەژێر سێبەری باوك و دایكێكی زۆر ماندوو و وە دڵسۆز ژیانمان بەسەر دەبرد.. هەزار خۆزگەمان بەو سات و كاتە..!!
- ئۆردوگای دزڵی.. ئەو ئۆردوگایەی كە هەموولایەكی فێری یەكجۆر خانوو، یەكجۆر خواردن، یەكجۆر جل و بەرگ كرد.. بەبێ زیادەڕەوی بۆنی ژیانی سەردەمی هاوەڵانی پێغەمبەری لێ دەهات..!! هەزار خۆزگەمان بەو سەردەم و ژیانی ئۆردوگایە.!
- راستگۆیی و دلێری مامۆستاو هاوەڵانی دەردەكەوێ لە هیجرەت و جیهادیان بۆ ئەو ئۆردوگایەو پاشان لەبری پاڵ دانەوەیان و سەرقاڵ بوونیان بەدونیاو پارەو كۆشك و سەیارەوە.. راستەوخۆ چەكیان كردە شانیان و توانییان لە ماوەیەكی زۆر كەم و بێ وێنەدا بە باگراوندێكی ئیسلامییەوە خۆیان بە میللەتە موسوڵمانەكەیان بناسنەوە.!
- مامۆستای موجاهید ئەحمەد كاكە مەحموود یەكێك لەو خەسڵەتانەی كە تا ئێستاش خەڵكی باسی لێوە دەكەن ئەو تەوازع و تێكەڵی ناو خەڵكەی خۆی بوو.. وە ژیان و دوا رۆژی ماڵ و منداڵی وەكو ژیان و دوارۆژی ئەو خەڵكە دڵسۆزەی تر وابووە و لە هیچ شتێك لێیان جیا نەبووتەوە..
- ساتێكی تری ئەم وێنەیە خێزانی مامۆستای رەحمەتیە "باجی مەعبوب" كە دڵسۆزانەو دلێرانە توانی ئەو ئەرك و زەحمەتە قورسەی جەنابی مامۆستا بخاتە سەرشانیی و ئەو هەموو منداڵە بەخێوو و پەروەردە بكات.. چونكە جاری وا هەبوو بە ٢ مانگ تا ٣ مانگ مامۆستای رەحمەتی نە دەگەرایەوە ناو ماڵ و منداڵی.. خوای گەورە لە مامۆستاو مامۆستا ژنی وەرگرتبێت و بە باشترین پلە لە دوارۆژدا پاداشتیان بداتەوە..
- ئەكەر بە وردی سەرنجی جل و بەرگی منداڵەكانی مامۆستا بدەیت، بۆت دەردەكەوێت كە مامۆستا چەندە راستگۆو خاكییانە ژیاوەو خۆی لەو برا موجاهیدانەی تری جیا نەكردۆتەوە..!
- بزووتنەوەی ئیسلامیی كەڵە پیاوان و ژنانێكی وەك ئەم دوو نموونەیەی تیابووە، بۆیە زۆر بە خێرایی گەشەی كردو بەرەكەتی تێكەوت، بە ئێستاشەوە دەبێ سەركردە ئیسلامییەكان برۆنەوە سەر رێڕەوە راستەكەو بەو شێوەیە بژین و بپۆشن و بخۆن.. وە گەورەترین هۆكاری سەركەوتنی شۆرشەكەی پێغەمبەری مەزنیش "صلى الله عليه وسلم" ئەو جۆرە ژیانە موتەوازیعانە بووەو جیا نەبونەوە بووە لە هاوسەنگەرانی خۆی لە هیچ بوارێكی ژیاندا..!!
خوای گەورە لە مامۆستا مەلا ئەحمەد خۆش ببێت و بەرەكەت و خێرو خۆشی بڕێژێ بەسەر ماڵ و منداڵیدا..
نووسينى: عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود
www.ahmadkaka.org || www.dangiislam.org
٢٦ ی زولقەعەدەی ١٤٣٤ی كۆچیی
٢ - ١٠ – ٢٠١٣ زایینی