وەفایەک بۆ مامۆستای بانگخوازو تێکۆشەر جەنابی مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحموود. رحمە اللە.
ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر وەفاتى زاناو خەمخۆرو بانگخوازى چالاك و بوێرو دڵسۆزى ئيسلام مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكە مەحموود تێدەپەرێت، خواى گەورە بەو تەمەنە كورت و پڕ بەرەكەت و ئەكتيڤييەى كە شەوو ڕۆژ نەدەوستاو خەمى تێگەياندن و پێگەياندنى خەڵكى بوو لە ئايينى پاكى ئيسلام، لێوەرگرتبێ و (بانگەوازو و كۆچ و جيهاد)ى ئەو چەند ساڵەى ببێتە چراو ڕێ ڕۆشنكەرەوە بۆ نەوەى نوێى داهاتوو.
مامۆستاى بابم رحمه الله، پیاوێکی عەقیدە پاک و دامەزراو بوو، لەسەر ڕێڕەوی مەنهەجی ئەهلی سوننە بانگەوازی دەکردو لە بوارەکانی حاکمییەتی اللە تعالی و پاشان ئەسماو سیفات و بوارەکانی دیکەی عەقیدە لە دوای ساڵەکانی 2000 پڕاوپڕ لەسەر ڕێڕەوی سەلەف کاری دەکردو کتێبی (اعتقاد اهل السنة والجماعة للامام اللالكائي) بەوردی خوێندبوویەوە، وە پێیشی وابوو دینی اللە تعالی بەوەرگرتنی زانست و زانیارییەکی قوڵ و پاشان بە جیهادو تێکۆشان سەردەکەوێ و هەروەها ڕێزو حورمەتی تەواوی لە زانایانی پێشین دەگرت و زمانی زۆر پاک بوو بەرامبەر بە زانایان.
مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود فیکرو هزری دوور بوو لەهەردوو تاقمی (المرجئة) و (الخوارج)، کە دووتاقمی سەرلێشێواوو نەگبەتن بۆ ئیسلام و ئەهلی ئیسلام.
مامۆستای بابم.. پياوێكى دڵسۆزو هيممەت بەرز بوو، زۆر چالاك و بوێرو حەق بێژ بوو، بەردەوام خەريكى بانگەوازو دەعوەو جموجوڵ بوو، بە مزگەوت و بە مينبەرو بە نووسين و بە بوارى كۆمەڵايەتى و پاشان بە بوارى كارى كۆمەڵكارى لەناو بزووتنەوەى ئيسلاميدا، بۆ يەك ساتيش نە دەوەستاو شەوو رۆژ لە جموجوڵ و دەعوەو بانگەوازدا بوو، خەمى بۆ ئيسلام و ئەهلى ئيسلام زۆر گەورەو فراوان بوو، گەورەترين خەمى بێ نازى و بێ پێزى ئەهلى ئيسلام بوو، زۆر دڵگران و بێتاقەت بوو لە ناتەبايى و دووبەرەكى نێوان موسوڵمانان، پاشان زۆر گرنگى دەدا بە خوێندنەوەو موتاڵا كردن و لەو بوارەشدا يەك سات بێ كتێب و قەڵەم نەمان دەبينى و لە بوارى تەفسيرو خزمەتى قورئانيشدا شەوو رۆژ سەرقاڵى لێكدانەوەو ڕاڤەى قورئان بوو، چوون وەكخۆى دەيفەرموو: قورئانم زۆر لاخۆشەويستە..
پاشان لە كۆتا ساڵەكانى تەمەنيشيدا زۆر ڕۆچووبوو لە كتێبى سەحيحى بوخارى و زۆر گرنگى بەويش دەدا، هەمووجار دەيوت: حەيف لەسەردەمى فەقێتيى و خوێندنى ئێمەدا ئەم سەحيحانە نەبوون و دەست نەدەكەوتن.!
ئەوەى پێويستە بوترێ: با سوود لە ئەزموون و ژيان و تێكۆشانى ئەم گەورە پياوانە وەربگيردرێ و هەميشە لە يادەوەرى خۆمان و نەوەكانماندا بيان هێڵينەوە، ئەحمەد كاكه مەحموود ڕەحمەتى الله ى لێبێت، زۆر ڕاستگۆو حەق بێژ بوو، بۆيە دواى وەفاتى تا ئێستاش بەرهەم و نووسين و تێكۆشانى بە زيندوويى ماوەتەوە.
خۆم بەقەرزات دەزانم بابە گیان لە ژیان و دوای ژیانیشت لە سێبەری ناوو گەورەییتدا ڕێز لێگیراوین.
ئەوەش فەزڵی اللە تعالی یە.
خوای گەورە لێتان ببورێ و لەگەڵ پیاوچاکانی ئوممەتی ئیسلام حەشرت بکات.
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود.
سەرپەرشتیاری پڕۆژە بانگەوازی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود.
www.ahmadkaka.org || www.dangiislam.org