تەڵاق لای فارسە کۆنەکان

تەڵاق لای فارسە کۆنەکان:

(فورس: بەوانەیان دەگوت لە (ئیریان – ئێرانی ئێستا- دەژیان).

فارسەکان چەند (دین) و دیانەتێَکیان ھەبوو، بەناوبانگەکانیان:

یەکەم: زەردەشتیی: زەردەشت، یان (زەرادەشت) یان (زرشترا) پاش (مەجووس)یەکان ساڵی (٦٦٠-٥٨٣پ.ز) پەیدا بوون.
(ول دیوارنت) دەڵێ: کاتێ زەردەشت ھات، (فورس) (مثرا = خودای خۆر) و (ڕنیتا) خودای زەوی و پیت)و (ھوما = گا پیرۆزەکە)ی دەپەرست! 

زەردەشت زۆر بە بوێرانە پێی ڕاگەیاندن کە جیھان یەک خودای تاک و تەنیای ھەیە، ئەویش (ئەھورا – مزدا: خودای ڕووناکیی و عاسمان)ـە. وەکو کۆمەڵە نامەو کتێبێکی ھەبوو، پێیان دەگوتن: (ئەبستا) یان (ئەبستان)، خۆرئاوایییەکان پێیان دەڵێن: (زند = ئەبستا). بەلایانەوە ژن پایەو پلەیەکی ئێجگار بەرزی ھەبوو، تەنانەتی کارە (کھنوت)یەکانیشیان پێ دەسپاردن.

بەڕێز دکتۆر (إبراھیم طاھر معروف ) لە ماستەرنامەکەیدا (المرأة الکوردیة ودورھا في المجتمع الکردي) دەڵێ: لە دیاریکردنی ئەو سەردەمەی (زەردەشت)ی تێدا ژیاوە کێشەو ناکۆکی ھەیە، بۆ نموونە: (ھەرج ولز) خاوەنی کتێبی (معالم تأریخ الإنسانیة)دا گوتویەتی: سەردەمی ژیانەکەی زانراو نیە، لە ھەمانکاتدا ھێندێ دەیبەنەوە بۆ (١٠٠٠) ساڵ بەر لە دایکبوونی (مەسیح). ناوبراو دەڵێ: (ول دیورانت) دەڵێ: مێژوونوسەکان دەیگێڕنەوە بۆ نێوان سەدەی دەیەم و شەشەمی بەر لە زایین، ئیستاش کورد بە پێغەمبەری خۆیانی دەزانن، ئەگەرچی – مەخابن – لایانداوەو ھەریەکە بە شیوو دۆڵێکدا دەچێ!... بێگومان ھیچ نەتەوەو گەلێک خودای میھرەبان بێ پێغەمبەر نەیھێشتۆتەوە، ئێمەیش – وەکو گەلێ لە موسڵمانان بە پێغەمبەری دادەنێن – خۆشحاڵین پێغەمبەرمان بووبێ، ئەگەرچی بوونی پێغەمبەر بۆ ھەر گەلێک ئەوە ناگەیەنێت کە ئێستاش – پاش ھاتنی پێغەمبەری دوایی (محمد- ﷺ) – ھەر شوێن کەوتەی ئەو بن، بەڵکو دەبێ – لەگەڵ باوەڕبوون بەویش و بە ھەوڵ و تێکۆشانەکانی ئەویش – بە تێکرا پەیڕەوی لەم دینە نوێیە (دینی ئیسلام) بکرێت، بەتایبەتی کە کتێب و نامەی ئەو پێغەمبەرانە بەھۆی کەمی ھۆی نووسینەوەو ھێشتنەوەو ھەڵگرتن، تیاچوون و دەسکاری کراون، جگە لەوە کە خودا دەیەوێ گشت جیھان دوای ئەم پێغەمبەرە (محمد – ﷺ) بکەوێت.

دووەم: مانەوی:
(مانی بن فاتک الحکیم) ساڵی (٢١٥ د.ز) سەری ھەڵداوەو داوای پێغەمبەریەتی کردووەو ساڵی(٢٤٥) د.ز، شەریعەت و بەرنامەی خۆی ڕاگەیاند.

سێیەم: مزدەکیی:
(مزدک بن بامداد) خەڵکی (نیشابوور)ـەو ساڵی(٤٨٧) زایینی ھاتۆتە دنیاوە، مزدک دەیگوت: مرۆڤەکان سەرجەم وەکو یەک لە دایکبوون، کەوابوو دەبێ بەیەکسانیش بژین، بەڵام لە مەسەلەی ماڵ و سامان و ژن و مێردیدا، ڕێگەی ئیشتراکیی و سۆشیالیستی گرتبووە بەر!

(تەبەریی) دەڵێ: ئەم بانگھێشەی (مزدک) لاوان و گۆرانی بێژان و ئەھلی ڕابواردن قۆزتیانەوە و خۆشەویستی چووە دڵیانەوە و دەسەڵاتداری سەردەمیش (قباذ)ناو – لەبەر مانەوەی کورسیەکەی – پشتگیری لێکردو ڕەواجی دایە، دەرەنجام (ئێران) لەبەر کاری گەندەڵی و دزێوو بەد ڕەوشتی نقوومبوو بە دنیای شەھەوات و ڕابواردن، ئەوسا ساڵی (٥٢٩)ز (نەوشیروان)ێکی بۆ پەیدابوو و کوشتیی!. (المرأة الکوردیة..) دکتۆر إبراھیم طاھر معروف.

(فارس)ـەکان ڕێگەیان بە فرە ژنی نەدەدا. ھێندێکشیان – وەکو مزدەکیە – ڕێیان بە مارەکردنی ژنی مەحرەم دەدا، واتە: باوک کچی خۆی، کوڕ دایکی خۆی.. تاد.
کچ ئازاد نەبوو بۆ ھەڵبژاردنی مێرد بۆ خۆی، بەڵکو ھەموو شتێک بەدەست باوکی بوو، بەڵام زۆریشی لێ نەدەکرد کە مێرد بەو کەسە بکات ئەو بۆی ھەڵبژاردووە.
فارسی کۆن ھەر بە منداڵی کچانیان بە مێرد دەداو پارەیەکی باشیان لە مێرد دەسەند بۆ باوکی کچەکە ! بەلام ئەگەر کچەکەی ڕازی نەکردبا، مەبلەغەکەیان لە باوکی دەسەندەوە!.

* تەڵاق بەلای فارسی کۆنەوە:
تەڵاق بەلای فارسی ئەو سەردەمەوە، شتێک نەبوو بەکاربێت بۆ جیابوونەوەو بچڕانی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، ئەمەش چەند وێنەیەکی تەڵاقدانە لایان:

یەکەم – تەڵاق دەدراو ئازاد دەکرا ھەرچی بکات بیکات، ئەگەر مێرد گوتبای: تەڵاقت کەوتبێ و لە ئێستایشەوە ئازادی چی دەکەیت بیکە، ئەم تەڵاق و ئازادکردنەوەی وای نەدەبەخشی کە بگەڕێتەوە بۆ ھەر پلەو پایەیەک بوویەتی بەر لە تەڵاقەکە، بەڵکو ئەوەند بێ کەڵک دەبوو لای کۆمەڵگا، دەکرا بەکارەکەری ژنێکی تر.
دووەم – تەڵاقدانی ئازادو ڕەھا.. تەڵاقی ئاوا مافی بە ژنەکە دەدا شوویەکی تازە بکات، بەڵام ھەر منداڵێکی بووبا دەدرا بە مێردی یەکەمی، ئەوەش وایدەگەیاند کە ھێمان پەیوەندی بتەوی لەگەڵ مێردی یەکەمی ماوە!
سێیەم – تەڵاق بە شێوەی (تەنازول) و لە ھەقی خۆ دابەزین.. مێرد دەیتوانی ژنەکەی تەڵاق بدات بۆ برایەکی ھەژارو بێ ئەنوا، لەبەر ئەوە ژنەکە ھاوکاری بکات بۆ بژێوی و ژیاندنەوەی، شیاوی باسە ئەم تەڵاق و نیکاحە تازەیە بە گرێبەستێکی یاسایی ڕێکیان دەخست، بەڵام ژنەکە نەیدەتوانی ڕازی نەبێ و مێرد نەکات بەم پیاوە ھەژارە دووەمە! ئەگەر مێردی یەکەم – پاش جێبەجێبوونی کاری مێردی دووەم – ویستبای بیباتەوە، دەیبردەوەو ڕێگری نەبوو.


سەرچاوە : کتێبی ژنان و کاروباری ژنان لەئیسلامدا /  نووسینی: ئەحمەد کاکە مەحموود

بەروار2022/01/08سەردان 420