پەیوەندی دەوڵەتان و مافی ھاوڵاتیان و بێگانەکان (الأجانب) لە ئیسلامدا.!

پەیوەندی دەوڵەتان و مافی ھاوڵاتیان و بێگانەکان (الأجانب) لە ئیسلامدا: 

پەیوەندی دەوڵەتان و مافی ھاوڵاتیان و بێگانەکان (الأجانب) لە ئیسلامدا: - پێش ئیسلام و دوای ئیسلام:

 بەڵێ دەوڵەتان زۆربەیان لەگەڵ یەکتردا بە شێوەی دوژمنایەتی و ناحەزانە دەژیان، وە یاسای دڕندانەو نامەردانەیان بەکار دەھێنا بۆ ناوخۆو دەرەوەیان.!
ھێزدار بێھێزی ھەڵدەلوشی و مافی قوت دەداو لە گۆڕەپاندا تەنھا (کوتەک) ڕۆڵی دەبینی.! ئینجا ئیسلامی پیرۆز ھاتە گۆڕەپانەوەو تەرازووی دادگەری ھەڵواسی لە جێگەی ستەم و دارو دارکارییدا، ئیسلام ھات بە یاسای ڕێزو قەدرگرتنی ئادەمی، یاسای دادگەری، یەکسانی، ئازادی، وەفا بە پەیمان، مامەڵە چوون یەک، لێبوردن و یارمەتیدانی یەکتر، پاککردنەوەی زەوی لە تۆوی (فەساد)و خراپەکاری.
لەولایشەوە "ئاشتی" بناغەیە - نەک جەنگ - بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتان لەژێر ناونیشانی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا ادْخُلُوا فِي السِّلْمِ كَافَّةً وَلَا تَتَّبِعُوا خُطُوَاتِ الشَّيْطَانِ..). (فَإِنِ اعْتَزَلُوكُمْ فَلَمْ يُقَاتِلُوكُمْ وَأَلْقَوْا إِلَيْكُمُ السَّلَمَ فَمَا جَعَلَ اللَّهُ لَكُمْ عَلَيْهِمْ سَبِيلًا).
کەوابوو بەم چەند بەڵگانەی خوارەوە ڕۆشن دەبێتەوە کە بانگەشەی دوژمنانی ئیسلام دژی بەرنامەی خودا کاتێ دەڵێن: ئیسلام بە زۆرو زۆرکاری و شیر، بەرنامەی خۆی بڵاوکردۆتەوە، چونکە بەشایەتی قورئان و فەرمودەو مێژوو، ھۆی جەنگەکانی ئیسلام ئەم سێ خاڵانەیە، وەک لە ھەندێ شوێنی تردا ڕوونمان کردۆتەوە: 

١- بەرھەڵستیی و وەستان لە ڕووی ئەو ھێزانەدا بەرەو ڕووی ئیسلام ھێرش دێنن و دەیانەوێ قەڵاچۆی بکەن: (أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُواْ وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِير). ئاشکرایە ھەر گەلێک جەنگی لەگەڵبکرێ و شەڕی پێ بگێڕدرێ، ھەموو یاساو ڕژێمەکانی جیھان – نەک ھەر ئیسلام کە بەرنامەی خودایە – مۆڵەتی ئەو گەلە دەدەن بجەنگێن دژی ئەو ستەمکارە.

٢- ئەگەر بەڵگەو نیشانە ڕوون بوویەوە کە ھێزێکی دڕندە خۆی ئامادە کردووە بۆ ھێرش ھێنانە سەریان، دیارە لەم کاتەیشدا ھیچ ڕەوانییە بۆ بڕواداران چاو بنوقێنن بەرانبەریان و سەر دابخەن تا ئەوان ھێرش دێنن ملیان بادەدەن و دەیان تاسێنن، بەڵکو دەبێ ھێز ئامادە بکەن بۆ ئەو دوژمنە خوێن خۆرە، ئەگینا ھەر لەدەرگاکەی خۆیاندا سەریان دەبڕن و ئیبادەیان دەکەن. 

٣- ئیسلام دەیەوێ ڕاڤەی بەرنامەکەی بکات بۆ خەڵک، ئیتر بێ ئەوەی زۆر لە ھیچ کەسێک بکات بۆ موسوڵمان بوون، لەولایشەوە مرۆڤە ناموسوڵمانەکان سەربەست دەکات بۆ بەجێھێنانی جۆری خواپەرستییان بەپێی بەرنامەکەی خۆیان!! دەی کە موسوڵمانان ڕێگری لە خەڵک ناکەن بۆ خواپەرستیان، ھەق وایە ئەوانیش ڕێگری لە موسوڵمانەکان نەکەن بۆ ئایینداری و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان، بەڵام ئەگەر دژیان وەستانەوە ئەوە پێویستە لەسەر موسوڵمانەکان ڕێگری لەو دەستە ناپاکەیە بگرن، تا (عەقیدەو بیرووباوەڕیان) بمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بیشگاتە پلەی (چەک) بەکارھێنان، چونکە موسوڵمان بەرنامەیەکی ئەوتۆی ھێناوە کە ھێمنی و بەختیاری و ئاسوودەیی ھەموو گەل و تاک و نەتەوەو چینێکی تێدایە، کەوابوو – ھەرکات - ھەوڵ درا بۆ کوژانەوەی ئەو چرایە، دەبێ موسوڵمانیش بەچەکەوە بڕواتە گۆڕەپانەوە بۆیان.! 

ئەمەیە دوژمنانی ئیسلام لێی دەترسێن و بە بڤەی دەزانن بۆ موسوڵمانان!، تەنانەت موسوڵمانە سادەو ساویلکەکانی لای خۆیشمان، کاتێ باسی چەک و شتی وای لابکەی، ئەڵێی شانەی ئاسن دێنی بەسەریا.!

ئیتر دوژمن چۆن نەڵێ ئیسلام بە زەبری (شیر) بڵاوبۆتەوە.؟! دوژمنەکەی بە ھەموو جۆرە چەکێک لێی بدات و ئەمیش ھەر بڵێ: (انا للە وانا الیە راجعون).! خۆ ئەگەر خێرخوازێک باسی چەکیان بۆ بکات، پێی دەڵێن: پیاوی ئەم و ئەوە! موسوڵمان چۆن چەک ھەڵدەگرێ  .!

لە رەبیعی دووەمی ساڵی ١٤١٠ی کۆچی نووسراوە لە ئۆردوگای (دزڵی) پەنابەرانی کوردانی عێراق. لە ئێران.
 

والله أعلم.

ئەحمەد كاكه مەحموود 

 

بەروار2021/12/18سەردان 512