تەڵاق لای ھیندییە کۆنەکان.
(ھیند) (٣٠٠٠) ھەزار ساڵ بەر لە زایین، خاوەنی چەندین یاساو رێساو جۆرە شارستانیەتێک بووە، ھەر وەک خاوەنی چەندین (دین)و بیروباوەڕ بووە، بەناوبانگترینیان:
١- ھیندۆس ((ھیندۆک)): دیانەتی ھیندۆس کەسێکی وا دیاری نییە دایمەزراندبێ، بۆ ئەوە ڕووداو پێشھاتەکانی بۆ بگەڕێتەوەو لەوێ چارەسەر بکرێن، بەڵکو (دین)ێکە لە کۆمەڵێ باوونەریت و
تەقالیدی (ئاری)یەکان – نەوە دوای نەوە – ڕێکخراوەو کردوویانە بە ئایین بۆ خۆیان.
٢- جینیە (مھاوبرا). ئەمەش ساڵی (٥٩٩)پ.ز، لەسەر بنەمای دەخاڵ دایمەزراندووە بۆ پاک و پاکژی (ڕۆح)، وەکو مەسەلەی لێبوردن، ڕاستگۆیی، خۆبەکەمزانین... تاد.
٣- بووزیی: (ساڵی (٥٩٩-٥٤٤)پ.ز (بووزا) دایمەزراندووە، ئەوەند کە باسی مرۆڤ دەکات، ئەوەند لەباسە (لاھوتیە)کان نادوێت، چونکە – بەلای ئەوەوە – ڕزگاری مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ خۆیەتی.
٤- بەراھمیەو مانویەکان: ژن بەلای ھیندیە کۆنەکانەوە، جۆرە شیوعیەت و حاڵەتێکی گشتی تێدا بووە، بۆ نموونە: ژنی خێڵێک موڵکی سەرجەم پیاوانی ئەو خێڵە بووە، بۆ دواییش بیرۆکەی فرە مێردیان داھێنا! ژنێک دەیتوانی لای ئەوان چەند مێردێکی ببێ !! لەگەڵ ئەوەیشدا رێی یەک ژن درابوو بۆ پیاو، لەو لایشەوە ژنان مافی خۆ تەڵاقدانیان ھەبوو، ھەندێ جار ژنان چوار تا پێنج جار شوویان دەکردو مێردی دوایی مەسرەفەکەی دەگێڕایەوە بۆ مێردی پێش خۆی ! تاوای لێھات ژنان بەتەواوی بوونە خاوەن ماڵ و خێزانەکەی بەڕێوە دەبرد، بەئارەزووی خۆی لە مێرد جیادەبوویەوە.
بەڵام ئەم دەسەڵاتدارییەی ژنان بەسەرھەڵدانی (بووزی) و (مانوی)یەکان و بڕێ تریشیان پێچەوانەبوویەوە.
(مانو) ھەندێ یاساو ڕێسای جۆربەجۆری دژ بە ژنانی داھێنا، لەوانە: ژن سەرچاوەی نەنگ و لەنگە، ژن سەرچاوەی ماندووبون و خەباتە، ژن سەرچاوەی بوونە لە دنیادا، کەوابوو لە ژنان خۆ پارێزن ! ژن ھەر ئەوەندە نییە بتوانێ مرۆڤێکی (ئەحمەق)و بێ ئاوەز بخەڵەتێنێ، بەڵکو دەتوانێ مرۆڤی (حەکیم)و ژیریش لە خشتە بەرێ و چەواشەی بکات.
ژنان لای ھندۆسەکان – بە کیژو لاوو پیرەژنەوە - ھیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو، کچ لە ژێر ڕکێفی بابیابوو، ژنی شووکردە لە ژێر فەرمانی مێردەکەیدا بوو، بێوەژن کوڕەکانی چاودێری بوون... بەھیچ شێوەیەک ئازادیی و سەربەخۆیی نەبوو!.
ژنان لای (بوزی)یەکانیش خراپترو سوکتر لە (مانوویە)کان تەماشا دەکران، گفتوگۆو ئاخاوتنێک لە نێوان (بوزا)و ئامۆزایەکیدا (ئانندا) سەبارەت بە ژنان دەکرێ، ئەو ئاخاوتنە باشترین بەڵگەیە بۆ بێ ڕێزی و بێ بەھایی ژنان بەلایانەوە.
ئانندا بە بوزا دەڵێت: بەڕێزم ! چۆن لەگەڵ ژناندا ھەڵسوکەوت بکەین؟
بوزا: بۆیان مەڕوانن !واتە:بە کەمیان بزانن.
ئانندا: ئەی ئەگەر ناچاربووین ؟
بوزا: قسەیان لەگەڵ مەکەن.
ئانندا: ئەی ئەگەر قسەمان لەگەڵ کردن ؟
بوزا: زۆر بە پارێزەوە قسەیان لەگەڵ بکەن. بوزا پێی وایە ئەگەر ژنان نەبوونایە،(دین)ی پاکژو پاک ھەر دەمایەوە.
٥- تەڵاق لای ھندۆس: ژنان بەلای ھندۆسەوە بەم شێوە بوون: بابەکەی چ کەسێکی بۆ ھەڵدەبژارد، دەبوو تا لە ژییاندایە لە خزمەتیا بێ و، ڕۆژێ بیر لە تەڵاق و جیابوونەوە نەکات، کە مردیش ھەر بۆی نییە مێرد بکاتەوە. ئەگەر دیبای مێردەکەی بایەخی ناداتێ و لەگەڵ ژنێکی تردا ئەوینبازی دەکات، نەدەبوو رکی لێ ھەڵگرێ و درێغی بکات لە خزمەت کردنیداو گوێ بە ڕەزامەندی نەدات، چونکە – بەلای ئەوانەوە – بەھەشتی ژنان بەسراوە بەڕەزامەندی مێردەوە.
* تەڵاق لای (مانویە)کان:
ئەوان ھەر لەسەرەتاوە کاروباری ژن ھێنانیان دەدایە دەستی باوک و دایک، دەبوو باوک و دایک دەسەڵاتی تەواویان ھەبێ لە ھەڵبژاردنی دەسگیراندا بۆ کوڕەکەیان، ھەر (زەواج)ێکیش لەسەر بڕیارو ڕێکەوتنی کچ و کوڕ پێک بێت، بەلای ئەوانەوە بە (زەواج)ێکی شەھوانی و ئارەزوو بازی دادەنێن ! بەڵکو (زەواج)ێک بەباش و پەسەندو سەرکەوتوو دەزانن کە لە ژێر چاودێری (باب)دا بکرێت. بەلای ئەوانەوە دەبوو لەناو ھۆزو بەرەی خۆیدا – بەدەر لە خزمانی نزیک – ژن بێنێ و ھاوشانیشی بێت، بۆ ئەوەی زوو ھەڵنەوەشێتەوە.
بە لای(مانووییە)کانیشەوە فەرزە کە ژن پیاوی خۆشبوێت، بەڵام لەسەر پیاو خۆشەویستی بۆ ژن پێویست نەکراوە!. بەلای ئەوانەوە ھەر چاودێری بابی و کەسوکاری بەسە بۆی، چونکە دەسەڵاتی تەواو وکامڵ بۆ بابە بەرامبەر بەژن و کوڕو کۆیلەکان. بەلایانەوە: ژن دەبێ زۆر بە ھێورو ڕێزەوە قسە لەگەڵ مێردەکەی بکات، بۆ نموونە: پێی بڵێ: گەورەم ! بەڕێزم! بگرە بڵێ خوداکەم!.ھەرگیز بۆی نییە داوای تەلاق بکات، ئەگەر مێردەکەشی خەیانەتی لەگەڵ بکات! بەڵام ئەگەر ژنەکە خەیانەتی بەو کرد، دەتوانێ تەڵاقی بدات. پیاو سالاری – لای ئەوان – بێ سنووربوو، بۆ نموونە: ئەگەر ژنەکە مەشروبی خواردبا، یان نەخۆشکەوتبا، یان گوێڕایەڵ نەبووبا، یان دەس بڵاوو ھەڵە خەرج بووبا... لە گشت ئەم حاڵەتانەدا پیاوەکە دەتوانێ ژنی دیکە بێنێ بەسەریا، بەڵام نەیدەتوانی تەڵاقی بدات. بەلای ئەوانەوە: دەبوو پاش مردن جەستەی ژنەکە لەگەڵ جەستەی مێردەکەیدا سوتێنرابا، چونکە – لە ژیانی دووەمدا – ئەو ژنە دەگەڕێتەوە لای ئەو مێردەی، کەوابوو دەبێ جەستەکەشی لەگەڵ ئەودا بسوتێنرێ.، بێگومان ئێستا – بەھۆی ئەوەوە کە ئیسلام چووە (ھیند)ـەوە – ئەو باوو نەریتە نامۆیانە کەمبوونەتەوەو نەماون.
جا سەرەڕای ئەوە کە دەبوو ژنان تەواو ملکەچی مێردیان بن، شەریعەتی (مانو) ڕێگە بە لێدانی ژنانی نەدەدا، ئەگەر بەگوڵەکیش بێت ! تەنانەتی دەیانگوت: ھەر خێزانێک ڕێز لە ژنان بگرێت، خوداکانیش بەرامبەر بەو خێزانە دلۆڤان دەبێت، خۆ ئەگەر بە کەم تەماشایان بکەن، ھەر چاکەیەکیشیان ھەبێ –واتە: ئەو خێزانە – بەفیڕۆ دەچێ !
دەتوانین بەکورتتر بڵێین: لای ھیندە کۆنەکان، ژن بەسێ قۆناغدا تێپەڕی:
یەکەم – ژن موڵکی گشتی بووو، بەشێوەی (شیووعیەت) ھەموو کەسێک دەیتوانی لەگەڵی ڕابوێرێ..! واتە: نە (زەواج) ھەبوو، نە تەڵاق !
دووەم – تەلاق بە دەست ژنانەوە بوو، بۆیە پەیتا پەیتا مێردێکی تەڵاق دەداو، مێردێکی تری دەکرد!
سێیەم – پەیدابوونی دەسەڵاتی (دین)و دەسەڵاتی باوکایەتی، لەم حاڵەتەدا تەلاق بەرەھایی نەمایەوە، بەڵکو لەچەند کاتێکی دیاریدا رێی پێ درابوو، وەکو:
ڕ- ژنەکە خەیانەت لە جێی مێردەکەی بکات.
ب- ژن و پیاو ھەردوو پێکبێن بۆ جیابوونەوە.
ج- دادگا بڕیاری جیابوونەوە بدات (لەم حاڵەتانەدا دەتوانێ بڕیار بدات).
د- ژنەکە زۆر دڵ ڕەق و ناچیزە (ناشزە) بێت.
سەرچاوە : کتێبی ژنان و کاروباری ژنان لەئیسلامدا / نووسینی: ئەحمەد کاکە مەحموود