باسی دوانزه‌هه‌م: خه‌مخۆری‌ مامۆستا بۆ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان

خه‌مخۆری‌ مامۆستا بۆ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان

 گه‌وره‌ترین خه‌می‌ مامۆستا ئه‌حمه‌دی‌ كاكه‌ مه‌حموود یه‌كریزیی و ته‌بایی نێوان موسوڵمانان بوو، بۆیه‌ هه‌میشه‌و هه‌رده‌م له‌ وتاره‌كانیی و له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت و گشتیه‌كانداو له‌ نووسینه‌كانی له‌ گۆڤارو رۆژنامه‌كاندا تیشكی‌ ده‌خسته‌ سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه‌و هه‌رده‌م وه‌ك رابه‌ری‌ مه‌زن شێخ عوسمان عبدالعزیز ده‌یگوت: ده‌خیل كوڕگه‌ل وه‌حده‌تی‌ صه‌ف بپارێزن.! من خۆم باش له‌ بیرمه‌ بۆ زۆربه‌ی‌ كێشه‌و گرفته‌ نێوخۆییه‌كانی‌ ناو بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌، جه‌نابیان یه‌كه‌م كه‌سی گفتوگۆكار بوون بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و هه‌میشه‌ له‌ نێوه‌ندكاری نێوان باڵه‌كانی‌ ناو بزووتنه‌وه‌دا بوو، وه‌ ده‌وری‌ ئیصلاحگه‌ری‌ ده‌نه‌خشاندو لایه‌ن و باڵه‌كانی‌ له‌ یه‌كتر نزیك ده‌كرده‌وه‌، پاشان له‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان لایه‌ن ئیسلامییه‌كانیش جه‌نابیان سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ بزووتنه‌وه‌ ده‌بوون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ و هیممه‌تی‌ زۆری‌ نیشانداو جێ ده‌ست و هیممه‌ته‌ به‌رزه‌كانی و وته‌كانی‌ بۆ ئه‌و بواره‌ به‌ ڕوونی‌ دیار بوو..
پاشان له‌ نزیكبوونه‌وه‌و یه‌كگرتنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ راپه‌رین و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا له‌وێش جه‌نابیان پشكی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت و خودا شاهیدی‌ حاڵه‌ من خۆم ئاگادارم له‌و سه‌رو به‌ندی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌دا له‌ خۆشترین و ئاسووده‌ترین ساته‌كانی‌ ته‌مه‌نیی و ژیانیدا بوو، وه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ په‌له‌ بوو بۆ ئه‌و یه‌كگرتن و یه‌كڕیزییه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیحراج كردبوو..! به‌لاَم سوپاس بۆ خودا به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ به‌ ئامانج گه‌شت و به‌ چاوی‌ خۆی یه‌كریزیی و ته‌بایی دوو كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیسلامیی بینی و ماوه‌ی‌ ساڵێك زیاتر له‌ ژێر یه‌ك چه‌تردا كاریان پێكه‌وه‌ ئه‌نجامداو تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش كاری‌ ئه‌و ساڵه‌ به‌ به‌ره‌كه‌ت بوو.. 
پێش كاره‌ساتی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ و پارچه‌ پارچه‌ بوونی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ و ته‌قه‌لای‌ زۆریدا و چه‌ندینجار كۆبوونه‌وه‌و سه‌ردان و بینینی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ نێو باڵه‌ گرفتداره‌كاندا ئه‌نجامداو چه‌ندین به‌ڵێنی‌ له‌ هه‌ردوولا وه‌رگرت و ده‌یفه‌رموو: وره‌قه‌ی‌ سپی به‌ هه‌ردوولا ئیمزا ده‌كه‌م به‌و مه‌رجه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ له‌ت له‌ت و پرژو بلاَوه‌ی‌ پێ نه‌كرێ، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌یانیه‌كه‌ی‌ ئیعلانی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی تێدا كرا، عه‌سره‌كه‌ی‌ وه‌فدێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئێستای‌ كۆمه‌ڵ له‌ ماڵی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌بن و مامۆستا ئه‌حمه‌د به‌ڵێنی‌ لێ وه‌رگرتبوون كه‌ هه‌ر چییه‌ك ئه‌وان ده‌یڵێن و ده‌یانه‌وێ بۆیان ئیمزا بكات، به‌و مه‌رجه‌ی‌ هیچ شتێكی‌ نه‌خوازراو ڕوو نه‌دات، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌مان رۆژوو شه‌وه‌كه‌ی‌ لافیته‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمه‌ڵ له‌ شارو شارۆچكه‌كاندا بلاَوكرایه‌وه‌، وه‌ گه‌وره‌ترین خه‌م و خه‌فه‌تی‌ بۆ مامۆستا ئه‌حمه‌د درووستكردو تا ئه‌و رۆژه‌ی‌ وه‌فاتی‌ فه‌رموو، هه‌ر به‌ ئاه و نزوله‌ی‌ جیابوونه‌وه‌و له‌تبوونی‌ بزووتنه‌وه‌وه‌ ده‌ینالاَند..! وه‌ هه‌مووجار مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌یفه‌رموو: حه‌زمده‌كرد كوڕه‌كانم بمردایه‌ن به‌س بزووتنه‌وه‌ وای‌ لێ نه‌هاتایه‌.!!. ئه‌ڵبه‌ته‌ گێرانه‌وه‌ی‌ ئه‌م رووداوانه‌ بۆ درووستكردنی‌ فیتنه‌و رك و كینه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ مێژووه‌و ده‌نووسرێته‌وه‌و نووسراویشه‌ته‌وه‌، وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌رچی‌ خه‌تاو رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان هه‌یه‌ بدرێته‌ پاڵ قیاده‌ی‌ كۆمه‌ڵ و قیاده‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ش لێی بێ به‌ش بن.، نه‌خێر هه‌رگیز.!! زۆركه‌س هه‌یه‌ له‌و له‌تبوونه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌دا له‌ قیاده‌ی‌ بزووتنه‌وه‌و كۆمه‌ڵ پشكی‌ شێری‌ هه‌یه‌و خوای‌ گه‌وره‌ خۆی حه‌ق و مافی‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و له‌تبوونه‌وه‌ ساڵه‌های‌ ساڵ باجیان داو له‌كونجی‌ زیندان و ماڵه‌كانیاندا به‌ ئاه و نزووله‌ی‌ بی عیززه‌تی‌ و بێ وه‌فایی نێو ماڵی‌ ئیسلامیه‌كان سه‌ریان نایه‌وه‌.!
 جه‌نابی مامۆستا له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیداو له‌ دوای‌ ماڵجییایی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامییش هه‌ر نه‌وه‌ستاو له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای‌ هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و براو گه‌نجانه‌دا بوو كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ چووبونه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و بێـتاقه‌ت و بێزار بوو بوون، ته‌قه‌ی‌ زۆریدا له‌ ده‌رگای‌ ماڵی‌ برایانیی و كۆبونه‌وه‌و سه‌ردانیكردنی‌ مالاَنی‌ ده‌ست پێكردبوویه‌وه‌، به‌لاَم ئه‌فسوس ئه‌ویش بێ به‌رهه‌م بوو.! جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌یفه‌رموو: ئه‌و چه‌تره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ بپارێزن و كونی‌ تێ مه‌كه‌ن و له‌ت له‌تی‌ مه‌كه‌ن، سوێند به‌خوا ئاماده‌م به‌بێ هیچ پۆستێ له‌ ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا دا بنیشم به‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌رامه‌ت و دینمان پارێزراو بێ..! وه‌ چه‌ند جارێكیش له‌لایه‌ن ئه‌میری كۆمه‌ڵ و وه‌فده‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ پێشنیاری‌ رابه‌رایه‌تی‌ و ئه‌میرایه‌تی‌ ده‌درایه‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د، به‌لاَم مامۆستا ده‌یفه‌رموو: ئه‌و به‌یعه‌ت و به‌ڵێنه‌ی‌ كه‌ به‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان داومه‌ نایشكێنم و تا مردن له‌سه‌ری‌ ده‌مێنمه‌وه‌، هه‌رچه‌ند له‌ كاری‌ سیاسیی و رێكخراوه‌یی بزووتنه‌وه‌ش بێتاقه‌ت و بێزار بوو، وه‌ خۆی سه‌رقاڵی‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ كردبوو تا رۆژی وه‌فاتی‌.. دواتریش بینیمان هه‌موو لایه‌ك باجی‌ ئه‌و ماڵجیاییه‌مان داو زیندانی‌ تاڵ و تاریكی‌ داگیركه‌رانمان بینیی و به‌ ده‌یان و سه‌دان گه‌نجی‌ په‌روه‌رده‌ كراوی‌ راساڵ و دامه‌زراو كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی دروندانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ورامان و ئه‌وه‌ی‌ سوكایه‌تی‌ بوو به‌ ئه‌هلی‌ ئیسلام كرا..! دواجاریش جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د "به‌ره‌حمه‌ت بێ" به‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ كه‌ خه‌می‌ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان بوو بۆ دواجار سه‌ری‌ نایه‌وه‌و به‌ دڵشكاوی‌ به‌جێی هێشتین.. خوای‌ گه‌وره‌ له‌م دونیاو له‌و دونیاش له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌ كۆمان بكاته‌وه‌.


[email protected]

سەردان 525

باسی ده‌هه‌م: پرۆژه‌ بانگه وازییه‌كانی‌ مامۆستا دوای‌ وه‌فاتی‌ باسی نۆیه‌م: ئه‌و نوسینانه‌ی‌ له‌سه‌ر مامۆستا نووسراون باسی هه‌شته‌م: ستایشی‌ زانایان و كه‌سایه‌تیی‌ و ناودارانی‌ كوردستان له‌سه‌ر مامۆستا باسی حه‌وته‌م: فه‌تواكانی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه محمود باسی شه‌شه‌م: عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕی مامۆستا باسی پێنجه‌م: رۆشنبیری‌ مامۆستاو فراوانی‌ زانستیی باسی چواره‌م: پۆسته‌ بانگخوازییه‌كانی‌ مامۆستا باسی سێهه‌م: به‌رهه‌م و نووسراوه‌كانی‌ مامۆستا باسی دووه‌م: وانه‌ بێژیی مامۆستاو قوتابیی‌ و فه‌قێكانی‌ باسی یه‌كه‌م: مامۆستاكانی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه محمود به‌شی‌ دووه‌م: ژیانی‌ زانستیی‌ و بانگخوازی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه محمود باسی پانزه‌هه‌م: سۆزی‌ ئازیزان بۆ مامۆستا باسی چوارده‌هه‌م: پرسه‌ی‌ مامۆستا باسی سیانزه‌هه‌م: شێوازو كاتی‌ وه‌فاتكردنی‌ مامۆستا باسی دوانزه‌هه‌م: خه‌مخۆری‌ مامۆستا بۆ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان