دواى غوربەت، دەبێ ئیسلام بناسرێتەوە.!

دواى غوربەت، دەبێ ئیسلام بناسرێتەوە.!

بێگومانین ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینێکە پڕ بە باڵای مرۆڤ هاتووە، مرۆڤى تەواوی (قاڕە)کان بۆ هەموو زمان و نەژادەکان، بێ جیاوازى لە نێوان هیچ کەسێکدا، تەواوى وەچەى ئادەم (ئەمر) و (نەهی) دەیانگرێتەوە، یاسایەکی تایبەت نییە خزمەتی بنەماڵە و هوزێک بکات و بەرژەوەندیی عەرەب یان گەلێکی تر پێشچاو بگرێ، دەستەیەک بکات بە کوێخای ئەوانی تر و حسێبی ژێردەستە و کۆیلەیان بۆ بکرێ، هەموویان لە (ئادەم)ن، ئەویش لە گڵە، ڕزگاربوویان ئەوەیانە ڕاست و ڕەوان و پاک و چاک بڕوات، هەر کامێکیشیان صیفاتی دادگەری و یەکسانی و سۆز و میهرەبانیی تێدا بوو، دەکرێ بە ڕاوێژکار و براگەورە لەلایەن گەلەوە، هیچ شتێکی گران و قورس لە ئیسلامدا نییە، کوردێک سەرکردایەتیی تەواوی جیهان بکات، یان ئەمەریکییەک، یان عەرەبێک، یان زمان و نەژادێکی تر، وە ئەم ئیسلامە کاتێ نێردراوە، بۆ پیادەکردنی چەند (رموز) و (تقوس)ێک نییە لە سووچی مزگەوتێکدا ئەنجام بدرێت و ئاگاى لە دەرەوەى مزگەوت نەبێت، نەفسی بمرێنێ و ئارەزووی دونیای نەمێنێ و لاواز و بێهێز، فڕی بە سەر ژیانەوە نەبێ و هەموو ڕۆژێ پاروویەکی بەس بێت، دونیایش - بەلایەوە- بۆ دونیاخۆران دروست کراوە! دەرئەنجامیش خۆی و ئیسلامەکەى لە ژیان دوور بخاتەوە و تەنها چاوەڕوانی مردن بکات، ئیتر هیوای بە دونیا و دەسەڵات و حکومەت و پیادەکردنی بەرنامەی خوا نەبێت.
بەڵێ، کاتێ ئیسلام هات، بۆ مرۆڤی (دونیا) و (قیامەت) هات، بۆ حوکم و فەرمانڕەوایی هات. ژیاننامەی پێغەمبەریش ﷺ چاکترین شایەنە، سوپا و لەشکر و پێکەوەنانی هێز و توانا و مۆڵەتنەدانی بە خەڵکێک کەنار بگرێ لە ژیان، بەڵگەی بەهێزە لە سەر ئەم ڕاستییە، بەڵام بەداخەوە وەک پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ((عن أبي هريرة، قال: قال رسول الله ﷺ: بدأ الإسلام غريبا، وسيعود كما بدأ غريبا، فطوبى للغرباء)).( صحيح مسلم، كتاب الإيمان، باب بيان أن الإسلام بدأ غريبا وسيعود غريبا، حديث : ‏234 ) ئیسلام هەر چۆن لەسەرەتاوە خەڵک نەیدەناسی، بۆ جارێکی تر (غەریب) بووەوە و وەک ئیسلامێکی (شامیل) و (کامل) و خاوەن (توازن) نەناسرایەوە، هەر بۆیە پاشەڕۆژمان ئاڵۆز و نادیارە و لەوانەیە - ئەگەر زیاتر هەوڵ نەدرێ بۆ تێگەیاندنەوەی جەماوەر لە ئیسلام- زلهێز و دونیاخۆران قووتمان بدەنەوە. بۆیەش پێغەمبەرمان ﷺ هۆشیارمان دەکاتەوە بەو ڕاست و واقیعەى موسوڵمانان تێی کەوتوون و دوژمنان چاوەڕوانی دەکەن ((يوشك أن تداعى عليكم الأمم من كل أفق كما تداعى الأكلة على قصعتها، قال: قلنا: يا رسول الله ، أمن قلة بنا يومئذ ؟ قال: أنتم يومئذ كثير، ولكن تكونون غثاء كغثاء السيل..)).( مسند أحمد بن حنبل، مسند الأنصار، ومن حديث ثوبان – حديث: 21803. وصححه الالباني في السلسلة الصحيحة، برقم: 958. ) واتە: هۆشیار بن! نزیکە گەلان، دەسەڵاتداران، حکومەتەکان، گرووپەکان خڕ ببنە سەرتان و بە یەک دەستە لێتان بدەن و بتانهاڕن و قووتتان بدەن، هەروەک خەڵکێکی برسی پەلامار دەبەن بۆ جادە و سوفرەیان و هەرچی تیایە دەیخۆن، وتیان: دەبێ هۆی کەمیمان بێت ئەی پێغەمبەری خودا.؟ وا بەم ئاسانییە قووتمان دەدەن! فەرمووى: نەخێر، ئێوە زۆرن، بەڵام زۆر و بۆرن، وەک پووشوپەلإشی سەر لافاون، بێهێز و تێکشکێنراون، برایەتی و تەبایى و یەکبوونتان نییە، هەریەکە و بەجۆرێک کار دەکات، هەر کەسەى بۆچوونێکی دەبێت، هەر کەسێ (إجتهاد)ێک دەکات، دەرئەنجام بە یەک ناگەن و پەرتەوازە دەبن و دەبنە پاروویەکی ئامادەکراو بۆ دوژمنانتان.
بەڵێ، ئەم واقیعە دەبینرێ ئەی پێغەمبەری مامۆستامان! ئەوە نییە ئێستا ژمارەی موسڵمانان لە ملیارێک تێپەڕیوە، بەڵام چۆنت فەرموو هەر وایە، ئەوەتا زلهێزەکان بگرە بچووکەکانیش -تەماعیان تێ کردووین و بەشبەشیان کردووین و ناوی جۆراوجۆریشیان لێ ناوین، جگە لەوەی کراوین بە نزیکەی (22) دەوڵەتی گچکەی عەرەبی و چەند دەوڵەتی ئەملا و ئەولای تر، هەریەکەشیان دیاری کراون لەلایەن زلهێزێکەوە کە دەبێت وەک ئەو بێت- نەک لە پیشەسازی و تەکنەلۆژیادا، بەڵکو لە بەرنامە و بیروبۆچووندا (دیموکراسی، سۆشیاڵ دیموکرات، لیبراڵی... هتد).
بەڵێ، ئیسلام (غەریب)و نەناسراوە، بۆیە ئاوا بوونەتە ئەڵقەلەگوێی ئەم و ئەو و چاوەڕوانن لەوانەوە ئاڕاستە بکرێن، ئەگەر پێیان بڵێن خۆتان بکوژنەوە، دەبێ پیادەی بکەن، سەیرتر لە هەمووی ئەوەیە کە خۆیان بە(موسڵمان) دەزانن لە بەرنامەو مەنهەجدا، دەڵێن ئایینی ڕەسمی (ئیسلام)ـە! لە ناسنامە دەنووسن (موسڵمان)، بەڵام ئیسلام لە دڵیاندا وەک (تەیار)ێکی لاوازە، هیچ ئامێرێک ناجووڵێنێ، هیچ گڵۆپێک ڕۆشن ناکاتەوە، ڕێگەی پێ دەرناکەن تا خۆیان دوژمنانیان بناسن لە ژێر ئەو ڕوناکییەدا، ئاوایە ئیسلام لە دڵی گەلانی ئەمڕۆدا، بۆیە هیچ (کیان)ێکیان بۆ دانانرآ لە هیچ لایەکەوە، هەر بۆیەش کاتێ گیروگرفتەکانمان دەگەنە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتان، بەهیچ شێوەیەک نرخیان بۆ دانانرێ و حسابی گەلێکی مردوومان بۆ دەکەن، چونکە دەزانن هێزوپێزمان چەندە و برایەتی و یەکبوون چەندە پارێزراوە، هەر بۆیە ئەو دەوڵەتانە مافمان دەخۆن، خێروبێری وڵاتەکەمان دەخۆن، کەرامەتمان لەژێر پێ دەنێن. ئینجا بە ئارەزووی خۆیان بەرنامەی پەروەردە و قوتابخانە و سەربازگە دادەنێن و تەنانەت ئەوان لایەنی ئابوورییان لە چ بوارێکدا لاواز بێت و وڵاتەکەیان پێویستی بەچی بێت، دەبێ لێرە وەزارەتی کشتوکاڵ جووتیارەکان ئاگادار بکات ئەو جۆرە بچێنن و بەبەرهەمی بهێنن، ئەگەر وڵاتی خۆیشمان پێویستی بەو جۆرە شتە نەبێت، بەڵام چار ناچارە، بڕیاری ئەوانە دەبێ پیادە بکرێ.!
بەڵێ، دەبێ ئیسلام وەک ئیسلام بە جەماوەر بناسرێتەوە، دەبێ ئەو جەماوەرە تێبگەیەنین کە ئیسلام تەنها چەند (ئامۆژگارییەک) نییە کە لە سەر مینبەر و دوانگەکانەوە ئاڕاستە بکرێ، هەرچەند ئامۆژگاری و (ئەخلاق)ی بەرز پیشەی موسڵمانانە، بەڵام ئەو ئیسلامە گەورەترە لەوە، کار و ئەرکی موسڵمانان کە بە(خیلافە) ناو براوە، تەنها بە چوار ئامۆژگاریی سەر مینبەرەکان ئەو پلە گەورەیە وەرناگرین، دەبێ (تأمرون بالمعروف، وتنهون عن المنکر و تۆمنون بالله..) ئەنجام بدرێ، ئەم ئوممەتە بەڵێنی پێ دراوە کە ببێتە (خەلیفە)و حاکمی سەر زەوی (وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُم فِي الأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمْ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لاَ يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا..)، ئوممەتێکە دەتوانێت فەرمانڕەوایی بکات و ببێتە (خير أمة)، کەوابوو تەنها خوا بپەرستن و تەنها بە بەرنامەکەی ئەو قایل ببن و ئاڕاستە تەنها لەوەوە وەربگرن، ئاشکرایە ئوممەتێک ئاوا بێت، گەورەترە لەو چەند ئامۆژگارییە ئاڕاستە بکرێ، دەبێت لەتەواوی بوارەکانی ژیاندا ئیسلام باس بکرێ تا جەماوەر و کۆمەڵ بیناسنەوە و بگاتەوە پلەى (قیادە) و (ڕیادە) وەرگرتن.
لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئامۆژگاری ئێمە بە بەیناوبەین بێت و جەماوەر پێی موشتاق بێت، تا زیاتر گوێ بگرن و وەریگرن، هەر بۆیەش سەرداری بوێژان پێغەمبەرمان، وانەکانی بەپێی پێویست بووە، واتە: جەماوەرى بێتاقەت و ماندوو نەدەکردو بەیناوبەین دەردەکەوت بۆ ئامۆژگاریی کردن، ئەی ئێمە دەبێ چۆن بکەین؟ چۆن جەماوەر، کچ و کوڕە لاوەکان وا لێ بکەین کاتێ وتەیەکی ئایینی ببیستن لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆندا، گوێ بگرن و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکە نەکوژێننەوە؟ یان ئەوەش بڵێین کە ئەو لاوانە زۆر ناهەقیان نییە هەڵدێن لە ئامۆژگاریی سەر تەلەفزیۆن و ڕادیۆ، چونکە ئەو ئیسلامە گەورەیە کورت کراوەتەوە سەر تەنها چەند وتارێک لەبارەی چەند شتێکی (تکرار)ی و ڕۆژێ نییە گیروگرفتەکانی جەماوەر بە ئیسلام هەڵبسەنگێنین و چارەیان بۆ دابنێن، دەبێ ئێمە وەک کۆمەڵی یەکەم لەو ئیسلامە تێبگەین و خەڵکیش تێبگەیەنین، ئیسلام لە زەینی کۆمەڵی یەکەمدا تەواوی ژیان بوو، بۆیە بیروهۆش و بۆچوون و کڕین و فرۆشتن و بەڕیوبردنی وڵاتیان لەسەر بەرنامەی ئیسلام بوو، تێگەیشتبوون کە ماناو مەبەستی (وما خلقت الجن والإنس إلا ليعبدون)، دەیانزانی ژیان هەمووی خواپەرستییە، دەیانزانی خواپەرستی تەنها چەند دروشمێک نییە، بەڵکو هەرچی جموجوڵ و بیر و فیکر و هەست هەیە، دەبەسترێتەوە بە خواوە.
خواپەرستی ئاوا تێگەیشتبوون، (قل إن صلاتي ونسكي ومحياي ومماتي لله رب العلمين لاشريك له)، ئەمەیە خواپەرستیی ئیسلامی کە دونیا و پاشەڕۆژ بەیەکەوە گرێ دەدات، ڕەوا نییە دەست لە دونیا، یان قیامەت هەڵبگیردرێ لەسەر حسابی ئەوی تریان، بۆیە: (وابتغ فيما أتاك الله الدار الاخرة ولاتنس نصيبك من الدنيا) (القصص: 77). ((الدنيا مزرعة الآخرة)).( هذا الحديث ذكره الملا علي القاري في الموضوعات ونقل عن السخاوي أنه قال: لم أقف عليه. وذكر الملا علي القاري أن معناه صحيح يقتبس من قوله تعالى: (مَن كَانَ يُرِيدُ حَرْثَ الْآخِرَةِ نَزِدْ لَهُ فِي حَرْثِهِ) الشورى:20. ) هاتووە.
ئومێدەوارین و داواکارین لە خوای گەورە توانامان بدات، تا بتوانین ئیسلامەکەی چەرخی یەکەم بەو کۆمەڵ و جەماوەرەمان بناسێنینەوە، تا دەرئەنجام ئێمەش هێزوپێزێک پێکەوە بنێینەوە، دونیاخۆرەکانیش شەرممان لێ بکەن و نرخمان بۆ دابنێین و لەوە زیاتر مافەکانمان قووت نەدەن.

لەسەرەتاى ساڵەکانى 1990ى زایینى نووسراوە.

ئەحمەد كاكه مەحموود
بەروار2020/04/08سەردان 551