کامیان هەڵدەبژێرى (گۆشەگیری، یان جموجووڵ) ؟
کامیان هەڵدەبژێرى (گۆشەگیری، یان جموجووڵ) ؟
هەرکەسێک تۆزقاڵەیەک شارەزاى ئایینى ئیسلامیى پیرۆز بێت دەزانێت کە ئایینى جموجووڵ و جووڵانەوەو بزووتن بووە، هەر بە سرووشت خواى گەورە وەهاى ناردووە.
پێغەمبەرێکى بێ ئۆقرەى بۆ ناردووە، چ لە (مەککە)دا، چ لە (مەدینە)دا، ئەگەر ژیانى هەڵسەنگێنرێ دەزانرێ ئەم ڕاستییە وەهایە، ڕۆڵى مەککەى پڕ لە خەبات و جیهادى پڕ لە جوامێریى و لە خۆ بووردن و، بایەخ دانەنان بۆ نەفس و دەروونى خۆى بوو لە بەرامبەر ئەو ئەرکەى پێى سپێردرابوو، هەر بۆیە بێ وچان پەیوەندى دەکرد بەم و بەوەوە هەژارو، دەوڵەمەندو، خوێنەوارو نەخوێندەوارو، کرێکارو کاسبکارو بازرگان و، ئافرەت و پیاو و، مناڵ و لاو و، پیر، وەک یەک پەیوەندى پێوە دەکردن، هەر چەند لەژێر فشاردا خۆى دەبینییەوە، بەڵام لە بەرامبەر تەکلیفەکەى خواوە ئەوانە لاى ئاسان و سووک دەبوون، هەر کەسێک کەمێک ژیاننامەى خوێندبێتەوە قێزى لە خۆى دەبێتەوە، خۆى زۆر بە بچووک و گوناهبارو کەمتەرخەم دەزانێ، دەزانێت چەندە هەوڵى داوە.؟ دەزانێ کە ئەرکى سەرشانى خۆى ئەنجام نەداوە.! لەوانەشە هەندێ بڕو بیانووى بۆ خۆى هەڵبەستێت، وە یان هەندێ دەقى – چ لێرەو چ لەوێ - بەدەستەوە گرتبێ، پێى وایە خوا ئەوانەى لێ وەردەگرێ... نازانێ ئەگەر هەر کەسەى خۆى توند بکات لە بن دەستى (ئیبن دوغەننە)، ئیتر (عومەرو، خالدو، ئەبوو عوبەیدە...) هیچیان پێ ناکرێ.؟!
گەلێک بڕو بیانوو دێننەوە بۆ پاساودانەوەى کارەکانیان، جارێک دەڵێن – لەسەر زارى پێغەمبەرەوە ﷺ : ((يوشك أن يكون خير مال المسلم غنما يتبع بها شعف الجبال ومواقع الخطر يفر بدينه من الفتن)).( صحيح البخاري، كتاب الإيمان، باب: من الدين الفرار من الفتن، حديث : 19. )
دەیانەوێ ڕێگە بۆ خۆیان خۆش بکەن بۆ پاڵدانەوەو وازهێنان لە جموجووڵ و چوار وانەو ئامۆژگارى بە هەموو شتێک دابنێن! وە یان هەندێ جار (مستقل) بێت، واتە ئیسلامێکى سیاسیى نەبێت..! بۆ ئەوەى لێى تێک نەچێت و ماڵ و منداڵى ناچارى هیجرەت نەبێت، وە ئامادە نابن هیچ کات دڵى (تاغوت) زویر بکەن، چونکە (فیتنە)یەو هاتووە، دەبێ خۆى بپارێزێ و، چاکتریش ئەوەیە دڵى (تاغوت) لێى نەیەشێ..!
پێمان چاکە پێیان بڵێین: کە مامۆستاى ئێمە هەموو کات لە جووڵەدا بووە، وە هیچ کات لەگەڵ (تاغووتان)ـدا خۆى نەگونجاندووەو سازشى نەکردووەو موسڵمانێکى سیاسیش بووە، ئەو فەرموودەیەش بۆ ئەو موسڵمانەیە لە جێگایەکدا کاتێک – هیچ دەسەڵاتى نەبێت خۆى قوتار بکات – جەختى لەسەر بکەن بۆ پاشگەز بوونەوە لە ئیسلام و هیچ کۆمەڵ و دەستەیەک لە موسڵمانان شک نەبات پەیوەندیان پێوە بکات، ئەوە لە کاتێکى ئاوادا ڕەوایە ئەو موسڵمانە – لە باتى ئەوەى لە دەرگاى تاغووتان بداو لەناو ئەواندا خۆى ببینێتەوە – هەڵبێت و ڕێگاى شاخ و کێو و چیاکان – بگرە لە شاخان خۆى بەرداتەوە – بگرێتە بەر، نەبادا ستەمکارەکان زاڵ بن بەسەریاو بیکەن بە ئەندامێکى خۆیان و، ئەمیش بە شانازییەوە ئاڵاى (مستقل)ــى هەڵبکات و هەڵبێت لە ئیسلامیى سیاسیى..!
ڕەوایە هەڵبێت وەک لاوەکانى ئەشکەوتەکە (أصحاب الكهف)... (إنهم فتية آمنوا بربهم وزدناهم هدى...).
ئەمڕۆ چونکە کۆمەڵى موسڵمانان هەیە، ڕەوا نییە کەسێک خۆى بسازێنێ لەگەڵ (مفسدین)ـدا، بەڵکو دەبێت لەگەڵ چاکترین و نزیکترین دەستەیان بە ڕەوشتى پێغەمبەرەوە پەیوەندى بکات و کاریان لەگەڵ بکات و هەوڵەکانیان بخەنە یەک.، ئەگەر گۆشەگیریى و خۆ خستنە ژێر باڵى ستەمکارو تاغووتانەوە ڕەوا بووایە پێشەوا ئەبووبەکر لەژێر باڵى (ئیبن دوغەننە)دا دەمایەوە، وە هیچ کەسێک کۆچى نەدەکرد بۆ هیچ جێگایەک و، تووشى هیچ جۆرە ئەشکەنجەو ئازارێکیش نەدەبوون.!
ئیمامى ترمزیى و حاکم لە ئەبوو هورەیرەوە دەگێڕنەوە کە جارێک پیاوێک لە هاوەڵان تێدەپەڕى بەلاى کانیاوێکدا ئاوەکەى زۆر شیرین و خۆش دەبێ و پێى سەرسام دەبێ و بۆیە دەڵێت: ئەگەر لەم شیوەدا لەسەر ئەم کانیاوەدا بۆ خۆم بژیم و دوورى بگرم لە مەردووم (بۆ خۆم کارێکى چاکە)... بەڵام ئەمەیش ناکەم تا پرس بە پێغەمبەر نەکەم (صلى الله علیە وسلم)... بەڵێ ڕۆیشت ئەوەى بۆ پێغەمبەر گێڕایەوەو داواى مۆڵەتى لێ کرد.! ئەویش فەرمووى: ((لاتفعل فان مقام أحدكم في سبيل الله أفضل من صلاته في بيته سبعين عاما...)).( سنن الترمذي، الجامع الصحيح، الذبائح، أبواب فضائل الجهاد، باب ما جاء في فضل الغدو والرواح في سبيل الله، حديث : 1617. وحسنه الألباني في الجامع الصحيح لسنن الترمذي، برقم: 1650. ) نەخێر شتى وا نەکەیت، چونکە وەستانى یەکێکتان لە ڕیزى موجاهیداندا لەڕێگەى خوادا (ئەگەر بۆ ماوەیەکى کەمیش بێت) گەورەترە لەوەى کە (70) ساڵ لە ماڵەوە خەریکى نوێژ بێت، ئەگەر پێتان خۆشە خوا لێتان خۆش بێت و بتانخاتە بەهەشتەوە..! فەرموون بجەنگێن لەڕێگاى خوادا، ئەگەر بە ئەندازەى دووجار دۆشینى وشترێکیش بێت.!
وە پێشەوا ئەحمەدو تیرمزی ئەم فەرموودەیەیان هێناوە: ((المؤمن الذي يخالط الناس ويصبر على أذاهم خير من الذي لا يخالط الناس ولا يصبر على أذاهم)).( رواه الترمذي، وصححه الألباني في الجامع الصحيح لسنن الترمذي، برقم: 2507. )
کەڵەپیاوان هەرگیز ماندوو نەبوون، ئەوەى سەرنجى سەردەمى خەلیفەى بەڕێزو کۆڵنەدەرى (ئەبووبەکرى صدیقى) دابێت، دەبینێت و دەزانێت چەندە پڕ بووە لە بەڵاو گرفت و نەهامەتى، لەولایشەوە پیاوێکى وەکو ئەبووبەکر بە بڕوا بڵندو بەرزەکەیەوە – وەک شاخەکانى کوردستان کە هەرگیز سەر دانانەوێنن لە بەردەم تاغووتاندا – دێتە گۆڕەپانەوە بۆ گێڕانەوەى تەرازووى عەدالەت.!
کاتێک ئەبووبەکر بوو بە خەلیفە، دونیاش پڕ بوو لە گێرە شێوێن و خۆفرۆش، زۆربەى عەرەبەکان پاشگەز بوونەوە..! خەڵکێک هەڵسایەوەو داواى پەیامبەرێتییان دەکرد..!!
لەولایشەوە هەندێک پەشیمان بوونەوەو فەرزى زەکاتیان ماتڵ کردو نەیان دەدا، فیتنەو بەڵا وا دونیاى گرتەوە تەنها لە (مەککە)و لە (مەدینە)دا نوێژى هەینى دەکرا، لە شوێنەکانى تردا دەرگاى جومعەکان بەستران.! موسڵمانەکان وەک (عروە) دەڵێت: وەکو مێگەلى شەوە زەنگى بە لێزمەى زستانى لێهات بە هیچ شێوەیەک ڕێیان دەرنە دەکرد.!
نە هەر ئەوەندە، موسڵمانى وا هەبوو دەهاتە لاى خەلیفە دەیوت: لەو باروودۆخەدا چاک وایە بڕۆیتە ماڵەوەو دەرگا لە خۆت قایم بکەیى و، خواپەرستى خۆت بکەی تا دەمریت.! (ئەڵبەت لە هەموو کاتێکدا ئەو جۆرە کەسانە هەن کە "ورە" بەم و بەو بەر بدەن و دنیایان لێ بکەنە شەوە زەنگ).! بەڵام هیچ کات جوامێران و قارەمانان ورە لە خۆیان بەر نادەن و متمانەى تەواویان بە خۆیان هەیەو، هەرگیز بێ هیوا نابن و، دڵنیان کە تەنها حەق و ڕاستى سەردەکەوێ، ئەگەر چى ئەمڕۆیش خڵتەو پڵتەیەکى زۆر بەرى ڕووناکى ڕۆژى گرتبێ.! بۆیە ئەبووبەکر فەرمووى: (لا ينقص الدين وأنا حي) واتە: دەک نەژیم ئەگەر بهێڵم ئیسلام کەم و کورتى بەسەردا بێت.!
هەر بۆیە بە ئیمامى عومەریشى گوت: کاتێ بەرامبەرى وەستا سەبارەت بە جەنگاندن لەگەڵ ئەوانەدا کە زەکاتیان نەدەدا: وازبێنە عومەر لەو قسانە، خۆمن بە تەما بووم یارمەتیم بدەیت.! کەچى ئێستا هاتووى پەشیمانم بکەیتەوە، لە سەردەمى نەفامیتدا پاڵەوان بوویت، کەچى ئێستا لاوازو بێهێز..؟! ئینجا زۆر بە دڵنیاییەوە فەرمووى: ((والله لأقاتلن من فرق بين الصلاة والزكاة، فإن الزكاة حق المال، والله لو منعوني عناقا كانوا يؤدونها إلى رسول الله لقاتلتهم على منعها)).( صحيح البخاري، كتاب الزكاة، باب وجوب الزكاة، حديث : 1346. )
یەکەم: سوێند بەخوا هەتا دەستم شیر بگرێ لەگەڵیاندا دەجەنگم..!
دووەم: هەر کەسێک نوێژو زەکات لە یەک جیا بکاتەوە لەگەڵیدا بەشەڕ دێم..!
سێیەم: سوێندم بەخوا ئەو گوریسەى کاتى خۆى وشترى زەکاتیان پێ بەستووەتەوەو بە پێغەمبەریان ﷺ دابێت و، ئێستا نەمدەنێ لەسەرى دێمە جەنگ لەگەڵیان..!
بەڵێ.. هەوڵ و تێکۆشان و، صەبرو خۆگرتن لە بەرامبەر چاک سازیدا هەروا دەبێت، هەزاران هەزار سۆزو میهرەبانى خوا بۆ سەر گیانى ئەبووبەکرى صدیق..!
هەرچەندە قەڵاى ستەم و ستەمکاران بگاتە ئاسۆ، بە نەبەردیى و قارەمانییەتى قارەمانان و پاڵەوانانى ئیسلام لە بن دێنرێت و، سەر لە نوێ هیواى ئیسلامەتى لە ڕیشەوە سەوز دەبێتەوەو دەگاتەوە ئاسۆ بە پشتیوانى خواى گەورە..! إن شاءالله.
بەڵێ گەورە پیاوانى ئیسلام ئاوا جووڵاونەتەوەو کاریان کردووە بۆ ئیسلام..!پاش ئەوەى (تەتار)و (مەغۆل) قەڵاى موسڵمانانیان ڕووخاند، هەموو شارستانییەتێکى جیهانى ئیسلامییان لە بن هێنا، ڕەوشت (قیەم)یان کرد بە ژێر پۆستاڵەوە، وڵاتیان وێران کرد، دەست درێژیان کردە سەر نامووس و، ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتەیان سەربڕیى و لە گۆڕیان نا، تەنانەت دەڵێن قووللەیەکى بەرزیان درووست کرد لە کەللە سەرى موسڵمانان، پاش ئەو هەموو شکست و کوشت و کوشتارە کێ بە مێشکیا دەهات کە جارێکى تر جیهانى ئیسلامیى ئازاد ببێ لەسەر دەستى قارەمان و لە خۆبردووى ئیسلام لە جەنگى (عین جالووت)دا..؟! کە هەتا دونیا دونیا بێت شانازى پێوە دەکرێت.!
کێ پێى وابوو جیهانى ئیسلامەتى ڕزگارى ببێتەوە.؟! پاش ئەوەى کە خاچپەرستەکان زۆربەى وڵاتە ئیسلامییەکانیان داگیر کرد بە (قدس)ــى پیرۆزیشەوە.؟! مێژوو نووسەکان دەڵێن: لە شارى (قدس)ــدا لە یەک ڕۆژدا (70) هەزار ژن و پیاو سەر بڕرا..!! کێ بیرى دەکردەوە – ڕۆژێک لە ڕۆژان – بۆ ئازاد بوونى قودس.؟!
کێ دەزانێ کە ڕۆژێک لە جەنگى (حطین)دا پاڵەوانى کوردى خواناس (صلاح الدینى ئەیوبی) دێت و بۆ جارێکى تر سەرى موسڵمانان بەرز دەکاتەوەو وانەیەکى جوامێرانە تۆمار دەکات.؟! بەشێوەیەک کە هەتا هەتایە لەبیریان نەچێتەوە..!
خواى گەورە هێزو پێز بکاتەوە بە بەر موسڵماناندا لە هەر جێگایەکدا بن، تا بتوانن (کیان)و بوونى خۆیان درووست بکەنەوەو ببنەوە بە هێزێکى وا کە شەرمیان لێ بکرێ، وە ئارام و صەبرمان پێ ببەخشێ لە پێناوى خزمەتى ئایینى پیرۆزى ئیسلامدا.
ئیتر هەر شادو سەرکەوتوو بن.!
مانگى شوباتى 1998- هەڵەبجەى شەهیدان.
ئەحمەد كاكه مەحموود
بەروار2020/04/08سەردان 994
ئیسلام و دەسەبەرێتى کۆمەڵایەتیى. بە خۆداچوونەوە.. واجبێکى شەرعى ئیسلامییە.! کام زانا میراتگری پێغەمبەرانە؟ دەبێ هەموو قۆناغێکى موسڵمانان هەڵسەنگێنرێ.! وریابە ! گوێبیستى ئەم حاکمانە نەبی.! ئایەتى (104) ى النساء و ڕوونکردنەوەیەک.! یەکبوون و یەکڕیزى ئەهلى ئیسلام بۆچى.؟ کێشەی گەلی کورد لە دیدی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحممودەوە. گەلێک شۆڕش نەکات نە فەرهەنگى هەیە، نە نیشتمان. کامیان هەڵدەبژێرى (گۆشەگیری، یان جموجووڵ) ؟ دواى غوربەت، دەبێ ئیسلام بناسرێتەوە.! خۆت بپارێزە لەم جۆرە ئاکارانە..؟!! دەبێت پێڕەوی لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت بکەین.! دەبێت پێڕەوی هەر لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت بكەین.!