گەلێک شۆڕش نەکات نە فەرهەنگى هەیە، نە نیشتمان.

گەلێک شۆڕش و تێکۆشان نەکات نە فەرهەنگى هەیە، نە نیشتمان .

بسم الله الرحمن الرحیم

( أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ خَرَجُوا مِن دِيَارِهِمْ وَهُمْ أُلُوفٌ حَذَرَ الْمَوْتِ فَقَالَ لَهُمُ اللَّهُ مُوتُوا ثُمَّ أَحْيَاهُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ لَذُو فَضْلٍ عَلَى النَّاسِ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَ النَّاسِ لَا يَشْكُرُونَ ). البقرة:243

بەڵێ.. گێڕانەوەی داستان و چیرۆکى پێشینان، سەرکەوتن و ژێرکەوتنیان بۆ گەلانى دواى خۆیان گەلێک سوود بەخشە، چونکە تاقیکردنەوەى هێزو پێزى پێشینان باس دەکات کە چۆن سەرکەوتن و چۆن ژێرکەوتن..؟! بۆیە قورئانى پیرۆز بەیناو بەین و جۆراو جۆرو بە چەندەها شێواز داستان باس دەکات، بەتایبەت بەسەرهاتى بەنى ئیسرائیل زۆر زۆر هاتووە، چونکە خواى گەورە دەزانێ ئەم گەلى ئیسلامە هەندێکیان تووشى ئەو باروودۆخە دەبن کە ئەوانى پێشووى پیا ڕۆیشتووە، وە لەبیرو ئاییندا تووشى هەندێ هەڵوێست دەبن وەک هەڵوێستى ئەوان وایە، بۆیە لە هەر شوێنێک تووشى هەڵە بووبن و هەڵخلیسکابن، بۆ ئەم میللەتى ئیسلامەى باس دەکا، تا پەندو ئامۆژگارى لێ وەربگیرێت.!

بەڵێ.. ئەم قورئانە جێگاى شانازی ئێمەیە، چونکە تەنها پەڕاوێک نییە بخوێندرێت لە مزگەوتەکاندا، لە ماتەمینییەکاندا، بەڵکو دەستوورو یاسایەکى گشتییە، یاسایەکى پەروەردەییە، هەروەک یاساى ژیانیشە، بۆیە هەر وەک وتمان تەجاروب و تاقیکردنەوەى گەل و قەومى ڕابردوو دەخاتە ڕوو، تا ئەو هەڵەى تووشى ئەوان بووە تووشى ئەمانیش نەبێت و لە چ خاڵێک بەهرەمەند بوون، ئەوانیش لەو خاڵە کەڵک وەربگرن، کەوابوو دەبێ پەڕاوێک وەک قورئان بێت لەوەدا کە هەر لە ئادەم پێغەمبەرەوە تا سەرەو زەمانەى ئەمان جۆرى ژیان و هۆى پێشکەوتن و هۆى دوا کەوتن باس بکات.
ئەم قورئانە پێویستە زۆر بە ووردى و ئاگادارییەوە لەلایەن ڕۆڵەکانى ئیسلامەوە بخوێندرێتەوەو، دەبێ بە چاوى تەوجیهات و ئامۆژگارییەوە تەماشا بکرێت، وە گوێى بۆ بکرێتەوە تا بتوانن چارەسەرى گیروگرفتى ئەمڕۆى پێ بکەن و، بۆ ئەوەى بە ڕۆشنى هەنگاو هەڵگرن بەرەو داهاتوویان.!

بەڵێ.. پێویستە قورئان ئا بەو شێوەیە دەور بکرێتەوەو بخوێندرێتەوە، نە تەنها بۆ تەبەڕوک و شیفاى نەخۆش و چاوەزارى دێبەرو دوورخستنەوەى دێو و درنج و شتى وا، وە لە تاقیکردنەوەى چەندین ساڵەى رابووردوە نزیکەکانمان ڕوون بووەتەوە کە ئێمە هیچ کەڵک لەم قورئانە وەرناگرین تا لە ڕۆژانەى ژیانماندا جێبەجێى نەکەین، بۆیە جیهانى ئیسلامەتى ئا بەم شێوەیە کە دەیبینیت دوا کەوتووە، وەک دکتۆر محمود شەلەبى دەڵێت: خۆرئاواو خۆرهەڵات گەیشتنە پشکنینى ئاسمانەکان، تازە بە تازە ئێمە دەڵێین: (ئاخۆ بەسەرى ڕووتەوە نوێژ درووستە یان نە.؟!)

بەڵێ.. جیهانى ئیسلامەتیمان زۆر دواکەوتووە، چونکە قورئانەکەمان بۆ غەیرى مەبەست بەکارهێنراوە، ئەوەتا یا بۆ تەبەڕوک، یا بۆ پارێز لە دەستى جنۆکەو پەرى، یا بۆ گوللە بەندو چاوەزار بەکارهێنراوە، سەرەنجام ڕێگامان هەڵەکرد.! ئەوەتا ئێستا نە موسڵمانى تەواوین، نە کافرى تەواویشین..! نە دۆستى قورئان و نە دوژمنى تەواوى قورئانین..).!

هەرچەندە قورئان بانگى کرد: ئەوە بکە ئەوە مەکە، ئەوە دۆستە ئەوە دوژمنە، بەو شێوەیە ڕێگاى ئازادى بگرە بەر، ئاوا هۆکارە جەنگییەکان ئامادە بکە...هتد. (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَجِيبُوا لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ..).! جا با بگەڕێینەوە بۆ سەر ئایەتەکە، ڕاڤەکارانى قورئان گەلێکیان هەندێ ڕیوایەت دێنن سەبارەت بەم ئایەتە پیرۆزە، دەڵێن کاتى خۆى گوندێک هەبووە لەبەر نەخۆشى چاوەقوڵە (تاعون) هەڵهاتن و ڕایان کرد، کەمێکیان نەبێ مانەوە لەناو گوندەکەدا، سەرەنجام زۆربەیان مردن، کەچى ئەوانەى هەڵهاتن و ڕایان کردبوو بە بێوەیى گەڕانەوە، ئەمانیش - واتە نەخۆشەکان - وتیان ئەگەر جارێکى تر شتى وا ڕوویدا ئێمەش ڕا دەکەین، بەڵێ، تاعون هاتەوەو ئەوانیش نزیکەى (33 - 39) هەزار کەس بوون و لەو گوندە هەڵهاتن، ئەم ڕیوایەتەو گەلێ ڕیوایەتى تر هەیە سەبارەت بە هاتنە خوارەوەى ئەم ئایەتە، بەڵام وەک بەڕێز (محمد عبدە) دەفەرموێت: هەموویان دەست هەڵبەستى جولەکە (ئیسرائیلیات)ن، چونکە ئەوەى لە داڕشتنى ئایەتەکانەوە وەربگیردرێ ئەمەیە: ئەو کەسانە ئایەتەکە باسیان دەکات، کەسانێکن کاتێ بیستیان کە دوژمن شاڵاویان بۆ دێنێ لە ترسان هەڵاتن و ڕایان کردو وڵاتەکەیان بۆ بەجێ هێشتن..؟ بۆیە قورئان زۆر بە توندو تیژییەوە دادەبەزێتە سەریان و سەرزەنشتیان دەکات و، بۆ موسڵمانانیشى دەگێڕێتەوە، تا ئەمانیش وەک ئەو جولەکانە ڕا نەکەن لە دەست دوژمن و، وڵاتیان بۆ چۆڵ نەکەن، ئەگینا وەک ئەوانیان بە سەردێت و، زەلیل و سەرشۆڕ دەبن، چونکە هەر کەسێک لە دەست مردن ڕابکات، سەرەنجامى سەرشۆڕیى و ئاوارەییە، هەزار ڕەحمەت لەو شاعیرە کە دەڵێت: يرى الجبناء أن الجبن حزم * وتلك خديعة الطبع اللئيم.

بۆیە ئایەتەکەیش دەفەرمووێت: (أَلَمْ تَرَ إِلَى الَّذِينَ خَرَجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَهُمْ أُلُوفٌ حَذَرَ الْمَوْتِ...). واتە: ئایا زانست و زانیاریت نییە بە کەسانێک کە لە وڵات و ناوچەى خۆیان دەرچوون، لە کاتێکدا هەزارەها کەس بوون لە ترسى مردن و لەبەر خۆشەویستى گێتی و دونیا، لە تۆڵەى ئەوەدا خوا فەرموى: (موتوا...) ئادەى بمرن..! واتە ڕاکردن لە دەست دوژمن و هەڵهاتن و بە جێهێشتنى وڵات و نیشتمان مردنە، هیچ کات مرۆڤ لە مردن ڕزگارى نابێ، چونکە مردن بە دەست خوایە.( چۆن مردن.؟ چۆن پێى وتن.؟ ئایا بەهۆى ئەو ترس و بیمەوە بوو.؟ یا بە هۆیەکى ترەوە بوو.؟ ئەمانە هیچیان ڕۆشن نەکراوەتەوە، دیارە پێویست نییە، ئەگینا – بێگومانم - ڕۆشن دەکرایەوە، لەلایەکى تریشەوە ئەوەى گرنگ بێت ئەمەیە کە: وڵات چۆڵ کردن و ڕاکردن لە مردن، هیچ کات مەسەلەکە ناگۆڕێ و، مردنیان دوا ناخات.! في ظلال القران. )

(ثم أحياهم..) ئینجا زیندووى کردنەوە، چۆن.؟! ئایا دواى مردن زیندووى کردنەوە.؟! ئایا دواى ئەوان تاقمێکى تر هاتنە جێگایان و ئەوان وەک ئەمان ترسنۆک نەبوون و لە دەست دوژمن ڕایان نەکردو خوایش ژیانى پێ بەخشین.؟! ئەمانە هیچیان ڕۆشن نەکراونەتەوە، کەوابوو (إن الله لذو فضل على الناس) بێگومان خواى گەورە بەخشندەیە بەرامبەر بە مەردووم، بەڵام (ولكن أكثر الناس لايشكرون..) زۆربەیان سپڵەن و سوپاس گوزارى ناکەن.!

لەم چەند وتووێژەى سەرەوە بەشێک لەو ڕووداوەمان بۆ ڕۆشن دەبێتەوەو، دەردەکەوێ بۆچى خواى گەورە دەیگێڕێتەوە بۆ چینى یەکەمى موسڵمانان، بۆمان ڕوون بووەوە کە پێویستە خۆشەویستى گێتیى و ترس لە مردن کارمان تێ نەکات و لە جیهاد دوامان نەخات، وەک ئەو گەلە ترسنۆکە نەبین، چونکە مردن و ژیان بە دەست خوایە، بۆیە دەفەرموێت: (وقاتلوا في سبيل الله واعلموا أن الله سميع عليم) بجەنگێن لە ڕێى خوادا، نەک لەبەر خاترى شتى تر، لە ژێر ئاڵاى خوادا، نەک لە ژێر ئاڵایەکى تر، بجەنگێن چونکە ژیانى مەردانەو سەربەرزیتان بە جیهادەوەیە، بجەنگێن تا زەویى و زارتان و باغ و بێستانتان و خۆتان و خاو و خێزانتان لە ژێر چەپۆکى ستەمکاران دوور بگرن! بجەنگێن و هۆکارە جەنگییەکان ئامادە بکەن، بجەنگێن عیززەت و سەرفرازیتان بە جیهادەوەیە،( وقد إتفق الفقهاء على أن العدو إذا دخل دار الإسلام يكون قتاله فرض عين. واتە: زاناکان هەموویان هاودەنگ و یەک دەنگن لەوەدا لە هەر کات و ساتێکدا دوژمن هاتە سەر موسڵمانان، جیهاد دەبێتە فەرزى (عەین). ) بجەنگێن هەر گەلێک لە جیهاد ڕابکات وەک کۆمەڵى بەنى ئیسرائیلییەکانى لێ دەقەومێت (ألم تر إلى الذين خرجوا من ديارهم..) بێگومان خواى گەورە ژنەواو زانایە، دەزانێ چەندە هێزو پێزتان هەیە، دەزانێ چەندە ئامادەییتان هەیە، چەندە دەسەڵاتتان هەیە، بە وتەى ترسنۆکەکان هەڵنەخڵەتێن، وە نەڵێن ئێمە چی بکەین.؟ ئێمە چیمان لە دەست دێ.؟! مەگەر خوا خۆى چارەى ئەو دوژمنە بکات، ئەگەر شتێکمان پێ بکرابایە دانەدەنیشتین (ألم تر إلى الملأ من بني إسراءيل من بعد موسى إذ قالوا لنبي لهم ابعث لنا ملكا نقاتل في سبيل الله).!

خوێنەرى ئازیز، ئەوە بوو لە داستانى پێشوودا تاقى کردنەوەیەکمان کەوتە بەر دەست، ئەویش ئەوەبوو کە هەر کەسێک لە مردن ڕابکات و لە جیهاد دەست هەڵبگرێ، ئەوە لە مردن ڕزگارى نابێت.! بێجگە لەوەیش خواى گەورە یەخسیرو سەرشۆڕى دەستى دوژمنانى دەکات، لەم داستانەشدا وانەیەکى چاکمان دەست دەکەوێ ئەویش ئەوەبوو کاتێک بەنى ئیسرائیلییەکان موڵک و سامان و وڵاتیان لە دەستدا بەهۆى ترسى زاڵمى و ڕاکردن لە دوژمن، شوێنە پیرۆزەکانیان لێ زەوت کراو دیلى دەستى دوژمن بوون، دواى ئەو کەوتنەیان بیریان کردەوەو دڵیان بە خەبەر هاتەوەو سۆزى جیهادیان کەوتەوە مێشک، بۆیە داوا دەکەن و دەڵێن: (إبعث لنا ملكا...)، بەڵام هێشتا هەرچەند ڕاپەڕینى عەقیدەیى و باوەڕە، پێویستیان بە تاقیکردنەوەیەک هەیە، چونکە کۆمەڵى وا هەیە چەندە زوو دڵى گەرم ببێت، زووش سارد دەبێتەوە، بۆیە کاتى تاقیکردنەوە زۆربەیان دەرنەچوون و بەپێى بەرنامەى فەرماندەکەیان نەجووڵانەوە، سەرەنجام خۆیان کێشایە کەنارەوە کەمێکیان نەبێت، بەڵام چونکە ڕاپەڕینى دڵى باوەڕ بوو لەگەڵ ئەو ناتەواویى و لاوازییەش کە هاتە بەردەمیان لەگەڵ ئەو خۆکێشانەوەیە پۆل پۆل لە ڕێگەدا تووشیان هات، لەگەڵ ئەوەدا دەستەیەکى کەمى خاوەن بڕوا سەرکەوتن بە هۆى ئارامیى و خۆڕاگرتنیان لە مەیدانى جیهاد دا.
شتێکى ترى بە کەڵمان دەست دەکەوێ ئەویش ئەوەیە کە دڵ گەرمى کۆمەڵ – زۆرجاران – فەرماندەو سەرکردەکان فریو دەدات (ئەگەر بەخێرایى بەگوێیان بکرێ و تاقى نەکرێنەوە)..! کەوا بوو پێویستە زۆر بە وردى هەڵسەنگێنرێن و تاقى بکرێنەوە، پێش ئەوەى بانگى جیهاد بدرێ و مەردووم ببرێتە گۆڕەپانى جەنگەوە.، هەر وەک ئەم پێغەمبەرە بە حورمەتە دڵگەرمى میللەت تینى تێ نەکردو فەرماندەیەکى بۆ دانان و تاقیشى کردنەوە.

بەڵێ پیاو ماقوڵەکانیان چوونە لاى پێغەمبەرەکەیان و داوایان کرد فەرماندەیەکیان بۆ دیارى بکات و بڕۆنە جەنگەوە، ئەمیش فەرمووى: (هل عسيتم إن كتب عليكم القتال أن لا تقاتلوا...) واتە: ئایا نزیک نین بەوەوە کە ئەگەر جەنگتان فەرز کرایە سەر، جەنگ نەکەن.؟! ئەوانیش قسەکەیان پێ ناخۆش بوو، بە تەواوى گەرم بوون و وتیان: (وما لنا لا نقاتل في سبيل الله و قد أخرجنا من ديارنا وأبناءنا...) ئێمە چۆن جەنگ ناکەین لە ڕێگەى خوادا، لە کاتێکدا لە وڵات و ماڵ و منداڵ دەرکرابین.؟! بەڵێ.. ئەو قسە پڕ لە سۆزو بەتینەیان کرد، بەڵام ئەوان ئەوەندەی پێ نەچوو ئەو هەموو دڵ گەرمییەیان کوژایەوەو زۆربەیان تووشى شلکە بوون و پاشەکشێیان کرد.؟! وەک قورئانەکە دەفەرموێت: (فلما كتب عليهم القتال تولوا إلا قليلا منهم..) کاتێ جیهادو جەنگ درا بەسەریاندا – تەماشات کرد – هەڵهاتن و ڕایان کرد کەمێکیان نەبێت.

ئەمە هەرچەندە باو و نەریتى جوولەکەکان بووە، بێ پەیمانى، بێ وەفایى پیشەیان بووە، دەبێ فەرماندەو سەرکردەکان بزانن کە ئەمە شتێکى سرووشتییەو لە هەموو دەمێکدا دووبارە دەبێتەوە، بە تایبەت لە کۆمەڵێکدا پەروەردەیان تەواو نەبووبێت.
کەوابوو پێویستە فەرماندەکان وریاو زیرەک بن و لەم داستانە کەڵگ وەرگرن، شوێنى دڵگەرمى مەردوم نەکەون، تا چاک تاقى نەکرێنەوەو نەبرێنە گۆڕەپانى جیهادەوەو، هەروەها پێویستە بە یەک تاقیکردنەوە قەناعەت نەکرێ، چونکە زۆربەى (بەنى ئیسرائیل)ییەکان – دواى ئەوەى وتیان ئێمە چۆن ئامادەى جەنگ نابین – هەڵهاتن و درۆیان کرد، تەنها کەمێکیان نەبێت ئەمانیش ئەوانە بوون لەگەڵ (تاڵوت) ڕۆیشتن، بەڵام دواى هێنانەوەى بەڵگەیەکى زۆر بۆ شیاوى (تاڵوت) بۆ پێشەوایى، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە سەرەتاوە کاتى تاقیکردنەوە بۆ جارى دووەم بەزین و پسان، ، بۆیە دەفەرموێت: (فلما فصل طالوت بالجنود قال: إن الله مبتليكم بنهر فمن شرب منه فليس مني ومن لم يطعمه فإنه مني إلا من اغترف غرفة بيده، فشربوا منه إلا قليلا منهم)... واتە کاتێ (تالوت) خۆیى و سوپاکەى جیا بوونەوەو ئامادەى ڕۆیشتن بوون، وتى: بێگومان خوا تاقیمان دەکاتەوە بە (ڕوبارێک)( ئەم ڕووبارە پێى دەڵێن: (ڕووبارى شەریعە) لە نێوان ئەردەن و فەڵەستیندایە. )، جا هەر کەسێک لێى بخواتەوە ئەوە سەرپێچى کردووەو ئیتر لە من نییە، واتە: چونکە فەرمانەکەى شکاندووە، بە کەڵکى سەربازى نایەت، ئەو کەسەیش لێى نەخواتەوە – مەگەر لوێچێک نەبێ – ئەوە لە منەو سەربازێکى گوێڕایەڵە، بەڵێ هەر هەموویان لە ڕووبارەکەیان خواردەوە تەنها کەمێکیان نەبێت.( صفوة التفاسير دەڵێت/ (سەددى) دەڵێت: (80) هەزار کەس بوون، (76)یان لێیان خواردەوە، (4) هەزاریان مانەوە. وە هەندێکیشیان دەڵێن: ئەمانەیان لە تاقیکردنەوە دەرچوون (313) کەس بوون بە ئەندازەى پێشمەرگەو هاوەڵانى ڕۆژى بەدر. )

کەوابوو تاقیکردنەوەى سەربازو سوپا چەند جارێک پێویستە، ئەوەتە لە پێشەوە ئامادەیى خۆیانیان دەربڕیى و داواى جیهادیان کرد، کاتێ فەرماندەیان بۆ دیارى کرا، بە چەند ملە ملەیەک جا قبوڵیان کرد، بەڵام ئەم فەرماندەیە زۆر ورد دەیەوێ – بە فەرمانى خوا – درۆو ڕاستییان دەرکەوێ، بۆیە فەرمووى: (إن الله مبتليكم بنهر..)، ئەوانیش لە تاقى کردنەوەکەدا سەرنەکەوتن و لە بەردەم هێزى دوژمندا تێشکان، (فلما جاوزه هو والذين آمنوا معه قالوا لا طاقة لنا اليوم بجالوت وجنوده)، کەمێکیان نەبێت پەنایان برد بە خواى خۆیان و وتیان: (كم من فئة قليلة غلبت فئة كثيرة بإذن الله والله مع الصابرين).

زۆرجار دەستەو تاقمى کەم هەبووە سەرکەوتوو و زاڵ بووە بەسەر دوژمندا بە یارمەتى خواى گەورە، وە خوا "جل جلالە" لەگەڵ ئارامگراندایە، سەرەڕاى ئەمانە هەموویان، ئەم خاڵانەشیان دەست دەکەوێ :

1- ناسینى هەموو کەسێک لە جێگەى خۆیدا.
2- نەخڵەتاندنى فەرماندە بە دڵگەرمیى و ڕوواڵەتى گەل.
3- قەناعەت نەکات بە یەکجار تاقیکردنەوە.
4- پێش ئەوەى سەربازەکان بڕۆنە گۆڕەپانەوە، تاقییان بکاتەوە.
5- گێڕانەوەى ئەوانەى دەروون بەزیون لە ناو سوپاکەیدا.
6- ئەو دڵەى بەسراوە بە خواوە، بە ئارامە، هەموو شتێک بە لاواز دێتە پێش چاوى، بۆیە دەڵێن: (كم من فئة قليلة غلبت فئة كثيرة بإذن الله والله مع الصابرين).

(ربنا أفرغ علينا صبرا وثبت أقدامنا وانصرنا على القوم الكافرين، ومالنصر الا من عند الله العزيز الحكيم).

ئەحمەد كاكه مەحموود
بەروار2020/04/08سەردان 704