چەند پرسیارو وەڵامێكی جیاجیا لە بارەی ژنانەوە؟ (1).

چەند پرسیارو وەڵامێكی جیاجیا لە بارەی ژنانەوە:

بەشی یەكەم

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

وەڵام/
1- دەنگی ژنان (عەورەت) نیە، واتە: بیستنی حەرام نیە، مەگەر دەنگیان نەرم و ناسك بكەنەوەو ببێتە نازو نووز، ئەو كاتە حەرام دەبێت بیستنی بۆ خەڵكانی نامەحرەم.
2- نابێ‌ ژن لەگەڵ ژندا لە ژێر پێخەفێكدا ڕاكشێن، چونكە پێغەمبەر دەفەرموێ‌: ((وفرقوا بینهما فی المضاجع)). (رواه أحمد وأبوداوود، وصححه الألباني في إرواء الغليل 298).
3- هەر ڕۆژنامەو گۆڤارێك وێنەو رەسمی رووتی ئارەزوو بزوێنیی پێوەبێت، كڕین و فرۆشتنی حەرامە، دەبێ‌ ژنانی ئیماندار لەو جۆرە شتانە خۆ دوور بگرن و لە ماڵەوە ڕایان نەگرن.
4- ژنان نابێ‌ بە تەنها لەگەڵ شۆفێرێكدا سوار ببن، چونكە كۆبوونەوەو خەڵوەت لەگەڵ پیاوی نامەحرەمدا حەرامە.. بۆیە ئەگەر سواری سەیارە بوو، پێویستە ژنێكی تری لەگەڵ بێت، یان كەسێكی تری تێدا بێت، خۆ ئەگەر منداڵێكی تیابوو، شەرمی لێ‌ نەدەكرا، نابێ‌ سوار ببێ‌.
5- سەلامكردن لە ژنێكی باڵاپۆش، بێ‌ تەوقەو پێكەنێن و خەندە، دروستە.

6- ژنان دەتوانن لە دەرەوەی ماڵ بەم مەرجانە كار بكەن:
- دەورو بەرەكەیان ژنان بن.
- ژن و پیاو تێكەڵ نەبن.
- لەگەڵ پیاوی نامەحرەمدا خەڵوەت نەكات.
- مێردەكەی ئیزن و مۆڵەتی بدات.
- بە جلوبەرگی شەرعییەوە بێت.

7- ڕاگرتنی كارەكەر بۆ ماڵەوە، دەبێ‌ ئەم مەرجانە ڕەچاو بكرێن:
- پێویستە كارەكەرەكە موسڵمان و شەرع ڕەو بێت و لە تەواوی نێرینەی ئەو ماڵە خۆی داپۆشێت.
- نابێ‌ ڕووت و سافیرە بێت.
- نابێ‌ لەگەڵ هیچ كەسێكدا (خەڵوەت) بكات.
- دەبێ‌ مەحرەمی لەگەڵ بێت.

8- نابێ‌ ژنان بە فڕۆكەو شتی وا - ئەگەرچی ئەمینیش بێت - بەبێ‌ مەحرەم سەفەر بكەن.
9- نابێ‌ تەوقە لەگەڵ ژناندا بكرێت، ئەگەرچی دەستكێشی لە دەستدا بێت.
10- باش وایە ژنان لە تەلەفزیۆنیشدا سەیری پیاو نەكەن و پیاوانیش سەیری ئەوان نەكەن، چونكە گەلێ‌ جار فیتنەی لێ‌ پەیدا دەبێ.
11- ئاهەنگگێڕان بەناوی جەژنی (دایك)ـەوە بیدعەیەو دروست نییە.

12- ئەو شتانە هەدیە دەكرێن بۆ مردوو:
- صەدەقەو خێرو خێرات بۆی.
– دوعاو پاڕانەوە بۆی.
- بژاردنەوەی قەرزی.
- حەج و عەمرە كردن بۆی.

13- ئەو شتانەیش هەدیە ناكرێن بۆ مردوو:
- نۆیژ كردنەوە بۆی.
- تەوافی ماڵی خودا. (مەبەست ئەوەیە بەتەنها تەواف کردن و هەدیە کردنى بۆ مردوو، پێی ناگات).
- قورئان خۆیندن بۆی، ئەگەرچی هەندێ‌ زانا ڕێی پێدەدەن، بەڵام هەقە نەخۆیندرێ‌ بۆی.

14- نووسینی (بسم اللە..) لەسەر پسووڵەو شتی وا دروستە، بەڵام دەبێ‌ بپارێزرێ‌ و فرێ‌ نەدرێتە جێگای خراپ و پیسەوە.
15- ئەو رۆژنامەو گۆڤارانە، ناوی خودایان تێدایە، نابێ‌ بكرێنە سوفرەو شتی وا، خۆ ئەگەر دەبێ‌ چی ئایەت و ناوی خودای پێوەیە لێ‌ بكرێتەوە.
16- ئەو كتێب و رۆژنامەو نامیلكانە ناوی خوداو ئایەت و فەرموودەیان تێدایە، نابێ‌ بخرێنە كیسێكەوەو دوور لە ماڵ هەڵبگیردرێن.
17- گێڕانەوەی قسەی نەستەق و هەڵبەستنی قسە بۆ پێكەنین، حەرامەو دروست نییە، پێغەمبەر دەفەرموێ‌: ((ویل للذی یحدث فیكذب لیضحك به القوم)) (رواه أبوداود، وحسنه الألباني فى سنن أبي داوود 4990).
18- موجامەلەو رووی خۆش.. ئەگەر نكووڵی هەق و ڕاستی تێدا نەبێ‌، هیچ قەیدی نییە، خۆ ئەگەر هەق و راستییەكان كران بەژێرەوە، ئەوە ناڕەواو نا دروستە.

19- خۆ پاراستن لە جنیی و لە خراپەیان:
- زیكری خودا زۆر بكرێت.
- زیكرەكانی ئێواران و بەیانیان و پێش خەو بخوێنرێن.
- دوركەوتنەوە لە گوناح و، بەجێهێنانی واجبات.

20- (تأمین/ بیمە)ی سەیارەو تەندروستیی و، ژیان و ماڵ و خانووبەرە...تاد، دروست نییە، چونكە چەواشەو دەست بڕینی تێدایە، وا دەبێ‌ موسڵمانێك پارەیەكی كەم دەدات و، پارەیەكی زۆر وەردەگرێتەوە، یان هەر هیچ وەرناگرێتەوە، گەلێ‌ جار كۆمپانیاكەش تووشی زیانی گەورە دەبێ‌.
21- (تخیط)ی حەیوان و پەلەوەرو مرۆڤ دروست نییە، چونكە ماڵێكی زۆری تیا خەرج دەكرێ و وێنەكەشی وەكو هەڵواسراوی لێ‌ دێت. (شێخ بن باز).
22- (شێخ بن باز) دەڵێ‌: خوێندنی سوورەتی (یس) لە لای كەسێكدا لەسەرە مەرگدا بێت، فەرموودەكەی لاوازە. (تێبينى: کۆ دەنگى فەرمودەناسان لە کۆن و نوێ، لەسەر ئەوەن کە ئەو فەرمودانەى لەسەر خوێندنى سوورەى (یس) هاتووە لەکاتى گیان کێشانى مردوو هەمووى لاوازە).

ماویەتی..

بەروار2020/04/06سەردان 594