پرس و راوێژ لەسەر ژنان و نەزر لە ئیسلامدا؟

پرس و راوێژ لەسەر ژنان و نەزر لە ئیسلامدا؟

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

وەڵام/
1- كەسێك شتێك فەرز دەكاتە سەرخۆی، كە خودا فەرزی نەكردووە، بۆ نموونە: دەڵێ‌: ئەگەر خودا لەم نەخۆشیە شفام بدات، (نەزر) بێت مەڕێك سەر ببڕم.. ئەو جۆرە نەزرانە لە ئیسلامدا (مەكرووهە)، پێغەمبەر دەفەرموێ: ((إنه لایأتی بخیر)) جا ئەگەر لەكاتی خۆیدا ئەنجامی نەدا، دەبێ‌ بۆ دوایی هەر جێبەجێی بكات، لە باتی دوا خستنەكەی كەفارەتی سوێندەكەشی بدات.
2- كەسێك نەزری كرد لە فڵانە جێگادا مەڕێك سەربڕێ‌، كەچی دوایی دەركەوت لە جێگایەكی تر باشترەو هەژاری زۆرترەو صاڵح و باشترن.. (شێخ بن باز) دەڵێ‌: دەتوانێ‌ بۆ جێگای باشتر نەزرەكەی بباو لەوێ‌ جێبەجێی بكات.
3- ئایا دەكرێ‌ خۆی لە نەزرەكەی بخوات..؟ ئەگەر كاتی خۆی مەبەستی بەو نەزرە هەژارو خەڵكانی بێ‌ نەوا بووبێ‌، ئێستا نابێ خۆیی و ماڵ و منداڵی لێی بخۆن، خۆ ئەگەر مەبەست لەماڵ و منداڵ و هاوڕێیانی خۆی بووبێت، دیارە خۆیشیی و ئەوانیش لێی دەخۆن.
4- نەزر بۆ غەیری خودا حەرامەو گەلێ‌ جار دەبێتە شیرك.. بۆیە ئەگەر مەڕێكی بۆ گۆڕێك، یان بۆ پاشا، یان بۆ پێغەمبەرێك.. سەر ببڕێ‌، بەمردارەوە بوو دادەنرێ‌ و شەریكیشی بۆ خودا داناوە.
5- ئەگەر گوتی شتێك نەزر بێت لەسەرم بۆ خودا.. دەبێ‌ كەفارەتی سوێندێك بدات، ئیتر شتێكی تری لەسەر ناكەوێ‌.
6- ئەگەر گوتی: ئەگەر قسەم لەگەڵ كردیت، مەڕێك نەزربێت لە سەرم، یان گوتی: ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست نەبوو نەزربێ‌ مەڕێك سەرببڕم.. بۆ ئەم جۆرە نەزرانە تەنها كابرا سەرپشك دەكرێ‌: نەزرەكەی جێبەجێ‌ بكات، یان كەفارەتی سوێندێ‌ بدات.
7- نەزری كرد كە شەراب بخواتەوە.. ئەوە پێویستە وازی لێ بهێنێ‌، بەڵام ئایا كەفارەتی سوێندی لەسەر دەكەوێ‌ یان نا؟ هەندێ‌ زانا دەڵێن: كەفارەتی سوێندی لەسەر دەكەوێ‌، بەڵام جەماوەری زانایان دەڵێن: كەفارەتیشی لەسەر نییە.
8- كەسێك نەزری كرد ئەوەندە رۆژ بە رۆژوو بێ‌ بۆ خودا، دەبێ‌ جێبەجێی بكات، ئەگینە كەفارەتی سوێندی لەسەرە، یان گوتی: ئەگەر خودا لەم نەخۆشیە شفای دام، نەزر بێت وشترێك سەر بڕم، جا ئەگەر خودا شفای دا، دەبێ‌ وشترەكە سەربڕێ‌، ئەگەر توانای كڕینی وشترێكی نەبوو، دەبێ‌ كەفارەتی سوێندێ‌ بدات.
9- ئەگەر كابرایە گوتی: واللە قسە لەگەڵ كاكم ناكەم، واللە قسە لەگەڵ كاكم ناكەم، چونكە دووبارە كردنەوەیە، بەیەك سوێند دادەنرێ‌، واتە: ئەگەر قسەی لەگەڵ كرد، یەك كەفارەت دەدات.
10- ئەگەر گوتی: واللە قسە لەگەڵ مامم ناكەم، واللە نانی ناخۆم، واللە ناچمە ماڵی، پاشان هیچی جێبەجێ‌ نەكرد، دەبێ‌ لە باتی هەریەكەیان كەفارەتی سوێندێك بدات، چونكە لە یەك جودان و هەریەكە حسابی تایبەتی خۆی هەیە. شیاوی باسە سوێند خواردنی زۆر، كارێكی (مەكرووهە)و ناپەسەندە لە ئیسلامدا، جگە لەوەیش كەسێتی مرۆڤ دەڕوخێنێ‌ و لە ناو كۆمەڵگەدا سووك دەبێ‌.

بەروار2020/04/06سەردان 502