پرس و راوێژ لەسەر مەسەلەی فرە ژنیی؟

پرس و راوێژ لەسەر مەسەلەی فرە ژنیی؟

نووسین و وه ڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

وەڵام/
1- فرە ژنی.. موڵەت و ئیزنی خودای لە سەرە، بۆ هیچ موسڵمانێك ڕەوا نییە بێزاری دەرببڕێ‌ و ئیستنكاری بكات، بێگومان هەر كەسێك فرە ژنی پێ‌ قەبوڵ نەبێ‌، بە (مورتەدد)و پاشگەز بووە لە ئیسلام دادەنرێ‌، وە بەر ئەم ئایەتە دەكەوێ‌ كە دەفەرموێ‌: (ذلك بأنهم كَڕهُوا مَا أنزَڵ اللهُ فأحبَط أعمَالهُم)، بێ شك ئەوانە وا فرە ژنی ڕەت دەكەنەوە، كەوتونەتە ژێر كاریگەری كافرو خوانەناسانەوە، موسڵمانە دڵپاك و سادەكانیش بێ‌ چەندو چوون لاساییان دەكەنەوەو، هەریەكەو لە ئاوازێ‌ لێی دەخوێنێ‌ و پاساوی بۆ دێنێتەوەو، وا قسە دەكەن ئیسلام نەیپێكاوەو، بۆ ئەمڕۆ دەتوانرێ‌ بەرهەڵست بكرێ‌.!
2- هەموو كات سەر ژمێریی و ئامارەكانی جیهان، وا دەگەیەنن كە كچان پتر لە كوڕان لە دایك دەبن و، زۆربەی ئەوانەی دەمرن نێرینەن، چونكە جەنگ و ئاژاوەكانی دنیا زیاتر پیاوان دەگرێتەوە تا ژنان، كەوابوو هەمیشە ڕێژەی ژنان بەرزترە.. بۆیە ڕێ‌ بە پیاوان دراوە تا چوار ژن بێنن، تا بەڵكو ئەو ڕێژە زیادەیە بێ‌ مێردی شەرعیی و حەڵاڵ نەمێننەوە.. خۆ بێگومان پیاوێك لەسەر بناغەی شەرعی لەگەڵ ئافرەتێكدا تێكەڵ بێت، زۆر باشترە لەوەی لەسەر شەقام و كۆڵانێكدا بە ناشەرعی تێكەڵ دەبن و، پاشان هەڵدەسێتەوەو خۆی دەتەكێنێ‌ و پێچی لێدەكاتەوە.
3- ئەگەر پیاوێك ویستی ژنی دووەم بێنێ‌، مەرج نییە ژنی یەكەم ڕازی بكات، ئەگەر چی سیفەتی جوامێریی و مەردی وا هەڵدەگرێ‌ بەهەر شێوەو شێوازێك بوو بێت ژنەی یەكەم ڕازی بكات، چونكە ئەو ڕازییكردنە دەبێتە مایەی زیادبوونی خۆشەویستیی و دلۆڤانی نێوانیان لە ئاییندەدا.
4- (شێخ بن باز) دەڵی: بەكار هێنانی (عەدالەت) لە نەفەقەو (قەسم)ـدا واجبە، ئەگینە لە خۆشەویستیی و (جیماع)ـدا لە توانادا نیەو ناكرێ‌.
5- (قەسم) تەنانەتی بۆ ژنی حەیزدارو زەیسانیش واجبە، ئەگەرچی سەر جێیشیان لەگەڵ ناكرێت.
6- ئەگەر ژنی دووەم كچ بوو، دەتوانێ‌ (7) شەو لەلای بمێنێتەوە، خۆ ئەگەر بێوەژن بوو، دەبێ‌ (3) شەو بمێنێتەوە.
7- هاتووچۆی ژنێك – بەشەودا - سەرەی خۆی نەبێ‌.. تەماشای عورفی كۆمەڵگە دەكرێ‌.. ئەگەر ئەو كۆمەڵگەیە كاری وایان ڕێ پێدەداو بە ستەمیان دا نە دەنا، دەتوانێ‌ هاتووچۆ بكات، ئەگینە واز بهێنێ‌ لێی.
8- ئەگەر ژنێك سەرەی خۆی بەخشی بە مێردەكەی، یان بە (هەویەكە)ی دروستە، هەر كاتێكیش داوای كردەوە هەقی خۆیەتی.
9- دروست نییە - بێ‌ هۆكاری شەرعیی – فەزڵی ژنێك بدات بەسەر ئەوانی تردا، لە بەخشش و دیاریدا.. خۆ ئەگەر یەكێكیان هاوكاری مێردەكەی دەكرد، لە ئیش و كارەكانیدا، دەتوانێ‌ پتر لە بەرامبەر ئەوەوە ئەمیش خزمەتی ئەو زیاتر بكات.
10- ئەگەر ویستی یەكێ‌ لە ژنەكان، لەگەڵ خۆی ببات بۆ سەفەر، دەبێ‌ (تیرو پشك)یان بۆ بكات، چونكە پێغەمبەر هەمیشە وای دەكرد، هەر ژنێكیش بۆی دەرچوو، نابێ‌ ژنانی تر داوای مانەوەی شەوێ‌ زیاتر لەو بكەن كاتێ‌ گەڕانەوە، بەڵكو لە سەرەی خۆیدا دیسان دەست پێدەكاتەوە.
11- ئەگەر ژنێك گوتی: بەمەرجێ‌ شوی پێدەكات، هەوێكەی تەڵاق بدات، دەیشیزانی ئەو قسە ناهەقە، ئەو مەرجە پووچەو كاری پێ ناكرێ‌، خۆ ئەگەر نەیدەزانی، دەتوانێ‌ (فەسخ)ی بكاتەوە.

بەروار2020/04/06سەردان 494