پرس و راوێژ لە سەر ژنان وخشڵ و زەنبەر؟

پرس و راوێژ لە سەر ژنان وخشڵ و زەنبەر ؟

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

وەڵام/
1- هەموو جۆرە ڕازاندنەوەو خۆ ئاراییش دانێك - خاڵكوتان و برۆ تەنك كردن و ددان شاشكردن نەبێ‌ - دروستە بۆ ژنان، بەڵام دەبێ‌ ئەم خاڵانە رەچاو بكرێت:
- نەشوبهێ‌ بە هی كافران و خەڵكانی خراپكارو فاسیدەوە.
- خۆ نەچوێنن بە پیاوانەوە.
- رێ‌ نەگرێ‌ لە گەیشتنی ئاو بە جەستە، لە كاتی دەستنوێژو خۆ شۆریندا، ژنانی حەیزدارو زەیسان نەبێ‌، واتە: بۆ ئەوان قەیدی نییە، چونكە نوێژو خۆ شۆرینیان لەسەر نییە.
- زێدە رۆیی تیا نەكرێ‌، چونكە دەبێتە (إضاعة المال)، ئەوەیش لە ئیسلامدا حەرامە.
- كاتی زۆری پێ‌ نەكوژێ‌، واتە: زۆرێك لە كاتەكانی لە بەردەم ئاوێنەدا نەباتە سەر.
- خۆی تووشی كیبرو خۆ هەڵكێشان نەكات.
- بە پلەی یەكەم لەبەر مێردەكەی خۆی ئاراییش بداو خۆ بڕازێنێتەوە.
- لەگەڵ (فیترەت)دا دژ نەوەستێ‌، وەكو درێژ كردنی نینۆك، چونكە لە فەرموودەكاندا فەرمان دەدات بە كردن و قرتاندنی نینۆك.
- لەو خۆ ئاراییشدانەدا (عەورەت)ی دەرنەكەوێ‌.
- لەو دەورو بەرەدا خۆی نەكاتە جێی سەرنجی خەڵكانی نامەحرەم.
2- خۆ بۆنخۆش نەكاو پاشان بچێت بۆ بازاڕو ببێتە مایەی سەرنجی ئەم و ئەو.
3- خۆ بۆنخۆشكردن و پاشان رۆیشتن بۆ مزگەوت، قەدەغەو حەرامە.
4 - دەبێ‌ ژنان لە ماڵانیشدا نەهێڵن عەترو بۆنخۆشییان لێ‌ بپژێنن، چونكە دەگونجێ‌ لە كاتی گەڕانەوەدا، تووشی پیاوان ببن و سەرنجیان رابكێشن.
5- بەكارهێنانی ئامێرو داوو دەرمان بۆ خۆ جوانكردن، بەم مەرجانە نەبێ‌ دروست نییە:
- جەستەی پێی تووشی زیان نەبێت.
- خۆ نەچوێنێ‌ بە كافرو خەڵكانی فاسیدو خراپەوە.
- زێدە رۆیی تیا نەكات.
- لە كاتی خۆ شۆرین و دەستنوێژدا، ڕێ‌ لە تەڕبوونی جەستەی نەگرێ‌.
- پەڵەو نەخۆشی لە دەم و چاووو ڕوخسار دروست نەكات.
- هەر كرێمێك زیان بەخش بێت بە پێست، بەكار هێنانی حەرام دەبێت.
- میكیاج كردنی پێست، زیان بە پێست دەگەیەنێت، لەبەر ئەوە نابێ‌ بەكار بهێنرێت.
6- بەكار هێنانی نینۆكی دەستكردو (صناعیی)و دانانی (عەدەسە) لە چاودا بۆ جوانیی و، گۆڕینی ڕەنگی چاو دروست نییە، چونكە دەستبڕین و خەڵەتاندن و چەواشەگەری تێدایە: پزیشكەكان لە دانانی ئەو جۆرە (عەدەسە)انە زۆریان باس كردووە.
7- تەنك كردنی ددان و بەین تێ‌ خستنیان بۆ جوانی كارێكی حەرامە، پێویستە ژنانی موسوڵمان خۆیانی لێ‌ دوور بگرن، بەڵام ئەگەر لەبەر نەخۆشی بوو.. هیچ قەیدی نییە.
8- بەكار هێنانی (برۆ)ی دەستكرد (صناعیی)، یان هەڵكێشانی، یان بڕین و كورت كردنەوەی دروست نییە، مەگەر ناشیرینی بكات یان بێتە خوارەوە بۆ ناوچاوانی.
9- داماڵینی ئەو موانە لەسەر ڕوخسارو لاق و دەستی ژنان دەڕوێن دروستە.
10- خاڵكوتاندن كارێكی حەرامەو دەبێ‌ ژنانی ئیماندار خۆیان دوور بگرن لێی، ئەگەر هەر بە منداڵی بۆیان كوترابوو، دیارە گوناحەكەی لەسەر ئەو كەسەیە ڕێگەی پێداوەو بۆی كوتیوە.
11- قژ كورت كردنەوە لەبەر ناچاریی و پێویست ڕەواو دروستە.
12- بەكارهێنانی (باروكە)، واتە: قژی ژنێكی تر بخوازێ‌، یان قژی دەسكرد (صناعە) لەسەر بكات، حـــــەرامە، چونكە بە هەر شێوەیەك بێت چەواشە گەریی و (تەدلیس)ـە، سەرەڕای ئەوەش بەر ئەو فەرموودە دەكەوێ‌ كە دەفەرموێ‌: ((لعن الله الواصلة والمستوصلة))، (صحيح مسلم، كتاب اللباس والزينة، باب تحريم فعل الواصلة والمستوصلة، حديث : ‏4059). بەڵام ئەگەر ژنێك سەر تاس، یان كەچەڵ بێت، بەكارهێنانی (باروكە) بۆی حەڵاڵە، چونكە بۆ داپۆشینی نەنگ و لەنگێكە.
13- كۆ كردنەوەی قژو گرتنەوەی بە یەك (پەلكە)و بەردانەوەی بەناو شاندا قەیدی نییە، بەمەرجێ‌ بۆ پیاوی نامەحرەم دەری نەخات.
14- قژ لوول كردن، مادام نەشوبهێ‌ بە هی كافرانەوەو لە بەردەم نامەحرەمدا دەرنەخرێ‌ دروستە، ئەگەرچی بۆ ماوەیەكی زۆریش بێ‌.
15- گۆڕینی ڕەنگی قژ، جارێ‌ بە سوور، جارێ‌ بە زەرد.. تاد، هیچ قەیدێكی نییە، بەڵام ڕەشكردنی حەرامەو ڕێی لێگیراوە.
16- ژنان دەتوانن بە شێوەی ئەمڕۆی هاوچەرخ دەسكاری قژیان بكەن، بە مەرجێ‌ نەشوبهێ‌ بە هی كافرانەوە.
17- كۆ كردنەوەی قژ لە پشت سەرەوە (بۆ گەورە كردنی سەر) وەكو سەری پیاوان، حەرامە.
18- شەتڵی قژ بۆ ئەو ژنانەی سەرتاسن، یان كەچەڵن، دروستەو هیچ قەیدێكی نییە.
19- حەرامە ژنان سەریان بتاشن، مەگەر كاتی نەخۆشیی و پێویست.
20- لا بردنی مووی نێوان برۆ، دروستە.
21- لە پێكردنی نەعلی پاژنە بەرز لەبەر چەند هۆیەك دروست نییە، لەوانە:
- ژن بە باڵا بەرزو كەڵەگەت نیشان دەدات، لە واقعیشدا وا نییە.
- گەلێ‌ جار ئەگەری كەوتنیان لێ‌ دەكرێت.
- پزیشكەكان دەڵێن: زیان بە منداڵدان دەگەیەنێت، چونكە لەكاتی دووگیان بووندا ناهێڵێ‌ جەستەی ژنەكە ڕێك بوەستێ‌، سەرەڕای توش بوون بە نەخۆشی لاقان.
22- ژنان دەتوانن بە ئارەزوو خشڵی ئاڵتوون و زیوو و موجەوهەراتی تر بەكار بهێنن، بە مەرجێ‌ نەگاتە سنووری زێدە ڕەویی.
23- ژنان دەتوانن (ئەڵقە، ئەنگوستیلە) بكەنە هەر پەنجەیەكیان بیانەوێت.
24- بەكارهێنانی (لووتەوانە) بۆ ژنان دروستە.
25- بەكارهێنانی (خەڵخاڵ) بۆ ژنان لە لای ژنانی ترو پیاوانی مەحرەمدا دروستە.
26- درێژكردنی (نینۆك) دروست نییە، چونكە پێغەمبەر بۆ نینۆك كردن و لابردنی مووی بن باخەڵ و موی.....، (چل) ڕۆژی دیاری كردووە، بەرەو ژوورتر لەوە دروست نییە، چونكە كاری خەڵكانی كافرو بێ‌ دینە.
27- ژنان بە چاوی (كل)ـەوە دروست نیە لە ماڵ دەر بچن و خۆیان بۆ پیاوانی نامەحرەم دەربخەن.

بەروار2020/04/06سەردان 587