پرس و راوێژ لەسەر ژنان و قورئان خوێندن؟ بەشی (2)و كۆتایی

پرس و راوێژ لەسەر ژنان و قورئان خوێندن ؟ 

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

بەشی دووەم و كۆتایی

وەڵام/
31- ڕووكردنە ڕووگە لە كاتی دەوركردنەوەی قورئاندا (مستحب)ـە، چونكە عیبادەتە، دیارە بۆ هەموو عیبادەتێك ڕوو كردنە ڕووگە باشەو خێرە، خۆ ئەگەر ڕووی نەكردە ڕووگە، قەیناكات.
32- قورئان بردنە (گەرماو)ـەوە، ئەگەر لەبەر ناچاریی و ترسی تیاچوونی نەبێت، دروس نییە.
33- سەبارەت بە لە بیرچوونەوەی قورئان -پاش لەبەركردنی- قسەی ڕاست ئەوەیە كە كەسی پێ گوناحبار نابێ‌، ئەگەرچی هەقە موسڵمان هەوڵ بدات هەرگیز قورئانی لە بیر نەچێتەوە، چونكە ئەو فەرموودەیە هەڕەشە دەكات لەو كەسانە قورئانیان لە بیر بچێتەوە (فەرموودەیەكی لاوازە).
34- ئەگەر وێستگەیەكی (ڕادیۆ یان تیڤی) خەریكی قورئان خوێندن بێت، كەسێكیش لەبەر هەواڵگرتن بیكوژێنێتەوە، وە یان بیگوێزێتەوە بۆ وێستگەیەكی تر، هیچ قەیدێكی نییە، چونكە هەموو شتێك كات و ساتی خۆی هەیە.
35- هەڵگرتنی كاسێت، یان ئەو شریتانە، قورئانیان لەسەر تۆمارە، لە لایەن كەسێكی لەشگرانەوە، قەیدی نییە.
36- خوێندنی قورئان لەلایەن ژنانی حەیز دارەوە، (لەبەر) قەیدی نییە، دەشتوانێ‌ بە شتێكی پاك هەڵیبگرێت، بەڵام لەشگران بە هیچ شێوەیەك، بۆی نییە قورئان بخوێنێَ، یان هەڵیبگرێ.
37- ئەگەر ژنان پێشبڕكێی لەبەركردنی قورئانیان سازداو لیژنەی تەحكیم لە پیاوان بوو، هیچ قەیدی نییە.
38- لەكاتی خوێندنی قورئانەكەدا دەنگی نەرم و ناسك نەكات.
- جل و بەرگی شەرعیی باڵاپۆشی لەبەردا بێت.
- تووشی خەڵوەت نەبێت لەگەڵ نامەحرەمدا.
39- فێركردنی قورئان بە كرێ‌ و مزە دروستە، چونكە پێغەمبەر دەفەرموێ‌: ((إن أحق ما أخذتم علیه أجرا كتاب الله)) (صحيح البخاري، كتاب الطب، باب الشرط في الرقية بقطيع من الغنم، حديث: ‏5412).
40- بە هەر شێوەیەك قورئان بخوێنرێ‌ – بەپشتدا بكەوی، بە دانیشتن، بە ڕاوەستان.. قەیدی نییە.
41- دوای خوێندنی قورئان، گوتنی (صدق الله العظیم) بیدعەیە، چونكە نە پێغەمبەر ، نە خولەفای راشیدین، نە هاوەڵانی تر، كەسێكیان دوای قورئان خوێَندن نەیگوتووە، لە فەرموودەیشدا هاتووە: ((من عمل عملا لیس علیه أمرنا فهو رد)) (صحيح مسلم، كتاب الأقضية، باب نقض الأحكام الباطلة، حديث : ‏3329).
42- بەڵگەیەك نییە بۆ ماچكردنی قورئان.
43- تا بگونجێت دەبێ‌ قورئان لە شوێنێكی بەرزدا دابنرێ‌، ئەگینە لە زەویشدا لە جێگایەكی پاكدا دەبێ‌ و درووستە.
44- (ابن عثیمین) دەڵێ‌: (تەرتیل) بۆ قورئان واجب نییە، بەڵكو لە ئاداب و شێوەی قورئان خوێندنە.
45- بە پەلە دەوركردنەوەی قورئان – لەگەڵ ریعایەتی پیت و (شەددە)كانیدا- زیانێكی نییە.
46- خوێندنەوەی ئەم سوورەتانە: (یس - الدخان – الواقعە – الملك) هەموو رۆژێك یان هەموو شەوێك فەرموودەیەكی صەحیح دەربارەیان نییە، بەڵكو هەقە بۆ موسڵمان هەموو قورئان دەور بكاتەوە.
47- بە پێی ریزبەندی ئێستای قورئان، دەوركردنەوە پەسەندو رەوایە، خۆ ئەگەر لە سوورەتی (الناس)ـەوە، بۆ فێركردن دەستی پێكرا زیانی نییە.
48- چاوگێران بە قورئاندا بە بێ‌ (تلفظ)و لێو جووڵاندن، بە قورئان خوێندن دانانرێ‌.
49- بەكرێ‌ گرتنی قورئان خوێن لە بۆنەكاندا دروست نییە، هەركەسێك ئەو كارە بكات گوناحی دەگاو هیچ پاداشێكی نییە، چونكە قورئان خوێندن عیبادەتە، كاری عیبادەتی نابێ‌ بۆ بەدەستهێنانی دنیا بێت.
50- بە كرێ‌ گرتنی كەسێك بۆ قورئان خوێندن دروست نییە، بەڵام ئەگەر بۆ فێربوون و فێركردن بێت دروستە.
51- قورئان خوێندن لەسەر گۆڕەكاندا شتێكی بیدعەیەو پێغەمبەرو هاوەڵانی نەیانكردووە.
52- دوعا كردن بۆ مردوو لەلای گۆڕەكەیدا بێت، یان لە دوورەوە قەیدی نییە.
53- قورئان دانان لەلای سەری منداڵدا، بۆ مەبەستی پاراستنی لە (جن)ی كارێكی ناپەسەندە.
54- دەكرێ‌ ژنێكی جادو لێكراو ببرێ‌ بۆلای زانایەك قورئانی بەسەردا بخوێنێ‌؟ بەڵێ‌ دەكرێ‌.. بەڵام بەم مەرجانەی لای خوارەوە:
- ئەو زانایە ناوبانگی پیاوچاكیی و دینداریی و عەقیدە پاكی هەبێت.
- لە كاتی خوێندنی قورئانەكەدا بەسەریا، دەبێ‌ بەشێوەیەكی شەرعیی داپۆشرێ‌.
- نابێ‌ دوو بە دوو بن، تا خەڵوەت دروست نەبێ‌.
- تا دەكرێ‌ نە تەماشای ژنەكە بكاو نە دەستی لێبدات.
55- ژنی حەیزدار دەتوانێ‌ سوژدەی (تیلاوەت)ی قورئان ببات، چونكە قسەی ڕاست ئەوەیە كە سوژدەی (تیلاوەت) دەستنوێژو (طهارة)تی ناوێ‌.
56- قورئان خوێندن لەناو قورئاندا – لەكاتی نوێژەكاندا فەرز یان سووننەت- دروستە ئەگەر پێویست بێ‌.
57- قورئان خوێندن بۆ ژنانی حەیزدار، هیچ فەرموودەیەكی صەحیح نەهاتووە رێیان لێبگرێ‌، بەڵام چاك وایە تا پێویست نەبێ‌ وەكو مامۆستا یان قوتابی نەیخوێنێ‌.
58- ژنی خاوەن حەیز دەتوانێ‌ بە وردبوونەوە لە قورئان بێ‌ ئەوە بە زمان بیڵێت قورئان بخوێنێت، (ئیمامی نەوەوی) دەڵێ: هیچ كێشەیەكی تێدا نییە.
59- كەسێكی لەشگران ناتوانێ‌ نە لەبەر نە لەناو قورئاندا دەور بكاتەوە، بەڵام دەتوانێ‌ تەماشای كتێبی تەفسیرو فەرموودە بكات بە مەرجێ‌ ئایەتەكان نەخوێنێتەوە.
60- ژنی حەیزدار دەتوانێ‌ (استغفرالله)و دوعاو هەموو زیكرێك بكات، هیوادارین خودا لێی وەرگرێت.

كۆتایی ئەم بابەتە..


بەروار2020/04/06سەردان 895