پرس و راوێژ لە سەر ژنان و قورئان خوێندن ؟ بەشی یەكەم

پرس و راوێژ لە سەر ژنان و قورئان خوێندن ؟

نووسین و خوێندنەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

بەشی یەكەم

وەڵام/
1- سەر ڕووتكردن لە كاتی خوێندنی قورئاندا بۆ ژنان، قەیدی نییە، بەڵام هەقە لە كاتی سوژدەی (تیلاوەت)دا، سەر داپۆشن.
2- قورئان خوێندنی دەستە جەمعی و بە یەك دەنگ، ئەگەر لەبەر فێربوون بێت قەیناكات، ئەگینە پەسەند نییە.
3- ئاهەنگ گێڕان و زەماوەند، بەبۆنەی تەواوكردنی قورئانی پیرۆزەوە، لەسەردەمی پێغەمبەرو هاوەڵاندا نەكراوە، ئەگینە پێمان دەگەیشت، كەوابوو بیدعەیەكی تاشراوو داهێنراوە.
4- لە هەر جێگایەكدا پیاوی نامەحرەمی تیا بێت، بۆ ژنان ڕەوا نییە بەدەنگەوە قورئان بخوێنن، چونكە لەوانەیە تووشی فیتنە ببن.
5- گوێگرتن بۆ قورئان (بە تۆمار كراوی) لە كاتی سەر قاڵی بەئیش و كارەوە، قەیدی نییە، چونكە گوێگرتن بە پێی تواناو دەرفەتە، مەبەست بە ئایەتی: (وإذا قرئ القرآن فاستمعوا له وأنصتوا لعلكم ترحمون) هەر ئەمەیە.
6- قورئان خوێندن لە كاتی ئیش و كاردا قەینا كات، ئەگەر لەو كاتەدا بێ‌ ئیش بێت، هەروەها زیكرو تەسبیحات و تەهلیلەش، خۆ ئەگەر بەو هۆیەوە ئیش و كارەكەی دوا دەكەوت، یان لە دەست دەر دەچوو، نەیخوێنێ‌ باشترە.
7- بۆ خۆی دەور بكاتەوە باشترە، یان لەبەر شریتێكدا دەور بكاتەوە، بە هەر كامێكیان تەقوای زیاتر دەبوو، لەگەڵ ئەوەیاندا بیخوێنێ‌.
8- نووسینی قورئان لەسەر شكڵ و بیچمی ئاژەڵ و پەلەوەرو نەخش و نیگار بۆ هەڵواسین یان نا، دروست نییە، چونكە دەبێ‌ قورئان لەو جۆرە شتانە بپارێزرێ‌ و سووكایەتی پێ نەكرێ‌.
9- نووسینی ئایەت و فەرموودەو (أسما‌ء الحسنی) لەسەر تەختەو پارچە ئاسن و شتی وا، یان بە دارو دیوارەوە بۆ جوانی، یان بۆ وە بیرهێنانەوەی قورئان، یان بە مەبەستی برەوو رەواجدان بە دوكان و بازرگانییەكەیی و فرۆشتنی كەل و پەل و كووتاڵەكەی، یان بۆ چەواشەو فریودانی مەردم، تا خەڵك پتر ڕوو بكەنە كۆگاو دوكانەكەی، بێگومان ئەو كارانە ناڕەواو نا پەسەندن، چونكە قورئان فەرموودەی خوایەو بۆ كۆمەڵێ‌ مەبەست و ئامانجی هەرە بەرزو قەشەنگ ناردوویەتی.. نێردراوە بۆ ئەوە ببێتە رێنمایی و هیدایەت بۆ مرۆڤ، هاتووە بۆ ئەوە بكرێتە ئاموژگاری و عیبرەت، هاتووە بە ئەحكام گەلێكەوە بۆ ئینسان، تا كاری پێ‌ بكەن، بێ شك بەكارهێنانی بۆ غەیری ئەمانە، بەكار هێنانیەتی بۆ غەیری ئامانجە بەرزەكانی خۆی، دەرەنجام لە ڕەوتی سەرەكی خۆی دوور دەكەوێتەوەو تووشی هەزاران نشێویی و هەڵدێر دەبین وەك ئەمڕۆ.!
10- نووسینی ئایەتێك لە شتێكدا، بە مەبەستی ئەوە ئاوی تێبكرێ‌ و نەخۆش ئاوەكەی بخواتەوە، كاری وا لە پێغەمبەرەوە وەرگیراوە كە قورئانی بەسەر نەخۆشدا خوێندووەو فووی لە جەستەی كردووە، سەرەرای ئەمەش ئەگەر قورئان بە ئاوێكدا بخوێنرێ‌ و نەخۆشەكە بیخواتەوە قەیناكات.
11- نووسینی چەند ئایەتێك لە كاغەزێكدا، پاشان سڕینەوەی بە ئاوو نەخۆشێك بیخواتەوە بۆ شفا.. هەندێ‌ لە زاناكان وەكو: (ئیمام ئەحمەدو ئیبن تەیمییەو إبن القیم) مۆڵەتیان داوە بكرێ‌. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لەوە ناچێت كە پێغەمبەر نە بۆ خۆی، نە بۆ خەڵك كردبێتی، جا لەبەر ئەوە باش وایە هەر نەكرێ‌، بەڵكو ئەوە بەسە كە بخوێنرێ‌ بەسەر نەخۆشەكەدا، وە یان بەسەر ئاوێكدا بیخواتەوە.
12- كەسێك دەوری قورئان بكاتەوە، بەڵام (تەجوید) نەزانێ‌ و بەهەڵە بیخوێنێتەوە.. زاناكان دەڵێن: هەركەسێك قورئان دەخوێنێ‌، پێویستە چاك بیخوێنێتەوەو (تەجوید) بزانێ‌، ئەگەرچی زۆریش ماندوو ببێ‌ تێیدا، چونكە خوێندنی قورئان و دەور كردنەوەی بە تەجویدەوە، لای خودا خێری زیاترە.. ئەوەیە كە پێغەمبەر دەفەرموێ‌: ((الذی یقرأ القرآن ویتعتع فیه، وهو علیه شاق، له أجران)) (صحيح مسلم، كتاب صلاة المسافرين وقصرها، باب فضل الماهر في القرآن، حديث: ‏1370).
13- (شێخ بن باز) دەڵێ‌: سوژدەی تیلاوەتی قورئان، نەدەستنوێژی دەوێ‌، نە ڕووكردنە ڕووگە، هەروەك بەرز بوونەوەی سوژدە، نە (اللە أكبر)ی دەوێ‌، نە سڵاو.
14- كەسێك گوێی لە خوێندنی سوژدەی تیلاوەتەوە بوو، ئەگەر قورئان خوێنەكە سوژدەی برد، ئەوا بۆ ئەمیش سوننەتە سوژدە ببات، ئەگینە سوننەت نییە.
15- (شێخ بن باز) دەڵێ‌: لە سوژدەی نوێژەكاندا چ تەسبیح و دوعایە دەخوێنێ‌، لە سوژدەی تیلاوەتیشدا هەر ئەوانە بخوێنێ‌.
16- ئەگەر بانگبێژ بانگیدا، كەسێكیش لەو كاتەدا خەریكی قورئان خوێندن بوو، سوننەتە وەڵامی بانگەكە بداتەوەو لەو كاتەدا قورئان نەخوێنێ‌، پاشان ئەگەر ویستی بچێتەوە سەر قورئان خوێندنەكەی.
17- گواستنەوەی قورئان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، لە كاتی پاك و خاوێنكردنی ماڵدا – بێ‌ دەستنوێژ - قەیدی نییە.
18- (شێخ ابن فوزان) دەڵێ‌: خوێندنی (فاتحە) بۆ مردوو بیدعەیە، چونكە لە پێغەمبەرەوە نەهاتووە فاتحەی بۆ مردوان خوێند بێ‌، بۆیە هەقە لە باتی ئەوە، داوای لێبوردن و بەزەیی خودای بۆ بكات، وە یان خێرو صەدەقەی بۆ بكات.
19- ئایا دەور كردنەوەی قورئان بە دەنگی بەرز پەسەندە، یان بە هێواش.؟ ئەگەر قورئان خوێنەكە بە دەنگی بەرز چالاكتر دەبوو و (خشوع)ی بۆ پەیدا دەبوو، پتر لەوە بەهێواش بیخوێنی، دەتوانێ‌ دەنگ بەرز بكاتەوە، بە مەرجێ‌ نەبێتە هۆكاری ئازارو عەزیەتی خەڵكی دەورو بەر، ئەگینە بە هێواش باشترو پەسەندە.
20- ئەگەر كەسێك بیەوێ‌ لەگەڵ (رادیۆ) و (تەسجیل) دەور بكاتەوە، هیچ قەیدی نییە، بەمەرجێ‌ بە هۆی ئەوانەوە لە ماناو مەبەستەكەی سەرقاڵ نەدەبوو.
21- ئەگەر قورئانێك هەڵەی تێدابوو، یان رزیبوو.. دەتوانن بیسووتێنن، یان لەجێگایەكی دوور لە هاتووچۆ، بكرێ‌ بە ژێر خۆڵەوە.
22- ئەگەر ژنان بەتەنها بوون – لە ماڵەوە، یان لە دەرەوە- یان تەنها پیاوی مەحرەمی لێبوو، دەتوانن بەدەنگی بەرز دەور بكەنەوە.
23- (شێخ بن باز) دەڵێ‌: نە لە قورئاندا، نە لە سوننەتدا، وە نە لە هاوەڵانەوە نەهاتووە كە قورئان بخوێنرێ‌ و هەدیە بكرێ‌ بە باوك و دایك، یان بە كەسێكی تر، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ‌ لە زاناكان دەڵێن: دەكرێتە هەدیەو دیاریی بۆیان، بەڵام قسەی دەستەی یەكەم لە راستەوە نزیكە، چونكە ئەگەر كرابا، (سەلەف)ی ئەم ئوممەتەیش دەیكرد.
24- دانانی قورئان لە ناو سەیارەدا، یان لە هەر جێگایەكی تردا، بە مەبەستی خۆ پاراستن لە جنیی و شەیاتین، شتی وا نەبووەو نابێ‌، خۆ ئەگەر بۆ دەوركردنەوە بێت قەیناكات.
25- هەڵگرتنی ئەو كاسێت و شریتانە قورئانیان لەسەر تۆمارە، قەیدی نییە، تەنانەتی بردنیشیان بۆسەر ئاو قەیناكات، چونكە ئایەت و فەرموودەكانیان تێدا نە نووسراوەو دەر ناكەوێ‌.
26- نووسینەوەی هەندێ‌ ئایەت، بە مەبەستی هەڵگرتنیان لە كاتی نارەحەتی و گیروگرفتدا، ناڕەوایەو دروست نییە، چونكە قورئان بۆ ئەو مەبەستانە نەهاتووە، بەڵام خوێندنی بەسەر نەخۆشدا رێی پێدراوە.
27- ئایا دەوركردنەوە لەناو قورئاندا، خێری باشە، یان لەبەر.؟ بێگومان لە ناو قورئاندا مرۆڤ پتر لە هەڵەو پەڵە دەپارێزرێ‌، تا ئەوە لەبەر بیخوێنێ‌، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەبەر (خشوع)ی زیاتر بوو تا لە ناویا، با لەبەر دەور بكاتەوە.
28- دووبارەو سێ‌ بارە كردنەوەی ئایەتی سزا، یان ئایەتی رەحمەت لە قورئاندا، لە كاتی خوێندنا.. ئەگەر بەوە خشووع زیاد دەبوو قەیدی نییە.
29- ئەگەر كەسێك لەكاتی دوعاكردندا گریانی بۆ دەهات، كەچی لە كاتی قورئان خوێندندا بۆی نە دەهات، ئەوە قەیناكات، ئەگەرچی هەقە لە كاتی قورئان خوێندا بگری، بەڵام دیارە گریان بە دەستی مرۆڤ نییە.
30- خەتمی قورئان لە مانگی رەمەزاندا سوننەتە، نەك واجب، واتە: ئەگەر كەسێك خەتمی بۆ نەكرا، خەتایەكی نەكردووە، بەڵام لەو خێرە گەورەیە بێ‌ بەش بووە.

ماویەتی ...

بەروار2020/04/06سەردان 1438