پرس و راوێژ لەسەر ژنان و رۆژوو گرتن ؟

پرس و راوێژ لەسەر ژنان و رۆژوو گرتن.؟

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود

وەڵام/
١- کچان ھەرکات باڵغ بوون، دەبێ رۆژوو بگرن، باڵغ بوونیش بە یەکێ لەم چوار شتە دەبێ:
- (١٥) پازدە ساڵ تەواو بکات.
- مووی دەوروو بەری (فەرج)ی بڕوێت.
- (مەنیی) پەیدا ببێت.
- بکەوێتە حەیزەوە، یان دووگیان ببێ، ھەرکات یەکێ لەم چوارشتە پەیدا بوو، ھەقە رۆژوو بگرێ، ئەگەر تەمەنیشی لە (١٥) ساڵ کەمتر بێت.
٢ - ژنێک پاش بانگی بەیانی لە حەیز پاکەوە بوو – لەڕەمەزاندا -، زاناکان دوو قسەیان ھەیە:
- قسەی پەسەندو راست (راجیح) ئەوەیە، لەسەری نییە تا ئێوارە ئیمساک بکات، لەبەر ئەوەی لەسەرەتای رۆژەوە پاک نەبووە رۆژووی دروست نییە.
٣- کەمێک بەر لە خۆرئاوا بوون کەوتە حەیزەوە، دەبێ بیشکێنێ، بەڵام دوای خۆرئاوا بوون دروستەو قەزای لەسەر نییە.
٤- ژنێک ھەستی کرد خوێنی حەیزی جووڵاوە، بەڵام پاش خۆر ئاوابوون ھاتە دەر، یان ھەستی کرد بە ئێش و ئازاری حەیز، بەڵام پاش خۆر ئاوابوون خوێن ھات، ئەو رۆژووەی دروستە.
٥- ئەگەر ژنێکی دوو گیان، دڵۆپێ، یان دوو دڵۆپ، یان زیاتر خوێنی لێچوو، ئەو خوێنە ھیچ حسابێکی بۆ ناکرێ، واتە: دەبێ نوێژو رۆژووی خۆی جێبەجێ بکات.
٦- ئەگەر ژنێکی خاوەن حەیز، یان زەیسان، پێش بانگی بەیانی پاکەوە بووو، کەچی خۆ شۆرینەکەی خستە پاش بانگ، دەبێ ئەو رۆژە بەرۆژوو بن، وەکو ژنێکی لەشگران، پاش بانگی بەیانی خۆی دەشۆرێ و، رۆژووەکەشی دادەمەزرێ.
٧- ژنێک کاتی بانگی بەیانی، لە حەیزدا بوو، کەچی دوای بانگ پاکەوە بوو، رۆژووی ئەو رۆژەی لەسەر نییە.
٨- ئەگەر ژنێکی دوو گیان، یان شیردەر، لەبەر خۆیان، یان لەبەر منداڵەکە، رۆژوویان شکاند، بۆ دوایی تەنھا قەزا کردنەوەیان دەکەوێتە سەر.
٩- ئەگەر ژن و مێرد ھەردوو بە رۆژوو بوون، کەچی بە زۆر سەرجێیی لەگەڵ ژنەکەدا کرد، رۆژووی ژنەکە دروستەو کەفارەتیشی ناکەوێتە سەر، بەڵام دەبێ پیاوەکە لە کەفارەتدا: بەندەیەک ئازاد بکات، جا ئەگەر نەبوو، دەبێ دوو مانگ بەدوای یەکدا بە رۆژوو بێَت، خۆ ئەگەر توانای ئەوەیشی نەبوو، دەبێ نانی (٦٠) مسکین بداو، قەزای رۆژووەکەیشی بکاتەوە.
١٠- ئەگەر ژنەکەیش بە ئاسانیی خۆی دا بە دەستەوە، ئەویش وەک پیاوەکەی کەفارەتی دەکەوێتە سەر.
١١- ئەگەر کەسێک سێ رۆژ لە رۆژەکانی رەمەزاندا، لەسەر یەک لەگەڵ ژنەکەیدا سەرجێیی کرد، پێویستە سێ کەفارەت بدات.
١٢- ئەگەر پیاوێک بەبێ تێکەڵی لەگەڵ ژنەکەیدا، (مەنیی) لێھاتە دەر، ھیچ کەفارەتێک ناکەوێت سەری، بەڵام دەبێ ئەو رۆژە تا ئێوارە (ئیمساک) بکاو، دواییش رۆژووەکەی بگرێتەوە.
١٣- پیاوێک لە مانگی رەمەزاندا ژنەکەی ماچکردو، کەوتە یاریی و دەستبازی لە گەڵی، ھیچ گوناحێکی ناگات، بەڵام ھەر کامێکیان ئاوی ھاتەوە، رۆژووەکەی (فاسد) دەبێ و، پێویستە بیگرێتەوە، خۆ ئەگەر ئەو ئاوە لینجە ھات کە پێی دەڵێن: (مذی) زیانێک بە رۆژووەکەی ناگات.
١٤- بەکارھێنانی داوو دەرمانی خۆ ئاراییشدان و خەنە لە مانگی رەمەزاندا، ھیچ زیانێک بە رۆژو ناگەیەنێت.
١٥- ژنێک قەرزاری رۆژووی مانگی رەمەزان بوو، وە بەھۆی نەخۆشییەوە بۆی نەگیرایەوەو مرد، جا ئەگەر نەخۆشییەکە دەرفەتی نەدابوو بیگرێتەوە، دیارە لە حاڵەتی ئاوادا ھیچ شتێک ناکەوێتە سەری، خۆ ئەگەر چاک بوویەوەو دەیتوانی بیگرێتەوە، کەچی تا رەمەزانێکی تری بەسەرا ھاتەوە نەیگرتەوە، دەبێ لە باتی ھەر رۆژەی نانی مسکینێک بدات.
١٦- ژنێک رۆژوو قەرزار بوو، کەچی بەبێ بەھانووی شەرعیی نەیگرتەوە، تا ڕەمەزانێکی بە سەرا ھاتەوە، ئەوە پێویستە قەزای بکاتەوەو لە باتی ھەر رۆژەیش، نانی کەسێکی بێ نەوا بدا، بەڵام ئەگەر بیانووی ھەبوو، تەنھا قەزای لە سەرە.
١٧- ژنان تا مێرد مۆڵەتیان نەدات، ناتوانن رۆژووی سوننەت بگرن، خۆ ئەگەر مێردی نەبوو، یان لە سەفەر بوو، ئارەزوویەتی دەیگرێ، یان نایگرێ.
١٨- پەنجەکردن بەعەورەتدا، پزیشک بیکات، یان خۆی، بۆ دۆزینەوەی نەخۆشی بێت، یانا، زیانێک بە رۆژووەکە ناگات.
١٩- چێژتنی خۆراک بە مەبەستی بوون و نەبوونی خوێ، لە مانگی ڕەمەزاندا، زیان بە رۆژوو ناگەیەنێت، بە مەرجێ بیتوفێتەوە.
20- ئەگەر ژنێك لە رەمەزاندا تووشی (نەزیف) بوو، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ پێش تووشبوونەكەی، تا بزانێ‌ عادەتی چۆنبووە..؟ جا ئەگەر عادەتی وا بووبێ‌ هەموو سەری مانگێك (6) رۆژ لە حەیزا بووبێ‌، دەبێ‌ ئێستاش (6) رۆژ دانیشێ‌ نوێژ نەكاو رۆژوو نەگرێ‌، پاشان خۆی بشۆرێ‌ و نوێژ بكاو رۆژوو بگرێ‌. (شیخ ئیبن عثیمین) دەڵێ‌: دەتوانێ‌ نوێژەكانی كۆ بكاتەوە (نیوەڕۆو عەسر، شیوان و خەوتنان) بە(جمع التقدیم) یان بە (جمع التأخیر)، جا كاتێكیش ویستی فەرجی بشۆرێ‌، بە پارچەیە (لۆكە) شەتەكی بدات، پاشان دەستنوێژ بگرێ‌ و نوێژ بكات.
21- ئەگەر كەسێك (نەزر)ی كرد كە یەك ساڵ بە رۆژوو بێت، پاشان نەیتوانی، دەبێ‌ كەفارەتی سوێندێك بدات: واتە: نانی (10) مسكین بدات، هەر یەكەیان نیو مەن خورما، یان هەر شتێك كە زۆرینەی خەڵكی شار دەیخوات، جا ئەگەر دەسەڵاتی نەبوو، دەبێ‌ (3) رۆژ بە رۆژوو بێت.
22- بەكارهێنانی دەرزی خۆراكیی (الإبرة المغذیة)، بەبێ‌ هۆكارو پێویست، رۆژوو دەشكێنێ‌، بەڵام هەموو جۆرە دەرزییەكانی تر: (تەخدیر- سڕكردن، پەنسلین، دەرزی دەمار، لا ڕان، قۆڵ.. هتد. زیان بە رۆژوو ناگەیەنن.
23- بەكار هێنانی (كل)و هەموو ماددەیەكی ئاراییش و، خەنەو میكیاج، زیان بە رۆژوو ناگەیەنن.
24- بەكار هێنانی خەمیری ددان لە كاتی بەرۆژوو بووندا زیانی نییە، بەڵام دەبێ‌ قووتی نەدات.
25- ددان پاكردنەوەو پڕ كردنەوەیی و هەڵكێشانی، زیانی بۆ رۆژوو نییە، بەمەرجێ‌ دەرمان و خوێنەكە قووت نەدات.
26- بەكار هێنانی (قەترە)ی چاوو گوێ‌، رۆژوو ناشكێنێ‌، بەڵام ئەگەر هەستی بە تامەكەی كرد لە قوڕگدا، چاك وایە قەزای بكاتەوە، ئەگەرچی واجب نییە.
27- (شێخ بن باز) دەڵێ‌: بەكار هێنانی قەترەی لووت لەكاتی بە رۆژوو بووندا، زیان بە رۆژوو دەگەیەنێت، واتە: ئەگەر تامەكەی چووە قوڕگەوە دەبێ‌ قەزای بكاتەوە.
28- بەكارهێنانی بۆنی خۆش لە ڕەمەزاندا، زیان بە رۆژوو ناگەیەنێت.
29- بەربوونی خوێنی (لووت) و (تاقییكردنەوەی خوێن) لە كاتی پێویستدا هیچ زیانێكی نییە.
30- بەكارهێنانی (ئیمساكیە)ی مانگی رەمەزان، بۆ نموونە: (10) خولەك بەر لە بانگدان كەس شت نەخوات، (شێخ بن باز) دەڵێ‌: لە شەریعەتدا بناغەو بنەمایەكی نییە، چونكە ئیمساك لەگەڵ بانگدا دەبێ‌.
31- ژنێك لە گوماندا بوو (پاكەوە بووە یا نا)، ئینجا هەر بەو گومانەوە رۆژووی گرت، ئەو رۆژووە دا نامەزرێت و دەبێ‌ قەزای بكاتەوە، چونكە خوا پەرستیی بە دوودڵی و گومانەوە ناكرێ‌.
32- بەكارهێنانی (تحامیل) لە مانگی رەمەزاندا لەبەر نەخۆشی، چ بۆ پاش، چ بۆ پێش، زیان بە رۆژوو ناگەیەنێت، چونكە تەنها (جیماع) و خواردن و خواردنەوە زیان بەخشن.
33- بەكارهێنانی (مەرهەم) بۆ لێو، هیچ زیانێك بە رۆژوو ناگەیەنێت.
34- بەكارهێنانی (سیواك) لە ڕەمەزاندا دروستە، بە مەرجێك تامەكەی لەگەڵ توفدا قووت نەدرێ‌.
35- ئەگەر لە كاتی ئاو رادان لە دەم، ئاو چووە خوارەوە، زیانێك بە رۆژوو ناگات.
36- لیك قووتدان زیانی نییە، بەڵام (بەڵغەم) - كە لە سنگەوە هەڵدەكنرێ‌ – پێویستە قووت نەدرێ‌ و فڕێ‌ بدرێت.
37- خواردن و خواردنەوە لەكاتی بانگی بەیانیدا، پێویستە رۆژووەوان هەر كە بانگی بیست، دەست لە هەموو شتێك هەڵگرێت، ئەگەر بزانێت ئەو بانگە بەر لەبانگی بەیانی ناگوترێ‌.
38- قەزا كردنەوەی رۆژوو لە رۆژێكی وەك (عەرەفە) یان (عاشورا) دا، بە نییەتی قەزاو رۆژووی ئەو رۆژەش، پێویستە لەسەر ئەو كەسە قەرزارە، تەنها نییەتی قەرزەكەی لێبهێنێت، إن شا‌والله خودای میهرەبان پاداشتی هەر دووكیانی بۆ دەنووسێت.
39- بەكار هێنانی (پەمپ)ی هەناسە توندی (رەبوو)، رۆژوو هەڵناوەشێنێتەوە، چونكە ناگاتە گەدە، بەڵكو بۆ بۆری هەناسە دەچێت، خۆ ئەوەیش بە خواردن و خوادرنەوە دانانرێت.

بەروار2020/04/06سەردان 1109