لادانی گومان لەسەر پرسـیارە هـەتا هـەتاییـەكــان !! وە بۆچی.؟ (3)
لادانی گومان لەسەر پرسـیارە هـەتا هـەتاییـەكــان !!
- من أین = لە كوێوە..؟
- وإلی أین = بۆ كوێ..؟
- ولماذا = وە بۆچی..؟
پرسیاری سێیەم: لماذا خلق الإنسان؟ بۆچی مرۆڤ درووستكراوە..؟
ئەم پرسیاری سێهەمە پێویستە مرۆڤ لە خۆی بپرسێت - دوای ئەوە كە زانیی و بۆت دەركەوت كە درووستكراوی درووستكارێكەو پەروەردەكراوی پەروەردەكارێكە - بەسادەییەكەوە: لەم ژیانەدا بۆچی من درووستكراوم.؟ وە بۆچی من جیاكراومەتەوە لە بووەكانی تـر..؟ وە كاری گرنگی مـن چییە لەم بوونەوەرەدا...؟
وەڵامی ئەم پرسیارە بەلای خاوەن بڕواكانەوە ئامادەیە: شتێكی ئاشكرایە هەموو درووستكراوێك دەزانێ هۆی درووستكردنی درووستكراوەكەی چیە.؟ ئەزانێ بـۆ بـەو شێـوازە درووستی كـردووە..؟ نە بە شێوازێكی تر..؟
خوای پەروەردگار كە درووستكارو بەڕێوەبەری كارووباری مرۆڤە، با پرسیاری لێ بكەین: ئەی پەروەردگار بۆچی ئەم ئادەمیزادەت درووست كرد.؟ تەنها بۆ خواردن و خواردنەوە..؟ بۆ یاریی و گەمەو گاڵتە درووستت كرد..؟ درووستت كرد بۆ ئەوەی بەسەر زەوییدا بسووڕێتەوەو لە گژو گیای زەوی بخوات و، ئینجا ببێتەوە بە گڵ،! ئیتر لاپەڕەی ژیانی تەواو ببێ و هیچ پرسیارو وەڵام نەبێ و بێ سەرو شوێن بڕوات..؟ ئەگەر هەر ئاوا بێ سەروو شوێن بڕوا، كەوابوو هۆی ئەم هێزو دەسەڵاتە چیە – وەك: ژیریی و، هەست و ڕۆح و گیان – پێیدراوە..؟
خوای گەورەو پەروەردگار خۆی لە قورئانی پیرۆزدا ئەم وەڵامەی داوەتەوە كە: بۆیە ئینسانی درووستی كردووە تا ببێ بە جێنشین و (خەلیفە) لەم سەر زەوییەدا، وەك لە چیرۆكی حەزرەتی (ئادەم)ـداو لە سوورەتی (البقـرة)دا: ئەم مەبەست و گفتوگۆی فریشتانە ڕوون بووەتەوە: () وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً ...) (البقرة: ٣٠).
یەكەم شتێك لەم جێنشینیی و (خەلافەت)ــەدا بەدی دەكرێ ئەمەیە كە: مرۆڤ پەروەردگاری خۆی بە تەواوی بناسێ و بیپەرستێ، بۆیە خۆی (جل جلاله) دەفەرموێت: (اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ يَتَنَزَّلُ الْأَمْرُ بَيْنَهُنَّ لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ وَأَنَّ اللَّهَ قَدْ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيْءٍ عِلْمًا) (الطلاق: ١٢).
لەم ئایەتە پیرۆزەوە دەركەوت كە مەبەست لە درووستكردنی ئاسمانەكان و زەوییدا ناسینی (زاتی خوایە). وە دیسانەوە لە ئایەتێكی تردا هەمان مەبەستمان بۆ ڕۆشن دەكاتەوە بە ڕوونتــر: (وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ) (الذاریات: 56).
وە لە هەندێ فەرموودەی (قدس)ییدا هاتووە: ((عبادي إني ماخلقتكم لأستأنس بكم من وحشته، ولا لأستكثر بكم من قلة، ولا لأستعین بكم من وحدة علی أمر عجزت عنه، ولا لجلب منفعة ولا لدفع مضرة، وانما خلقتكم لتعبدوني طویلا وتذكروني كثیرا وتستبحوني بكرة وأصیلا)). واتە: ئەی بەندەكانم بۆ ئەوەم درووست نەكردوون – لەبەر تەنیایی – دڵ بە ئێوە ببەستم و (ئولفەت)تان پێوە بگرم، لە كەمی ژمارەدا نەبووە تا بەهۆی ئێوەوە زۆر ببین، وە نەبێ لەبێ دەسەڵاتیدا ئێوەم درووست كردبێت و بێ ئێوە ئیش و كارم پێ نەكرێ، لەبەر خاتری دەستكەوتنی كەڵك و سوودێك، وە یا دوور خستنەوەی زەرەرو زیانێك بوو بێت، نەخێر..!! لەبەر ئەوانە نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە بمپەرستن و یادم زۆر بكەنەوەو (تەسبیحات)م بۆ بكەن بەیانیان و ئێواران.
هەركەسێك تۆزێ ورد بێتەوەو سەرنج بدات لەم بوونەوەرەدا بۆی دەردەكەوێ كە هەرچی درووستكراوە ئەژیی و ژیان بەسەر دەبات، كارمەندی غەیری خۆیەتی و خزمەت بەوی تر دەكات، ئەوەتە ئەبینین ئاو بۆ زەوی كار دەكات، زەوییش بۆ ڕووەك، ڕووەكیش بۆ ئاژەڵ، ئاژەڵیش بۆ مرۆڤ.
ئەی مرۆڤ بۆ كێ .؟ واتە ئەگەر ورد بیتەوە دەبینی هەرچی شتە – بە زنجیرە - ئەژیی و كاریش دەكات بۆ غەیری خۆیی و دیاریشە چۆن ئەژیی و بۆ كێش ئەژی، بەڵام ئادەمیزاد ماوەتەوە كە بۆ كێ كار دەكات..؟
ئەو وەڵامەی (فیطرەت)و سرووشتی ئادەمیزاد پێی ڕازی ببێت ئەمەیە كە: ئادەمیزاد بۆ ناسینی خودا درووستكراوە، بۆ خواپەرستیی، بۆ ئەوەی هەستێ بە ئەركی سەرشانی خۆی، ڕەوان نییە – بە هیچ شێوەیەك - مرۆڤ خۆی بكات بە خزمەتگوزاری شتێكی تر لە زەوییدا، وە یا لە ئاسماندا، چونكە ئەوانە هەموویان ڕامكراون بۆیی و خزمەتگوزاری ئەو دەكەن، هەر لە خۆرەوە، هەتا مانگ و زەویی و... هتد.
كەوابوو چۆن ڕەوایە ئەم نۆكەرییان بكات، لە كاتێكدا ئەوان بۆ نۆكەری و خزمەتی ئەم درووستكراون..؟ بۆیە كڕنووش بردن بۆ خۆرو مانگ و ئەستێرەو ئاوو ڕووبارو ئاژەڵ و دارو درەخت زۆر جێگەی سەرزەنشتكردنی ئادەمیزاد بووە، بەتایبەتی قورئانی پیرۆز ئەو بابەتانە زۆر دەخاتە پێش چاوی ئادەمیزادوو دای ئەچڵەكێنێ و تانەو تەشەری لێ دەدات و پێی دەڵێ: مرۆڤ تەنها بۆ خوا درووست كراوە، بۆ پەرستنی ئەوە، نە دارو بەردو خۆرو...هتد.
پەرستنی هەرچی شتی تر هەیە – بێجگە لە زاتی خودا – هەر هەمووی چاو و ڕای (شەیتان)ەو سەر لێشێواوییە.
* لایەنی گرنگی هەموو پەیامە ئاسمانییەكان تەنها زاتی (الله)یە و هەر ئەویش بپەرستن (. . . اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ ...) (الأعراف: ٦٥).
بەڵێ ئەم پەرستنی زاتی خودایە بە تەنها، مەسەلەیەكی كۆنەو خوای پەروەردگار بەڵێنی لە یەكەم ئادەمی وەرگرتووەو، ئەویش ملی بەندایەتی بۆ ڕاكێشاوەو پێی لێناوە، وەك قورئانی پیرۆز ئەفەرمووێت: (وَإِذْ أَخَذَ رَبُّكَ مِنْ بَنِي آَدَمَ مِنْ ظُهُورِهِمْ ذُرِّيَّتَهُمْ وَأَشْهَدَهُمْ عَلَى أَنْفُسِهِمْ أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى شَهِدْنَا أَنْ تَقُولُوا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّا كُنَّا عَنْ هَذَا غَافِلِينَ (172) أَوْ تَقُولُوا إِنَّمَا أَشْرَكَ آَبَاؤُنَا مِنْ قَبْلُ وَكُنَّا ذُرِّيَّةً مِنْ بَعْدِهِمْ أَفَتُهْلِكُنَا بِمَا فَعَلَ الْمُبْطِلُونَ) (الأعراف: ١٧٢ – ١٧٣).
بۆیە لە قیامەتیشدا ڕووی وتەی دەكاتە تاوانبارەكان و پێیان دەفەرمووێت: (أَلَمْ أَعْهَدْ إِلَيْكُمْ يَا بَنِي آَدَمَ أَنْ لَا تَعْبُدُوا الشَّيْطَانَ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُبِينٌ (60) وَأَنِ اعْبُدُونِي هَذَا صِرَاطٌ مُسْتَقِيمٌ) (یس: ٦٠ – ٦١). ئەی - كاتی خۆی - پێم نەوتن (شەیتان) مەپەرستن، چونكە دوژمنتانە، پێم نەوتن: تەنها من بپەرستن، تەنها ئەمە ڕاستە.؟ ئەی بۆچی ئاوا خۆتان سەرشۆڕكرد..؟ كەوابوو ئەگەر بڵێین: خاڵی سەرەكی لە ناردنی (پێغەمبەر)ـەكان بەخەبەرهێنانەوەو ئاگاداركردنەوەی ئادەمیزاد بووەو بۆ ئەوەی دووركەوێتەوە لە بتپەرستیی و شتی وا، هیچ جێگەی سەرسوڕمان نیە، دیسانەوە هەر هەموویشیان درووشمیان هەر ئەمە بووە: (. . . فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ ...) (الأعراف: ٥٩). نووح و، هوودو، صالح و، ابراهیم و، لووگ و، شووعەیب و، هەر پێغەمبەرێك نێر درابێت بۆ لای گەلێكی بێ بڕوای ملهووڕ، یەكەم قسەیان هەر ئەوە بووە (. . . فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ مَا لَكُمْ مِنْ إِلَهٍ غَيْرُهُ ...) (الأعراف: ٦٥). (وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَسُولًا أَنِ اُعْبُدُوا اللَّهَ وَاجْتَنِبُوا الطَّاغُوتَ ...) (النحل: ٣٦). (وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا نُوحِي إِلَيْهِ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدُونِ) (الأنبیاء: ٢٥) (إِنَّ هَذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَأَنَا رَبُّكُمْ فَاعْبُدُونِ) (الأنبیاء: ٩٢). (وَإِنَّ هَذِهِ أُمَّتُكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَأَنَا رَبُّكُمْ فَاتَّقُونِ) (المؤمنون: ٥٢).
گشت فرمان پێكراوون بە خواپەرستیی..!
خوای گەورە فەرمانی داوە بەسەر پێغەمبەردا محمد s كە هەتا دەگەرێتەوە خزمەت خوای میهرەبان بەردەوام بێ لەسەر خواپەرستیی و تەنها ساتێك بێ ئاگاو غافڵ نەبێت: (وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ) (الحجر: ٩٩).
بەڵێ خواپەرستی لە كۆڵی مرۆڤ ناكەوێت، هەرچەندە پلەی خواناسیی تەواو بەرز بێتەوەو هەندێ شتیشی بۆ ڕۆشن بێتەوە، چونكە پێغەمبەران (علیهم الصلاە والسلام) هیچ كامێكیان لێیان نەبیسراوە بڵێن: ئیتر ئێمە خواپەرستیی و شتی وامان لەسەر نەماوە.. بۆیە خوای گەورە فەرمووی: تا دەمرن دەوامتان لەسەر خواپەرستی ببێ.
خوای پەروەردگار سەبارەت بە (عیسا) دووردی خوای لەسەر بێت دەفەرمووێت: هیچ كات (عیسا) بە عەیب و نەنگی نەزانیووە كە بەندەیەك بێت بۆ خودا، وە هەروەها فریشتە نزیكەكانیش.. (لَنْ يَسْتَنْكِفَ الْمَسِيحُ أَنْ يَكُونَ عَبْدًا لِلَّهِ وَلَا الْمَلَائِكَةُ الْمُقَرَّبُ ...) (النساء: ١٧٢) .
كەسانێكیش درۆو ناهەقییان هەڵبەستبێت بەدەم هەر پێغەمبەرێكەوە كە گوایە وتبێتی: بم پەرستن، ئەوە لە ڕۆژی قیامەتدا خوای گەورە لێیان دەپرسێتەوەو بە توندوتیژییەوە پرسیارییان لێ دەكات و سەری شۆڕیان پێ دا دەخات، بەتایبەتی شوێنكەوتووەكانی (عیسا) پێغەمبەر (s).. (وَإِذْ قَالَ اللَّهُ يَا عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ أَأَنْتَ قُلْتَ لِلنَّاسِ اتَّخِذُونِي وَأُمِّيَ إِلَهَيْنِ مِنْ دُونِ اللَّهِ قَالَ سُبْحَانَكَ مَا يَكُونُ لِي أَنْ أَقُولَ مَا لَيْسَ لِي بِحَقٍّ ...) (المائدة: ١١٦).
كەوابوو تەواوی ئایینەكان بێ جیاوازی فەرمانیان بە خواپەرستیی و یەكتاپەرستی داوە، وە فەرمانیان داوە كە لە (طاغوت) دووربگرن و بەهیچ شێوەیەك گوێڕایەڵیان نەكەن. كەوابوو دەركەوت لەم بوونەوەرەدا كە ئەركی سەرشانی مرۆڤ چیە..؟!!
وسبحانك اللهم وبحمدك، أشهد ان لا اله الا أنت استغفرك وأتوب إلیك، وآخر دعوانا أن الحمدلله رب العالمین.
18/11/1409 كۆچیی 21 - / 6 / 1989 زایینی ، نووسراوە
بەروار2020/04/05سەردان 1969