دیداری‌ به‌رێز مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆكی
دیداری‌ به‌رێز مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆكی

دیداری‌ به‌رێز مامۆستا مه‌لا تاهیر بامۆكی پێشنوێژو وتاربێژی مزگه‌وتی‌ عومه‌ری‌ كوڕی خه‌تاب

بسم الله الرحمن الرحیم
(( و اجعل لی لسان صدق فی الاخرین و اجعلنی من ورثة جنة النعیم ))

الحمد لله و الصلاة و السلام علی‌ حبیبنا محمد و علی‌ اله و اصحابه و من والاه ...

وه‌لاَمی‌ یه‌كه‌م / به‌ڕێزان بنه‌ماڵه‌ی‌ مامۆستا ( مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود )ی‌ ئیمام و خطیب و نووسه‌رو ڕۆشنبیرو بانگخوازو موجاهیدو دامه‌زراو له‌سه‌ر ڕێ تا ساتێ‌ نه‌واری‌ ته‌مه‌نی‌ پانی‌ پڕ به‌ره‌كه‌تی‌ ته‌واو بوو وه‌ دونیای‌ جه‌نجاڵ و پڕ ده‌ردی‌ سه‌ری‌ و مه‌ینه‌تی‌ به‌ جێ هێشت و به‌ كۆڵ و بارییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خزمه‌تی‌ په‌روه‌ردگاری‌..، سلاَوی‌ خواتان لێ بێت ، ڕه‌حمه‌تی‌ خواش ببارێ به‌سه‌ر گیانی‌ ئه‌و مامۆستاو خه‌مخۆرانه‌ی‌ له‌ قۆناغێكی‌ سه‌ختی‌ بانگه‌وازی‌ ئیسلامی‌ و ڕابووندا توانیان خزمه‌تێك بكه‌ن، ئه‌و ماوه‌یه‌ی‌ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ پێیان نایه‌ ناو ژیان و چاویان كرده‌وه‌و قۆناغی‌ لاوێتی‌ و هه‌رزه‌كارییان ده‌ستی‌ پێ كرد، دڵداریی‌ و عه‌شقی‌ گه‌نجی ئه‌و زه‌مانه‌ بریتی‌ بوو له‌ ده‌ست گرتن و ڕێنمایی‌ كردنی‌ لاوێك، له‌به‌ركردنی‌ سوره‌تێك له‌ قورئان و فه‌رموده‌یه‌كی‌ رسول الله بوو و كڕینی‌ نامیلكه‌ و گۆڤارێك بوو باسی‌ ئیسلامی‌ تیا بێت .
ئه‌و قۆناغه‌ به‌ لای‌ منه‌وه‌ خۆرگیرانی‌ ئیسلام بوو به‌ ته‌پ و تۆزو دووكه‌ڵی‌ مادیی‌ و ماده‌ په‌رستی‌ و جه‌ده‌لیه‌ت و خه‌ڵك خه‌ڵه‌تاندن به‌ ناوی‌ زانستی‌ سه‌رده‌مه‌وه‌ بۆ كوفرو ئیلحادو نۆكه‌ری‌ ئه‌و ولاَتانه‌ی‌ پڕ سكیان نان نه‌بوو بیخۆن، وه‌ نه‌وزو خه‌وه‌ نوچكه‌ ڕووی‌ له‌ چاویان نه‌ ده‌كرد، به‌لاَم وه‌ك ده‌لاَڵه‌ ده‌مبازه‌كه‌ی‌ مه‌یانی‌ ئاژه‌ڵ فرۆشی‌ ولاَتی‌ خۆمان، خه‌ڵكانێك نێره‌ بیدۆشه‌یان به‌م خه‌ڵكه‌ سروشت پاك و بڕوادارو كاسبكاره‌ی‌ ولاَتی‌ خۆمان ده‌كرد .
به‌ڵێ‌ جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌  یه‌كێك بوو له‌و گه‌نجه‌ خوێن گه‌رم و بیر تیژو دڵ به‌ جۆشه‌ی‌ فه‌قێیه‌تی‌ و قوتابێتی‌ په‌یمانگای‌ ئیسلامی‌ و ژیان له‌گه‌ڵ مامۆستای‌ موفه‌سیری‌ قورئانی‌ پیرۆز جه‌نابی‌ مامۆستا ملا عوسمان عبدالعزیز داو ده‌یان نوری‌ ڕێگاو چرای‌ هیدایه‌تدا هاتنه‌ مه‌یدان .
 توانیان ڕێگا بگرن له‌ شه‌پۆلی‌ گه‌نج خنكاندن و له‌ خشته‌ بردنیان، منیش مامۆستا ملا تاهیر بامۆكی‌ له‌ ڕێگای‌ نووسین و كتێبه‌كانی‌ مامۆستاوه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ ڕێگای‌ یاده‌ پیرۆزه‌كانی‌ ئیسلامه‌وه‌ له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ری‌ و له‌ ڕێگای‌ مزگه‌وت و میحراب و مینبه‌ری‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ سیروان له‌ ساڵه‌كانی‌ هه‌شتاوه‌ مامۆستام ناسی، زۆرمان سود وه‌رگرت له‌ كتێبه‌كانی‌، له‌ ووتاره‌كانی‌ له‌ یادی‌ له‌ دایكبوونی‌ سه‌روه‌رمانداو له‌ ووتاره‌كانی‌ هه‌ینی‌ .
له‌گه‌ڵ مامۆستای‌ نووسه‌ر مامۆستا حبیب محمد سعید و مامۆستا حسن شه‌مێرانی‌ و چه‌ندین براو مامۆستای‌ تردا به‌ خزمه‌تی‌ مامۆستا ملا ئه‌حمه‌دو مامۆستای‌ خۆشه‌ویست مامۆستا سید نجم الدین له‌ مجمعی‌ عه‌نه‌ب و سیروان گه‌یشتم .
یه‌كێ‌ له‌و بیره‌وه‌ریانه‌ له‌ بیرم ناچێته‌وه‌ خه‌ڵكی‌ به‌ شه‌ره‌فی‌ شارۆچكه‌ی‌ سیروان به‌ دوو تراكتۆره‌وه‌ ڕۆشتن بۆ ناوچه‌ی‌ نه‌ورۆڵی‌ و نه‌وه‌رو كه‌وته‌و بالاَمبۆ گه‌لاَ به‌ڕوو بهێنن كه‌پری‌ باش بۆ مامۆستا ملا ئه‌حمه‌دو مناڵ و میوانه‌كانی‌ دروست بكه‌ن، به‌لاَم قه‌ده‌ری‌ خوا مه‌كینه‌كه‌ وه‌رگه‌ڕابوو مه‌راق و داخێكی‌ زۆری‌ دا به‌ مامۆستا و دۆست و برایانی‌ مامۆستا .

وه‌لاَمی‌ دووه‌م / ئه‌وه‌ی‌ مامۆستا ملا ئه‌حمه‌د له‌و ماوه‌یه‌دا پێی‌ هه‌ڵ ده‌ستاو ئه‌نجامی‌ ده‌دا له‌ :
- ووتاری‌ به‌ پێزی‌ ڕۆژی‌ هه‌ینی‌
- ئامۆژگاری‌ پرسه‌و سه‌ر قه‌بران
- وته‌ی‌ یاده‌كان له‌ مولودو ئیسراو معراج و هجره‌ت و شه‌وانی‌ قه‌در و نووسینی‌ بابه‌تی‌ زیندوو به‌ سودو زۆر گرنگ بۆ لاوی‌ ئه‌و ڕۆژه‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ ده‌یان پیاو و گه‌نج و لاو له‌ ده‌وری‌ مزگه‌وت و ده‌رسه‌كانی‌ مامۆستا .
به‌لای‌ منه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كێكی‌ وه‌ك مامۆستاو مامۆستایانی‌ به‌ڕێزی‌ تر ئه‌یان كرد به‌ مه‌ڵبه‌ندێكی‌ حزبی‌ و سه‌نته‌رێكی‌ ڕۆشنبیری‌ و ڕێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ ئه‌م زه‌مانه‌ ئه‌نجام نه‌ ده‌درا .
ئه‌زانن بۆچی‌؟ چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ئیماندار خۆیی‌ و ماڵ و گیرفان و مناڵه‌كانی‌ وقف ئه‌كرد بۆ خواو نه‌سریه‌ و مه‌عاش نه‌بوو كورسی‌ و قه‌نه‌فه‌ و ئۆزمۆبیل و ده‌بڵ و دێڵ نه‌بوو  وماندوو ئه‌بویت، دڵت له‌ خزمه‌تی‌ رسوالله‌ دا ئه‌حه‌سایه‌وه‌ تینوێتیت به‌ باسی‌ ڕه‌یان ئه‌شكا .
ئولگوت خه‌باب و مصعب و سومه‌یه‌ و زه‌نیره‌ و به‌نان و زه‌ینب غه‌زالی‌ بوو .
به‌ننا و نورسی‌ و مه‌ودودی‌ و اقبال و زه‌هاوی‌ و صواف مه‌شخه‌لاَنی‌ ڕێگات بوون ، بۆیه‌ زۆر گه‌وره‌ سه‌یری‌ ئه‌و جوهد و جهاده‌ ده‌كه‌م .

وه‌لاَمی‌ سێ یه‌م / بانگه‌واز به‌رنامه‌ و مه‌نهه‌جی‌ كاری‌ هه‌موو ئیسلام خوازێكی‌ وریا و ئازا بوو له‌و ڕۆژگاره‌دا ، مامۆستا ملا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود یش چاكی‌ مه‌ردانه‌ی‌ لێ كردبوو به‌ لادا .
 زۆر جولاَن و ته‌قالا بۆ گه‌یاندنی‌ ئیسلام و فشاری‌ حكومه‌ت و حزبی‌ حاكم له‌و لاوه‌ و ماركسیه‌ت و شوعیه‌ت له‌م لاوه‌ كارێكیان ئه‌كرد مامۆستا و موسڵمانان له‌م قۆزاخه‌و قاڵبه‌ی‌ خۆیاندا جێگایان نه‌بێته‌وه‌، سه‌رهه‌ڵدانی‌ جیهادی‌ ئه‌فغانی‌ دژ به‌ له‌شكری‌ سوری‌ ڕووسی‌ و شكانیان له‌وێ و سه‌رهه‌ڵدانی‌ شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌ بنا گوێی‌ ئێمه‌ی‌ كورد له‌ كوردستاندا و باركردن و بانگ كردن و گرتن و كوشتن و شه‌ڕی‌ بێ فه‌ڕی‌ عێراق و ئێران كارێكیان كرد هیجره‌تیش فه‌رز بێـت، دوای‌ ده‌رچوون له‌ كوردستانی‌ عێراق و گیرسانه‌وه‌ له‌ ئۆردوگاكانی‌ ئێران و فشاری‌ به‌عس و قڕكردن و كاولكردنی‌ كوردو كوردستان وه‌ له‌ مه‌یدانا غائب بوونی‌ ئیسلامیه‌كان، ده‌سته‌یه‌ك له‌ زانایان شاره‌زایانی‌ ئاینی‌ ئیسلام به‌ ئیجتیهاد و استنباگێك له‌و زه‌مین و زه‌مانه‌دا كردیان، به‌ پێویستیان زانی‌ ئه‌بێ جوهدو جیهادێك به‌رپا بكرێت و ڕابگه‌یه‌نرێت بۆ دفاع له‌ مه‌زڵومییه‌تی‌ گه‌لی‌ كورد و بۆ پاراستنی‌ به‌ها بالاَكانی‌ ئیسلام و نه‌فه‌وتانی‌ ئه‌و هه‌موو گه‌نجه‌ خوێن گه‌رمه‌ی‌ له‌ ناو صحوه‌ و ڕیزی‌ برایانی‌ موسڵمان و مه‌دره‌سه‌كانی‌ تری‌ ئیسلامدا جێگه‌یان نه‌ ئه‌بوویه‌وه‌ و خۆیان بۆ كۆنترۆڵ نه‌ ئه‌كرا به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو سته‌م و سوكایه‌تی‌ و گاڵته‌جاڕییه‌ی‌ به‌ ئیسلام و موسڵمانانی‌ كوردستان ئه‌كرا، بۆیه‌ له‌ دوای‌ هیجره‌ت جیهادیش ده‌ستی‌ پێ كردو مامۆستاو مامۆستایانی‌ ترو چه‌ند هه‌زار كه‌س چوونه‌ مه‌یدانی‌ خه‌بات بۆ ڕزگاری‌ كورد و كوردستان به‌لاَم به‌ ئایدۆلۆجیایه‌كی‌ ئیسلامیه‌وه‌ .
له‌وانه‌یه‌ لێره‌ و له‌وێ زۆرێك له‌ خه‌ڵك ڕه‌خنه‌ و تانه‌ و توانج بگرن و بگرنه‌ ئه‌و جیهاد و اجتهاده‌ به‌لاَم من دڵنیام هه‌ركه‌س ئیش نه‌كاو دانیشێ هه‌رگیز هه‌ڵه‌ ناكا .
یاریزان و یاری‌ چی‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ یاریدا كه‌ف ئه‌چه‌ڕێنن و شڵپه‌ی‌ عاره‌قیان دێت و گوڕی‌ بۆ ئه‌خۆنه‌وه‌ شوتێ لێ بده‌ن گۆڵێ بكه‌ن و گره‌و له‌ به‌رامبه‌ریان ببه‌نه‌وه‌، بابای‌ ناو مه‌دره‌جه‌كه‌ش خه‌ریكی‌ بیبسی‌ خواردنه‌وه‌ و نه‌سته‌له‌ خواردنه‌ زوو زوو ئه‌ڵێ ده‌ك قاچت بشكێ توخوا ئه‌وه‌ شوت ئاوا لێ ئه‌درێت؟! به‌ هه‌رحاڵ هه‌رچی‌ كراوه‌ ئه‌ڕواته‌وه‌ به‌ر باره‌گای‌ خوایه‌ك هیچی‌ لێ وون نابێت و له‌سه‌ر (مپقال ژره‌) خێرو شه‌ڕ پاداشت و سزای‌ داناوه‌ .
له‌ خشته‌ی‌ پای‌ مور ئاگاو خه‌به‌ردار
                                          صاحب ڕه‌حمه‌ته‌و غه‌زه‌ب بێ شومار
له‌وێ ده‌ر ئه‌كه‌وێت چی‌ بۆ خۆا بووه‌ و چی‌ بۆ خۆم .

- به‌ڵێ هه‌ر سێ چمكه‌كه‌ له‌ ژیانی‌ مامۆستادا ڕه‌نگی‌ دابوویه‌وه‌.

وه‌لاَمی‌ چواره‌م / بوونی‌ مامۆستا له‌ مزگه‌وت نه‌بێ له‌ میحراب و سه‌ر مینبه‌ردا بێت له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ڕزگاریخوازیدا  ئه‌بێ پێشه‌نگ و پێشه‌وا بن تا خه‌ڵك به‌رچاوو ڕێگای‌ ڕوون بێت و نه‌كه‌ونه‌ به‌رو پشتی‌ ڕێ، به‌لاَم دوو هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌ ڕووی‌ كردۆته‌ بزووتنه‌وه‌ و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان و زانایانی‌ ئاینی‌ به‌ بۆچوونی‌ من كاره‌كه‌ی‌ شێواندوه‌ و په‌نجه‌ری‌ كردووه‌:
1- زانایان بزانن و نه‌زانن ، بتوانن و نه‌توانن ، زۆرێكمان پێمان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مامۆستاو مه‌لاین هه‌ر ئه‌بێ سه‌رو سه‌ركرده‌ بین، ئه‌گینا گوناحه‌و عه‌یبه‌و بۆ دین زه‌ره‌ری‌ هه‌یه‌ و ناكرێت زانا ڕابه‌ر و ئیماندار و به‌رپرس و قازی‌ نه‌بێت، كه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ش زۆر دووره‌ له‌ ڕۆحی‌ ئیسلام . كار له‌ ئیسلامدا به‌ پێوه‌ری‌ زانین و توانین ئه‌درێت به‌ سه‌ر ئه‌ندامه‌كاندا، نه‌ك به‌ پێی‌ ناوونیشان و بنه‌ماڵه‌و پێشینه‌ له‌ دینداریدا، ئه‌گه‌ر پێی‌ نه‌بێت نایدرێتێ‌، زۆرێك مامۆستای‌ شاره‌زا له‌ علومی‌ شه‌رعی‌ وازیان هێنا له‌ مه‌دره‌سه‌ و میحراب و مینبه‌ر بۆ مێزو كورسی‌ و ناو و ناتۆره‌ی‌ حیزبی‌، جا دوو زه‌ره‌ریاندا یه‌كێ: خۆیان پوكانه‌وه‌ و فه‌وتان، دوو: كاره‌ ئیسلامیه‌كه‌ش وه‌ك پێویست ئه‌نه‌جام نه‌درا و نادرێ .
2- ڕه‌وت و بزاوت و لایه‌ سیاسیه‌ ئیسلامیه‌كانیش تا ئه‌ندازه‌یه‌ك خزمه‌تیان به‌ زانایان نه‌كردو كاریان نه‌كرد له‌ سه‌ر گه‌شه‌ پێدان و كاراكردنی‌ زانایان له‌به‌ر:
أ- له‌ناو ئیسلامیه‌كاندا به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ مه‌لاو كاری‌ سیاسی‌ كوجا مه‌رحه‌با، له‌ ڕوو بزه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن بگره‌ ده‌ستیشت ماچ ده‌كه‌ن، به‌لاَم دوای‌ ده‌رچوونت له‌ ئۆرگانه‌كه‌، بێ قه‌زا بێ بۆ ناڕۆی‌ تجویدی‌ خۆت بخوێنی‌ و به‌رنوێژیه‌كه‌ت بكه‌یت ؟!!
ب- زانای‌ حیزبی‌ به‌چاو ئه‌بینێ و به‌ گوێ ئه‌بیستێ ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و پێی‌ گه‌یاندن بانگی‌ كردن، وا فڕین له‌ حزب و حكومه‌تدا، له‌ سه‌فه‌رو سیاسه‌تدا، له‌ خانوو قه‌نه‌فه‌و قه‌واڵه‌دا له‌مه‌عاش و مه‌عیشه‌تدا كوڕو كچه‌كانیان هه‌ر به‌ قوتابی‌ كۆلێژ و به‌رپرسی‌ سه‌نته‌ر و ئۆرگانه‌كانی‌ حیزبین !! ماڵی‌ مامۆستا و مناڵی‌ مامۆستا و ژنی‌ مامۆستایش، ئه‌بێ میراتگری‌ ئه‌بو زه‌ڕو وه‌یس القرن و بشری‌ حافی بن، بۆیه‌ مامۆستا دوو مه‌راق و دوو داخ و دوو هێرش و دوو ده‌ردی‌ بێ ده‌رمان ڕه‌گی‌ حه‌یاتی‌ سست ئه‌كه‌ن و كه‌مه‌ری‌ شل ئه‌كه‌ن و له‌ قه‌لانیش ئه‌بێت و له‌ مه‌لانیش به‌ جێ ئه‌مێنێت .
وه‌ك جاری‌ جاران مه‌لایه‌تی‌ پاك و بێ گه‌ردی‌ بۆ خوا صوڵحاوی‌ پێ ناكرێ چونكه‌ په‌تای‌ حزبایه‌تی‌ په‌كی‌ خستووه‌ و له‌ ناو جه‌ماوه‌ردا لیخن و چڵكن بووه‌ و فاس و تایدیش لێی‌ ناكاته‌وه‌ و قورئانه‌ ڕه‌شی‌ فتاح میراولیش له‌ مل بكات ده‌ستی‌ پیا بدا هه‌ر باوه‌ڕی‌ پێ ناكه‌ن و به‌ تاكتیك و په‌ر له‌ی‌ تێ ئه‌گه‌ن .
له‌و لایشه‌وه‌ له‌ حیزبدا ڕۆژی‌ مه‌ترێ بۆ پێشه‌وه‌ و دوو مه‌تر بۆ دواوه‌ ئه‌ڕوات، ئه‌گه‌ر زۆر خاتری‌ بگرن له‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ڕۆڵی‌ كارای‌ پێ ده‌بینن، ژنی‌ مناڵی‌ له‌بار بچێ و ماڵی‌ خه‌رمانیان بسوتێ و مه‌جلیسی‌ ته‌عزیه‌و صولح و بروسكه‌یه‌كی‌ ساردو سڕ ڕه‌وانه‌ ئه‌كات و زۆر جاریش له‌ به‌ر نه‌بوونی‌ كات ته‌نها ناوی‌ لایه‌نی‌ بروسكه‌ نێره‌ره‌كه‌ ئه‌خوێننه‌وه‌ و مامۆستایش هاته‌وه‌و هیچیان نه‌دایه‌ .
به‌لاَم ئه‌گه‌ر مامۆستایان ڕۆڵی‌ باوك و ڕێگای‌ به‌هه‌شت نیشاندان و به‌یان كردنی‌ ئیسلامی‌ پاك و بێ گه‌ردیان ببینیایه‌و له‌ جیهانی‌ سیاسه‌ت و ڕووداوه‌كانی‌ ڕۆژ و پێشكه‌وتنی‌ ته‌كنه‌لۆجیا به‌ جێ نه‌مایه‌ هه‌زاری‌ خێر و دوو هه‌زاری‌ به‌ره‌كه‌ت بوو .
وه‌لاَمی‌ پێنجه‌م / نه‌خێر له‌ پاشكۆ و چه‌مه‌له‌قدان ئه‌وه‌تا ئه‌یانه‌وێ مێزه‌ره‌كه‌ی‌ قازی‌ كۆماری‌ مهابادیش لا ببه‌ن و مۆركی‌ ئیسلامی‌ به‌ یه‌ك به‌ یه‌كی‌ ئه‌و پێشه‌وایانه‌وه‌ نه‌مێنێ .

وه‌لاَمی‌ شه شه م / به‌ڵێ مردنی‌ عالمێك مردنی‌ عاله‌مێكه‌ زانایش به‌ ئه‌نه‌دازه‌ی‌ ڕۆڵی‌ له‌ ژیان و ژینی‌ ئاینه‌كه‌ی‌ و گه‌له‌كه‌یدا بۆشایی‌ دروست ئه‌كات به‌ مردن و شه‌هید بوونی‌ ، به‌لاَم ( لا یكلف الله نفسا الا وسعها ) ( حسبه قد بلغ ) خوا جێگای‌ پڕ بكاته‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ به‌هه‌شتدا بحه‌سێته‌وه‌ .

وه‌لاَمی‌ حه وته‌م / پێش وه‌فاتی‌ مامۆستا له‌ تبون و شڵه‌ژانێك ڕووی‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ و ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌كان كردبوو به‌ مردنی‌ مامۆستایش كه‌لێنێكی‌ ترو خه‌مێكی‌ تر ڕووی‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ كرد و موسڵمانان و ئیسلامیه‌كانیش زانایه‌كی‌ ڕۆشنبیرو خاوه‌ن هه‌ڵوێست و بوێریان له‌ ده‌ست ده‌رچوو .

وه‌لاَمی‌ هه شته م / په‌یامم بۆ مناڵه‌كانی‌ و كه‌س و كار و هه‌واداران و قوتابیانی‌ و هاوڕێبازانی‌ ئه‌وه‌یه‌ بزانن و بڕوانن چی ( ئه‌حمه‌د كاكه‌ی‌ یالاَنپێ )ی‌ كرد به‌ مامۆستا ملا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمودی موجاهدو موفه‌سیرو ڕۆشنبیرو ڕه‌وان بێژ هه‌وڵی‌ بۆ بده‌ن به‌ڵكو یه‌كێ تری‌ وه‌ك ئه‌وتان تیا هه‌ڵكه‌وێ ( و ما ذلك علی‌ الله بعزیز ) .
بەروار2020/03/30سەردان 723