دیداری‌ به‌رێز مامۆستا مه‌لا محمد ئه‌مین ئاشوری‌
دیداری‌ به‌رێز مامۆستا مه‌لا محمد ئه‌مین ئاشوری‌

                                             دیداری‌ به‌رێز مامۆستا مه‌لا محمد ئه‌مین ئاشوری‌ هاورێی‌ مامۆستاو زانای‌ ئایینی‌ ده‌ڤه‌ری‌ رانیه‌.
    
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د قه‌لاَیه‌ك بو بۆ ئیسلام !

بسم الله‌ الرحمن الرحیم
الحمدالله رب العالمین، والصلاه‌ والسلام علی‌ خاتم الانبیا‌ء والمرسلین وعلی‌ آله وصحبه أجمعین، ومن تبعه باحسان الی‌ یوم الدین..

گه‌ر به‌چاوی‌ سه‌رنجه‌وه‌ بڕوانینه‌ مێژووی‌ ژیانی‌ هه‌ڵكه‌وتوانی‌ جیهان و كه‌ڵه‌پیاوانی‌ فیكرو عه‌قیده‌و بواری‌ سیاسه‌ت ده‌بینین هه‌ر یه‌كه‌ی‌ له‌ بوارێ‌ یان زیاتر له‌یه‌ك بواردا پسپۆڕو شاره‌زا بووه‌ له‌ڕێی‌ خزمه‌تكردنی‌ دڵسۆزانه‌ی‌ له‌و بواره‌دا به‌ مرۆڤایه‌تی‌.
به‌لاَم له‌ مێژوودا ناوازه‌ن ئه‌وانه‌ی‌ له‌ یه‌ك كاتدا بتوانن وه‌ك جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود سه‌ركرده‌بن، بیریابن، نوسه‌ر بن، موجاهیدبن، حه‌ق شوناس بن، حه‌ق بێژ بن، سیاسه‌ت مه‌دار بن، موفه‌سیر بن، چه‌ك و قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ست بن،كۆڵنه‌ده‌ر بن،له‌ گه‌یاندنی‌ ئه‌و بانگه‌وازو په‌یامه‌ی‌ هه‌ڵیان گرتووه‌.
ڕوون و ئاشكرایه‌ پله‌و پایه‌و ڕێزی‌ زانایان لای‌ خوای‌ گه‌وره‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ر (د. خ) ده‌فه‌رموێت: ( مردنی‌ زانایانی‌ ئیسلام مردنی‌ گه‌لێكه‌).
سه‌ره‌تای‌ ناسینی‌ من بۆ جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود له‌ شاری‌ (سنه‌)ی‌ كوردستانی‌ ئێران بوو له‌ ساڵی‌ 1987. له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی‌ خه‌به‌رمان بیست كه‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود هاتووه‌و زۆرم پێخۆش بوو له‌ نزیكه‌وه‌ ناسیم و تعارفم له‌گه‌ڵ جه‌نابیان كرد، ئه‌و كاته‌ مامۆستا له‌ عیلاقاتی‌ رابیته‌ بوو له‌ سنه‌ له‌ ساڵی‌1987، وه‌ له‌ ساڵی‌ 1980 ه‌وه‌ مامۆستای‌ بانگخوازو چاو نه‌ترس كه‌ ڕۆڵێكی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمی‌ به‌عس و دوژمنی‌ گه‌لی‌ مسوڵمانی‌ كورددا دوور به‌دوور ناسیوه‌.
مامۆستا له‌ ماوه‌ی‌ ژیانی‌ خۆیدا هه‌میشه‌ به‌ وتاره‌ به‌نرخه‌كانی‌ و خوتبه‌و موناسه‌به‌ته‌كان و كتێب و نامیلكه‌ به‌سوده‌كانی‌ قه‌لاَیه‌ك بوو بۆ ئیسلام، وه‌ تیرێكی‌ كوشنده‌ بوو بۆ سه‌ر دڵی‌ به‌عس و به‌عسییه‌كان. مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود هه‌میشه‌ هه‌ڵوێستی‌ نه‌گۆڕو به‌ مه‌وقیف بوو له‌ خزمه‌تكردن به‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ له‌ كوردستاندا هه‌ر به‌م نه‌گۆڕیه‌ش ماڵئاوایی‌ لێكردین.
له‌ ساڵی‌ (1987) دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حزبی‌ به‌عس ده‌ستی‌ كرد به‌ شالاَوی‌ قه‌تڵ و عامكرنی‌ گه‌له‌ مه‌زڵومه‌كه‌ی‌، مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود له‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستان جه‌نابی‌ مامۆستا بڕیاریدا زێدو شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ جێبهێڵێت و ڕوبكاته‌ شاخه‌كانی‌ كوردستان تا به‌چه‌ك به‌ره‌نگاری‌ ڕژێم ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو بوویه‌ یه‌كێ له‌دامه‌زرێنه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ و له‌ خزمه‌ت پایه‌به‌رز جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لاعوسمان عبدالعزیزو مامۆستا به‌رێزه‌كانی‌ تر.
به‌ ڕاستی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود یه‌كێك بوو له‌ دامه‌زرێنه‌رو گه‌رم و گوڕكردنی‌ شۆرش و خه‌باتی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا، مامۆستا هه‌روه‌كو له‌ سالاَنی‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ به‌ نوسین و وتار خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ جۆش ده‌دا به‌ هه‌ستی‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وایه‌تی‌ و خۆشه‌ویستی‌ نیشتمان و میلله‌ته‌كه‌ی‌، هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ش له‌ مه‌یدانی‌ شاخ و چه‌كداریی‌ و جیهادو تێكۆشانیشدا ئه‌و به‌رێزه‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا دڵسۆزیی‌ و خۆشه‌ویستیی‌ و لێهاتوویی‌ و بوێری‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ كاریگه‌رانه‌ی‌ هه‌بوو له‌ ناساندن و گه‌یاندنی‌ ئه‌و په‌یامه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ هه‌ڵیگرتبوو تا بیگه‌یه‌نێت به‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌، ئه‌ویش په‌یامی‌ ئیسلام و ڕزگار كردنیان بوو له‌ ژێر ده‌سته‌یی‌ و زوڵم و سته‌می‌ به‌عس.
وه‌ ده‌توانم به‌و په‌ڕی‌ قه‌ناعه‌ته‌وه‌و به‌ ئه‌زیمه‌ته‌وه‌ بڵێم بوونی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان ڕابه‌ری‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ و وه‌ بوونی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا كاریگه‌ریه‌كی‌ زۆر گرنگی‌ هه‌بووه‌ له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان.
بۆیه‌ پێم وایه‌ بوونی‌ زانایانی‌ ئایینی‌ له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كاندا زه‌روره‌تێكی‌ حه‌تمیه‌و ڕه‌مزو ئومێد به‌خشه‌ له‌ تێڕوانین و تێگه‌یشتنی‌ خه‌ڵك بۆ جیهادو خه‌بات و شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ كوردستاندا به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، بێگومان نه‌بوونی‌ زانایان و مه‌ندیل سپیانی‌ پاكی‌ هاوشێوه‌ی‌ مامۆستا له‌ ناو شۆڕش و حه‌ره‌كاتی‌ ئیسلامیدا به‌ تایبه‌تی‌ له‌ زروفی‌ ئێستادا سلبیات و كاریگه‌ری‌ خراپی‌ ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت زۆر به‌ جیددی‌ مامۆستایانی‌ ئایینی‌ بكاته‌ سه‌رقافڵه‌ی‌ یاساو قانون، زۆریش گرنگیان پێ‌ بدات و زه‌مینه‌یان بۆ خۆش بكات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئازادانه‌و بێ‌ سانسۆر خستنه‌ سه‌ریان به‌ ته‌واوی‌ بتوانن كاری‌ ئایینی‌ و ئیسلامیی‌ وه‌كو خۆی‌ به‌ میلله‌ته‌كه‌مان بگه‌یه‌نن، دووباره‌ ده‌ڵێم به‌ ڕاستی‌ له‌ ده‌ستدانی‌ هه‌ر زانایه‌ك له‌ ده‌ستدانی‌ میلله‌تێكه‌ به‌ تایبه‌تی‌ زانایه‌كی‌ وه‌كو مامۆستای‌ كۆچ كردوو خه‌ساره‌تێكی‌ گه‌وره‌یه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ زروفی‌ ئێستای‌  كوردستان و میلله‌تی‌ كورد ئێستاش كه‌ له‌ ساڵیادی‌ ئه‌وجوانه‌ مه‌رگه‌دایین له‌خوای‌ گه‌وره‌ داواكارین هه‌وڵ و شه‌ونخونی‌ و جیهادو ماندووبونه‌كانی‌ لێ‌ قبوڵ كردبێ‌ و گۆڕی‌ پیرۆزی‌ پڕ بێت له‌ نوری‌ خوایی‌ و به‌ به‌هه‌شتی‌ به‌رین شاد بوو بێت انشاالله‌.

هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت له‌ گیانی‌ پاكی‌ ئه‌م شاسواره‌ی‌ كاروانی‌ قه‌ڵه‌م و جیهاد بێت.
   ‌ 579 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌27/02/2014

بەروار2020/03/30سەردان 667