درووستکردنى ئاسمانەکان و زەویی.

درووستکردنى ئاسمانەکان و زەویی.

(ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِيَ دُخَانٌ) پاش دروستکردنى زەویى، ئیرادەو ویستى دروستکردنى ئاسمانیشى کرد. کە وەک دووکەڵێ وابوو. (ئیبن کەسیر) دەڵێت: کاتێ زەویى دروست بوو، جۆرە هەڵمێک کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن: دونیاى سەدیم وەک هەور لاى سەرووى گرتبوو، جا لێرەدا هەڵدەگرێ زەوى لە پێش ئاسمانەوە دروست بووبێ، هەڵیش دەگرێ ئاسمان بەر لە زەویى دروست بووبێت، بەڵام سوورەتى (نازعات) ئەمە ڕوون دەکاتەوە، جگە لەوەیش زانیاریى ئەمڕۆ پشتگیرى ئەوەى کردووە کە زەویى بەر لە دروستبوونى ئاسمان بووە، بەڵام ئامادەبوونى بۆ ژیان، دواى دروست کردنى ئاسمان بووە. (ناوەندى کوردستان بۆ ئیعجازى زانستى لەقورئان و سوننەتدا دەڵێن: لە ئاماژەى ئیعجازى ئەم ئایەتانە دەردەکەوێت کە دروستبوونى ئاسمان پێش ڕێکخستنى زەوى بووە کە زانستى ئەمرۆش ئەمە دەڵێت)، وەک دەفەرموێ: (فَقَالَ لَهَا وَلِلأَرْضِ اِئْتِيَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا) ئینجا خوا بە ئاسمان و بە زەویى فەرموو: ببن و شکڵى خۆتان بگرن و، ملکەچ بن، چ بەزۆر چ بەئارەزوو، چونکە بڕیار دراوە کە دەبێ دروست ببن (قَالَتَا أَتَيْنَا طَائِعِينَ) ئەوانیش وتیان: وا بەخۆشیى و ملکەچ بوون، هاتین و شکڵى خۆمانمان وەرگرت (فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ) جا حەوت ئاسمانى لە ماوەى دوو رۆژدا - جگە لە چوار رۆژەکەى تر- بە تەواوى دروستکرد (وَأَوْحَى فِي كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا) و لە هەر ئاسمانێک چى دەویست بڕیارى بۆدا. کەوابوو ئاسمان و زەویى، هەردوو پێکەوە لە ماوەى (6) رۆژدا دروستکراون، (واتە: ڕۆژى یەکشەممە، بۆ ڕۆژى هەینى)، شیاوى باسە، لە چەند سورەتێکى قورئانیشدا ئەو (رۆژ)ـە باس کراوە، بۆ نموونە لە سوورەتى حەجدا، ئایەتى (47) دەفەرمووێ: (وإن يوما عند ربك كألف سنة مما تعدون) وە لە سوورەتى: (السجدة/5) دا دەفەرموێ: (ثم يعرج إليه في يوم كان مقداره ألف سنة مما تعدون) وە لە: (المعارج/4)دا ئەفەرمووێ: (تعرج الملائكة والروح إليه في يوم كان مقداره خمسين ألف سنة). گومان نیە لەوەدا کە دیاریکردنى کات و زەمەن و زەمان، بە رۆژو ساڵ و مانگ: بەو پێیە کە ئێستا مرۆڤ لەسەر ئەم زەویە دەژى، بەپێى سوڕانەوەى زەوییە بە دەورى خۆردا، ئەگینا ئەگەر بڕۆیت بۆ ئەستێرەیەکى ترى ئاسمان، ئەوا رێژەى درێژیى و کورتى رۆژەکە دەگۆڕدرێ. بەهۆی دووری زەوی لە خۆرەوە، بە 365 ڕۆژ، (واتە ساڵێک) یەک خول بەدەوری خۆردا تەواو دەکات، کەچی هەسارەی عەتارد کە نزیکترینە لە خۆرەوە تەنها بە (88 ڕۆژ) ئەم خولە تەواو دەکات، بەڵام هەسارەی پلۆتۆ کە دورترینە لە خۆرەوە ئەم خولە بە (90,560 ڕۆژ) تەواو دەکات، کە دەکاتە (248 ساڵی) زەوی.! والله أعلم.

ئەحمەد كاكه مەحموود


بەروار2020/04/05سەردان 771