دیداری‌ به‌رێز مامۆستا عوزێر حافظ نذیر

دیداری‌ به‌رێز مامۆستا عوزێر حافظ نذیر دۆست و هاورێی مامۆستا

به‌ناوی خواوه‌ندی باڵاده‌سته‌وه‌

وا به‌ كورتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌م نارده‌وه‌ خزمه‌تتان. به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی توانیبێتم مڵۆیه‌ك بخه‌مه‌ سه‌ر خه‌رمانی ژیانی پڕ به‌ره‌كه‌تی مامۆستای خوالێخۆشبوو مامۆستای موجاهیدو زاناو نووسه‌رو عارف. له‌گه‌ڵ داوای لێبوردن ئه‌گه‌ر نه‌متوانیبێت وه‌ڵامی پرسیاره‌كان حه‌قی خۆیان بده‌مێ. داواكارم له‌ خودا كۆچ كردوومان دڵی ئاسووده‌ و ئارام بێت و زمان حاڵی (یا لیت قومی یعلمون بما غفرلی ربی و جعلنی من المكرمین)

وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌م:
سه‌ره‌تای ناسین و ئاشنا بوونم له‌گه‌ڵ مامۆستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵه‌كانی هه‌فتا به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی نووسین و به‌رهه‌م و وتاره‌كانیه‌وه‌ ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزه‌مناسی كه‌ سه‌ره‌تای جمووجوڵی بزافی ئیسلامی و لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و ئیمانی بوو، له‌ بیرم ناچێت دوای وێرانكردنی گونده‌كانی كوردستان و درووستكردنی كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكان، كۆمه‌ڵگای سیروان یه‌كێك بوو له‌و ئۆردووگا زۆره‌ملێیانه‌ كه‌ تێیدا بێ ئۆمێدی و بێ هیوایی دڵ و ده‌روونی موسڵمانانی داگرتبوو. له‌و كاتانه‌دا پێویستیان به‌ كه‌سێكی دڵسۆز و غه‌مخۆر هه‌بوو كه‌ نه‌یه‌ڵێت ئه‌و كاره‌ساته‌ كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر بیرو باوه‌ڕو ره‌وشتی به‌رزیان، مامۆستای كۆچكردوو به‌ هاوكاری نووسه‌رو بانگخوازو رۆشنبیر مامۆستا حبیب محمد سعید توانییان ئه‌و رۆڵه‌ به‌خزمه‌ته‌ ببینن و ناوچه‌ی شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان سوودمه‌ند ببن له‌ وتاروو وانه‌و به‌رهه‌مه‌كانیان.
 ئێمه‌ش سه‌ره‌تای لاویه‌تی و كاری ئیسلامیمان بوو، زۆرجار ده‌هاتینه‌ ئۆردووگای سیروان بۆ ئاماده‌بوونی ووتاره‌كانی مامۆستای كۆچ كردوو رۆژێكی هه‌ینی ده‌ستی خسته‌ سه‌رشانم و فه‌رمووی:( ئۆمێدم به‌ تۆ زۆره‌ حه‌ز ده‌كه‌م خۆت له‌ كاری مه‌لایه‌تی و بانگخوازیدا سه‌رقاڵ بكه‌یت انشاالله به‌ حیكمه‌ت و عیلم و به‌ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆت پڕ چه‌ك بكه‌ و ئیخڵاص و ته‌قواش هه‌وێنی هه‌موو كارێكت بێت و بیرت نه‌چێت.) ئه‌مه‌ خۆشترین یاداوه‌ریمه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌و مامۆستایه‌دا كه‌ هه‌رگیزله‌ بیرم ناچێت و پیاده‌م كرد له‌ ژیانمدا.

وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌م :
هه‌زاران ره‌حمه‌تی لێ بێت مامۆستا ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ بوو كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه‌ له‌ ناو هاوته‌مه‌ن و هاوكاره‌كانیدا به‌وه‌ ناسراو بوو كه‌ ئایه‌تی (ادع الی سبیل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة وجادلهم بالتی هی احسن) له‌ ژیانیدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كردو قۆناغ به‌ندی ده‌كردو به‌ پێی پێویستی ئیسلام جیهادی ده‌كرد، رۆژانێ هه‌بوو به‌ وتاروو ئامۆژگاری و وانه‌ی تایبه‌تی سه‌رقاڵ بوو قۆناغێ هه‌بوو پێویستی به‌ ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ندێك گومان و پڕو پاگه‌نده‌ی دژ به‌ ئیسلامی ده‌كردو به‌ نووسراوه‌ پڕ سووده‌كانی توانی توێژی رۆشنبیران وریا بكاته‌وه‌، قۆناغێكیش هاته‌ پێش پێویستی به‌ جیهادی چه‌كداری ده‌كرد دژ به‌ رژێمی به‌عس له‌ ساڵه‌كانی 1980 و مامۆستای ره‌حمه‌تی له‌م لایه‌نه‌شه‌وه‌ قۆڵی لێ هه‌ڵماڵی و به‌ توانایه‌كی زۆره‌وه‌ له‌م بواره‌شدا كه‌سایه‌تی خۆی سه‌لماند.

وه‌ڵامی پرسیاری سێیه‌م:
نه‌ك ته‌نها بانگه‌وازوو هیجره‌ت و جیهادی به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستبوو به‌ڵكوو لایه‌نی په‌روه‌رده‌یی و رۆحی و ئیمانی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، دیبلۆماسیشی هاوته‌ریب كردبوو كه‌ ئه‌م توانایانه‌ش  له‌ كه‌م كه‌سدا كۆ ده‌بنه‌وه‌ زیاد له‌مه‌ش ویقارو هێمنی كه‌سایه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو له‌ گه‌ڵ گه‌وره‌ گه‌وره‌و له‌گه‌ڵ مناڵ مناڵ و له‌گه‌ڵ رۆشنبیر رۆشنبیر بوو و رێزی له‌ هه‌موو كه‌س و هه‌موو ئاستێك ده‌گرت.

وه‌ڵامی پرسیاری چواره‌م:
بوونی زانای ئیسلامی له‌ ریزه‌كانی بزاف و رێكخراوه‌ ئیسلامی و سیاسیه‌كاندا پێویستیه‌كی حه‌تمی و گرنگه‌ به‌ڵام ده‌بێت بپرسین مه‌رج و نیشانه‌ی ئه‌و زانایانه‌ چین كه‌ ده‌توانن رۆڵ و كاریگه‌ریان  هه‌بێت؟
ئایا زانایه‌تی به‌ پۆشاك و كاری مه‌لایه‌تییه‌؟  یان زانای ئیسلامی راسته‌قینه‌ پێناسه‌و كه‌سایه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ زانای ئیسلامی ئه‌بێت شاره‌زایی قورئان و سونه‌ت و شه‌رع و فكر و پیلانی ناحه‌زان و خواناس و بانگخواز بێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو نه‌ك ناتوانێت رۆڵ ببینێت له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌كاندا، به‌ڵكوو زیانی ئه‌بێت و نابێت بواری بدرێتێ كار له‌و بواره‌دا بكات چونكه‌ زیانی له‌ كاریگه‌ریه‌كه‌ی زیاتره‌.

وه‌ڵامی پرسیاری پێنجه‌م:
ئه‌و زانایانه‌ی له‌ مێژووی بزافی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییدا ره‌مزی خه‌بات و یه‌كڕیزی بوون زانای ره‌ببانی زانای راسته‌قینه‌و بانگخواز و ئازاو دلێروو له‌ خوا ترس بوون زانایانێك بوون كه‌ دین و سیاسه‌ت و دین و ژیان و دین و ره‌وشت و جیهادیان به‌ یه‌كه‌وه‌ گرێ دابوو.
زانایانێك بوون نموونه‌ی دڵسۆزی و خۆنه‌ویستی دونیا بوون وا نازانم زانایانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ توانای رۆڵی زانایانی‌ پێشینیان هه‌بێت، چوونكه‌ زانایان به‌ش به‌ش بوون به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و خۆیان یه‌ك ریزییان نه‌پاراستووه‌ تا بتوانن ببنه‌ هه‌وێنی یه‌ك ریزی جه‌ماوه‌رو ئه‌گه‌ر چه‌ند زانایه‌كیش هه‌بن به‌ توانابن بواریان بۆ نه‌ره‌خساوه‌ وه‌ هه‌ر به‌ زانایان دژایه‌تییان كراوه‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ و هۆكار.

وه‌ڵامی پرسیاری شه‌شه‌م:
مامۆستای تێكۆشه‌رو نووسه‌رو سیاسی و ئازا و خاوه‌ن هه‌ڵوێست توانی مێژووی زانایانی هه‌ڵكه‌وتووی مێژووی بزافی نه‌ته‌وایه‌تی زیندوو بكاته‌وه‌ و به‌ ناحه‌زان بڵێت كه‌ شێخ سعیدی پیران و قازیی و شێخ عبیدالله ی نه‌هری وه‌جاقیان رۆشنه‌و مامۆستای كۆچ كردوو میراتگری ئه‌و زانایانه‌ بوو.

وه‌ڵامی پرسیاری حه‌وته‌م:
به‌ڵێ بێ گومان و بێ هیچ دوو دڵیه‌ك ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ڵكه‌وتووانه‌ شوێنیان به‌ ئاسانی پڕ ناكرێته‌وه‌، به‌ڵێ بۆشایی كه‌وتووه‌ته‌ ناو سیاسه‌ت و سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌، دیاره‌ رابوونی ئیسلامیش سه‌ركرده‌ی زۆری له‌ ده‌ست چوو و جێگاكه‌یشیان دیاره‌و رابوونی ئیسلامیش له‌ هه‌مووكات زیاتر پێویستی به‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان و رابوونی ئیسلامی به‌ گرنگیه‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌یان دیار بێت و غه‌می پێ گه‌یاندن و درووستكردنی له‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تییه‌ بن.

وه‌ڵامی پرسیاری هه‌شته‌م:
كاریگه‌ری كه‌سایه‌تی مامۆستای ره‌حمه‌تی وه‌ك مانگی چوارده‌ دیاربوو له‌ ئاستێكی ناوازه‌دا بوو ئه‌م قۆناغه‌ وا ده‌خوازێت كه‌سانی زمان پاراو و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م و خاوه‌ن هه‌ڵوێست رۆڵی تێدا ببینن نه‌وه‌ك دژایه‌تیان بكرێت.
مامۆستا احمد كاكه‌ محمودی نووسه‌ر و مفسر و مجاهید ئه‌مڕۆ كوردستان پێویستی پێیه‌تی به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵخۆشییه‌ انشاالله به‌رهه‌مه‌كانی كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان ده‌بێت موسڵمانان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن به‌و میراته‌ زانستییه‌ی كه‌ دوای خۆی به‌ دیاری بۆ موسڵمانانی به‌ جێ هێشتووه‌ (انا نحن نحي الموتی نكتب ما قدموا و اثارهم و كل شی‌ء  احصیناه فی امام مبین). ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌ مامۆستادا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.

وه‌ڵامی پرسیاری نۆیه‌م:
په‌یام و وته‌م بۆ بنه‌ماڵه‌و دۆستان و هاوه‌ڵانی به‌ تایبه‌ت زانایان ئه‌وه‌یه‌ با هه‌موومان هه‌مان هه‌ڵوێست و هه‌مان دڵسۆزی و هه‌مان غه‌مخۆریمان هه‌بێت بۆ ئیسلام و موسڵمانان و بوێرانه‌و غه‌مخۆرانه‌ حه‌ق و راستییه‌كان روون بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌رك و كاری خۆمانمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ چاكخوازی و تێكۆشان و پێشه‌وایه‌تی موسڵمانانه‌.
له‌ كۆتاییدا داواكارم له‌ خوای په‌روه‌ردگار مامۆستای كۆچ كردوومان به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی خۆی شاد بكات و جێگاكه‌یشی پڕ بكاته‌وه‌ له‌ ناو موسڵماناندا.

27/02/2014


بەروار2020/03/30سەردان 734