جەنگی ئەحزاب.

جەنگی ئەحزاب.

لە ساڵی پێنجەمی کۆچى ڕوویدا، هۆکەیشی ئەوەبوو کە جوولەکەکانی (بەنی نەزیر) چوونە مەککەو لەگەڵ قوڕەیشدا وتووێژیان کردو هەڵیاننان بۆ بەگژا چوونی پەیامبەر ﷺ وە ئامادەیی و پشتگیری خۆشیانیان بۆ دەربڕین و دەست خەڕۆیان کردن کە تا ئاخر دڵۆپی خوێن لە گەڵیانبن، پاش ئەوانیش سەردانی هۆزی (غەتەفان)یان کرد بۆ هەمان مەبەست، ئەوانیش لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، وەک (بەنی ئەسەد)و (بەنی سولەیم) رێککەوتن بۆ ئەوەی بەیەک دەست لەموسڵمانەکان بدەن و، ئیتر هەتا هەتایە زیندوو نەبنەوە!! پەیامبەری خوایش ﷺ ئەنجوومەنی ڕاوێژى ئەودەمەى کۆکردەوە بۆ مەشۆرەت، بەڵام پێش ئەوە لەسەر پێشنیازی سەلمانی فارسی خەندەقێکی قووڵ بەدەوری مەدینەدا لێدرا، بۆیە ئەو جەنگەش ناو بانگی بە جەنگی خەندەق (چاڵ) دەرکرد. بەڕاستیی ئەو ڕۆژە بۆ بڕواداران ڕۆژێکی زۆر سەخت بوو، چونکە لەلایەکەوە (دوازدە هەزار) جەنگاوەر بە ئەوپەڕی دەسەڵاتی جەنگییەوە هاتبوونە سەریان، موسڵمانەکانیش تەنها (سێ هەزار) کەس بوون لەگەڵ کەمی ژمارەیان و خراپی هۆیەکانی جەنگییان، ئیتر دووڕووەکانی ناو شاری مەدینەش با بوەستێ چ هەراو پڕوپالآنتەیەکیان نایەوە، بەڵام خوای گەورە - وەک لەئایەتی (25)ی ئەم سوورەتەدا ڕایدەگەیەنێ- پۆرتی شکاندن و بەسەر شۆڕی گەڕانەوە، جا لەم داستانەشدا ئەم پەندو وانانە وەردەگیردرێن:
یەکەم: بێ ئاکامکردنەوەی تەواوی هەوڵەکانی دوژمن و تێکشکانی گەورەترین سوپاو هێزیان.
دووەم: دەرکەوتنی دووڕووەکان و گزیی و خیانەتیان لەناو خۆدا.
سێیەم: قەرەبووکردنەوەی تێکشکانەکەی ئوحود.
چوارەم: پڕکردنی دڵی دوژمن لە ترس و بیم.
پێنجەم: بەرز بوونەوەی ورەی موسڵمانان و گەشەکردنى باوەڕیان بەو ڕووداوەی گۆرەپانە.
شەشەم: سەقامگیربوونی دەسەڵاتى پەیامبەر ﷺ لەدەرەوەو ناوەوەی مەدینە.
حەوتەم: زەمینە سازبوو بۆ پاکسازی مەدینە لە خراپەکاری جوولەکەی (بەنی نەزیر)و، جولەکەی (بەنی قوڕەیزە). چونکە لە مەدینەدا سێ دەستە جوولەکە هەبوون: (بەنی قوڕەیزە، بەنی نەزیر، بەنی قەینوقاع) هەرسێکەشیان کاتی خۆی پەیمانیان بە پەیامبەر ﷺ دا بوو: کە لەگەڵ دوژمنی ئەودا هاوکاریی و سیخووڕی نەکەن، بەڵام (بەنی قەینوقاع) لە ساڵی دووەمی کۆچیى و، (بەنی نەزیر) لە ساڵی چوارەمی کۆچیدا، هەریەکەیان بە بیانوویەک پەیمانی خۆی هەڵوەشاندەوەو دەرەنجام دەستیان کردە ڕوو بەڕووبوونەوە، ئینجا پێغەمبەر ﷺ بۆ یەکلاکردنەوەى جەنگەکە - بە فەرمانی خوا- هاوەڵانی کۆکردەوەو فەرمووی: دەبێ هەر ئەمرۆ پێش نوێژی عەسر بەرەو (بەنی قوڕەیزە) بکەونە ڕێ و هەر لەوێش نوێژەکەتان بکەن، ئەم فەرموودەی: ((لا يُصَلِّيَنَّ أحد العصرَ إلا في بني قريظة..)).(صحيح البخاري، كتاب الجمعة، أبواب صلاة الخوف، باب صلاة الطالب والمطلوب راكبا وإيماء، حديث : ‏918‏. ) ئەو ماناو مەبەستە دەبەخشێ، ئەوجا موسڵمانەکانیش بە پەلە ئامادە بوون و پێش خۆرئاوا بوون، قەلآ مەحکەمەکانیان لێ گەمارۆدان، ئەوجا پاش (25) ڕۆژ گەمارۆ، هەموو خۆیان بە دەستەوەداو تەسلیم بوون، دیارە هەر لەو پاکسازییەشدا دەستەیەکیان کوژران و، دەستەیەکیان دیل کران. (فقطع دابر القوم الذين ظلموا والحمدلله رب العالمين). والله أعلم.

ئەحمەد كاكه مەحموود


بەروار2020/04/04سەردان 1212