غەنيمەت و بەخشين بە خەڵكى، بە مەبەستى هاتنە ناو ئيسلام.!

وەڵامى گومانى غەنيمەت و بەخشين بە خەڵكى قوڕەيش و چواردەورى مەككە بۆ ئەوەى خەڵكى بێنە ئاو ئيسلامەوە.!

* بوختانێكی تری گەورەو فیشاڵیان ئەوەیە كە دەڵێن: (كاتێ‌ كە محمد زانی وردە وردە هەنگاوەكانی خەریكە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، ئەو جەنگاوەرانەش زیاتر بیــر لە بەدەست هێنانی غەنیمەت دەكەنەوە، بۆیە شێوەی داگیــركاری گۆڕیی و ڕووی كردە دەوڵەمەندو خاوەن سامان و خاوەن كۆیلەكانی قوڕەیش كە بێنە ڕیزی ئیسلامەوە هەموو سەروەت و سامانەكەیان پارێزراو دەبێت و بگرە دەتوانن (......)، بۆیە بەشێكی زۆر لە دەوڵەمەندو دەست ڕۆیشتووەكانی قوڕەیش، هاتنە ڕیزی ئایینی ئیسلامەوە).
  
  ئێمەش دەڵێین:
 یەكەم: ئادەمیزاد خوای گەورە وا درووستی كردووە، بەشێكی ماددەیە، وە حەزیشی لە دونیایە، دونیاش لە چوارچێوەی خوێدا حەڵاڵ و زوڵاڵەو نەخشەی بۆ كێشراوە، بەڵام لەڕێی عەرەق و قومارو ڕیباو سوود خواردن و غەش و خیانەت و (احتكار)و ماڵی ئەم و ئەوەوە نەبێت: (قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللَّهِ الَّتِي أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِّزْقِ قُلْ هِيَ لِلَّذِينَ آَمَنُوا فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا خَالِصَةً يَوْمَ الْقِيَامَةِ ...) (الأعراف: ٣٢) (وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ وَتُدْلُوا بِهَا إِلَى الْحُكَّامِ ...) (البقرة: ١٨٨).
 كەوابوو ئادەمیزاد بە سرووشت سەروەت و سامانی خۆش دەوێ‌، وە بێگومانم كە تەنها ئایینێك مەسەلەی نان پەیداكردنی لە بێژنگ دابێ‌ و یاسای بۆ دانابێ‌ و پەرژینی سامانی ئەم و ئەوی كردبێت، هەر ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.. وە هەموو كەس ددان بەم ڕاستییەدا دەنێت، كەوابوو دەبێ‌ بگەینە ئەو ئەنجامە كە مرۆڤ حەزی لە دونیایە، بەڵام ئیسلام بۆی ڕاست دەكاتەوەو پێی دەڵێت ئەوە بخۆو، ئەوە مەخۆ.. كەوابوو ئایینێك ئەوەندە سەرزەنشتی مرۆڤ بكات لە كۆكردنەوەی ساماندا چۆن دەگونجێت ئەندامی وای ببێت ئــــــــەوان ئەو بوختانەیان بۆ بكەن..؟!
 ئەوەیش كە گوایە دەوڵەمەندەكان لە ترسی هاوەڵاندا موسڵمان بوون نەوەك ماڵەكانیان زەوت بكەن، بۆ ئەوەیە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ((...عصموا مني دما‌ءهم وأموالهم..)) (صحیح البخاری - كتاب الإیمان، باب : فإن تابوا وأقاموا الصلاة وآ‌توا الزكاة فظوا سبیلهم - حدیث : ‏25)  وە هەر بۆ ئەوەیشە كە یاسایەك ببێ‌ بۆ ناساندن و جیاكردنەوەی موسڵمان لە نا موسڵمان.! 

 هەموو گرووپێك شتێكی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵكانە بكات بە ئەندامی خۆی، جا هەركات وشەی (لااله الا الله)یان گوت ئەوكاتە: دوو شتیان دەدرێتێ‌: 

 یەكەم: بە موسڵمان دەدرێنە قەڵەم.
 دووەم: ماڵ و سامانیشیان حەرام و یاساغ دەبێت و دەبێ‌ مامەڵەی موسڵمانیان لەگەڵدا بكرێت.

 ئەمە لەلایەكەوە لەلایەكی تریشەوە هەموو یاسایەكی جەنگی لە جیهاندا وایە كە هەركات لەگەڵ لایەنێكدا جەنگا، هەر شتێكی بەردەست بكەوێت ئیتر مرۆڤ بێت یان هەرشتێكی تر دەیبات، چونكە بە خوێن و بە ئازار دوژمن شكاوە، جا بۆ ئەوەی دوژمن لاواز بێ بەپێی ئەو یاسایە شت و مەكی دەستكەوتی جەنگی دەبێت، لێرەشەوە ئەگەر موسڵمانەكان لەكاتی جەنگدا دەست بۆ سامانی ئەوان نەبەن، بەڵام ئەوان ماڵی ئەمان قووت بدەن و دەست بۆ ژن و مناڵی ئەمان ببەن، لەو كاتەدا دوژمن زیاتر زاڵ دەبێت و دێتە پێشەوە.، وا دەزانم هیچ كەسێك شتی وای پێ‌ قبووڵ نابێت.
   وە بێگومان هیچ دەوڵەمەندێكیش باوەڕی بە دینی "محمد" نەهێناوە لە ترسی ئەوەی ماڵەكەی ببرێت.! نەخێر..! بۆ نموونە هەر ئەوانەی ئەوان بە سەرمایەداریان داناون (عبدالرحمن، طلحة، عمر بن خطاب و...هتد) .، هەر لە (مەككە)دا موسڵمان بوو بوون كە (13) ساڵ پاش ئەوە ئینجا فەرمان بە جەنگ هاتووە.
 
 خاڵێكی تریش دەبێ‌ بزانرێ‌، ئەویش ئەوەیە كە: ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەموو بەرنامەو جموجووڵێكی دەبەستێتەوە بەخواو بە پاشە ڕۆژەوە (قیامەت)، بۆیە پاش هەر بڕیارێك گەلێ‌ جار دەفەرمووێت: (واتقوا الله).. (تلك حدود الله فلا تعتدوها..) دیارە گەلێكی ئاوا خاوەن باوەڕ بە پاداشت و تۆڵەی پاشە ڕۆژ (جەهەننەم و بەهەشت)،  بێجگە لەوەش خوای مەزن لە سەدان جێگەدا هانیان دەدات بۆ یارمەتیی و هاوكاری هەژاران و بەرزكردنەوەی پلەی ژیانیان و پاداشتیان لە قیامەتدا دەست دەكەوێتەوە، گومان نیە كە ئەو بیروباوەڕە پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكان بێ‌ ئەوەی هیچ كەسێك زۆری لێ‌ بكات.، هەر بۆیەش لە غەزای (تەبووك)دا موسڵمانان هەرچییان لە دەست هات درێغییان نەكرد بۆ ڕێكخستنی سووپاكەو ڕێژەیەك لە دراو و مەڕو ماڵات و دانەوێڵەیان دەدا بە هەژاران.

 هـەر بۆیە لە ترسی خوا غەش و خیانەت و دزیی و جەردەیی و تاڵان و بڕۆو خواردنی سامانی ئەم و ئەو و تێركردنی ئارەزووی (جنس) بەسەر شەرەفی خەڵكەوە لەخۆیان یاساغ كرد، (كە هەموو ئاوات و مەبەستێكی نووسەرو هاوبیــرانی تێركردنی هێزی (جنس)ییانە بێ‌ سنـوور).!

 ئەوان پێیان وایە كە مرۆڤ نابێ‌ خاوەنی هیچ شتێك بێت، بەڵكو تەنها وەك ئامێرێك دەوڵەت هەڵی سووڕێنێت و جیرەیەكی تایبەتی بۆ ببڕێتەوە، بۆ میوانی، بۆ نەخۆشی، بۆ خوێندنی، بۆ سەفەری، بۆ هەموو پێداویستییەكانی تری، نابێ‌ سەیارەی ببێ‌، خانووی ببێ‌، دووكانی ببێ‌، زەویی و زاری ببێ‌... هتد. هەر بۆیەش چاوی چنۆكییان بڕیوەتە سامانەكەی (عبدالرحمن)و هتد. تەنانەت ئافرەتیش دەبێت (مشاع) بێت.

 بە كورتی: بەهیچ جۆر ددان نانێن بە خاوەنێتی تاكییدا، بۆیە ئەگەر كەسێك شتێكی ببێ‌ بە زۆر بە كوتەك لێی دەسێنن..!! چونكە ئەوانە دەڵێن: نابێ‌ هیچ خانەوادەیەكی بنەماڵەو میـواندار میوانی ببێ‌..!! نابێ ئەندازیارێك و بەردەستەكەی وەك یەك بن..!! دەبێ‌ یەكسانی باڵی خۆی بكێشێ‌ بەسەر وڵاتدا، دەوڵەمەندو هەژار نەمێنێ‌..!! ئەمەش كورتەیەكی ئــــاوات و خەیاڵ پڵاوی ئەوانەیە..!!

 ئێمەش دەڵێین: مرۆڤ لە ئیسلامدا زۆر ئیعتیباری هەیەو زۆریش ڕێز لە خۆیی و، خانوو بەرەیی و زەویی و زاریی و هەموو دەسەڵاتێكی تری گیــراوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرنامەی تایبەتی بۆ داناوە بۆ پەیداكردنی نان و خۆراك و ژیان و ژیواری، وە هەرچی لەو ڕێگایەوە نەبێت لێی دەسێنێتەوەو دەیداتەوە دەست خاوەنەكەی ئەگەر زانرا، ئەگینە لە پرۆسە گشتییەكاندا بەخت دەكرێ‌ (خەستەخانە، قوتابخانە، جادەو ڕێگەوبان.. هتد.). لەباتی ئەوەیشدا –وەك وتمان– ڕێژەیەكی تایبەتی داناوە لەسەر دەوڵەمەندەكان (بەناوی زەكاتەوە) دەوڵەت خۆی كۆی دەكاتەوەو بەڕێژەی هەژاریی و نەداریی و ژمارەی خێزان بەشی ساڵێكی، وە یان شەش مانگی، وە یان دەیكات بە مانگانە بۆیان، لەگەڵ ئەوەیشدا كە ئیسلام ددان دەنێت بەخاوەنێتی تاكییدا لەوەدا مرۆڤەكانی دەورووبەری تووشی زیان دەبن، لەو كاتەدا ڕێگای لێ‌ دەگیــررێ‌ و نابێت ئەوەندە بڕوات زیان بگەیەنێت بەم و بـــــــــەو لەبەر بەرژەوەندی خۆی بە یاسای ((لاضـرر ولاضرار)). (حدیث صحیح، صححه الشیخ الألبانی فی إروا‌أ الغلیل: 896).

 ئەمە لەلایەكەوە، لەلایەكی ترەوە مەسەلەی یەكسانی –وەك ئەوان دەڵێن– پێچەوانەی سرووشتە، چونكە پلەی ژیــریی و، خوێندەواریی و، هێزی توانای لەشیی و، شێوەی سەلیقەی بازرگانیی و، بەدەست هێنانی كشتوكاڵ لە مرۆڤدا جیاوازە، وە لەم بوونەوەرەدا هەرگیز ئەوانە یەكسان نابن، چونكە ئەگەر شتی وا بگونجێ‌ هیچ كەسێك ڕازی نابێت ئەگەر فەڕاش، وە یان شووان، وە یان نانـــــەوا، وە یان وەستا بەنا، وە یان كرێكار بێت... بەڵكو دەبێ‌ هەموو وەك یەك بن. واتە: هەر هیچ نەبێت ئەندازیار بن، ئایا شتی وا دەگونجێت...؟! 

  ئەگـەر كراو گونجا ئەوا با وابێت... بەڵام ئایا شتی وا هەرگیز ڕوو دەدات..؟!! یا ئەوە سـەرقاڵكـردنی مرۆڤە بێ‌ مستەواكانەو دەهۆڵ لێدانە بۆ شتێكی ئەندێشەیی ئاوا... گریمان شتی وا كرا، ئایا ژیان دەڕوات..؟! كێ‌ شەقامەكان خاوێن بكاتەوە...؟!! هەروەها.... هتد.

 ئەمەیە خوای گەورە دەفەرمووێت: (أَهُمْ يَقْسِمُونَ رَحْمَةَ رَبِّكَ نَحْنُ قَسَمْنَا بَيْنَهُمْ مَعِيشَتَهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَرَفَعْنَا بَعْضَهُمْ فَوْقَ بَعْضٍ دَرَجَاتٍ لِيَتَّخِذَ بَعْضُهُمْ بَعْضًا سُخْرِيًّا ...) (الزخرف: ٣٢).
 ئیسلام ڕێزی خاوەنێتی تاكی دەگرێ‌، جگە لەو ڕێژەیەش كە لەسەری داناون دەبێ بدرێ‌ بە هەژاران بەناوی زەكاتەوە، وە هیچ شتێك لەكەس ناسێنێت، بەڵام مرۆڤەكان هەڵدەنێت و ویژدانیان دەجـووڵێنێت بۆ زیاتر ئاوڕدانەوەی بەلای هەژارو بێ‌ نەواو شەل و پەككەوتەو كەمئەندامەكاندا... پێیان دەڵێت: هەرچەند ژیان وا دەڕوات باسكرا، بەڵام پلەو پایەی هەرە بەرز لە پاشەڕۆژدا بۆ ئەوانەیە (دەستی هەژارەكان دەگرن و یارمەتییان دەدەن): (انْظُرْ كَيْفَ فَضَّلْنَا بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَلَلْآَخِرَةُ أَكْبَرُ دَرَجَاتٍ وَأَكْبَرُ تَفْضِيلًا) (الإسرا‌ء: ٢١).
 پێیان دەڵێت: سوێند بەخوا هەركەسێك خۆی تێر بێت و دراوسێكەی برسی بێت، ئەو كەسە موسڵمان نییەو خوا خۆشڕوو نییە لێی.

 وە هەروەها – باسكردنی ئەو هەموو شتە وردانە بۆ بووژانەوەی هەژاران – لە زەكات و سەرفیترەو سەدان جۆری كەسارەت و (بەدەل)و (فدیە) لە فەرزەكاندا.. لێرەدا زۆر دەبات و زۆری دەوێت، وایش دەزانم ئەو شتانە زۆر ئاشكران، بەڵام ئەوانـە خۆیان كوێر كردووە..! دیسانەوە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ئایا ئەمڕۆ سەرۆكەكانیان وەك لای خواروو دەژیین..؟! دەتوانن وەك فەڕاشەكانیان بژیین..؟! هەژارێكی كۆمۆنیست وەك دەسەڵاتدارێك وایە..؟! ئێستا لە وڵاتی (ڕووس)دا دەیان و سەدان دەستەسڕ ڕا دەخەن و سوواڵ دەكەن..؟! بەڵام كۆشكی سەرۆك حیزبەكان لە ئاسماندایە...!!!

 پێم چاكە لەوە زیاتر فریووی خۆیان و خەڵكانی نەخوێندەواری – وەك خۆیان – نەدەن، وە ئەو جەماوەرە لەسەر خەیاڵ، (مادام هەمووی خەیاڵە با چەورتر بێت بەنج نەكەن) لەولایشەوە ئەمڕۆ ئەوانەی بوونەتە حەماڵی ئەو بیــرۆكەیە – ئایا ژن و منداڵەكانیان وەك هی خوارەوەی خۆیان دەژیین..؟!! لەو سۆنگەیەوە – پاش پێدانی ئەو ڕێژەیە بۆ هەژاران و، پاش هەڵنانیان بۆ بەرزكردنەوەی پلەی ژیانی هەژاران – مرۆڤ دەتوانێ‌ هەوڵی خۆی بدات و سەروەت كۆ بكاتەوە، دەتوانێ‌ بخوێنێ‌ تا (دكتۆرا) بەدەست بهێنێت، وەیان ببێتە پرۆفیسۆر، یان لەمە خوارتر بڕوانامەی شەش بەدەست بهێنێت، خۆ ئەگەر ساڵێكی گرانیی و قات و قڕی بەسەردا هات، ئەوا دەوڵەت هەژارەكان دابەش دەكات بەسەر دەوڵەمەندەكانداو دەبێ‌ بیانژییەنن، تا ئەو گرفتە نامێنێت، ئەمەیش لە ژیانی خەلیفەی دووەمدا ﷺ بە زەقی دەبیــنــرێت...

 ئەو (عبدالرحمن)ــەیش ئەوانەی نووسیوییانەو چاوی دوژمنایەتییان تێ‌ بڕیوە هەر لە موسڵمانەكانی سەرەتای ئیسلامەو بازرگان بووەو ڕێز لە بازرگانییەكەی گیــراوەو، هەموو كاتێكیش دەستی لە سەروەتەكەیدا بووە بۆ هەژاران. مێژوو نووسەكان دەڵێن: (تصدق عبدالرحمــــــن بـــــن عوف علی عهد رسول الله ﷺ شـــــــطر ماله، ثم تصدق بعد بأربعین ألف دینار، ثم حـــــمل علی خمسأة فرس فی سبیل الله، وخمسأة راحلة، وكان أكثر ماله من التجارة). أخرجه ابن المبارك. 

 ئیسلام دەوڵەمەندی ئاوا پەروەردە دەكات كە نیوە سامانەكەی بە پێ خۆشبوونی خۆی دەدات بە هەژاران، پاشان (500) ئەسپ، وە (500) وشتــر بەڕێ‌ دەخا بۆ پێشمەرگەكان بۆ بەرەی جەنگــــە سەپێنراوەكان...!! لەولایشەوە خۆیشی لەبەرەی جەنگەكاندا بووە، تەنانەت تەنها لە (ئوحود)دا (21) برینی پێوە بوو.! لەڕیوایەتێكی تردا قاچێكی لەدەستداوە، تا ما بوو شەل بوو.. ئەمەیە مرۆڤی بە كەڵك بۆ وڵات و هەژارو بێ‌ نەواو، لەولایشەوە سەربازێكی گیان لەسەر دەست بێت لە گۆڕەپانی خەباتدا، لێرەش دونیا خۆرەكان بەرپەرچ بداتەوەو نەهێڵێ‌ بێنە سەر وڵات و نیشتمانیان – ئەوە بۆ بەراوردێكی ناكەن لەگەڵ خۆتاندا...؟!! تا ئێستا جگە لەوەی كە هەمووكات لەسەر كۆڵانێكدا، لەجێگایەكی گونجاو بۆ هاتووچۆی ژنان وەك خۆتان – بارەگایەكتان بووبێت، ئادەی بزانم چیتان كردووە بۆ كوردستان..؟!! كام دوژمنتان شكاندووە، كوا هێزو پێزتان..؟! كوا دیفاع و بەرگریتان لە كوردستان..؟! جگە لەوەی گەلێ‌ جار چوونەتە باوەش دوژمنیشەوە..!

 چۆن دەتوانن ئەو كەڵە پیاوانە (عبدالرحمن، طلحە، عمر، خالد...هتد). تاوانبار بكەن..؟!! چۆن ڕووتان هەیە..؟! چۆن ئاوا بێ‌ شەرمانە ئایین و كەرامەتی زیاتر لە (ملیار)ێك موسڵمان بریندار دەكەن..؟! بۆ هەر دەتانەوێ‌ ئاژاوەو گێرە شێوێنی لە وڵاتدا بنێنەوە..؟!! ناترسن لەو گەنج و لاوە لە مزگەوتەكانەوە دێنە دەرەوە بنكەو بارەگای گێرە شێوێنیتان بڕووخێنن بەسەرتانا..؟!! ئێمە كە ئەم هەموو هێرشانە دەكرێتە سەر ئایین و خواپەرستییمان لەلایەن چەند دەستەیەكی بەكرێ‌ گیــراوی جوولەكەوە (لە ئێوەو هاو وێنەكانتان) لەبەر بەرژەوەندی گەل و وڵات و نیشتمانمان و نایشمان دەوێ‌ بە زۆر بتان نێرین بۆ دۆزەخ..! بۆچی بە زۆر دەمان هێننە قسەو گوتار..؟!! بۆ دەتانەوێ‌ ئایینێكی زیاتر لە (14) سەدە لە بن بێنن – بە خەیاڵی خاوتان- ..؟!! بۆچی بیــر ناكەنەوەو ژیر نابن..؟!! ئەی بۆ نازانن دەرەنجامی ئێوەش وەك ئاغاكانی ڕووستان دەبێت..؟!! پاش ئەو هەموو فشارو (ضغط)ــەو مزگەوت سووتاندن و مزگەوت كردنە (طویلة)ی وڵاغ و تیاترۆخانەو، جێگەی ژن گۆڕینەوەو ڕابوواردن..!! كـوا بە چی گەیشتن..؟!! ئەوە ئێستا تازە ئیسلام نوێ‌ دەبێتەوە... نامانەوێ‌ كاتمان بكوژین پێتانەوەو، نووكی قەڵەمەكانیشمان پیس بكەین بەناوی ئێوەوە..!


بەروار2020/04/04سەردان 1589