ته‌ڵاق به‌ده‌ست كێ بێت باشه‌.؟!

ته‌ڵاق به‌ده‌ست كێ بێت باشه‌.؟!

مه‌سه‌له‌ی ته‌ڵاق – كه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ست پیاو – لای ئه‌وانه‌ كه‌ فرمیسكی تیمساحیی ده‌ڕێژن بۆ ژنان، بۆته‌ كێشه‌یه‌ك‌و به‌سته‌م‌و ناهه‌قیی ده‌ده‌نه‌ قه‌ڵه‌م، چونكه‌ ده‌ڵێن هه‌قه‌ بدرایه‌ته‌ ده‌ست ژنان به‌ ته‌نها، یان ده‌ستی‌ ژن‌و پیاو، ‌وه‌ هه‌ردوولا بڕیاریان تێیدا هه‌با... جابۆ وه‌ڵامی ئه‌و بۆره‌ گله‌یییه‌ ده‌ڵێین:

أ- ماره‌ كردن‌و ته‌ڵاق له‌ كۆمه‌ڵگای پێشووشدا له‌سه‌ر باوونه‌ریتی (فیطره‌ت) ئه‌نجامدراوه‌، واته‌: هه‌ر نێرینه‌ چووه‌ مێینه‌ی خواستووه‌، هه‌رگیز ژن نه‌چووه‌ پیاو بخوازێ، جا ئیسلامیش به‌پێی ئه‌مه‌ بنه‌مای ته‌ڵاق‌و جیابوونه‌وه‌ی داناوه‌‌و مافی ته‌ڵاق‌و جیابووه‌نه‌وه‌ی داوه‌ته‌ ده‌ست پیاوان.

ب- زه‌واج – به‌پێی باوو نه‌ریت – جۆره‌ ئاڵو وێڵێكی ماڵ‌و دارایی تێدایه‌و دراوه‌ به‌سه‌ر شانی (زه‌وج)دا، به‌ده‌ر له‌ نه‌فه‌قه‌ی ژن‌و منداڵه‌كان كه‌ په‌یدای‌ ده‌كات. ئه‌گه‌ر باوونه‌ریت ئاوا بێ‌و ئه‌و هه‌موو خه‌رج‌و باجه‌ به‌ مێرده‌كه‌ بكرێ...، كه‌ی‌ ڕه‌وای هه‌قه‌ بۆكاتی‌ ده‌ست لێهه‌ڵگرتنی هیچ حیسابێك بۆ پیاوه‌ نه‌كرێ‌و هه‌مووشتێك ته‌سلیم به‌ ژنه‌كه‌ بكرێت كه‌ دینارێكی خه‌رج نه‌كردووه‌ له‌و (زه‌واج)ـه‌دا ؟ جگه‌ له‌وه‌یش ئه‌و سه‌رفی ماڵ‌و دارایییه‌ له‌و ڕێگه‌دا، وا ده‌كات كه‌ پیاوه‌كه‌ صه‌برو ئارامی زیاتر بێت بۆ قبوڵكردنی هه‌ڵچوونه‌كانی ژنان‌و به‌ئاسانی خێزانه‌كه‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێنێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دا بدرێته‌ ده‌ست ژنان.

ج- لای هه‌موان ئاشكرایه‌ كه‌ ژنان – به‌ پێ‌ی سروشتیان – زووتر له‌ پیاوان له‌به‌رده‌م ڕووداوه‌كاندا هه‌ڵده‌چن‌و تێكده‌چن، دیاره‌ ئه‌گه‌ر ته‌ڵاق بدرێته‌ ده‌ست كه‌سێك ئه‌وه‌ خووی بێت، بێگومان زۆر زوو بڕیاری جیابوونه‌وه‌ ده‌داو ماڵ‌و حاڵ‌ وێران ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌گه‌لێ له‌ ئوممه‌تانی به‌ر له‌ئیسلامدا تاقیكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی جه‌حه‌ننه‌م‌و واوه‌یلابووه‌.

1– با ته‌نها به‌ده‌ست پیاوان بێت:

ئه‌م باره‌شیان هه‌ر ناكرێت، چونكه‌ گه‌لێ جار حاڵه‌ت‌و قۆناغی تاڵ‌‌و تفت‌و ناله‌باری‌ وا به‌سه‌ر ژیانی ژن‌ومێردیدا دێت، ئه‌گه‌ر هه‌روا بمێنێته‌وه‌ زیان به‌ ژیانی ژنه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌سووتێن... بۆ نموونه‌: پیاوه‌كه‌ ملده‌نێ به‌شارانداو ئاوڕێك به‌لای ژنه‌كه‌دا ناداته‌وه‌، یان وه‌كو خه‌ڵكانی هاوشان نه‌فه‌قه‌ی ناداتێ،یان پیاوه‌كه‌ حاڵه‌تێك تووش بووه‌، گوزه‌رانكردن له‌ گه‌ڵیا مه‌رگه‌ساته‌... تاد. جا ئه‌گه‌ر ته‌نهاوته‌نها هه‌ق به‌لای پیاوه‌وه‌ بێت بۆ ته‌ڵاق دان، ئه‌وا ئافره‌ته‌كه‌ له‌ده‌یان حاڵه‌تدا ده‌بێته‌ قوربانی داخوازی‌و تۆڵه‌ی پیاوان‌و ڕزگاری نابێت.

بۆیه‌ نابێت ته‌ڵاق ته‌نها به‌ده‌ستی پیاویش بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌مترین هۆكار بۆ تاڵ‌كردنی ژیانی‌ ژنه‌كه‌ له‌ پیاوه‌كه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا، له‌ئیسلامدا ژنه‌كه‌ ڕێنمایی كراوه‌ بچێت بۆ دادگا‌و سكاڵانامه‌ بنووسێت بۆ جیابوونه‌وه‌‌و ته‌ڵاق، ئه‌وكات دادوه‌ریش پاش ته‌ماشای سكاڵانامه‌كه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌‌و تاوانباربوونی مێرد، (ته‌فریق)یان ده‌كات، پیاوه‌كه‌ ڕازی بێت، یان نا!.

2 – به‌ده‌ستی ژن‌و پیاو بێت:

به‌ڵێ‌ له‌ ئیسلامدا ددان به‌ ته‌ڵاقێكدا ده‌نرێت به‌ ڕێكه‌وتنی هه‌ردوولایان بێت، ژن‌و پیاوه‌كه‌ پێكبێن‌و بڕیاری جیابوونه‌وه‌ بده‌ن، وه‌كو له‌ شێوه‌ی (خولع)دا... به‌ڵێ له‌ شێوازی خولعدا – پاش ئه‌وه‌ كه‌ ژنه‌كه‌ ناتوانێ به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه‌ بێت له‌گه‌ڵ‌ پیاوه‌كه‌ بژی – جا له‌به‌رامبه‌ر بژاردنی زیانه‌كانی پیاوه‌وه‌ كه‌ له‌ پێناو به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌ودا تووشی ده‌بێت، (عیوه‌ز)ێك به‌ پیاوه‌كه‌ ده‌دات‌و جیاده‌بنه‌وه‌.

3 – له‌ دادگادا ته‌ڵاق بدرێت:

ئه‌م حاڵه‌تی چواره‌مه‌ لای (مووسایی)‌و (عیسایی) په‌یڕه‌وه‌.. لای‌ ئه‌وان ژن‌و پیاو تا نه‌چنه‌ به‌رده‌م دادگای تایبه‌ت به‌باری كه‌سێتی ژن ‌و پیاوه‌وه‌، ته‌ڵاق ناكه‌وێت ! به‌ڵام ئیسلام له‌به‌رچه‌ند هۆكارێكی خراپ‌و ناشیرین كه‌له‌ به‌رده‌م دادگادا ئاشكرا ده‌بن ‌و ده‌دركێنرێن، ڕێگه‌ به‌وه‌ نادات كه‌ ته‌نها‌و ته‌نها ته‌ڵاق ده‌بێ له‌به‌رده‌م دادگادا بێت، له‌وانه‌: حاڵه‌تێكی دزێوو قابیلی نه‌دركاندن له‌به‌رده‌م دادگادا، یان لای (پارێزه‌ر)، ئه‌گه‌ر بخرێته‌ روو له‌وانه‌یه‌ ژن‌و پیاوه‌كه‌، یان یه‌كێكیان یان كه‌س‌و كاریان تووشی نه‌نگ‌وله‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ ببن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقی بێت... سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌یش، ده‌كرێ ناكۆكی ژن‌و پیاو هه‌ندێ حاڵه‌تی وابێت، نه‌توانن به‌به‌ڵگه‌ بیسه‌لمێنن، به‌ڵكو ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی دادگا ڕێیان پێ بدرێت چۆن جیاده‌بنه‌وه‌..؟.

4 – بدرێته‌ ده‌ستی پیاو‌و فورسه‌تیش به‌ژنه‌كه‌ بدرێ له‌كاتی پێویستیدا:

له‌ئیسلامدا ئه‌م خاڵی چواره‌مه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌‌و ته‌ڵاق دراوه‌ته‌ ده‌ستی پیاوو، له‌هه‌موو حاڵه‌تێكی ناڕه‌حه‌ت‌و تاڵی ژیانی‌ ژنه‌كه‌شدا فورسه‌تی بۆ دانراوه‌ خۆی ڕزگار بكات لای دادگا، چونكه‌ وه‌ك له‌ پێشه‌وه‌ گوتمان ماده‌م نه‌فه‌قه‌‌و ماره‌یی‌و هه‌موو پێویستییه‌كانی (زه‌واج) خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی پیاوه‌كه‌، هه‌ر ئه‌ویش ده‌توانێ به‌رامبه‌ر به‌ پاراستنی ئه‌و ماڵ‌‌و دارایی خۆیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی ژن‌و مێردی بپارێزێ‌ ‌و، له‌به‌ر كه‌متر هۆكار بڕیاری جیابوونه‌وه‌ نه‌دات، خۆ ئه‌گه‌ر توانای نه‌بوو وگه‌یشته‌ بڕیاری (ته‌فریق)، هه‌قه‌ پیاوه‌كه‌، ئه‌و بڕیاره‌ بدات، له‌ پێشه‌وه‌ باسمان كرد كه‌ هه‌ر شتێك – له‌لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه‌ – كه‌رامه‌تی ژنه‌كه‌ بریندار بكات، یان زیان به‌جه‌سته‌و دروستیی، یان نه‌فسیی‌و ده‌روونی بگه‌یه‌نێت، هه‌قیه‌تی داوا به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ ته‌فریق، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو به‌ڵگانه‌ش، كاتێ ئه‌وروپا ته‌ڵاقی خسته‌ ده‌ستی ژن‌و پیاو وه‌كو یه‌ك، ده‌ره‌نجام ئاژاوه‌و كێشه‌یه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌‌و ژماره‌ی ته‌ڵاق‌و جیابوونه‌وه‌ چووه‌ لووتكه‌.


سه‌رچاوه‌/ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا


بەروار2020/04/02سەردان 2514