نادیار بوونی‌ مێرد (غیبة الزوج)

نادیار بوونی‌ مێرد (غیبة الزوج)

مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كابرایه‌ك له‌ ژنه‌كه‌ی‌ خۆی ون ده‌كات.. جا ئایا كه‌سێكی ئاوا ژنه‌كه‌ی ده‌توانێ داوای (ته‌فریق) بكات؟

له‌ كتێبی (المغنی لابن قدامة) دا هاتووه‌: بۆ ئه‌و پیاوه‌ خۆی‌ له‌ خێزان‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی نادیار ده‌كات، دوو حاڵه‌ت هه‌یه‌:

یه‌كه‌م – رێ‌ وشوێنی ده‌زانرێ‌و هه‌واڵ‌و نامه‌شی‌ دێت، بۆ ئه‌مه‌یان سه‌رجه‌م زانایان ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر بتوانێ نه‌فه‌قه‌ی بدات، بۆی نییه‌ داوای (ته‌فریق) بكات.

پوخته‌ی ڕاوبۆچوونی (حه‌نبه‌لیه‌)كانیش ده‌ڵێ‌: ئه‌گه‌ر مێرد زیاد له‌ (6) مانگ خۆی بزر كرد، ژنه‌كه‌ی ده‌توانێ سه‌ردانی دادوه‌ر بكا بۆ ئه‌وه‌ی بۆی بگێڕێته‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر نه‌هاته‌وه‌، به‌ڵام پۆزشی شه‌رعیی هێنایه‌وه‌، ئه‌وا دادوه‌ر داواكه‌ی لێ وه‌رده‌گرێ‌و هه‌ڵده‌سێت به‌ (فه‌سخ) كردنه‌وه‌ی نیكاحه‌كه‌.

مالیكیه‌كان ده‌ڵێن: نادیار بوون پێنج حاڵه‌تی‌ هه‌یه‌: 

یه‌كه‌م – ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ ماڵ‌و نه‌فه‌قه‌یه‌ك بۆ ژنه‌كه‌ به‌جێ نه‌هێڵێ‌و، له‌ نێوان ژن‌و پیاوه‌كه‌شدا به‌مه‌رج نه‌گیرابێ‌ كه‌ هه‌ركات ئه‌و پیاوه‌ نادیار كه‌وت، ژنه‌كه‌ بتوانێ ته‌ڵاقی خۆی بدات، له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ پێیخۆش بوو، ئه‌وا داوا به‌رزبكاته‌وه‌ بۆی لای دادوه‌ر بۆ (ته‌فریق) له‌به‌ر نه‌بوونی (نه‌فه‌قه‌)‌و ژیان. 

دووه‌م – هیچ نه‌فه‌قه‌و ماڵێكی بۆ به‌جێ نه‌هێشتبێ‌، به‌ڵام مه‌رجییان له‌ نێواندایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خۆی بزر كرد، ژنه‌كه‌ بتوانێ خۆی ته‌ڵاق بدات، له‌م كاته‌شدا ژنه‌كه‌ خۆی سه‌رپشكه‌: داده‌نیشێ، یان به‌ هۆی بێ نه‌فه‌قه‌یییه‌وه‌ داوای (ته‌فریق) ده‌كات لای دادوه‌ر.

سێیه‌م – نه‌فه‌قه‌ی بۆ به‌ جێهێشتبێ‌ و مه‌رجیشیان له‌ نێواندابێ‌ كه‌ ئه‌گه‌ر دیار نه‌ما خۆی ته‌ڵاق بدات، له‌ حاڵه‌تی ئاوایشدا له‌ به‌رمه‌رجه‌كه‌ ده‌توانێ بچێت داوای (ته‌فریق) بكات، ئیتر جێگای بزانێ یا نه‌زانێ‌ ؟.

چواره‌م – نه‌فه‌قه‌و ئازووقه‌ی بۆ به‌جێهێشتبێ‌، به‌ڵام سه‌رجێییان نه‌بووه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا ده‌زانرا رێ‌ وشوێنی‌ له‌ كوێیه‌، له‌كاتی ئاواشدا دادوه‌ر بۆی ده‌نووسێت: یان بگه‌ڕێته‌وه‌، یان له‌گه‌ڵ‌ خۆی بیبات، وه‌ یان ته‌ڵاقی بدات، ئه‌گینه‌ دادوه‌ر بۆخۆی‌ ته‌ڵاقی ده‌دات.

پێنجه‌م – ئه‌وه‌ند ماڵ‌و سامانی بۆ به‌جێهێشتبێ‌ پێیبژی‌و مه‌رجیش له‌ نێواندا نه‌بێ‌، به‌ڵام كه‌س نه‌زانێ شوێنی له‌ كو ێیه‌! ئه‌مه‌ به‌ (مه‌فقوود) داده‌نرێت.

به‌ڵێ.. لای (مالیك)یه‌كان ژن ده‌توانێ له‌ مێردی نادیار (غائب) جیا ببێته‌وه‌ به‌م مه‌رجانه‌:

یه‌كه‌م – دیار نه‌بوونه‌كه‌ی زیاتر له‌ ماوه‌ی‌ ساڵێك بێت.
دووه‌م – بترسێ تووشی زینا‌و كاری دزێوو ناشیرین ببێت له‌و ماوه‌یه‌دا.
سێیه‌م – نامه‌ بۆ مێرده‌كه‌ی بنووسێت، یان ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ‌ بكات - ئه‌گه‌ر ئه‌یزانی له‌ كوێیه‌ - یان بگه‌ڕێته‌وه‌، یان كاری بۆ بكات بیبات بۆلای خۆی،وه‌ یان ته‌ڵاقی بدات، خۆ ئه‌گه‌ر هیچ یه‌ك له‌مانه‌ی نه‌كرد، دادوه‌ر بۆی ته‌ڵاق ده‌دات.. ئه‌مه‌ ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ نه‌فه‌قه‌و ماڵی بۆ به‌جێهێشتبێ‌، ئه‌گینه‌ دادوه‌ر له‌به‌ر نه‌بوونی نه‌فه‌قه‌ (ته‌فریق)یان ده‌كات. به‌ڵام (شافیعی) و (حه‌نه‌فی)و (ڤاهری‌)و (جه‌عفه‌ری)یه‌كان (غه‌یبه‌تی) مێرد – به‌ته‌نها ناكه‌نه‌ هۆكار بۆ (ته‌فریق)!! به‌ڵام ئه‌وی له‌گه‌ڵ‌ سۆزو میهره‌بانی ئیسلامدا بگونجێت رای (حه‌نبه‌لیه‌)كانه‌ كه‌ ده‌ڵێن: دیار نه‌بوونی مێرد – به‌بێ بیانووی شه‌رعیی – هۆكاری (ته‌فریق)ـه‌، ماوه‌ی دیار نه‌بوونه‌كه‌شیان بڕیوه‌ته‌وه‌ به‌ (6) مانگ یان زیاتر! له‌و ماوه‌یه‌دا ژنه‌كه‌ ده‌چێته‌ دادگا، دادوه‌ریش نامه‌یه‌ك ده‌نووسێ بۆ كابرای مێرد كه‌: یان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای، یان بیبات، ئه‌گینه‌ نیكاحه‌كه‌ (فه‌سخ) ده‌كاته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر بیانووی په‌سه‌ندی هه‌بوو بۆ (غائب)بوونه‌كه‌ی، دادوه‌ر مۆڵه‌تی بۆ دیاری ده‌كات كه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی بكات. به‌ڵام ماده‌م بیانووی هه‌یه‌ له‌ (نادیاربوونه‌كه‌یدا) وه‌كو ئه‌وه‌ كه‌ بۆ خوێندن چووبێت، یان بۆ حه‌ج، یان بۆ بازرگانی، كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دیاری ناكه‌ن. به‌ڵام به‌ڕێز (زه‌یدان) ده‌ڵێ: چونكه‌ ژنه‌كه‌ زیانمه‌د ده‌بێ به‌ (غه‌یبه‌ت)ی پیاوه‌كه‌ی، ئیتر بییانووی شه‌رعیی هه‌بێ، یانه‌یبێ، هه‌ر ده‌بێ دیاری بكرێت بۆی‌، ئه‌وه‌یش ئه‌و په‌سه‌ندی ده‌كات، نابێ چوار ساڵ زیاتری پێ بچێت ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر كارێ چووبێت.. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر باسه‌كه‌ی ده‌ڕواو ده‌ڵێ: دانانی چوار ساڵ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ چوار ساڵ كه‌متر نابێ، به‌ڵكو ده‌خرێته‌ به‌رده‌ستی ئیجتیهادی دادوه‌ر، ئه‌گه‌ر دادوه‌ر به‌لایه‌وه‌ وابوو كه‌ ئه‌و ئیشه‌ ئه‌و بۆی چووه‌، ساڵێ زیاتری ناوێ، ده‌توانێ مۆڵه‌تی ساڵێكی بۆ دابنێ.

 ئینجا مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ پتر له‌ چوار ساڵ زیندان ده‌كرێن به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێ‌:،ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ داوای (ته‌فریق)ی كرد، دادوه‌ر له‌ ڕۆژی بڕیاری حوكمه‌كه‌یه‌وه‌ ساڵێكی بۆ دیاری ده‌كات چاوه‌ڕوان بێت،جا پاش ساڵه‌كه‌ بڕیاری (ته‌فریق) ده‌دات.


نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - سه‌رچاوه‌/ كتێبی ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا


بەروار2020/04/02سەردان 603