پوختەی باسی جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..! (5)

پوختەی باسی جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..! (5)

پێویستە بۆ ئەوانە تەڵاقخۆرن، پێش ئەوە ھەڵبکوتنە سەر تەڵاقخواردن، ئەم ھەنگاوانەی لای خوارەوە بنرێن:

١. ئامۆژگاریی و ترسی خوایان وەبەر بنرێ، وە ماڵکاولی و دەرەنجامی تەڵاق بخرێتە پێش چاویان.
٢. جێینووستن جیابکەنەوە، کە بێگومان ڕۆڵ و دۆزی (نەفسیی)و دەروونی خۆی ھەیە.
٣. ھەڕەشەو لێدانێکی سووک (بە نیازی چارەسەر) نەک بۆ ئازارو بێزاری ژنەکە.
٤. ژن و پیاوەکە بکەونە ێوڵح و سازش و ھەوڵی ئاشتبوونەوە بدەن، وە بەھەر شێوەیەک دەتوانن ڕێک بکەون، ڕێ بگرنە بەر.
٥. (تەحکیم)، واتە: دووکەسی عادل و پسپۆڕو دڵسۆزو کارناس لەبواری کاروباری خێزاندا بچنە نێوانیانەوە.

جائەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە ھیچ کەڵکیان نەبوو، ئینجا بەم شێوەیەی لای خوارەوە بچنە سەر مەسەلەی تەڵاق و جیابوونەوە:

یەکەم - سەرەتا یەک تەڵاقی بدات.. بەڵکو تا عیددەی تەواو دەبێ، لەوماوەیەدا پەشیمان ببنەوەو دیسانەوە بەنیکاحێکی تازە ژیان دەست پێ بکەنەوە،، ئەگەر پاش تەواوبوونی عیددە ڕێک کەوتنەوە، یان بەڕەجعەت و بێ نیکاحی تر، ئەگەر بەر لەتەواوبوونی عیددە یەکیانگرتەوە.
تێبینی: ئەگەر ئەوخاڵانەی سەرەوە بێ کەڵکوون و چار ھەر تەڵاقبوو، پێویستە ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە لەلایەن تەڵاقدەرەوە ڕەچاوبکرێن:

أ- بزانێ کاتی عیددەی چ کاتێ دەست پێدەکات.. ئەو کاتە تەڵاقی بدات، چونکە خودا وا داوا دەکات، بۆیە دەفەرموێ: [..إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدتھن..] واتە: ھەرکات دەتانەوێ ژنان تەڵاق بدەن، لە کاتی خۆیاندا تەڵاقیان بدەن، (باپاک بن و (لە حەیزو نیفاس)دا نەبن، وە لەوماوەی پاکییەشدا سەرجێییان لەگەلڕ نەکرابێت.

ب- مادەم تەڵاقەکە رەجعیی دەبێ و، دەرفەتی یەککەوتنەوەی تێدا دەمێنێ، نابێ لەو جێگەی تێیدا بووە (بەر لەتەڵاقدان) بکرێتە دەر، سەرەڕای ئەوەش دەبێ خواردنء جل و بەرگ و پێویستیەکانی تریان بدرێتێ.

ج- جا ئەگەر – پاش ئەو ماوەیە – تەڵاقی دا، یان ھێنایەوەء پێکھاتنەوە، دەبێ لە ھەردوو حاڵەتەکەدا دوو شایەت ئاگاداربن، ئەم دوو شایەتە ئەوەند گرنگییان پێدراوە، ھەندێ لە زاناکان دەڵێن، ئەگەر ئامادەنەکران، تەڵاقەکە ناکەوێ.

د- ژنەکە تەنگەتاو نەکات بۆ ئەوە لە تەواوی مارەیی یەکەی ئازادی بکات، یان شتێکی بۆ بگێڕێتەوە لە بەرامبەر تەڵاقەکەوە، بەڵام ئەگەر ژنەکە بە ئارەزووی خۆی لەبەرامبەر تەڵاقەکەوە لەگەلڕ پیاوەکە ڕێکەوتن لەسەر ھەر چەند، ئەوە ڕەوایەو پێیدەڵێن (خولع)، خولعیش لە شەریعەتی ئیسلامدا ڕێ پێدراوە، دواتر (إن شا ْاللە) پتر باسی دەکەین.
ئەگەر پاش ئەوە کە ژیانی ژنء مێردییان دەست پێکردەوە، دووبارە بۆ کەڕەتێکی تر تێکچوونەوەو پێکەوە نەدەژیان، دەبێ یەک تەڵاقی تری بدات، بەڵام لەگەلڕ ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانەی لە تەڵاقی یەکەمدا باسکران.
ئینجا ئەگەر ھەمیسان پاش تەڵاقی دووەم پەشیمان بوونەوەء حەزیان کرد ژیان دەست پێ بکەنەوە..، ئەوە ئەمجارەش دەرفەتیان لەبەردەستا ماوە، بە نیکاحێکی تازە (ئەگەر عیددەی تەواو ببوو) یان بە (رەجعەت) ئەگەر عیددەی تەواو نە بوو بوو. شیاوی ئاماژە بۆ کردنە دوو تەڵاقیان لەدەست داوەو ئێستا لەسێ تەڵاق یەک تەڵاقیان ماوە، جا ئەگەر بەو تەڵاقە درێژەیان بە ژیان دا، ئەوە پیرۆزەو کارێکی باشە، خۆ ئەگەر بۆ جاری سێیەم دەستیان کردەووە بە ھەراو کێشە، ئەوە سەرەی تەڵاقی سێیەمء کۆتایی دێتە پێش، جا ئەگەر تەڵاقی سێیەمیشیدا، ئەم چەند خاڵانە پەیدا دەبن:

١-نابێ لەماڵی مێردەکەیدا بمێنێتەوە (وەکو ئەوە کە لە حاڵەتی یەکەمء دووەم دەمایەوە)، چونکە بەتەواوی پەیوەندیان بچراوەو حەرامە لێی.
٢-بەھیچ شێوەیەک (نە بە نیکاحی تازە، نە بە رەجعەت) ناتوانێ بگەڕێتەوە لای مێردەکەی.
٣-ھەر کە عیددەکەی تەواو کرد، دەتوانێ – ئەگەر بیەوێ – مێرد بکاتەوە بە کابرایەکی تر.
٤-دەتوانێ بگەڕێتەوە لای ئەم مێردە لەدەستچووەی، بەڵام بەم مەرجانەی خوارەوە:

أ- بێ دانانی ھیچ مەرج و سانسۆڕێک شووبکاتەوە بە کابرایەکی تر.
ب- مێردی دووەم سەرجێیی لەگەل بکات.
ج- لەیەک جیاببنەوە (بەمردنی ئەم مێردی دووەمە، یان بە تەڵاق...)
د- عیددەی ئەو جیابوونەوەیە تەواو بکات.
ئینجا ئەگەر ئەو مەرجانە ھاتنە جێ، ئەوا مێردی یەکەم دەتوانێ مارەی بکاتەوە (ئەگەر حەزیان لێبوو)، چونکە ھەموو قۆناغێکیان بڕی و گەلێ ئەزموون و تاقیکردنەوەیان دی، دەگونجێ ئەم جارە بتوانن ھەندێ لە کەم و کورتیەکانی یەکدی قەبووڵ بکەن.

سەرنجێک:
بۆیە قورئانی پیرۆز ئەو ژن و مێردە بەو سێ قۆناغەدا تێدەپڕێنێ، تا بەڵکو جار دوای جار بیرێک لە خۆیان و لە مال و حاڵیان بکەنەوە، جا ئەگەر پاش بڕینی ئەو ھەموو قۆناغانە، ھیچ کەڵکێکیان لێ نەبینی، دیارە ئیتر ھەر چەندەی تریان لە گەڵ بکرێ، ھەر دووبارە کردنەوەیەو تازە ئولفەتیان بەو ھەراو کێشانەوە گرتووەو قابیلی پێکەوە ژیان نین، دەبێ بۆ ھەتا ھەتایی لێک جودا بکرێنەوە، ئەگەرچی بۆ دواییش پەشیمان بن، چونکە زیاد لەوە کە ئیسلام ئەم ڕێگایانەی بۆ دانان و نەیانتوانی سوودیان لێوەرگرن، ئیتر لەوەبەو لاوە چی تر بکات؟.

خوێنەری ھێژا ! ئەمە ئەو یاساو ڕێسانەبوون کە ئیسلام ڕەچاوی کردوون بۆ تەڵاقدان – پاش ئەو ھەموو ھەوڵانە – ئەگەر ھەر ڕوویدا.. چونکە ئیسلام ڕێگە نادات بە پیاو بە ئارەزووی خۆی چ کات و ساتێ بە مێشکیا ھات تەڵاقی ژن بدات.. بەڵام ئایا نێوان کۆمەڵگەی پێشکەوتووی ئێستاو ئەو یاساو ڕێسایانە ئیسلام دایناون، نێوان ئاسمان و ڕێسمان جیاوازی نییە؟.


نووسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود - کتێبی/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا


بەروار2020/04/02سەردان 678