جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق).! (1+2).

جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق).! (1+2).

تەڵاق و جیابوونەوەی ژن و پیاو بەلای دینی ئیسلامەوە خاڵێکی زۆر گەورەو گرنگە، چونکە تێکچوونی ماڵ و حاڵی بەدوادا دێت، گەلێ جار منداڵان سەرلێشێواو دەبن و دەفەوتێن، گەلێ جار کەس و کاری ھەر دوولا لەیەک ھەڵدەسن و دەبێتە ئاژاوەی نێوانیان و، دووریش نییە خەڵکێکیان لێبکوژرێ، ھەر لەم روانگەوەیە بە (أبغض الحلال) دادەنرێت!، ھەر لەبەرئەمەیە کە خودای میھرەبان بەر لەوە ئاراستەی موسڵمانان بکات، ئاراستەی پێغەمبەر ﷺ دەکاو دەفەرموێ: [یاأیھا النبی إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدتھن..]. ھەر لەبەر گرنگی و سامناکی تەڵاقە کە خودا لە نێوان ئەحکامەکانی تەڵاقدا - جار لەدوای جار - وشەی (تەقوا) و (حدوداللە) دێنێتە نێوان و دەفەرموێ: [واتقوا اللە ربکم].. [وتلک حدوداللە ومن یتعد حدود اللە فقد ظلم نفسە..].. [لاتدری لعل اللە یحدث بعدذلک أمرا..].. [وأشھدوا ذوی عدل منکم وأقیموا الشھادة للە..] ھەر بەو جۆرە بەیناو بەین بێژەی (تەقوا) دێنێت، تا کۆتایی سوورەتی (تەڵاق) دێت. جا بۆ ئەوە خەڵکان ھەروا بە ئاسانی نزیکی کاری وانەبنەوە، ئەو ھەموو ترسەیان وە بەردەنێت.

- تەڵاق بۆ ھێور کردنەوەی باری نائاسایی نێوان ژن و پیاوە، بۆ کوژانەوەی ئەو توڕەیی و حاڵەتە سەخت و ناھەموارەیە لە نێوان دوو مرۆڤدا پەیدا بووە، ھەوڵێکە بۆ کوژانەوەی ئەو ئاگرو جەحەننەمەیە بۆیان کڵدراوە، پاش پێچانەوەی ئەو ھەموو خۆشەویستیی و سۆزو دلۆڤانییە، کە خودا لە بارەیەوە دەفەرموێ: [و من آیاتە أن خلق لکم من أنفسکم أزواجا لتسکنوا إلیھا و جعل بینکم مودة ورحمة..].

- تەڵاق بۆ چارەسەری کێشەی ئەو دوو ئینسانەیە کە تا دوێنێ جل وبەرگ و کاڵا یەکبوون و، لە ھەموو نەنگ و لەنگێک یەکتریان دادەپۆشی: [ھن لباس لکم وأنتم لباس لھن..]..

- تەڵاق بۆ کۆتایی ھێنانە بە ناکۆکی ئەو دوو مرۆڤەیە کەچاوەروانی وەبەرھێنانی وەچەو نەوەی ئاییندەیان لێدەکرێ: [نساؤکم حرث لکم..].

- تەڵاق کۆتا ھەوڵە لە ھەوڵەکانی ئیسلام، بۆ کۆژاندنەوەی بڵێسەی غەزەبی دوو ئینسانی ماندوو بە دەست یەکترەوە، بەو ھیوایە نێوانیان لەو حاڵەتە خراپتر نەبێ، بەشکو دواتر بتوانرێ یەک بخرێنەوە، واتە: دەبێ ھەموو چارەسەرەکان بگیردرێنە بەر، ئەوجا بیر لە جیابوونەوە بکرێ، بۆ نموونە: یەکەم جار، یەک تەڵاقی بدات.. جا ئەگەر لەو ماوەیەدا ھەردوولا لە ئەنجامی وێران کردنی خانەو لانەکەیان عیبرەتیان وەرگرت و ھەستیان کردکە ئێستا لە دەرگای ئەم و ئەودان و منداڵان سەرلێشێواون و بۆ خۆیشیان پەشیمانن، ئەوا دووبارە رێیان پێدەدرێتەوە یەک بگرنەوە، ئەنجا ئەگەر پاش ئەو یکگرتنەوەیە، دیسان تێکچوونەوە و بە تەڵاق نەبێ، کێشەکەیان چارەسەر نابَی، با تەڵاقێکی تری بدات و دیسان ماوەیەک ھەردوولا دوور لە ماڵ و حاڵی جارانیان بژین، بەڵکو بیر بکەنەوەو ئیتر ژیر ببن و، کۆتایی بە کێشەکانیان بێنن، جا ئەگەر ھەردوو گەڕانەوە سەر مێزی دانووستن و دەرەنجام ھاتنە سەر ئەوە یەک بگرنەوە، ئەمجارەش شەریعەتی ئیسلام بۆ جاری دووەم رێی پێداون چارەسەری کێشەکەیان بکەن و دەست بکەنەوە بە ژیان.. ئینجا ئەگەر پاش ئەم دووجار چاکسازیی و یەکگرتنەوە، دیسان ناکۆکبوونەوە، دەبێ ئەمجارەیان دوو حەکەم - یەکێ خزمی پیاوەکەو یەکێ خزمی ژنەکە - بچنە نێوانیانەوەو بە وردیی لە کێشەکەیان بکۆڵنەوە، جا ئەگەر توانیان کێشەکە بدۆزنەوەو بۆیان روون بوویە لەلای کامیانەوە سەری ھەڵداوە، ئەوا ھەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ چاککردنی نێوانیان، جا ئەگەر لە ھەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو بوون ئەوە کارێکی پەسەندو باشیان کردووە، خۆئەگەر گەیشتبوونە ئەو قەناعەتە کە ژیانیان پێکەوە ناگونجێ، ئەوجا دەبێ لەیەک جیا بکرێنەوە و، نابێ ھیچ کامێکیان ستەم لەوی دیکە بکات (وەک لە سوورەتی بەقەرەو سوورەتی نیساء دا ئەم مەسەلە باسکرا). بەڵێ ئەمە مەسەلەی شێوەی ئەو تەڵاقە بوو لە ئیسلامدا رێی پێدراوە، ئیتر تەڵاق ئەوە نییە بابایەک بە ئارەزووی خۆی نان و ئاوی بکات بە تەڵاق و ! ھەرچی بە دڵی نەبوو تەڵاقێکی پیا بکێشێ.

سەرەرای ئەمانەیش، لەکاتی تەڵاق دانەکەدا، دەبێ رەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکرێ، وەکو لە سوورەتی (تەڵاق) دا دەفەرموێ: [یا أیھا النبی إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدتھن و أحصوا العدة واتقوااللە ربکم لا تخرجوھن من بیوتھن ولایخرجن إلا أن یأتین بفاحشة مبینة وتلک حدوداللە ومن یتعد حدوداللە فقد ظلم نفسە لاتدری لعل اللە یحدث بعد ذلک أمرا] ٦٥ /١، واتە: ئەی پێغەمبەر! ھەرکات ویستان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، لەکاتی عیدە ژماردنیاندا تەڵاقیان بدەن و ماوەکە بەوردیی ئامار بکەن، لە خودای پەروەردگارتان شەرم بکەن و لەماڵ خۆیان دەریان مەکەن و بۆ خۆشیان دەرنەچن لەو ماوەی عیددەدا، مەگەر بە ئاشکرا کارێکی دزێوو شوورەیی بکەن، ئەمە سنووری خودایە و لە سنووری خودا بەولاوە چی تر، ستەمی لەخۆی کردووە، تۆ چووزانی لەوانەیە دوای ئەوە خودا کارێ تر وەدی بێنێ.
ئیسلام خێرا ھەر لەگەڵ سەرھەڵدانی کێشەیەک پەلە ناکات بۆ بچراندنی زنجیرەی خێزان، بەڵکو زۆر بە توند ئەو مەسەلە دەگرێت وە ھەتا قابیلی چارەسەر بێت چارەسەری بۆ دادەنێت، بۆ نموونە: خودا دەفەرموێ: [و عاشروھن بالمعروف فإن کرھتموھن فعسی أن تکرھوا شیئا و یجعل اللە فیە خیرا کثیرا]. واتە: ئێوە ئەی مێردان! بە جوامێرانەو پەسەند مامەڵە لە گەڵ ژنەکانتاندا بکەن، خۆئەگەر رکیشتان لێیان بوویەوە بەھۆی کارێکەوە حەزتان نەبوو لێی، ھەرددان بە خۆتاندا بگرن و تەڵاقیان مەدەن، چونکە دەکرێ ئێوە رکتان لە شتێک بێتەوەو حەزی پێ نەکەن، کەچی خودا قازانجی فرەی تێدانابێت بۆتان.

بەرێز دکتۆر (مصطفی الزلمی) لە کتێبی (الطلاق) دا دەڵێ: لەبەرئەوە ئیسلام زۆری مەبەستە کە ژیانی ژن و مێرد ھەڵنەوەشێتەوەو ھەمیشە بەردەوام بێت، بۆ بەرھەڵستکردن و رێگرتن لێی ھاتووە چەند خاڵێکی داناوە، لەوانە:

یەکەم - پەندو ئامۆژگاریی ژنەکان بکەن: (فعظوھن). 
 جا لەو حاڵەتەدا کە ژنەکە دانامرکێ و مل نادات بە مێرد، قورئان داوا لە پیاوان دەکات کە بەھەر شێوەیەک کەڵک بەخش دەبێت، ئامۆژگاری ژنەکانیان بکەن، بەڵکو ئەو تووڕەیی و ھەڵچوونەیەیان دابەزێ.

دووەم - جێگەی نووستنیان لێ جیا بکەنەوە: [واھجروھن فی المضاجع].
 بەو واتایە کە ئەگەر ژنەکە - لەبەر ھەر ھۆیەک بوو - بە ئامۆژگاری دانەمرکاو لەو حاڵەتە دانەبەزی، ئەوا قورئانی پیرۆز لەوە دەگوێزێتەوە بۆ عیلاج و چارەسەرێکی (نەفسیی)، ئەویش دوورکەوتنەوەیە لێیان لەکاتی خەودا، بێگومان ئەوە حاڵەتێکە ژنی بەویژدان دەزانێ چەندە ئاسەواری ھەیە لەسەر دڵ و دەروون، بەڵام دەبێ ریعایەتی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکرێ: 

أ- دەبێ دوورکەوتنەوەکە تەنھا لەکاتی نووستندا بێت. 
ب- منداڵەکانیان - ئەگەر ھەبوون - پێیان نەزانن، تا ئاسەواری خراپی لێنەکەوێتەوە بۆ ئەوانیش.
ج- لەبەردەم خەڵکانی غەریب و نەیار بەو خێزانە، ئاسەواری دەرنەکەوێت.
د- ئەگەر ئەم چارەسەرە بێ کەڵک بوو، ئینجا چارەسەرێکی تر دێتە پێش.

 سێیەم - سووکە لێدانێکی بێ زەرەروو زیان بکرێن: (فاضربوھن).
بێگومان ھەموو دەردێک دەرمانێکی ھەیە، بۆیە شەریعەتی ئیسلام سێ (خەیار)ی لەبەردەم پیاودا دانا بۆکوژانەوەی ئەو تووڕە بوون و ململانێیە، ھەرکامێکیان بگریت زۆر ئاسانتر و بچوکترە لە (تەڵاق) و جیابوونەوەکەیان. 
گەلێ کەس بۆ ئەم لێدانە تەفسیری خراپ دەکاتەوە و بە کەم و سووکایەتی دەزانێ بۆ شانی ژنان، بەڵام ھەر چۆنێک بێت لە تەڵاقدانەکە زۆر کەمترو ئاسانترە، سەرەرای ئەمەیش کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ: ((لا یجلد أحدکم امرأتە جلد العبد ثم یجامعھا فی آخر الیوم)) فتح الباری/ باب ما یکرە من ضرب النساء، ح / ٥٢٠٤. نابێ کەسێکتان لێدانی ژنەکەی بکات، وەک چۆن لە بەندە دەدات! پاشانیش بچێ سەرجێیی لەگەڵ بکات!. خۆئەگەر وەکو چارەسەرێک بۆ روونەدانی تەڵاق لێدان کرا دەبێ ھیچ شوێنێکی بریندار نەکرێ و تووشی ئازارو بێزار نەبێ. 
پێغەمبەر ﷺ بەوکەسانە لە ژنان دەدەن دەفەرموێ: ((و لا تجدون أولئک خیارکم)) (شەوکانی) نیل الأوطار ٦/٢٣٨. ئەوانەتان لە ژنان دەدەن، مرۆڤی چاک نین، واتە: ئەوانە چاکن کە لە ژنان نادەن. وە لە فەرموودەیەکی تردا ھاتووە: ((و لا یضرب إلا شرارکم)) الطبقات الکبری ٧/١٤٨. واتە: مەگەر ھەر مرۆڤە خراپەکانتان لە ژنان بدەن!.
پیاوچاکانی پێشوو باش لە ماناو مەبەستی ئەو لێدانە گەیشتن، بۆیە (قازی شورەیح) کە (عومەری کوڕی خەتتاب) کردبوویە قازیی (بەصرە) و (٦٣) ساڵ تەمەنی تەواو کردبوو، ئەگەر لە خاتوو (زەینەب)ی ژنی تووڕە بوو با، بە سیواکەکەی ئاماژەیەکی بۆ دەکرد و ئەم شیعرەی دەخوێندەوە: 
ورأیت رجالا یضربون نساءھم * فشلت یمینی حین أضرب زینبا

کەوابوو ئەو لێدانە قورئان رێگەی پێداوە، غەیری ئەو لێدانەیە خەڵکانی نەزان لێی تێگەیشتوون و تەفسیری دەکەنەوە. (سەید قوتب) دەڵێ: ئەوی کەمێ لە حیکمەتی ئەم چارەسەرە ورد بێتەوە، دەزانێ کە مەبەست ئەزیەت و ئازاری ژنان نییە، زۆر کردن نییە لێیان، تا بە ماڵ و حاڵێ رازی بن، حەزیان لێ نەبێ. (فی ظلال القرآن)، ٥/٦٤.

چوارەم - ئەگەر ئەشقیبوونەکە لە پیاوەکەوە بوو، قورئان روو لە ھەردوو ژن و پیاوەکە دەکات کە ھەوڵ بدەن نێوانیان رێک بخەنەوە و ێوڵح و سازش بکەن، واتە: بیر لە تەڵاق نەکەنەوە، بەڵکو بیر لە چارەسەر بکەنەوە، بۆیە دەفەرموێ: [و إن امرأة خافت من بعلھا نشوزاً أو إعراضاً فلا جناح علیھما أن یصلحا بینھما و الصلح خیر..] سورە النساء /١٢٨. واتە: ھەر چۆنێک رێک دەکەون و ئەو ئاڵۆزییە ریشەکەن دەکەن، بە زیادکردنی مارەیی بێ بۆ ژنەکە لەلایەن مێردەوە، یان ژنەکە واز لە ھەندێ مافی خۆی بێنێ، یان بەھەر شێوەیەکی دی، گرنگ رێکەوتنیانە، خۆ بێگومان ئەو رێکەوتنە زۆر باشترو قازانجترە لە تەڵاق و جیابوونەوەیان.

پێنجەم - ئەگەر ھەریەکەیان ھەراو کێشەکەی دەخستە سەر ئەوی دیکەیان، ئەوا (تەحکیم) بەکاربھێنرێ، وەکو قورئان دەفەرموێ: [فابعثوا حکما من أھلە وحکما من أھلھا..] پێویستە بۆ دوو حەکەمەکانی نێوانیان، ئەم خاڵانەیان تیا ڕەچاو بکرێ: 

أ- ھەر کام لە ژن و لە پیاوەکە بەحەکەمی خۆیان رازی بن.
ب- ھەردوو حەکەمەکە خاوەن عەدالەت بن و، لە کاروباری ھەراو کێشەی خێزان شارەزاو لێزان بن.
ج- تا بکرێ خزمی ژن و پیاوەکە بن، خۆئەگەر لەوان دەستی نەدا، با لە دراوسێکانیان بن، چونکە لەوانەیە ئەوان لە بەشێ لە کێشەکەیان ئاگاداربن. 
د- ھەردوو وەکو کەسێکی بێ تەرەف کار بکەن، واتە: خزمایەتی بەکارنەھێنن، بەڵکو تەنھا مەبەستیان رێکخستنەوەی نێوان ئەو ژن و پیاوە بێت.
ە- دوای لێکۆڵینەوە راپۆرتێک بنووسن، چۆن کێشەکەیان دیت و چۆن سەیری دەکەن؟ لە سوورەتی (نیساء)دا دەسەڵات و توانای ئەم دوو حەکەمە باسکراوە، دەتوانی بگەڕێیتەوە لای.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/04/02سەردان 409