به‌ مێرد دانی كچیی ژیر‌و باڵغ.؟

به‌ مێرد دانی كچیی ژیر‌و باڵغ.؟

 ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی باڵغ بوونن:

أ- كه‌وتنه‌ بێ نوێژی.. واته‌: به‌بێ نه‌خۆشیی خوێن له‌وجێگه‌ی خۆیه‌وه‌ بێته‌ ده‌ر، چونكه‌ هه‌رگیز ئه‌و خوێنه‌ نابینن تا باڵغ نه‌بن، كه‌وابوو ئه‌و خوێنه‌ ده‌بێته‌ نیشانه‌ی باڵغبوون.
ب- ده‌رچوونی (مه‌نی) له‌ زه‌كه‌ری كوڕانه‌وه‌و له‌ پێشی كچانه‌وه‌، له‌خه‌ودا، یان له‌ حاڵه‌تی به‌خه‌به‌ربوون.. شتی وا كه‌ ده‌بێته‌ نیشانه‌ی باڵغبوون، له‌ناو زاناكاندا بێ كێشه‌یه‌و هه‌موو یه‌كده‌نگن له‌سه‌ری.
ج- سكبوون.. سكبوونی ژنان ده‌بێته‌ نیشانه‌ی باڵغبوون، چونكه‌ به‌ڵگه‌ی ده‌رچوونی (مه‌نی)یه‌، خۆ دیاره‌ منداڵ‌ له‌ (مه‌نی) ژن‌و پیاو په‌یدا ده‌بێ.
د- سه‌باره‌ت به‌ ڕوانی ((موو)) له‌ده‌وروبه‌ری زه‌كه‌ری نێرینه‌و پێشی كچانه‌وه‌.. گه‌لێ ڕا‌وبۆچوونی تێدایه‌: كه‌ ئاخۆ ڕوانی ((موو)) ده‌بێته‌ نیشانه‌ی باڵغبوون، یا نابێت ؟ له‌ كتێبه‌ فیقهییه‌كاندا باسكراوه‌.
ه- ئه‌گه‌ر شتێك له‌و چوار نیشانه‌ له‌ كچان‌و كوڕاندا ده‌ست نه‌كه‌وت، ئینجا به‌ساڵ‌ ده‌گه‌ڕێین بۆ باڵغبوون، بۆئه‌مه‌یش (حه‌نه‌فیه‌كان) ده‌ڵێن: كوڕان ده‌بێ بگه‌نه‌ (19)ساڵ‌، كچانیش (17)ساڵ‌. به‌ڵام (ئه‌بوو یووسف) ‌و (محمد)ی فه‌قێیانی ئیمام ئه‌بووحه‌نیفه‌ ده‌ڵێن: كچ‌و كوڕ بگه‌نه‌ (15)ساڵ‌، مانای باڵغبوونه‌.
(حه‌نبه‌لی) و (شافعی)یه‌كانیش (15) ساڵ‌ ده‌كه‌نه‌ نیشانه‌ی باڵغبوون بۆ هه‌ردووكیان، ئه‌گه‌رچی قسه‌یه‌كی تری (حه‌نبه‌لی)یه‌كان ده‌ڵێت: كچ له‌ (9)ساڵه‌دا به‌باڵغ داده‌نرێت. (مالكیه‌كان) (18)ساڵ‌ بڕیار ده‌ده‌ن. جه‌عفه‌ریش: بۆ كوڕ (15)ساڵ‌، بۆ كچیش (9)ساڵ‌، شیاوی باسه‌ هه‌ریه‌ك له‌م چوار ڕاوبۆچوونانه‌ به‌ڵگه‌‌و ده‌لیلی خۆیانیان هه‌یه‌‌و له‌شوێنی خۆیدا باسیان كردووه‌.
شه‌رعزان‌و یاساناسه‌كان ده‌توانن كۆببنه‌وه‌ – له‌هه‌ر وڵاتێكدا بن – هه‌ركام له‌و بۆچوونانه‌ گونجاوه‌ بۆیان هه‌ڵیبژێرن ‌و كاری پێ بكه‌ن له‌ دادگاو ناوچه‌كانیاندا، چونكه‌ مه‌سه‌له‌ی باڵغبوون‌و باڵغنه‌بوون، له‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كی دی ده‌گۆڕێ.

كچ به‌وانه‌ ده‌ڵێن: كه‌ په‌رده‌ی كچێنی (غشا‌ء البكارة)یان به‌هۆی چوونه‌ لای شه‌رعییه‌وه‌ لانه‌چووبێت.. كه‌وابوو ئه‌وانه‌ی په‌رده‌ی كچێنیان به‌هۆی باز بردنه‌وه‌، یان به‌ هۆی تیژی خوێنی‌ (حه‌یز)ـه‌وه‌، یان به‌هۆی زۆر مانه‌وه‌و قه‌یره‌ بوونیانه‌وه‌، یان له‌به‌ر زاییه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌، یان لێیان ده‌درێت، یان به‌ په‌نجه‌، یان به‌هه‌ر هۆكارێكی تره‌وه‌ - ئه‌گه‌ر به‌ (زینا)یش بێت - نامێنێت، یان به‌بێ په‌رده‌ی كچێنی له‌دایك بوونه‌، له‌ناو زانایاندا ئه‌مانه‌ هه‌ر به‌ كچ داده‌نرێن‌و مامه‌ڵه‌ی كچیان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌/ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - - نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/02سەردان 940