كچ‌و كوڕ هه‌ر پێگه‌یشتن به‌یه‌كیان بگه‌یه‌نن.!

كچ‌و كوڕ هه‌ر پێگه‌یشتن به‌یه‌كیان بگه‌یه‌نن.!

له‌ قورئانی پیرۆزدا هاتووه‌: [وأنكحوا الآیامی منكم والصالحین من عبادكم وإمائكم، إن یكونوا فقرا‌ء یغنیهم الله من فضله والله واسع علیم]سووره‌تی نوور\32. واته‌:مێیینه‌ی‌ بێ‌ مێردتان به‌ شوو بده‌ن، وه‌ نێرینه‌ی‌ بێ‌ ژنتان ژنی‌ بۆ ساز بكه‌ن،عه‌بدو كه‌نیزی‌ هیژاشتان هه‌روا، ئه‌گه‌ر هه‌ژاریش بن خودا به‌ دلۆڤانی‌ خۆی‌ هه‌موولا بێ‌ نیاز ده‌كات.
له‌ فه‌رمووده‌كاندا زۆر هاتووه‌ داوا ده‌كات كه‌ به‌ زوویی كچان به‌ شوو بدرێن‌و كوڕان ژنیان بۆ بهێنرێت، ئه‌مه‌یش بۆ پاراستنی خۆیان‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌كاری دزێو‌و فاحیشه‌، له‌وانه‌:

* ((إذا جا‌ءكم من ترضون دینه وخلقه فانكحوه، إلا تفعلوا تكن فتنة فی الأرض وفساد عریض)).
كه‌وابوو دواخستنی كچان‌و كوِران له‌ كاتی به‌یه‌كگه‌یاندنی خۆیان، گه‌لێ خراپه‌، وه‌ چه‌ندین خراپه‌كاریی‌و فیتنه‌ی دین‌و دنیای لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌، وه‌كو به‌ ئاشكرا ده‌بینرێ.

* پێغه‌مبه‌ر ﷺ به‌ (علی‌ كوڕی ئه‌بوو تالب)ی فه‌رموو: ((یا علی‌! ثلاث لا تؤخرها: الصلاة إذا أتت، والجنازة إذا حضرت، والأیم إذا وجدت لها كفوا))ئیمامی‌ ترمژی‌. واته‌: سێ شتی گرنگ هه‌ن، ده‌بێ دوایان نه‌خه‌ن ئه‌ی عه‌لی! نوێژ هه‌ركاتی هات، مردوو هه‌ركات ئاماده‌بوو، ژنی بێ مێرد، هه‌ركات هاوكوفت بۆ دۆزیه‌وه‌.
خستنه‌ پاڵ‌ یه‌كی ئه‌و سێ شته‌، مانای گرنگیدانه‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی (زه‌واج)، ژنی بێ مێرد، پیاوی بێ ژن، هه‌ركات شیاوو گونجاویان بۆ ده‌سكه‌وت، نابێ پشتگوێ بخرێن، هه‌ر چۆن نوێژ دوا ناخرێت! یان جه‌نازه‌ نابێ دوا بخرێت له‌ ناشتن.

دواكه‌وتنی كوڕان‌و كچان له‌ به‌یه‌كگه‌یشتن ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ (وه‌لی)یه‌كانیان:

به‌ڵێ.. هه‌ركات هۆكاری شه‌رعیی نه‌بوو بۆ دواخستنی به‌شوودانی ژنانی بێ مێردو، ژن هێنان بۆ پیاوانی بێ ژن، باوك‌و برا‌و هه‌ر كه‌سێكی تر ده‌ستی تێدا هه‌بێت، گوناحبار ده‌بن، وه‌ ئه‌و كچ‌و كوڕه‌ چه‌نده‌ تاوان بكه‌ن، ئه‌وه‌ند (ولی)ـه‌كه‌یان گوناحی ده‌گات، به‌مه‌رجێ ئه‌و هۆكار بێت بۆ دواخستنیان.
ده‌بێ‌ كێ به‌رپرس بێت له‌مانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو كچانه‌دا له‌ ماڵی بابیاندا كه‌ ده‌كرێ له‌ملاو له‌ولاوه‌ داوا كارێكی زۆریان هاتبێ‌و ڕێیان لێگرتبن..؟ به‌و بیانووه‌وه‌: خانووی نییه‌‌و، یان سه‌یاره‌ی نییه‌، یان شه‌هاده‌ی زانكۆی نییه‌... یان فلاَن شتی‌ نییه‌.. تاد.ده‌بینی‌ له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌وه‌وه‌ ئێستا گه‌شتوونه‌ته‌ ته‌مه‌نی به‌ عه‌ره‌بی (عه‌نووس)ـه‌، به‌ كوردیش (قه‌یره‌ كچ)، نه‌ ئه‌وانه‌ی پێشوو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ داوایان بكه‌ن، نه‌ كوڕو كاڵی تازه‌ پێگه‌یشتوویش ده‌چنه‌ پێش بۆیان، ئه‌وانیش به‌ ژیانێكی پڕ له‌ ناسۆرو خه‌م‌و خه‌فه‌ت‌و كه‌سه‌ره‌وه‌، به‌ناچاری بۆیدانیشتوون ‌وچاوه‌ڕوانی مردن ده‌كه‌ن، تا به‌ڵكو ڕزگاریان ببێ له‌ خت وبۆڵه‌ی‌ براو براژن وباوك وباوه‌ژن و..تاد، ئیتر خۆ دووریش نییه‌ هه‌ریه‌كه‌یان گرفتێكی كۆمه‌ڵایه‌تیشی بۆ پێش هاتبێ: بێكه‌سی‌و لێنه‌پرسینه‌وه‌ی كه‌س لێی، براو براژنێكی خراپ‌و دژوار... یان باب‌و بابه‌ژنێكی نه‌گریس.. یان.. یان..

گه‌لێك له‌ كچان به‌ ده‌ستهێنانی‌ شه‌هاده‌ی زانكۆ‌و باڵاتر دوایان ده‌خا‌و به‌ره‌نجام له‌ خۆشه‌ویستی مێردو، دلۆڤانی دایكایه‌تی بێ به‌ش ده‌بن‌و بۆ خۆیان پیر ده‌بن‌و له‌گه‌ڵ‌ ژیان ده‌كه‌ونه‌ جه‌نگ ! گه‌لێكیان ده‌بنه‌ دكتۆره‌و ئه‌ندازیار‌و مامۆستا‌و وه‌زیر‌و به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ جێگایه‌كدا‌و ده‌بنه‌ خاوه‌نی خانوو ‌و سه‌یاره‌‌و پاره‌‌و ئیمكانیاتێكی زۆر‌و له‌ ته‌لارێكدا به‌ماندوویی ده‌ژیی‌و ئه‌وه‌ی شكی ببات ئه‌و شۆفێره‌یه‌ سه‌یاره‌كه‌ی بۆلێده‌خوڕێ – سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ نامه‌حره‌میشه‌ پێی‌ – ده‌كرێ گه‌لێ لاساریشی له‌گه‌ڵ‌ بكات.. یان له‌وانه‌یه‌ – وه‌كو ده‌ره‌وه‌ی‌ ولاَت – پشیله‌یه‌ك یان سه‌گێكی ڕاگرتبێ‌و له‌ ژووره‌كه‌ی خۆیدا بیخه‌وێنێ.. وهیچ هیوایه‌كی به‌ مێرد كردن نه‌ماوه‌و له‌و هه‌موو ماناو مه‌به‌ستانه‌ – له‌ زه‌واج دا هه‌یه‌ – خۆی‌ بێ به‌شكردووه‌.. بێگومان هۆكاری‌ ئه‌و هه‌موو هه‌لاَنه‌، لادانه‌ له‌ (فیگره‌ت)ی یاسای خودای گه‌وره‌ كه‌ دایناوه‌ بۆ ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌ له‌م بوونه‌وه‌ره‌دا كاری پێ بكه‌ن تا به‌خته‌وه‌ربن، ئه‌گینه‌ سه‌رلێشێواوی دنیاو قیامه‌ت ده‌بن.

(عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب) (خودای لێ ڕازی بێت) چه‌ند جوان ده‌فه‌رمووێت: ((زوجوا أولادكم إذا بلغوا، لا تحملوا آثامهم)) أحكام النسا‌ء لابن الجوزی. واته‌: منداڵه‌كانتان – كچ بن یان كوڕ - هه‌ركه‌ پێگه‌یشتن كچه‌كان به‌ مێرد بده‌ن‌و، كوڕه‌كانیش ژنیان بۆ بێنن، ئیتر ئێوه‌ گوناحه‌كانیان هه‌ڵمه‌گرن.. به‌دواخستنیان له‌ (زه‌واج)‌و به‌ره‌نجام تووشی گوناحیان بكه‌ن.
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پیاوێكی دیندارو به‌ ئه‌خلاق، هاته‌ پێش و داوای كچێك بكه‌ن‌و باوك‌و كه‌س‌و كاره‌كه‌ی نه‌یده‌ن‌و ڕێی لێبگرن، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی لێده‌سێنرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/02سەردان 673