ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیاری ژنان


ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیاری ژنان

پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌فه‌رمووێ: ((إذا خطب إلیكم من ترضون دینه وخلقه فزوجوه، إلا تفعلوا تكن فتنة فی الأرض وفساد عریض)) ترمذی‌ ڕیوایه‌تی ده‌كات. واته‌: هه‌ركات كه‌سێكی به‌دین‌و به‌ئه‌خلاق هاته‌ پێش بۆ كچه‌كه‌تان، ئێوه‌ لێ ماره‌ بكه‌ن،ئه‌گه‌رنا، خراپه‌و فه‌سادیكی گه‌وره‌ به‌ زه‌ویدا سه‌ر هه‌ڵده‌داو، ئه‌و كات زۆربه‌ی پیاوان بێ ژن‌و، زۆربه‌ی ژنان بێ پیاو ده‌مێننه‌وه‌و، فیتنه‌و خراپه‌ په‌ره‌ده‌سێنێ‌و هه‌موو شوێنێ ده‌گرێته‌وه‌. ده‌بینی زۆر كه‌س پیاوی دیندار، یان ژنی دیندار هه‌ڵنابژێرێت.. كه‌چی بۆ دوایی ژیانیان پڕ ده‌بێ له‌ چه‌له‌حانێ‌و شه‌ڕه‌ ده‌م.. مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه‌ی پیاوی به‌دین بۆ كچان، ئه‌وه‌ند گرنگه‌، پیاوه‌ صاڵحه‌كان بۆ خۆیان گه‌ڕاون به‌دوای پیاوێكی باشداو، پاشانیش گوتویانه‌، وه‌ره‌ ئه‌و كچه‌مت لێ ماره‌ بكه‌م !
ئیمای بوخاری ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌ (عبدالله بن عمر)ـه‌وه‌ كه‌ كاتێ (خاتوو حه‌فصه‌) بێوه‌ژن ده‌كه‌وێت، (عومه‌ر – خ) گوتی: چوومه‌ لای (عثمان بن عفان)‌و حه‌فصه‌م خسته‌ به‌رچاوی كه‌ ماره‌ی بكات! له‌وه‌ڵامدا گوتی: با بیرێكی‌ لێ‌ بكه‌مه‌وه‌! پاشان دوای‌ چه‌ند شه‌وێك پێیگه‌یشتمه‌وه‌ گوتی: وا چاكه‌ بۆم ئه‌مڕۆ ژن نه‌هێنم، عومه‌ر ده‌ڵێت: به‌ (ئه‌بوو به‌كری صدیق) گه‌یشتم‌و حه‌فصه‌م خسته‌ به‌رچاوی ماره‌ی بكات، پاشان ئه‌بووبه‌كر بێده‌نگ بوو هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دامه‌وه‌! ئیتر دڵم له‌ هه‌ردووكیان نیگه‌ران بوو.. ئینجا پاش ماوه‌یه‌ك پێغه‌مبه‌ر ﷺ خواستی‌و لێم ماره‌ كرد.. بۆ دوایی (ئه‌بووبه‌كر –خ) به‌ عومه‌ری گوت: له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو من وڵامم نه‌دایته‌وه‌، چونكم بیستبووم كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ باسی كردووه‌، منیش حه‌زم نه‌كرد ئه‌و نهێنیه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌ ﷺ بڵاوبكه‌مه‌وه‌، دڵنیا به‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووایه‌ قه‌بووڵم ده‌كرد.

به‌ڵێ هه‌روه‌كو (وه‌لی) له‌سه‌ریه‌تی پیاوێكی دیندارو به‌ ئه‌خلاق بدۆزێته‌وه‌ بۆ كچه‌كه‌ی، بێگومان له‌سه‌ریشیه‌تی به‌ پیاوێكی سه‌روسیما جوانی بدات، وه‌كو له‌ (عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب – خ) ده‌گێڕنه‌وه‌و گوتوویه‌تی: (لا تنكحوا المرأة الرجل القبیح الذمیم، فإنهن یحببن لأنفسهن ما تحبون لأنفسكم). أحكام النسا‌ء لابن الجوزی. ژنان له‌ پیاوی ناشیرین‌و سه‌روسیما تاڵ‌ ماره‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ر چۆنێك ئێوه‌ حه‌زتان له‌ جوان‌و قه‌شه‌نگه‌،ئه‌وانیش حه‌زیان له‌ پیاوی شۆخ‌و شه‌نگه‌. ئه‌م جوانیشه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌ك ژنان نه‌رم‌و ناسك‌و سپیكه‌له‌ بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ند پێویسته‌ كه‌ سه‌رو سیمای‌ لا قه‌بووڵ بێت.

* هه‌وڵ بدات له‌ كه‌سێكی‌ ماره‌ بكات له‌ ساڵ و ته‌مه‌ندا نزیكبن، واته‌ كچێكی لاوی تازه‌ پێگه‌یشتوو، ماره‌ نه‌كات له‌ پیاوێكی پیرو به‌ته‌مه‌ن، چونكه‌ نه‌گوونجانیان نزیكتره‌، تا پێكه‌وه‌ ژیانیان، جگه‌ له‌وه‌یش له‌وانه‌یه‌ ئه‌و پیاوه‌ پیره‌ توانای ِرازی كردنی ئه‌و كچه‌ی نه‌مابێت، ئه‌وكات دوور نییه‌ كچه‌كه‌ تووشی كاری بێ شه‌رعیی ببێت. 
ئیبن جه‌وزی چه‌ند جوان ده‌ڵێت: (إیاك أن تزوج البنت بشیخ أو شخص مكروه، فربما حملها ذلك علی‌ مالا ینبغی) أحكام النساء.. واته‌: تكات لێ ده‌كه‌م كچ له‌ پیاوی پیر ماره‌ مه‌كه‌، گه‌لێ جار تووشی كاری ناهه‌موار‌و ناڕه‌وای ده‌كات.
له‌ كتێبی (كشاف القناع)ی (حه‌نبه‌لیه‌) كاندا هاتووه‌: (ومن التغفیل أن یتزوج الشیخ الصبیة) یان هاتووه‌ ده‌ڵێ: (ومن التغفیل تزویج شیخ بصبیه‌). واته‌: كچۆڵه‌ ماره‌كردن له‌ پیاوی پیر، یان به‌شوودانی له‌ پیاوی پیر، خۆ گێل كردنه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی.
نه‌هامه‌تییه‌كانی ماره‌ كردنی كچی لاو له‌ پیاوی پیر گه‌لێ زۆرن، له‌وانه‌: كچه‌كه‌ به‌ پێی‌ سروشت حه‌زی له‌یاریی‌و ده‌ستبازی‌و ئه‌م دیوو ئه‌و دیو كردنه‌، له‌وانه‌یه‌ كچه‌كه‌ تا به‌ره‌به‌یان ماندو نه‌بێ‌و چاوه‌كانی نزیكی خه‌و نه‌بنه‌وه‌... تاد. به‌ڵام پیاوه‌كه‌ ده‌كرێ له‌وانه‌ نیشتبێته‌وه‌و هه‌ر ئێواره‌یه‌كی زوو خه‌و بیباته‌وه‌.. و.. و...، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش – به‌پێی‌ ته‌مه‌ن‌و مردن – ئه‌و كچۆڵه‌ پاش چه‌ند ساڵێكی تر بێوه‌ژن ده‌كه‌وێ‌و تووشی گیروگرفتێكی زۆر ده‌بێ، هه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی خۆیه‌وه‌ تا ژیانی، تا به‌خێوكردنی منداڵی وردی.

جا له‌به‌رئه‌وه‌ (به‌نده‌)یش تكا ده‌كه‌م با ئه‌وه‌ند كاری نابه‌جێ‌و ناهه‌موار به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگه‌ نه‌كه‌ین به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌‌و، ئیسلام لای‌ خه‌ڵكی نوێ‌و تازه‌ پێگه‌یشتوو بێزراو نه‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی لای خوشكانی به‌ڕێز. هه‌قه‌ مامۆستایانی به‌ڕێزیش هه‌رگیز ڕێ به‌و جۆره‌ ماره‌ كردنانه‌ نه‌ده‌ن‌و، سوڵته‌یش وریا بكرێته‌وه‌ لێی.

ئه‌گه‌ر له‌ ڕابردوویشدا – له‌به‌ر هه‌ر به‌ژوه‌ندیه‌ك – جارێ یان چه‌ند جارێك كرا بێت، نابێ ئیتر تا قیامه‌ت ئه‌وه‌ بكرێته‌ بیانوو ڕه‌خنه‌ له‌ ڕابردوو، چونكه‌ نه‌پیاوان ‌و ژنانی ئه‌مڕۆ وه‌ك ژنان‌و پیاوانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن، نه‌ زه‌مان‌ومه‌كانی ئه‌مڕۆش وه‌كو سه‌رده‌می ڕابردووه‌.


سه‌رچاوه‌ / ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - نوسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/02سەردان 665