سه‌رپه‌رستیاری (زه‌واج). (الولی فی الزواج).

سه‌رپه‌رستیاری (زه‌واج). (الولی فی الزواج).

له‌ فیقهی ئیسلامیدا ئه‌و كه‌سه‌ سه‌رپه‌رشتی نیكاحه‌كه‌ ده‌كاو ده‌توانێ گرێبه‌سته‌كه‌ بكا، ده‌بێ ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت: 

1- ژیرو فامیده‌ بێت:
ئه‌م مه‌رجه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ماره‌كراوه‌كه‌یه‌، یان ماره‌ بۆ كراوه‌كه‌یه‌.. بۆ ئه‌وه‌یه‌ بزانێ ئه‌و گرێبه‌سته‌ چ قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی (مولی علیه‌)یه‌كه‌ی تێدایه‌، له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ كه‌ منداڵی‌ شێت‌و پیری خه‌ڵه‌فاو ‌و ئه‌قڵ تێكچوو، بۆیان نییه‌ گرێبه‌ست ئه‌نجام بده‌ن.

2- باڵغ‌و پێگه‌شتوو بێت:
مه‌رجی باڵغیش بۆ كامڵبوونی ئه‌قڵی ئه‌و ئینسانه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ ژنێك ماره‌ بكات بۆ كوڕه‌كه‌ی، یان كچه‌كه‌ی له‌یه‌كێك ماره‌ بكات، بۆیه‌ منداڵ‌و شێت ناتوانن سه‌رپه‌رستی ئه‌و كاره‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئیمام (ئه‌حمه‌د) ده‌ڵێت: (إذا بلغ الصبی عشر سنین، جاز له الزواج والتزوج والطلاق). به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا باڵغبوونیان به‌مه‌رج گرتووه‌.. دیسان ئه‌مه‌یش له‌به‌رژه‌وه‌ندی كچ‌و كوڕه‌كه‌یه‌ ‌و، بۆ باشتر تۆكمه‌ بوونی گرێبه‌سته‌كه‌یه‌.

3- دین‌و دینداریان یه‌ك بێت:
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كچه‌كه‌، یان كوڕه‌كه‌ موسڵمان بوون، به‌لاَم باوكه‌كه‌یان كافر‌و خوانه‌ناس بوو، ناتوانێ ده‌خاله‌ت له‌ گرێبه‌سته‌كه‌یاندا بكات، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ زاناكان به‌ گشتیی ده‌ڵێن: ((فلا ولایة لكافر علی‌ مسلم أو مسلمة)). (إبن المنذر) ئه‌م ئایه‌ته‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ ده‌فه‌رمووێ: [ولن یجعل الله للكافرین علی‌ المؤمنین سبیلا] یان ئه‌م فه‌رمووده‌ كه‌ ده‌ڵێت: ((الإسلام یعلو ولا یعلی‌ علیه)). خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ردوو واته‌: (باوك‌وكچ، یان باوك‌و كوڕ) غه‌یره‌ دین بوون ده‌توانن سه‌رپه‌رشتی كاروباری یه‌كتر بكه‌ن، بۆ نموونه‌: هه‌ردوو كافر بوون، یان یه‌كێ یه‌هوودیی، یه‌كێ نه‌صرانیی، ده‌توانن ده‌ست بخه‌نه‌ كاری یه‌كتره‌وه‌، به‌به‌ڵگه‌ی: [والژین كفروا بعچهم أولیا‌و بعچ]. هه‌روه‌ها كه‌سێكی پاشگه‌زبووه‌ له‌ ئیسلام ناتوانێ ده‌ست بخاته‌ كاروباری منداڵه‌كانیه‌وه‌، ته‌نانه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش (مورته‌د) بن، هه‌ر ناتوانێ‌و (ویلایه‌ت)ی نامێنێ به‌سه‌ریانه‌وه‌.

4- دادگه‌رو خاوه‌ن عه‌داله‌ت بێت: 
به‌ڵێ ئه‌و (وه‌لی)یه‌ كه‌ بۆی هه‌یه‌ ده‌ست بخاته‌ كاروباری منداڵه‌كانیه‌وه‌، ده‌بێ (عادل‌و دادپه‌روه‌ر بێت) له‌م ڕووه‌وه‌یه‌ كه‌ شافیعیه‌كان ده‌ڵێن: ((لا ولایة لفاسق)) به‌به‌ڵگه‌ی فه‌رمووده‌ی: ((لا نكاح إلا بولی مرشد)). واته‌: به‌ (وه‌لی عادل)نه‌بێ نیكاح نابێت.

حه‌نبه‌لیه‌كان: دوو قسه‌یان هه‌یه‌، یه‌كێكیان عه‌داله‌ت مه‌رجه‌ له‌ (وه‌لی)یدا، ئه‌ویدیكه‌یان ده‌ڵێ: مه‌رج نییه‌، به‌ڵام یه‌كه‌میان هه‌ڵبژێردراوه‌و كراوه‌ته‌ مه‌زه‌ب‌و پێڕه‌ویان.
حه‌نه‌فیه‌كان: ده‌ڵێن: عه‌داله‌ت مه‌رج نییه‌ له‌ (وه‌لی)یدا، بۆیه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ (فاسق) ده‌توانێ ده‌خاله‌ت بكات له‌ كاروباری منداڵه‌كانیداو كچ به‌شوو بداو، ژن ماره‌ بكات بۆ كوڕی، ئه‌گه‌رچی ناباڵغیش بن،.. بۆ ئه‌م بۆچوونه‌شیان به‌ڵگه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ لێره‌ ناكرێ درێژه‌ی بده‌ینێ.

5- نێرینه‌ بێت: 
به‌لای جه‌ماوه‌ری فوقه‌هاكانه‌وه‌ ده‌بێ (وه‌لی) نێرینه‌ بێت، چونكه‌ ژن ناتوانێ خۆی ماره‌ بكات، چ جای ئه‌وه‌ بچێت غه‌یری خۆی ماره‌ بكات، شافیعیه‌كان ئه‌م فه‌رمووده‌یان كردۆته‌ به‌ڵگه‌ كه‌ ده‌فه‌رمووێ: ((لا تزوج المرأة المرأة، ولا المرأة نفسها))ئیبن ماجه‌.
ئیمام (ئه‌بوو حه‌نیفه‌) ده‌ڵێ (ویلایه‌ت) له‌به‌شووداندا، بۆ (ئولوالأرحام)یش ده‌بێ، به‌مه‌رجی (عه‌صه‌به‌) نه‌بێ. كه‌وابوو دایك، خوشك، پووری دایكیی، ده‌توانن كچان ماره‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر میرات له‌یه‌ك به‌رن‌و عه‌صه‌به‌ی نێرینه‌ نه‌بێ.


سه‌رچاوه‌ / ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - نوسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/02سەردان 759