ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا داده‌نرێن.

ئه‌و مه‌رجانه‌ی له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا داده‌نرێن.

هه‌ندێ مه‌رج هه‌یه‌، قازانجه‌كه‌ی ته‌نها بۆ ژنان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وانه‌: به‌مه‌رجێ شووی پێده‌كات كه‌ له‌و ماڵه‌، یان له‌و شاره‌، نه‌یباته‌ ده‌ر، یان نه‌یبا بۆ سه‌فه‌ری دوور وه‌ڵات، یان ژن نه‌هێنێ به‌سه‌ریا، به‌لای ئه‌م زانا به‌ڕێزانه‌وه‌: (عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب، سه‌عدی ئه‌بوو وه‌قاص، موعاویه‌، عه‌مری بن عاص، بۆ دوای ئه‌وانیش، شوره‌یح، عمر بن عبد العزیز، جابر بن زید، طاووس، ئه‌وزاعی، ئیسحاق) ده‌بێ به‌ پێی ئه‌و مه‌رجانه‌ بجووڵێته‌وه‌ له‌گه‌ڵیا، ئه‌گینه‌ ده‌توانێ نیكاحه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ده‌سته‌یه‌ك زانا: (زوهری، قه‌تاده‌، هیشام، عوروه‌، مالك، له‌یس، سه‌وری، شافعی، إبن المنذر..) ده‌ڵێن: ئه‌و مه‌رجانه‌ كاریان پێناكرێت، چونكه‌ له‌ قورئاندا نین، هه‌رچیش له‌وێ نه‌بێ كاری پێناكرێت.. هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌فه‌رمووێ: ((كل شرط لیس فی كتاب الله فهو باطل وإن كان مائة شرط)) كه‌وابوو نیكاحه‌كه‌ داده‌مه‌زرێت.
هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌فه‌رمووێ: ((المسلمون علی‌ شروطهم، إلا شرطا أحل حراما أو حرم حلالا)). واته‌: موسڵمانان له‌سه‌رمه‌رجی خۆیان ده‌بن، مه‌گه‌ر شتێك حه‌رام حه‌ڵاڵ بكات، یان حه‌رامێك حه‌ڵاڵ‌ بكات، خۆ ژنی دووه‌م‌و سێیه‌م به‌پێی‌ قورئان ‌و مه‌رجه‌كانی – حه‌ڵاڵه‌، كه‌وابوو ئه‌گه‌ر ژنێك گوتی: به‌مه‌رجێك شووت پێده‌كه‌م، كه‌ ژن نه‌هێنیت به‌سه‌رما، ئه‌وه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ پوچه‌ڵه‌و كاری پێناكرێت‌و ده‌توانێ ژنی تر ماره‌ بكات به‌سه‌ریا.
یان ئه‌گه‌ر ژنێك گوتی: به‌ومه‌رجه‌ مێردی له‌گه‌ڵ‌ ده‌كات، ته‌ڵاق به‌ده‌ستی ئه‌و بێت، دیاره‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌، كه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ به‌ڕه‌واو دروست ده‌زانن – وه‌ك حنبه‌لیی‌و حه‌نه‌فییه‌كان – كاری پێده‌كرێ ‌و ژنه‌كه‌ هه‌ركات ویستی جیا ببێته‌وه‌ ده‌توانێ.
ئه‌گه‌ر ژنێك گوتی: به‌مه‌رجێ ئه‌و نیكاحه‌ی‌ قه‌بووڵه‌، كه‌ ئه‌وژنه‌ی ئێستا هه‌ته‌، ته‌ڵاقی بده‌یت، ئه‌ویش قبوڵی كرد، هه‌ندێ زانا – له‌وانه‌ – حه‌نبه‌لییه‌كان – به‌دروستی ده‌زانن‌و كاری پێده‌كه‌ن، واته‌: ده‌بێ پیاوه‌كه‌ مه‌رجه‌كه‌ی بۆ جێبه‌جێ بكات، ئه‌گینه‌ هه‌قی (فه‌سخ)ی هه‌یه‌.

مه‌رجگرتنی‌ (صیفه‌ت)ێك له‌ پیاوه‌كه‌دا، یان له‌ ژنه‌كه‌دا:

بۆ ئاوا مه‌رجێك (شافیعیه‌كان) پتر له‌ مه‌زه‌به‌كانی تر بۆچوونیان گونجاوتره‌، وه‌ دووقسه‌یان تێدا كردووه‌:

یه‌كه‌م - ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ به‌ژنه‌كه‌ی گوت: به‌و مه‌رجه‌ نیكاحی تۆم قه‌بووڵه‌كه‌: كچ بیت، یان له‌ نه‌خۆشی سه‌لامه‌ت بێت... یان ژنه‌كه‌ به‌ پیاوه‌كه‌ی گوت: ده‌بێ ئازاو خاوه‌ن شه‌هاده‌ بیت، كه‌چی واده‌رنه‌چوون ! ئه‌وه‌ نیكاحی ئاوا دانامه‌زرێت، چونكه‌ ژنه‌كه‌ به‌و(صیفه‌ت)ـه‌وه‌ پیاوه‌كه‌ی ده‌وێت، یان پیاوه‌كه‌ به‌و صیفه‌ته‌وه‌ ژنه‌كه‌ی قبووڵه‌ كه‌ به‌ژن‌وباڵای به‌رز بێت.
حه‌نبه‌لیه‌كانیش ده‌ڵێن: هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌رپشك ده‌خرێن: ده‌توانن قه‌بووڵی بكه‌ن، ده‌شتوانن (فه‌سخ)ی بكه‌نه‌وه‌.

دووه‌م - نیكاحه‌كه‌ داده‌مه‌زرێت‌و مه‌رجه‌كه‌ پووچه‌ڵه‌و كاری پێناكرێت، به‌تایبه‌تی بۆ پیاوه‌كه‌، چونكه‌ پیاو ده‌توانێ – ئه‌گه‌ر فه‌سخیش نه‌بێ – به‌ته‌ڵاق خۆی ڕزگار بكات له‌و ژنه‌ به‌دڵی نییه‌، ئه‌مه‌شیان له‌به‌ر گرنگی نیكاحه‌كه‌ تا له‌به‌ر هه‌ر مه‌رجێكی ساده‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌و كێشه‌و گرفت په‌یدا نه‌بێ.


سه‌رچاوه‌: ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - نووسینی‌ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/02سەردان 567