خوازبێنی و ئه‌و كچ و ژنانه‌ى بۆ خواستن ده‌شێن.؟

خوازبێنی و ئه‌و كچ و ژنانه‌ى بۆ خواستن ده‌شێن.؟

خوازبێنی – چ له‌ باوك‌و دایك‌و كه‌س‌و كار بكرێت، یان ڕاسته‌وخۆ ژن له‌گه‌ڵ‌ پیاوو، پیاو له‌گه‌ڵ‌ ژن مۆڵه‌تێكه‌ -به‌ر له‌ گرێبه‌سته‌كه‌ -به‌ ژن‌و پیاو ده‌درێت كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا حاڵ‌و ئه‌حواڵی یه‌كتر شاره‌زاببن، بچن پێش وه‌ڵامدانه‌وه‌ له‌یه‌كتری بپرسن، بزانن ئه‌و صیفه‌تانه‌ی تێدایه‌ بۆ ژن ‌ومێردیی‌و به‌هاوسه‌ربوون پێویستن، چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویانه‌ بۆ پێكه‌وه‌نانی ماڵ‌‌و خێزان‌و ببنه‌ باوك‌و دایكی منداڵان،جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆر زۆر پێویسته‌ بۆ هه‌ردوولا – ژن‌و پیاوه‌كه‌ – له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا تووشی هه‌ڵه‌ نه‌بن، ژنه‌كه‌ پیاوێكی وا هه‌ڵبژێرێت، سبه‌ینێ ئابڕووی نه‌بات، پیاوه‌كه‌ش هه‌وڵ‌ بدات ژنێكی شیاوو دامه‌زراو په‌یدا بكات دوو به‌یانی‌ ژیانی لێ تێك نه‌دات. ده‌شكرێ به‌ر له‌ خوازبێنی هه‌ر كامێكیان له‌ حاڵی ئه‌ویان بپرسێت، هه‌ر كه‌سێك به‌شیاوی مه‌شۆره‌ت دێت بۆ ئه‌وكاره‌، ژنه‌كه‌ یان پیاوه‌كه‌ بچن مه‌شۆره‌تی پێ بكه‌ن، ئینجا ئه‌ویش له‌وباره‌وه‌ هه‌رچی بزانێ ده‌بێ به‌ڕاشكاوی به‌و ژنه‌، یان به‌و پیاوه‌ی بڵَێت، خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خزمایه‌تی، یان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك هه‌ندێ صیفه‌تی خراپی لێشاردنه‌وه‌، ده‌بێته‌ خه‌یانه‌ت‌و گزی له‌و ئینسانه‌ مه‌شۆره‌تی پێكردووه‌..له‌ فه‌رمووده‌دا هاتووه‌: ((الدین النصیحة)).
(فاتیمه‌ی كچی قیس)، (معاویه‌ی كوڕی أبی سفیان)‌و (ئه‌بوو جه‌هم) ناوێك خوازبێنیان كردبوو، جا پێش ئه‌وه‌ بۆ هیچ كامێكیان ئه‌رێ بكات، هات مه‌شۆره‌تی به‌پێغه‌مبه‌ر  كرد: ئاخۆ ئه‌و دوانه‌ به‌كه‌ڵكی ئه‌وه‌ دێن، ئه‌گه‌ر ئه‌رێ بۆ یه‌كێكیان بكات ؟ پێغه‌مبه‌ر  به‌ڕاشكاوی فه‌رمووی: ((أما أبوجهم: فلا یضع عصاه عن عاتقه، وأما معاویة فصعلوك لامال له، أنكحی أسامه‌ بن زید)) واته‌: ئه‌بوو جه‌هم: دار ده‌سته‌كه‌ی هه‌میشه‌ وا به‌شانیه‌وه‌، واته‌: له‌گه‌ڵ‌ ژنان به‌د ره‌فتارو خراپه‌، (معاویه‌)ش پیاوێكی نه‌دارو هه‌ژاره‌، توانای ژن به‌خێوكردنی نییه‌ (واته‌: شوو به‌هیچ كامێكیان مه‌كه‌) بچۆ شوو به‌ (ئوسامه‌ی كوڕی زه‌ید) بكه‌. كه‌وابوو هه‌ر كه‌سێك مه‌شۆره‌تی پێكردیت له‌باره‌ی ئه‌و كه‌سه‌وه‌ ده‌یه‌وێ بیخوازێت،یان ده‌یه‌وێ شووی پێ بكات، ده‌بێ هه‌رچی تێدا بێت له‌و باره‌وه‌ به‌ڕاشكاوانه‌ باسبكرێت، وه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام كه‌ غه‌یبه‌تی حه‌رامكردووه‌، له‌به‌ر زه‌رووره‌ت رێی به‌وه‌داوه‌ به‌ غه‌یبه‌تی دانانێ.
ژنان‌و پیاوانی پێشوو ئه‌وه‌ند گرنگییان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌دا، ده‌چوون (ئیستیخاره‌)یان بۆده‌كرد‌و له‌خودا ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر باش ورێك وپێك بێت، بۆیان ئاسان بكات، ئه‌گینه‌ ڕێك نه‌كه‌وێت !.

ئه‌و كچ و ژنانه‌ى بۆ خواستن ده‌شێن..؟

1- ئه‌و ژنانه‌ ده‌خوازرێن، نابێ به‌ خوازیاره‌كه‌ مه‌حره‌م بن (وه‌ك دایك‌ و خوشك‌ و پوور – له‌هه‌ردوو سه‌ره‌وه‌ – برازاو خوشكه‌زاو خوشكی شیریی‌ و دایك‌ و پووری شیریی، وه‌ له‌ ژێر نیكاحی كه‌سێكی تردا نه‌بێ، وه‌ خوشك‌ و دایك‌ و پووری ژنه‌كه‌ی نه‌بێ‌و له‌ عیدده‌ی كه‌سێكی تردا نه‌بێت) هه‌ر نیكاح‌و گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ هه‌ر كامێك له‌وانه‌دا بكرێ حه‌رامه‌و كاری پێناكرێت.
2- خوازراوی كه‌سێكی تر نه‌بێت، واته‌: ئه‌گه‌ر ژنێك له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ خوازرا بوو، تا ئه‌و كه‌سه‌ نه‌گه‌ڕێته‌ دواوه‌، یان ژنه‌كه‌‌و كه‌س‌وكاری ژنه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌ دواوه‌، نابێ بچێته‌ خوازبێنی، ئه‌گینه‌ حه‌رامه‌و گوناحبار ده‌بێ، هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر كاری‌ وا كراو نیكاح كرا، گرێبه‌سته‌كه‌ داده‌مه‌زرێت.
3- ژن‌و پیاوه‌كه‌ یه‌كتر ببینن: بۆ هه‌ردوولا (موباح)ـه‌، بگره‌ (سووننه‌ت)ـه‌ ته‌ماشای یه‌كتر بكه‌ن.. ئه‌وه‌بوو (موغیره‌ی كوڕی شوعبه‌) كاتێ ویستی خوازبێنی ژنێك بكات، پێغه‌مبه‌ر  پێی فه‌رموو: ((إذهب فانظر إلیها فإنه أحری‌ أن یؤدم بینكما)). بچۆ بیبینه‌، چونكه‌ بینین هۆكاری تۆكمه‌ بوونی كاری‌ نێوانتانه‌. بێگومان ژنیش هه‌قیه‌تی ئه‌و پیاوه‌ ببینێ ده‌یه‌وێ‌ بیخوازێ، چونكه‌ وه‌كو پیاوان حه‌زیان له‌سه‌رو سیمای جوان‌و قه‌شه‌نگه‌، ژنانیش حه‌زیان لێیه‌تی‌، بۆیه‌ (عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب) به‌باوك‌و كه‌س‌و كاری ژنان ده‌ڵێ: ((لا تزوجوا بناتكم الرجل الدمیم)). كچه‌كانتان له‌پیاوی سه‌روسیما ناشیرین ماره‌ مه‌كه‌ن ((فإنهن یعجبهن منهم ما یعجبه منها)) (المذهب وشرحه). چونكه‌ پیاوان حه‌زیان له‌هه‌رچی ببێ ژنانیش حه‌زی لێ ده‌كه‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش لای ته‌واوی زاناكان ته‌ماشا كردنی ژن‌و پیاو بۆیه‌كتر، كارێكی پێویست‌و په‌سه‌نده‌و ده‌بێ ئه‌نجام بدرێت.

چپه‌یه‌ك:

1- هه‌تا بكرێت – بۆ ته‌ماشا كردنه‌كه‌ – هیچ كامێكیان ئاگادار نه‌بن باشه‌، تا داووده‌رمان‌و هۆكاری خۆ جوانكرن به‌كارنه‌هێنن‌و یه‌كتر چه‌واشه‌ بكه‌ن.
2- پێكه‌وه‌ – دوو به‌ دوو – نابێ كۆببنه‌وه‌و یه‌كتر ببینن ‌و كه‌سێكی سێیه‌م له‌ نێواندا نه‌بێت، ئه‌گینه‌ حه‌رام‌و مایه‌ی گوناح‌و تاوانه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر  ده‌فه‌رمووی: ((لا یخلون أحدكم بامرأة إلا مع ذی محرم)) یان ده‌فه‌رمووێ: ((لا یخلون رجل بامرأة فإن ثالثهما الشیطان)).
پێغه‌مبه‌ر  ئه‌وه‌ند گرنگی به‌و چاوپێكه‌وتن‌و دیتنی (كچ‌و كوڕان)ـه‌ – ده‌یانه‌وێ ببنه‌ هاوسه‌ر بۆ یه‌كدی – داوه‌، بۆ خۆیشی‌ كاتێ‌ ویستی ژنێك ماره‌ بكات، هه‌ڵسا ژنێكی نارده‌لای ‌و پێیگوت: ((شَمّی‌ عوارضها، وانظری إلی‌ عرقوبها)) به‌یهه‌قی.
3- پاش خوازبێنی‌و سه‌رگرتنی خوازبێنییه‌كه‌، هه‌ردوولا بۆیان هه‌یه‌ بگه‌رێنه‌ دواوه‌، له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك ڕه‌چاوی ده‌كه‌ن له‌یه‌كتردا، پاشان هه‌ركامێكیان له‌و ماوه‌دا زه‌ره‌ری كردبوو، یان هه‌دیه‌و به‌خششێكی بردبوو – كه‌ ئه‌مه‌ بۆ زاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ – ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌دیه‌و به‌خششه‌ مابوو و تیانه‌چوو بوو، ده‌بێ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی.


نوسینی‌/ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - سه‌رچاوه‌: ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا

بەروار2020/04/02سەردان 1812