مەرجەکانی ئافرەتی باش و گونجاو بۆ خوازبێنی.!

مەرجەکانی ئافرەتی باش و گونجاو بۆ خوازبێنی.

دەبێ کچ وکوڕ ھاوسەری شیاو ھەڵبژێرن:

* لە شەریعەتی ئیسلامدا داوا لە کچ و کوڕ دەکرێت کە ھەر کامێکیان ھاوسەرێکی باش و صاڵح و شیاو بۆ خۆی ھەڵبژێرێت، تا لە دوا ڕۆژدا باشتر بتوانن پێکەوە بژین و ماڵداری خۆیان بکەن، ئەوەیە کە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وآلە وسلم) دەفەرمووێ: ((تخیروا لنطفکم والأکفاء وأنکحوا إلیھم)) ئیبن ماجە. 

بۆ ئەو ھەڵبژاردنەش ئەم چەند رێنمایانە رەچاو کراون: 

١- د یندارو صاڵح بێت: 
ئیمامی (بوخاریی (شرح العسقلانی: ج ٩ ێ ١٣٢) ئەم فەرموودەیە ھێناوە: ((تنکح المرأة لأربع: لمالھا ولحسبھا وجمالھا ولدینھا، فاظفر بذات الدین تربت یداک)) واتە: ژن کە ھەڵدەبژێردرێت لەبەر یەکێ لەم چوار خەصڵەتانەیە: دارایی، شەرەفداریی و حەسەب و رشتەی، جوانیی و شۆخ و شەنگیی، موسڵمانەتیی و دینداریی، جا تۆ لەبەر ھەر کامێکیان بێت، دەتوانی بیکەیتە ھاوسەرت، بەڵام بەدوای دینداردا بگەڕە، تا سەرکەوتوو بەختیار بیت.
دەبێ ھەر جۆرێک بێت مەسەلەی ((دین)) پشتگوێ نەخرێت، ئەگینە خەصڵەتەکانی تر بە تەنھا ڕۆڵ و دۆزی سەلبی دەبینن و زۆر کەم زەواجی وا سەرکەتوو دەبێت، پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((لا تزوجوا النساء لحسنھن، فعسی حسنھن أن یردیھن، ولا تزوجوھن لأموالھن فعسی أموالھن أن تطغیھن، ولکن تزوجوھن علی الدین، ولأمة خرماء سوداء ذات دین أفضل)). واتە: لەبەر جوانی ژنان مارە مەکەن، چونکە نزیکە بە جوانییەکەیان خۆ ھەڵەبکەن و بکەونە ناو عوجب و کیبرەوە. وە لەبەر ماڵەکەشیان مارەیان مەکەن، لەوانەیە بەو بۆنەوە یاخیی ببن لێتان، بەڵام لەبەر دینداری مارەیان بکەن، بێگومان کەنیزەیەکی گوێ و لووت بڕاوی ڕەشپێستی دیندار باشترو شیاوترە بۆ ھاوسەری، لەو ژنانەی دی.
بێگومان ژنی صاڵح و چاک، دەتوانێ مێردەکەشی صاڵح و چاک بکاو، بەرەو قیامەت ئامادەی بکات، ھاوکاری بێت بۆ پیاوەتی و جوامێریی ناو کۆمەڵگە، سەرەڕای ئەمانەیش مایەی ئیسراحەت و حەوانەوەی ماڵە بۆ پیاو، ھۆی سەقامگیریی و دڵئاسوودەیی مێردە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((إنما الدنیا متاع، ولیس من متاع الدنیا أفضل من المرأة الصالحة)) ئیبن ماجە.
ژنی صاڵح و باش – دوای تەقوای خودا – لە ھەموو شتێک باشترە، ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((ما استفاد المؤمن – بعد تقوی اللە – خیرا لە من زوجة صالحة إن أمرھا أطاعتە، وإن نظر إلیھا سرتە، وإن أقسم علیھا أبرتە، وإن غاب عنھا نصحتە فی نفسھا ومالھا)) ئیبن ماجە. ژنی صالح و سازاو بۆ خودا، مێردیش دەسازێنێ بۆ خودا، ھەردوو پێکەوە بەرەو خودا دەڕۆن، ھەردوو پێکەوە بۆ خودا کار دەکەن، لە فەرموودەیەکدا ھاتووە: ((لیتخذ أحدکم قلبا شاکرا، ولسانا ذاکرا، وزوجة مؤمنة تعین أحدکم علی أمر الآخرة)) ئیبن ماجە.

٢- جوان‌و شۆخ‌ و شەنگ بێت:
پێشتر گوتمان تا دەکرێت، باژنێکی بە تەقواو صاڵح بکرێتە ھاوسەر، ئەگەرچی جوانیش نەبێ، جا ئەو قسەیەش ئەوە ناگەیەنێت کە بەلای ژنی جوان‌و شۆخدا نەچن، بە پێچەوانەوە ئەگەر بگونجێت دیندارو شۆخ‌و شەنگیش بێت، بێگومان باشتر دڵ دادەمەزرێت، باشتر بیانووەکانی نەفس‌و ئارەزوو دەبڕێت، باشتر پێکەوە دەژین‌و خۆشەویستی‌و ئولفەتیان زیاد دەکات، بۆیە سەرجەم زاناکان بەڕاشکاوی دەڵێن: ھاوسەر تادەکرێ بەجەمال‌و جوان بێت، لەبەر ئەوەیە ڕێنمایانکردووە: کچ‌و کوڕ بەر لەوە یەکتر بخوازن، دەبێ یەکتر ببینن، لە پێغەمبەر ﷺ دەپرسن: لە ژنان کام ژن باشترە بخوازرێت؟ فەرمووی: ((التی تسرە إذا نظر الیھا، وتطیعە إذا أمر، ولا تخالفە فی نفسە ولا فی مالە بما یکرە)) ئەحمەد نەسایی. یان دەفەرمووێ: ((خیر فائدة أفادھا المر‌ء المسلم – بعد إسلامە – إمرأة جمیلة تسرە إذا نظر إلیھا، وتطیعە إذا أمرھا وتحفظە فی غیبتە فی مالە ونفسھا)).

٣- کچ بێت:
واتە: ئەو کەسەی دەیەوێ خێزان پێکەوە بنێت، تا بۆی دەکرێت، ھەوڵ بدات کچ مارە بکات، چونکە کچ بە ھەموو شتێک ڕازی دەبێ‌و، لەگەلڕ مێردا دلۆڤانترە، پتر توانای وەبەر ھێنانی مندالڕ‌و نەوەی ھەیە، پێشتر ھیچ جۆرە ماڵ‌و حالڕ‌و دارایی‌و ژیانێکی دی نەدیتووە، ئیستاش چۆن ڕابھینرێت، وا ئولفەت دەگرێ‌و دڵی بەو حاڵەتەی خۆشە لە ماڵی مێرد دەیبینێ و تێیدایە، ئەوەیە کە پێغەمبەر  ﷺ دەفەرمووێ: ((علیکم بالإبکار، فإنھن أعذب أفواھا، وأنتق رحما، وأرضی بالیسیر)) ئیبن ماجە. بەڵام لەگەل ئەوەیشدا مارەکردنی بێوەژن، ھەندێ جار باشترە لە کچ، بۆ نموونە: ئەو کچانەی دەست دەکەون، دیندارێکی وانین، بەڵام بێوەژنیکی دینداری باش ھەیە، لەوکاتەدا مارەکردنی بێوەژنەکە پەسەندترە، یان کابرایەکی مندال دارەو، لەبەر منداڵەکانی ھێنانی بێوەژنێک بۆ ئەو کەسە باشترە، چونکە خزمەتی خۆی‌و منداڵەکانی، یان خوشک‌و براکانی دەکات. 
ئیمامی (بوخاری-شرح العسقلانی ج٩ ص ٥١٣) لە (جابر عبداللە)وە دەگێڕێتەوە‌و دەڵێ: باوکم مرد، (٧) یان (٩) کچی بەجێھێشت، منیش چووم بێوەژنێکم مارەکرد، دوایی پێغەمبەر ﷺ فەرمووى: جابر ژنت مارەکرد؟ گوتم: بەڵێ. فەرمووی: کچ یان بێوەژن؟ گوتم: بێوەژن. فەرمووی: ((فھلا جاریة تلاعبھا وتلاعبک، وتضاحکھا وتضاحکک ؟)). دە بۆ کچێکت مارە نەکرد، تا یاری لەگەڵ بکەیت‌و یاریت لەگەل بکات، بیھێنیتە پێکەنین‌ و بتھێنێتە پێکەنین؟. جابر گوتی: عبداللە ی بابم کۆچی دواییکردووەو ئەو کچانەی بە جێھێشتووە، نەدەکرا وەک ئەوان بھێنم بۆ ناویان، بێوەژنێکم مارە کرد، تا چاودێری ‌و خزمەتییان بکات، ئینجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ((بارک اللە لک)).یان مارەکردنی بێوەژنێکی ھەژارو بێکەس، یان خزم، یان خاوەن جیھاد‌و ھیجرەت، لەبەر ھەریەک ئەو صیفەتانە باشترە لە کچ مارەکردن، بۆیە موسڵمانان گەلێ جار بێوەژنەکانیان مارەدەکرد.

٤- خاوەن سک‌ و زا بێت:
مارەکردنی ھەر ژنێک سک‌ و زا بکات، لەو ژنانە باشترە سک‌و زا ناکەن، ئەگەرچی کچیش بن ! چونکە دەبێتە ھۆکار بۆ وەبەرھێنانی (نەسل)‌و نەوەی ئایندە. (ئەبوو داود) لە (معقل بن یسار)ەوە دەگێڕێتەوەو دەڵێت: پیاوێک بە پێغەمبەر ﷺ ی گوت: ژنێکی جوان‌ و حەسه بدار ھەیە بەڵام منداڵی نابێ، ئایا مارەی بکەم؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نەخێر. جارێکی ترﷺ فەرمووی: ((تزوجوا الودود الولود فإنی مکاثر بکم الأمم)). ئەو ژنە مارە بکەن کە مێردیان خۆش دەوێ‌و سک‌و زاش دەکەن، چونکە من بە زۆری ئێوە شانازی دەکم بەسەر ئومەتانی دیکەدا.

5- بنچینه‌ پاك بێت:
ماره‌كردنی ژنێكی بنچینه‌ پاكی دیار – بۆ ئه‌وه‌ نه‌وه‌كانیش چاك بن – كارێكی شه‌رعیی‌و په‌سه‌نده‌، به‌ڵكو ده‌بێ خۆ ماندو بكرێت به‌ دوایدا: ((فاظفر بذات الدین تربت یداك)). یان ((تخیروا لنطفكم..)) بۆ دنه‌ی ئه‌وه‌یه‌.

6 - منداڵی خۆشبوێت: 
به‌ر له‌ماره‌كردنی ژنان، بۆ پیاو واباشه‌ له‌هه‌ر ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌ بێت، بزانێت ئه‌و ژنه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ماره‌ی بكات، له‌گه‌ڵ‌ منداڵان دلۆڤان‌و میهره‌بانه‌، ده‌زانێ باش په‌روه‌رده‌و خزمه‌تیان بكات، دڵسۆزه‌ به‌ماڵ‌‌و حاڵی مێرد، ئه‌وه‌یه‌كه‌ ئیمامی (بوخاری – شرح العسقلانی ج 9 ص 125 – 126) له‌ (ئه‌بوو هوره‌یره‌)وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ر ﷺ فه‌رمووی: ((خیر نسا‌ء ركبن الإبل، صالح نسا‌ء قریش: أحناه علی‌ ولده فی صغره، وأرعاه علی‌ زوج فی ذات یده)).

7- له‌ خانه‌واده‌یه‌كی دیندارو صاڵح بێت:
سووننه‌ته‌ هه‌وڵ بدرێت، ئافره‌تێك بخوازرێت له‌ خێزان‌و بنه‌ماڵه‌یه‌كی خواناس‌و دیندار بێت، خاوه‌ن سومعه‌و ناووشۆره‌تێكی پاك‌و به‌رز بێت، به‌ ئه‌خلاق‌و دیندار بێت، تا باشتر له‌گه‌ڵ‌ هاوسه‌ردا ژیان به‌رنه‌ سه‌رو پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی خواناسی زار‌وو نه‌وه‌كانیشیان پێ بگه‌یه‌نن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌سته‌ دامێنیان ده‌بێت كه‌ له‌ ژنانی خراپ‌و رێ‌و شوێن خراپ نزیك نه‌بنه‌وه‌: ((إیاكم وخضرا‌ء الدّمن، فقیل: وما خضرا‌ء الدمن؟ قال: المرأة الحسنا‌ء فی المنبت السو‌ء)) داره‌قوطنی.

8- خزمی ته‌واو نزیك نه‌بێت:
زاناكان وا به‌چاك ده‌زانن، مرۆڤ خزمی زۆر نزیكی خۆی نه‌خوازێ، نه‌وه‌ك بۆ دوایی پێكه‌وه‌ نه‌سازێن‌و هه‌راو كێشه‌ی لێ په‌یدا ببێ‌و، پاشانیش ته‌ڵاق بێته‌كایه‌وه‌، ئینجا له‌وه‌وه‌ په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیشیان نه‌مێنێ، یان بۆ ئه‌وه‌ كه‌ مرۆڤ له‌باتی ئه‌وه‌ له‌ خزمان ژن بخوازێت، بچێت له‌ عه‌شیره‌ت‌و خێڵه‌كانی دی بخوازێ، تا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانیشدا په‌یدا بكات، ئیتر ئه‌م قسه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: ئه‌گه‌ر له‌ خزمانی نزیكی‌ خۆی‌ ژن بخوازێت منداڵیان لاواز ده‌بێ‌، په‌سه‌ند ناكرێت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ خاتوو (فاطمه)ی له‌ (عه‌لی) ئامۆزای ماره‌ كرد، كه‌ زۆر به‌یه‌ك نزیك بوون. ئه‌م فه‌رمووده‌ش: ((اغتربوا لاتضووا...)) واته‌: ژنانی غه‌ریب‌و دوور له‌ خۆتان بخوازن... هه‌ر ئه‌وه‌ی لێ وه‌رده‌گیردرێت كه‌ له‌ خه‌ڵكانی دوور ژنان ماره‌ بكرێن، تاپه‌یوه‌ندی نێوان ئینسانه‌كان پتر بێت.

تێبینی:
به‌رژه‌وه‌ندی له‌ كوێدا ده‌بینرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌چاو بكرێ باشتره‌ له‌وه‌ی كه‌هه‌ر بگوترێ: ژنی دوور له‌خۆتان ماره‌ بكه‌ن، چونكه‌ وا ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی له‌ ژنی دووردایه‌، وایش ده‌بێ له‌ ژنانی خزم ‌و پشتدایه‌.

9- ده‌بێ‌ ژنانیش خاڵگه‌لێك له‌ دڵخوازه‌كه‌یاندا ره‌چاو بكه‌ن:
ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن و ماره‌كردنی‌ ژنان بوو، هه‌قه‌ ژنانیش كاتێ ده‌یانه‌وێ مێرد بكه‌ن، كۆمه‌ڵێ‌ خاڵ بۆ خۆیان ڕه‌چاو بكه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن له‌ ڕێی خۆشه‌ویست‌و دۆستیانه‌وه‌ بگه‌ڕێن بۆپیاوێك خاوه‌نی ئه‌وصیفاتانه‌ بێت، تا تووشی پیاوێكی ئه‌شقیی‌و لاسار‌و تووڕه‌ه‌نه‌بن ‌و گیرۆده‌ ببن ‌و بۆ دواییش به‌ئاسان بۆیان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. ئیمامی (بوخاری / شرح العسقلانی ج9 ص 174) ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌: (پابت بن البنانی) لای‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌بێ‌و ژنێك دێته‌ لای پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌دات به‌ گوێیدا كه‌ده‌یه‌وێ شووی پێ بكات؟ كچه‌كه‌ی (ئه‌نه‌س)یش كه‌له‌وێ ده‌بێ ده‌ڵێ: وای چ كه‌م شه‌رمه‌، وای له‌و ئابڕووچوونه‌؟! ئه‌نه‌س به‌كچه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ئه‌و ژنه‌ گه‌لێ له‌ تۆ باشتره‌، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خۆش ده‌وێ‌و داوای لێده‌كا ماره‌ی بكات. (ئیبن حه‌جه‌ر) ده‌ڵێ: به‌ پێی ئه‌مه‌‌و ڕووداوی تر له‌و وێنه‌یه‌، ژنان ده‌توانن هه‌وڵی خۆیان بده‌ن‌و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك شیاوی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ بێت بده‌ن به‌گوێی هه‌ر پیاوێكدا ده‌یانه‌وێ مێردی له‌گه‌ڵ‌ بكه‌ن، وه‌له‌ ڕووی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌ هیچ شتێكی تێدا نییه‌، به‌ڵكو ته‌واوی زاناكان به‌ سووننه‌تی داده‌نێن، به‌ڵام ده‌بێ مه‌سه‌له‌ی دینداریی‌و صه‌ڵاحه‌ت‌و خواناسی له‌و پیاوه‌دا له‌ بیر نه‌چێت.. هه‌ڵبژاردنی پیاویش، واده‌بێ ژنه‌كه‌ بۆ خۆی پێیده‌ڵێ، وایشده‌بێ كه‌سێكی شیاو بۆ ئه‌و كاره‌ ده‌نێرێته‌ لای، جا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی دایه‌وه‌و قبوڵی كرد، یان قبوڵی نه‌كرد، نابێ له‌و نێوانه‌دا لێك نزیك ببنه‌وه‌و تووشی كاری ناشه‌رعیی ببن.


ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/04/02سەردان 2877