کات لە یەکتر مەگرن..!

کات لە یەکتر مەگرن..!!

 (بوخاریی) لە (ئەنەس)ی کوڕی (مالیک)ـەوە دەڵێ: کاتێ پێغەمبەر ﷺ بۆ گواستنەوەی (زەینەب)ی کچی (جحش) زەماوەندی کرد خەڵکێکی دەورو بەری دەعوەتکرد، جا پاش نان خواردن، لەباتی ھەڵسان‌و چۆڵکردنی ماڵەکە، دانیشتن و کەوتنە ڕازو نیازی خۆیان ! پێغەمبەریش ﷺ خۆی ئامادە کردبوو ھەڵسێ، کەچی ئەوان ھەڵنەسان ! ئینجا کە دیتیان وا پێغەمبەر ﷺ ھەڵسایەوە، ھێندێکیان ھەڵسان‌ و، سێ کەسیان ھەڵنەسان و مانەوە ! جا پاشان کە دیتیان وا پێغەمبەر ﷺ ھەڵساوە، ئیتر ئەوانیش ھەڵسان، ئەنەس دەڵێ منیش چووم بە پێغەمبەرم گوت وا ھەڵساون، ئەویش ھات‌و چوویە ژوورەوە، پاشان خوا فەرمووی: [یاأیھا الذین آمنوا لاتدخلوا بیوت النبي إلا أن یؤذن لکم إلی طعام غیر ناظرین إناە ولکن إذا دعیتم فادخلوا فإذا طعمتم فانتشروا ولا مستأنسین لحدیث ذلکم کان یؤذی النبی فیستحی منکم واللە لایستحی من الحق وإذا سألتموھن متاعا فاسألوھن من ورا‌ء حجاب ذلکم أطھر لقلوبکم وقلوبھن وماکان لکم أن تؤذوا رسول اللە ولا أن تنکحوا أزواجا من بعدە أبدا إن ذلکم کان عند اللە عظیما. إن تبدوا شیئا أو تخفوە فإن اللە کان بکل شی‌ء علیما] ٣٣/٥٣-٥٤. واتە: ئەی ئیمانداران ! مەچنە ژوورەوەی ماڵەکانی پێغەمبەر ﷺ، مەگین بۆ خواردن بانگ کرابن، ئەویش وەختی وا مەچن خواردنەکە ئامادە نەبووبێت، جا ھەر خواردنەکەشتان خوارد، بڵاوە بکەن‌و خۆ بەقسەوە خەریک مەکەن، چونکە کاری وا پێغەمبەری ئازار دەدا، پێغەمبەر ﷺ لەبەر ئێوە شەرم دەکات دەنگتان بدات، خۆ خودا لە قسەی ڕاستگوتن شەرم ناکات، ھەر کاتێکیش داوای شتێک لەژنەکانی دەکەن، چاویان تێمەبڕن، بەڵکو دەبێ لەپشت پەردەوە بیخوازن، ئەم کارەیە بۆ دڵپاکی ھەردوولاتان باشتر‌و نزیکترە. نابێ پێغەمبەری خوا لە ئێوەوە ئازار ببینێ، وە ڕەواش نییە دوای خۆی – بەھەتا ھەتایی – ژنەکانی بخوازن‌و مارە بکەن، کەکارێکی وا لای خوا کارێکی گەورەیە. ھەرچیش دەرخەن، یان بیشارنەوە خوا پێی دەزانێت.
 لەم ئایەتەدا خودای کارزان شێوەی ھاتووچۆی موسڵمانان بۆ ماڵی پێغەمبەر ﷺ ڕێکدەخات، یاسا‌و ڕێسایەکی بۆ دادەنێت، بەتایبەتی لەو دەمەدا کە خەڵکانێکی خراپ‌و درۆزن‌و دووڕوو ھەبوون‌و، ھەمیشە بۆ درۆو دەلەسەیە دەگەڕان، کە شعوورو ھەستی پێغەمبەر و ماڵەکەی بڕووکێنێ.
 لەسەردەمی جاھیلیەتدا ئەدەب‌و وێڵی شێوەی زیارەت‌و سەردانی یەکتر ریعایەت نەدەکرا ! ھەر بۆیە کە دەچوونە ماڵی پێغەمبەریش ﷺ گەلێ جار زۆر دادەنیشتن‌و خۆی‌و ماڵەوەی تەنگەتاو دەبوون و وەخت‌و بێوەختیان بەلاوە نەبوو، خودای پەروەردگار بۆ پەرژینێک لەماڵە بەڕێزەکەيی‌و سەرقاڵ نەکردنی پێغەمبەر ﷺ بەشتی لاوەکیەوە بەچەند ئایەتێک و بە چەند قۆناغێک ھاتووچۆ‌و سەرقاڵکردنەکەی کەمکردەوە، جارێ لە سوورەتی (موجادیلە)دا فەرمووی: ئەوانەی دەیانەوێ بچنە لای پێغەمبەر ﷺ، دەبێ پێش ئەوە صەدەقەیەک بکەن، جارێ تر – لێرە- فەرمووی: کە چوونە ماڵەکانیەوە – ئەر بانگکرابوون بۆ خواردن – کاتێ بچن خواردنەکە ئامادە بووبێت، ھەرکە خواردیشتان ھەڵسن، مەمێننەوە و خۆ بە قسەوە خەریک بکەن، بێگومان بەو چەند ئامۆژگاریانە کاتی زیارەت‌و سەردانی پێغەمبەر ﷺ چوویە قۆناغێکی ترەوە.
 سەبارەت بەو قەڵە باڵغیی‌و ھاتوو چۆیە بۆ ماڵی پێغەمبەر، بێگومان ھەموو جۆرە مرۆڤێک – چاک‌و خراپ – دەچێت، ئەوەیش قابیلی ھەموو قسەیەکی خراپە بکەوێتە دوای خێزانەکانی، بۆیە – وەکو (عومەری کوڕی خەتتاب)یش پێشنیازی کرد – ئایەت ھات و فەرمووی: ھەرکە داوای شتێکتان لێ کردن، با لەپشت پەردەوە داوایان لێ بکەن. ئیمامی (بوخاریی) لە (ئەنەس)ـەوە دەگێڕێتەوە دەڵێ: ((قال عمر بن الخطاب: یارسول اللە: یدخل علیک البر والفاجر، فلو أمرت أمھات المؤمنین بالحجاب: فانزل اللە آیة الحجاب...)). واتە: (عومەر – خ) گوتی: ئەی پێغەمبەری خودا ! چاک‌و خراپ دێتە ماڵتان، خۆزگە فەرمانت بەدایکی موسڵمانان (واتە خێزانەکانت) دەدا بە حیجاب ! ئیتر ئایەتی حیجاب ھات.
(قورتوبی) دەڵێ: (ویدخل فی ذلک جمیع النسا‌ء بالمعنی، وبما تضمنتە أصول الشریعة من أن المرأة کلھا عورة (بدنھا وصوتھا، فلا یجوز کشف ذلک إلا لحاجة) واتە:تەواوی ژنان لەو حوکم‌و بڕیارەدا وەکو ژنەکانی پێغەمبەرن –، دەبێ ھەردوولایان ھیچ جێگایەکیان نامەحرەم نەیبینێ، کاتی زەروورەت‌و پێویست نەبێت.
ئەمە ئەدەب‌ و وێڵی دینی ئیسلامە سەبارەت بەژنان‌و پیاوانی نامەحرەم، چونکە مرۆڤ تەنھا بەو جۆرە لە دڵە ڕاوکێ ‌و بەدگومانی دەپارێزرێت، خودا خۆی باشتر دەزانێت، کە بە غەیری ئەو ئەحکامانە خۆی بڕیاری داون، پاکی‌و خاوێنی بەدەست نایەت، نابێ کەسێک بڵێت دڵ حسێبە، یان وەکو خوشکم سەیری ئەو ژنە دەکەم، یان بڵێت: ئەگەر ئینسانەکان (کچ‌ و کوڕیان) ھەر لەسەرەتاوە لە قوتابخانە‌و شوێنە گشتییەکاندا تێکەڵ بکرێن، ئیتر ئەو حەساسیەتەیان نامێنێ‌و بەدوای یەکدا ناگەڕێن‌ و کەسێک دڵی پیس نابێت بەرامبەر کەسێکی تر ! ئەمە ئاشکرایە کە قسەی وا ناڕاست و درۆیە، چونکە خوای گەورە ئینسانی وا دروستکردووە خاوەنی (غەریزە)ی جنسیەو، بە یەکگەیشتن نەبێت دانا مرکێتەوە، ئەو کچ‌ و کوڕانەش کە شەوو ڕۆژ بەیەکەون، دیارە ئەوەی مەبەست بیت ئەنجامی دەدەن لەو جێگایانەدا بۆیان دەست دەدات، ئیتر پێوست ناکات لەناو قەڵەباڵغیدا دەستبازی ‌و شتی وا بکەن، بۆیە ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگە بەپاکی بمێنێتەوە، چار ھەر ئەو حوکم‌و بڕیارەیە خوای دلۆڤان‌و میھرەبان داویەتی.
 کاتێ ئایەتی (حیجاب) ھات، بەلای موسڵمانانەوە جێبەجێکردنی زۆر سەخت بوو بەتایبەتی لەگەڵ خزمانی نزیکیان، بۆیە خوای کارزان فەرمووی: [لا جناح علیھن فی آبائھن ولا آبنائھن ولا إخوانھن ولا أبنا‌ء إخوانھن ولا أبنا‌ء أخواتھن ولا نسائھن ولا ماملکت أیمانھن واتقین اللە إن اللە کان علی کل شی‌ء شھیدا]٣٥/٥٥. واتە: سەبارەت بە تێکەڵی ئەو خزمانە (بێ پەردەدانان لە نێواندا) ژنان ھیچ گوناحێکیان ناگات: باب‌و کوِران ‌و براو برازاو، خوشکەزاو ژنانی موسڵمان‌و ئەو کۆیلانە بوونەتە خاوەنیان یەکتر ببینن، وە دەبێ – بە پەنھایی‌و بە ئاشکرا – لە خوا بترسن، چونکە خوا ھەمیشە چاودێرە بەسەر ھەموو شتێکەوە.
(سەید قوتب) دەڵێ: ناتوانم مێژووی ھاتنی ئەم ئایەتەی ئێرە کە تایبەتە بەژنەکانی پێغەمبەر ﷺ، لەگەڵ ئایەتەکەی سوورەتی (نوور)دا کە گشتگیرەو سەرجەم ژنانی ئیماندار دەگرێتەوە، دیاری بکەم وبڵێم: کامیان لە پێشەوە ھاتووە...؟ بەڵام قسەی پەسەند ئەوەیە کە ئەمەی سوورەتی (ئەحزاب) تایبەتە بە خێزانەکانی پێغەمبەرەوە ﷺ، پاشان بڕیارەکە ھەموو ژنانی گرتەوە.
جا بۆ ئەوە کە ھیچ دوو دڵیەک نەمێنێ سەبارەت بە (حیجاب) بۆ تەواوی ژنانی ئیماندار‌و کەسێک نەڵێت، (حیجاب) تەنھا بۆ ژنانی پێغەمبەر ﷺ ھاتووە، خودای میھرەبان بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: [یاأیھا النبي قل لأزواجک وبناتک ونسا‌ء المؤمنین یدنین علیھن من جلابیبھن ذلک أدنی أن یعرفن فلا یؤذین وکان اللە غفورا رحیما] ٣٢/٥٩. واتە: ئەی پێغەمبەر ! بە ژن‌و کچەکانت،و بەژنانی ئیمانداران بڵێ: بە (جیلباب = عەبا)کەیان تەواو جەستەیان داپۆشن (دەم‌و چاو ھەموو جەستەیان) تا لە ژنانی خراپ جیاببنەوەو دووڕووەکان ڕێیان لێ نەگرن، وەکو دەفەرمووێ: ئەوە نزیکترە بناسرێنەوەو ئازار نەدرێن. خوایش ھەمیشە گوناە پۆشە، میھرەبانە.
 کتێبی (روائع البیان/صابونی) دەڵێت: (جلابیب) جمع جلباب، وھو الثوب الذی یستر جمیع البدن. قال الشھاب: ھو إزار یلتحف بە، وقیل ھو الملحفة وکل یغطی سائر البدن. قال فی لسان العرب: الجلباب: ثوب أوسع من الخمار دون الردا‌ء، تغطی بە المرأة رأسھا وصدرھا. وقیل ھو الملحفة) واتە:جەلابیب: بەو پارچە قوماشە دەڵێن:کە تەواوی جەستە داپۆشێ. بەدەم (ئیبن عەباس)ـەوە دەڵێن تەنھا چاوێکی نەبێ !.بەڵێ ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەڵێن (عەبا) لەگەڵ ئەو تەفسیرانەدا دەگونجێت‌و شتێکی شەرعیی‌و پەسەندە، دەمێنێتەوە سەر ئەوە ئاخۆ داپۆشینی دەم‌و چاو واجیب بێت؟. قورئان دەفەرمووێ: [ولا یبدین زینتھن إلا بعولتھن ڕو ێ‌بائھن...] نابێ ژنان زینەت‌و جوانیان بۆ مەحرەمیان نەبێ دەربخەن، دیارەکە دەم‌و چاو بنچینە‌و بناغەی جوانی ژنانە، وە ھەموو کات لەوێوە تەماشای جوانی ژنان دەکرێت کەوابوو داپۆشینی واجیبە مەگەر کاتێ بزانرێ کەسێک نیە تەماشای بکات‌و سەرنجی ڕابکێشێ.


سەرچاوە/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا - نووسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


بەروار2020/04/02سەردان 1353