باسێکی دی ژنەکانی پێغەمبەر ﷺ.!


باسێکی دی ژنەکانی پێغەمبەر ﷺ.!

کاتێ ئایەتەکەی سوورەتی (نساء): [فانكحوا ماطاب لكم من النساء مثنى وثلاث ورباع...] ھات و چوار ژن زیاتری قەدەغەکرد، لەو دەمەدا پێغەمبەر ﷺ لەبەر ھێندێ ھۆکار بەدین و ئاقیدەکەیەوە – ئەم (٩) ژنە لە خوارەوە ناویان دێت لە ژێر رکێفیا بوو: خاتوو (عایشە) و (حەفصە) کچانی (ئەبووبەکر) و (عومەر – خوا لێیان رازیی بێت) بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو پیاوە بەڕیزە ئازاو دڵسۆزو ناودارانەدا. (ئوم حەبیبە، ئوم سەلەمە، سەودە، زەینەبی کچی خوزەیمە) چونکە لەلایەکەوە کۆچیان کردبوو، لەلایەکی دیکەشەوە مێردەکانیان لەخەزاکاندا لەدەستدابوو، ئەوسا لەبەر ڕێزلێنان لێیان – چونکە نەجوان و نەلاو بوون – پێغەمبەر ﷺ مارەیکردن. (زەینەب) ی کچی (جەحش) کە لەمارە کردنەکەیدا کارێکی زۆر گرنگی پێ ئەنجام دا: ئەویش: ئەوە بوو عەرەبەکان ژنی بە کوڕکراویان بەبووک دادەناو پاش تەڵاقدانیشی رێیان بە مارەکردنی نەدەدا، پێغەمبەر زەینەبی مارە کرد تائەو کارە بێ بنەمایە ھەڵوەشێنێتەوە، ئەگەرچی نەیارو ناحەزەکانی درۆو دەلەسەیەکی زۆریان بۆ ھەڵبەست لە مارەکردنی (زەینەب)دا! خاتوو (جووەیریە) لەھۆزی (بنی المصطلق). (صەفیە) کچی (حەی بن أخطب) مارەکردنی ئەم دوانەش بۆ زیادبوونی پەیوەندی بەخێڵەکانەوە بوو.... بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز کە دەفەرموێ: [وأزواجە أمھاتھم..] ئەو ژنانە ھەموو بوونە دایکی موسڵمانان و، کاتێکیش ئایەتی (تەخییر) ھات، لە باتی دنیا خواو پێغەمبەریان ھەڵبژارد، ئینجا کە ئایەتی دیاریکردنی ژمارەی ژنان (تا چوار) ھات، زۆر لایان قورس و سەخت بوو کە لە پێغەمبەر ﷺ جیاببنەوە، جا لەبەر ئەوە خوا بەچاوی بەزەیییەوە تەماشایکردن و، پێغەمبەری ﷺ لەو حوکم و بڕیارە ھەڵاواردو مۆڵەتی ھێشتنەوەی ھەموویانیدا، پاش ئەوەیش – ھێمان ھەرلەبەر خاتری ئەوان رێی لێگرت کە ھیچ کامێکیان تەلاق بدات، یان ژنی تریان بەسەربێنێ.
جا بۆ چەسپاندنی ئەو مەبەستانە ئەم ئایەتانەی خوارەوە ھات و ئێمەش لەخزمەتیاندا دەبین کە دەفەرموون: [ياأيها النبى إنا أحللنا لك أزواجك اللاتى آتيت أجورهن وماملكت يمينك مما أفاء الله عليك وبنات عمك وبنات عماتك وبنات خالك وبنات خالاتك اللاتى هاجرن معك وامرأة مؤمنة إن وهبت نفسها للنبى إن أراد النبى أن يستنكحها خالصة لك من دون المؤمنين قد علمنا مافرضنا عليهم فى أزواجهم وماملكت أيمانكم لكيلا يكون عليك حرج وكان الله غفورا رحيما]٣٢/٥٠. واتە: ئەی پێغەمبەر ﷺ ! بێگومان ئێمە ئەم ژنانەمان بۆ حەڵاڵ کردویت، ئەگەرچی لەچواریش پتربن: ئەوانە مارەییت پێداون. ئەوانەی لەجەنگدا بوویتە خاوەنیان، وەکو خاتوو (صەفیە)و خاتوو (جووەیریە) کە ھەردووکیانی ئازاد کردووپاشان مارەیکردن، وەخاتوو (ریحانە) و (ماریە)خان. وە کچەمام و کچەپووری (ھەردوولا)و کچەخاڵ، ئەوانەیان لەگەڵ تۆدا کۆچیان کرد، بۆ ڕێزلێنانیان. وە ھەر ژنێکی ئیمانداریش خۆی ببەخشێ پێت، دەتوانی مارەی بکەیت (بێ مارەیی و بێ وەلیی و بێ شایەت).

 تێبینی: سەبارەت بەو ژنانە کە خۆیان بە پێغەمبەر بەخشی ڕیوایەت گەلێک ھەن، ئاخۆ وەک ئەوان خۆیان پێ بەخشیی، ئەمیش مارەیکردن، یا نا؟ قسەی پەسەند وراست ئەوەیە کە:ھەر کەسێک داوای کردبێت مارەی بکات، لەیەکێ لەھاوەڵانی مارەیکردووە، نەک لە خۆی). بۆیە خوا ئەو بڕیارەیدا، تا پێغەمبەر ﷺ لە ھێشتنەوەی خێزانەکانیدا نیگەران نەبێت.
 سەبارەت بەخواستنی ئەو ژنانەش خۆ دەبەخشن بە پێغەمبەر ﷺ، دەیتوانی قەبووڵیان بکاو، دەیشیتوانی بیانداتە دواوەو، دەیشیتوانی پاش ماوەیەکی تر، ھەر کامێکیانی قەبوڵ بێ مارەی بکات وبیکاتە ھاوسەری خۆی، واتە: لەبەر ئەرکەکانی سەرشانی، واجیب نەبوو وەریان گرێ، بەڵکو دەیتوانی کامیان لەگەڵ کاروباریا دەگونجێ وەری گرێ و، کامیشیان ناگونجێت وەری نەگرێت: [ترجى من تشاء منهن وتؤوى إليك من تشاء ومن ابتغيت ممن عزلت فلا جناح عليك ذلك أدنى أن تقرّ أعينهن ولا يحزن ويرضين بما آتيتهن كلهن والله يعلم ما فى قلوبكم وكان الله عليما حليماً] ٥١. واتە: تۆ ھەر کامێکیان دوا بخەیت و ھەرکامێکیان بگریتە لای خۆت کەیفی خۆتە (دەتوانی) ژنی کەنارلێگیراویشت ئاشت بکەیتەوە، بۆ ئەمە گوناھێکت نایەتە سەر، ئەم کارە باشترە دەبێتە مایەی دڵخۆشبوونء خەم نەخواردنیان و ھەمووش ڕازی بن بەوەی پێتداون. ھەرچیش بەدڵتانا بێت خوا دەزانێ. وەزاناو لەسەر خۆیە.

بۆ مانای ئەم ئایەتە دوو تەفسیر ھەیە:

یەکەم: ھەرکامێک لەو ژنانە خۆ دەبەخشن پێت، کەیفتە وەریان گری، یان وەریان نەگریت، دیسان بۆ دواتریش ئەوانەی وەرت نەگرتن، ھەر دەتوانی وەریان گریت.

دووەم: سەبارەت بەخێزانەکانت – ئەی پێغەمبەر! ڕێت ھەیە لە (قەسم)و دابەشکردنی کات بەسەریاندا لایان بمێنیتەوە، لەوەشدا کامیان پێش دەخەیت، کامیان دوا دەخەیت سەرپشکبە. زانایان دەڵێن: لەبەر زۆری ئەرکەکانی دانانی (قەسم) لەسەر شانی ئەوگران و سەخت بوو، جا لەبەرئەوە قەسمی لە سەر واجیب نەکرابوو، ئەگەرچی ئەو پێغەمبەر ﷺ ستەم و ناھەقی لەھیچ کامێکیان نەدەکرد، نەلەڕێ وشوێندا، نە لە خواردن و جلو بەرگدا، نە لەسەرجێیدا. ئەو تەفسیرە ھەرکامێکیان بێت، بۆ پێغەمبەر ﷺ پڕ بەواقیعەکەیەتی، کێ ی بەچاک زانی و بەرژەوەندی ئیسلامی تێدابوو، دەیکاتە ھاوسەری خۆی، لەگەلڕ کێشدا بەرژەوەندی نەبینی دەیداتە دواوە. سەبارەت بە (قەسم)یش دەعوەو بانگەوازەکەی وا ھەڵدەگرێ کە لەو جۆرە شتانەدا نەبەسترێ بە جێگایەکەوە، ئەگەرچی بۆ خۆی ھەموویانی ڕازیکردووە.
 ئینجا بەدەر لەو ژنانەی بەر لەھاتنی ئایەتی [فانكحوا ماطاب لكم من النساء مثنى وثلاث ورباع..] ھەیبوون، خوا ژنانی تری لەسەر حەرامکرد، مارەیان بکات، یان بییانگۆڕێ و تەڵاقیان بدات، وەکو دەفەرموێ: [لا يحل لك النساء من بعد ولا أن تبدل بهن من أزواج ولو أعجبك حسنهن إلا ماملكت يمينك وكان الله على كل شيء رقيباً] ٣٢/٥٢. واتە: دوای ئەو ژنانەی ھاوسەرتن، ھیچ ژنێکی ترت بۆ حەڵالڕ نییەو، ناشتوانی بیانگۆڕی بەھاوسەرانی تر، ئەگەر چی جوانیەکەیان سەرسامت بکات، مەگەرکەنەنیزەیەک ببیتە خاوەنی، خواش بەسەر ھەموو شتێکدا چاودێرە.

زانا گەلێک (ئیبن عەباس، موجاھید، زەحاک، قەتادە، ئیبن زەید، ئیبن جەریر...) دەڵێن: خوا پاداشتی ژنەکانی پێغەمبەری ﷺ بەم حوکم و بڕیارەدایەوە کە ھەرگیز پێغەمبەر نەتوانێ ژنی تر بێنێ، یان تەڵاقیان بدات، ئەمەیش پاداشتی ئەوەبوو، کاتێ پێغەمبەر ﷺ سەرپشکی کردن لەنێوان ھەڵبژاردنی دنیاو خواو پێغەمبەردا، خواو پێغەمبەریان ھەڵبژارد.
 خاتوو (عایشە – خ) دەڵێت: بەر لەکۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ، ئەو حوکمە ھەڵوەشایەوە، بەڵام پێغەمبەر وەکو خۆی مایەوە، واتە: نەژنی تری ھێناو، نەھیچ کامێکیانی تەڵاقداو گۆڕی. 


ئەحمەد كاكە مەحموود

 

 

 

بەروار2020/04/02سەردان 6372