ھاوسەرەکانی پێغەمبەرو خۆشگوزەرانی.؟!
ھاوسەرەکانی پێغەمبەر و خۆشگوزەرانی.؟!
دەبێ ژنان لەگەڵ مێردیاندا بە ھەموو شتێکی کەمو پاک و حەڵاڵ ڕازی بن، بەتایبەتی ژنانی ساڵح و چاکیان، بەتایبەتی تر ژنانی پێغەمبەر ، چونکە پلەی ئەوان لە پلەی ژنانی تر بەرزترە، وە نموونەن بۆ قەناعەت و سەبرو خۆ ڕاگریی، وە لە ھەموو گیرو گرفتەکانی ژیاندا، دەبێ وانەی دەروون بەرزی بن و ھەرگیز ئەم دنیایە فریویان نەدات، دەبێ ھاوشانی پێغەمبەر ئەخلاق و قییەم بڵاو بکەنەوە، ئەگەرچی ئەوانیش ھەر مرۆڤن و حەزیان لە دنیایە، بەڵام نابێ وەک ژنەکانی (کیسرا) و (قەیسەر) خۆیان بۆ دنیا یەکلا بکەنەوە، ئەو کاتە خەریک بوو ھەڵێدێرێن و ویستیان وەک ئەوان دنیایان بۆ بێت و داوایان لە پێغەمبەر کرد نەفەقەیان – باشتر بکات – خۆ بێگومان ئەگەر بووبا، پێغەمبەر درێغی ناکات – جا لەمەوە کێشەیەکی خێزانی بۆ پێغەمبەر سەری ھەڵدا، ناچار (ئەبووبەکر)ی باوکی خاتوو(عایشە)و (عومەر)ی باوکی خاتوو(حەفسە) خوا لە ھەموویان ڕازی بێت، ھاتنە ناو مەسەلەکەوەو توانییان بەھەموویانەوە قەناعەتیان پێ بکەن و ڕازی ببن بەوەی خوا داویەتی، چونکە ئەم ناتوانێ وەکو (کیسرا)و (قەیسەر) ئاڵ و وێڵ (تەسەروف) لە (بیت المال)دا بکات تابتوانێ بۆیان بڕێژێ، جا بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە خوا فەرمووی: [یاأیُھا النبي قل لأزواجک إن کنتن تردن الحیاة الدنیا وزینتھا فتعالین أمتعکن وأسّرحکن سراحا جمیلا. وإن کنتن تردن اللە ورسولەُ والداراڵاخرة فإن اللە أعد للمحسنات منکن أجرا عظیماً] ٣٢/٢٨-٢٩. واتە: ئەی پێغەمبەر! بەژنەکانت بڵێ: ئەگەر ئێوە ژیانی ئەم دنیاو زینەت و زیبایتیان دەوێ، دەسا وەرن ھەقی خۆتانتان بدەمێ و بەخۆشی بەڕیتان بکەم.
ئەگەریش خواو پێغەمبەرو ماڵی دوارۆژتان دەوێ، خوا بۆ کارە چاکەکانتان پاداشتی گەورەی داناوە. پیغەمبەر بەرامبەر بە ھیچ کەسێک ستەم و ناھەقیی نەکردووە، بەتایبەتی بەرامبەر بەژنەکانی خۆی، سەرەڕای ئەوەیش سەرپشکیان دەکا کە: ئەگەر بەم ژیانە ڕازیبن، ئەگینە وەرنە پێش ھەر ھەقێکیان ھەیە دەیاندات وء بەخۆشی دەستیان لێھەڵدەگرێت.
(سەید قوتب) دەڵێ: پێغەمبەر بۆ خۆيی و بۆ خاوو خێزانی ژیانێکی خودکەفایی ھەڵبژاردبوو، وەک کەسێک بیەوێ جوامێرانەو پێغەمبەرانە بژی، دڵی بەزەويی و دنیاوە پەیوەس نەبێ، وەکو کەسێک خۆی بەرزتر بگرێت لە ژیانی ئەم دنیایەو بیەوێ بەرز ھەڵفرێ بۆ لای خواو، پاداشتی ھەوڵەکانی لەماڵەکەی تردا وەرگرێ، ئەگینە ھەر لە ژیاندا بوو، (فتووحات)ێکی زۆر کراو (غەنیمەت)و دەسکەوتی جەنگی باڵی ڕاکێشا بەسەر ناوچەکەداو، ئەوی نەیبوو ماڵی پەیدا کرد ! لەگەلَ ئەوەیشدا مانگ تێدەپەڕێ ئاگر لە ھیچ ماڵێکیدا نەدەکرایەوە ! کەھەمیشەیش لەو دیاریی و سەدەقانە دەھاتنە بەردەستی.... خەریکی بەخشین بوو بەخەڵکانی تر، ژیانی ئاوای بۆ خۆی ھەڵبژارد، نەک لەبەر ئەوەبێت کە بیروباوەڕو دین و شەریعەتەکەی بڕیاری لەسەر دابێت نەخێر، چونکە ژیانی خۆش و گوزەرانی خۆش لەدین و شەریعەتی ئەودا حەرام نەکراو، تەکلیفی لە ئوممەتەکەیشی نەکرد، ئەوانیش وەک ئەو بژین، نا، مەگەر کەسێک ئەویش بەئارەزووی خۆی ژیانی ئاوا ھەڵبژێرێ بۆ خۆیی و ماڵ و منداڵی، ھەتا بە پاک و خاوێنی بژيی و دنیا نەیخنکێنی و بۆ دوا ڕۆژیش گیرۆدەی لای خوا نەبێ.
بەڵام خۆ ژنانی پێغەمبەریش، وەکو ژنانی تر ئادەمزادن و حەزیان لەدنیاو زینەت و زیبا ھەیە، ئەگەرچی لەماڵی پێغەمبەریشدا بژیین، بۆیە ھەردیتیان خێرو خێراتێکی زۆر بەسەر پێغەمبەرو موسڵماناندا رژا، ھاتن داوای نەفەقەی زیاتریان کرد، بەڵام پێغەمبەر حەزی نەکرد وەکو دەوروبەری خۆی بژین و بۆ خۆيی و بۆ ئەوانی بڕێژێ ! بۆیە لەوەوە تووشی جۆرە ھەراو کێشەیەکی خێزانی بوو و، ماوەیەکیش لەخەم و خەفەتدا نەدەچوویە ناو ھاوەڵانی، ئەوەیش لای ئەوان زۆر قورس و سەخت بوو، ھەندێ جار دەھاتن بیبینن، ڕێی پێ نەدەدان، تەنانەتی لەسەرەتاوە مۆڵەتی (ئەبوو بەکر)و (عومەر)یشی نەدا بێنە لای، بەڵام ھەرجۆر بوو ھاتن و دەرەنجام ھاوکارییان کرد بۆ چارەسەری کێشەکە. (ئەمە بەدرێژە ئیمامی موسلیم و ئیمامی ئەحمەد ڕیوایەتیان کردووە).
ئیسلام (قییەم)ـە ئەساسیەکان بۆ ژیان بەتایبەتی لە (بیت النبوة)دا دیاری دەکات تا ببێتە (مەنارە)و ھەردەم تەماشا بکرێن.
کە ئەو دوو ئایەتەی (تەخییر/سەرپشککردن)ـە ھاتن ڕێگای بۆ دیاریکردن: یان دنیاو زینەتی دنیا، یان خواو پێغەمبەرو ماڵی دوا ڕۆژ ھەڵبژێرن، دەبێ یەکێ لەمانە بێت، دل ھەریەکێکیان دەگرێ، ھیچ کەسێک دوودڵی نیە. بۆیە ژنەکانی پێغەمبەر سوێندیان خوارد: لەمڕۆ بەدواوە لە پێغەمبەر داوای شتێ نەکەن نەیبێت. جا بۆ ئەوە ئەو مەسەلەیە بچەسپێنێ لە ژیانی موسڵماناندا قورئان ھات، کەوابوو مەسەلەکە، مەسەلەی بوون و نەبوون نییە، بەڵکو مەسەلەی ھەڵبژاردنی خوداو پێغەمبەرو دوا ڕۆژە، بۆیە دەبێ ھەموو ئادەمزادێک – بەژن و بەپیاوەوە – بگەنە ئەو ئاسۆیەو خۆیان لە دنیا گەلێ بەرزتر نیشان بدەن.
پاش دیاریکردنی (قییەم) بۆ ھەڵبژاردنی خواو پێغەمبەر، یان بۆ ھەڵبژاردنی زیباو زەنبەری دنیا، لە ھەردوو حاڵەتەکەدا، خودای کارزان پاداشتی دووبەرامبەر، یان تۆڵەی دووقاتیان بۆ ئامادە دەکاو دەفەرمووێ: [یانساء النبي من یأت منکن بفاحشة مبیّنة یضاعف لھا العذاب ضعفین وکان ذلک علی اللە یسیرا. ومن یقنت منکن للە ورسولە وتعمل صالحاً نؤتھا أجرھا مرّتین وأعتدنا لھا رزقا کریما] ٣٢/٣٠-٣١. واتە: ئەی ژنانی پێغەمبەر! ھەرکامێکتان ناچیزە بێت، دوو بەرامبەر جەزرەبەی دەدرێ (چونکە لەماڵی پێغەمبەردایە و ھەقە صاڵح و چاک بن) وە ئەوەش بۆ خوا ئاسانە. ھەرکامێکیشتان ملکەچی خواو پێغەمبەر بێ، کاروکرداری چاک بکات، ئێمەش دوو ئەوندە پاداشتی دەدەینەوە، وەلەبەھەشتدا رۆزییەکی پاک و چاکمان بۆ ئامادە کردووە، ئینجا لەم چەند ئایەتەی تردا تایبەتمەندی ژنانی پێغەمبەر (أمھات المؤمنین) بەیان دەکا، تێیان دەگەیەنێت کە ئەرک و واجیباتیان، لەبارەی مامەڵە لەگەل خەڵکدا، لە خواپەرستیدا، لەنێو ماڵی خۆیاندا لە ژنانی تر جیاوازە، ھەر بۆیە خواش حیمایەتی تایبەتیان دەکات.
دەیەوێ پاک و خاوێن ڕایانگرێت، نەبنە جێگەی قسەو توانجی توانجگران. دەیەوێ بەرزیان بکاتەوە بۆ ئەو ئاستە بۆیان دانراوە، دەیەوێ کۆمەڵگە ئاگادار بکات کە پەیوەندی ژن و پیاو، پەیوەندیەک نیە تەنھا بۆ تێرکردنی جەستەیی، یان بۆ کوژاندنەوەی ھەڵچوونی گۆشت و خوێن بێت، یان.. یان... بەڵکو پەیوەندی ژن و پیاو، پەیوەنی دوو مرۆڤە لە تەنھا (نەفس)ێک دا. خۆشەویستیی و سۆزیان لە نێواندایە، حەوانەوەو ئیسراحەتی تێدایە بۆیان.
[یانساء النبي لستن کأحد من النساء إن اتقیتن فلا تخضعن بالقول فیطمع الذی فی قلبە مرض وقلن قولاً معروفا. وقرن فی بیوتکن ولاتبرجن تبرج الجاھلیة الأولی وأقمن الصلاة وآتین الزکاة وأطعن اللە ورسولە إنما یرید اللە لیذھب عنکم الرجس أھل البیت ویطھرکم تطھیرا. واذکرن مایتلی علیکن فی بیوتکن من آیات اللە والحکمة إن اللە کان لطیفاً خبیرا] ٣٢/٣٢-٣٤. واتە ئەی ھاوسەرانی پێغەمبەر ! ئێوە وەکو ژنانی تر نین، ئەگەر خۆتان بپارێزن (ھیچ ژنێک ناتانگاتێ لەپلەو پایەدا) دەسا لەگەل پیاواندا بەنەرمیی و خاوی قسە مەکەن، ھەتا ئەوی نەخۆشی لەدڵیدایە قرمی خۆش کا، وە ھەمیشە لەئاخاوتندا پەسەندانە بێژن. مال بەجێ مەھێڵن و خۆ دەرمەخەن وەک دەورانی زەمانی پێشوو، واتە: بۆ کاری پێویست نەبێ، وەکو ئەو شتانە بەتۆ نەبێ نەکرێ، یان بۆ مزگەوت و شوێنە پەیوەندی دارەکان بەمزگەوتەوە) لەوەشدا خشڵ و زەمبەرتان بۆ خەڵکانی نامەحرەم دەرمەخەن، نوێژ بکەن و زەکات بدەن، وە لەفەرمانی خواو پێغەمبەر دەرمەچن، خوا دەیەوێ – ئێوە کە سەر بەم ماڵەن چەپەڵیتان لەسەر لاباو پاک و خاوێن ڕاتانگرێ.. (ئیبن کەسیر) دەڵێ: ئەم ئاداب و وێڵە، خودا (بە پلەی یەکەم) دەیدا بەگوێی ھاوسەرەکانی پێغەمبەردا، ئەوساش بەگوێی تەواوی ژنانی ئیمانداراندا، چونکە بێ شک ژنی پیاوی ئیماندار، وەکو ژنی خەڵکانی تر نییە –چ جای ئەوە کە ژنی پێغەمبەریش بێت - ئەمان مەکانەتی تایبەتی خۆیانیان ھەیە، ھیچ کەسێک ناتوانێ بیانگاتێ، بەمەرجێ ((تەقوا)) یان ھەبێء و لەخودا شەرم بکەن، واتە: ئەو پلە بەرزەیە تەنھا بەژنبوونی پێغەمبەر بەدەست نایە، ھەربەوە لەماڵی ئەودایەو ھاوسەری ئەوبێ،یان بڵێین کچی ئەو بێت، خۆ ((یا فاطمة ابنة محمد، یا صفیة ابنة عبدالمطلب، یابنی عبد المطلب، لا أملک لکم من اللە شیئا...)) ھاتووەو بیستووتانە!.
خوای کارزان بۆ یەکەمجار بەخێزانەکانی پێغەمبەرو ژنی ھەموو ئیماندارەکان فەرمان دەدا کە ھەتا کارێکی زۆر پێویست و زەروورەت نەبێ لەمال دەرنەچن، خۆ ئەگەر زەروورەت پەیدابووو ئێوەیش چوون بەدوایدا، وەکو ژنانی زەمانی پێشوو سەرو مل و سینگ و جوانی و زەمبەرتان دەرمەخەن، وە جلو بەرگێ لەبەر مەکەن، دەغزدارەکان دواتان بکەون، وەلە ئاخاوتنا – ئەگەر پێویست بوو – بەنازو نووزەوە قسە مەکەن، تامەرخیان نەچێتە سەرتان و قرمیان خۆش نەکەن، پێغەمبەر ھەر لەدانانی بەردی بناغەی یەکەمی ئەم دینەدا، خیتابی زۆر گرنگی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و دینی بۆ ژنان دەدا، بەر لەھەموو کەسێک ژنانی و ماڵەکەی خۆی.
بەڵێ ھەرگیز ژنان لەھیچ کاروبارێکدا – ئەوی بۆ ئەوان دەست بدات – پشتگوێ نەخراون، ئەوەتە ھەر ئەو ڕۆژە خوا داوای یەکخواپەرستیی دەکات، بڕیاری ئەو ئاداب و ئەحکامانانەش بۆ ژنان دەدات – وەک ئاماژەیەکیش بەگرنگی ھەردوو نەوعەکەی مرۆڤ (نێرومێ) -.
ئیسلامی پیرۆز کە بەژنان دەڵێ لەماڵەوە بن و دەرمەچن، مەبەستی ئەوەیە کە:
یەکەم – بێ ئیش و کاری پێویست، لەمال نەچێتە دەر.
دووەم – ئەگەر پێویست بوو و دەرچوو، بەحیشمەتەوە دەرچێ، تا دەغەل و دەغزدارەکان تەمەحی تێنەکەن.
لەمە زیاتر ھیچ سانسۆرێکی لەسەر ژنان دانەناوە، ئیتر نازانین بۆچی ھەواو ئارەزوو پەرستەکان – زیاتر لەژنان خۆیان – شینیان بۆ دەکەن؟! حەز دەکەن ھەمیشە بازاڕەکان جووڵەی بێت لەژنان و ئەوانیش ھەمیشە بۆ چاو لەوەڕاندن و ئارەزوو تێرکردن لەناویاندا بن،، خۆ دڵنیایشم ئەوانە – ئەو شینە دەکەن و کتێب لەو بارەوە دەنووسن و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وتار دەدەن و لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکان ئیشغال دەکەن، لەو دەست و تاقمە ڕووخاوەی ناو کۆمەڵگەن، لەوانەن لە ئەخلاقدا ئیفلاسیان کردووە، لەوانەن جیھەتێک بەکرێیان دەگرێت بۆ بڵاو کردنەوەی ئەوەی ئەو دەیەوێ ! لەوانەن توانای پێکھێنان و بەڕێوەبردنی ژن و ماڵی شەرعییان نییە، لەوانەن (رەجوولیەت)یان نەماوە، لەوانەن بوونەتە جنسی سێیەم (نەپیاون، تاسیفاتی پیاوەتیی ھەڵگرن، نە ژنیشن، تا سیفاتی ژنان ھەڵگرن، بەڵکو لەسیفات و خووی ئاژەل (بەھیمەت)ـەوە نزیکترن، ھەرکەسێک توانای ژن و مێردی ببێ و، بتوانێ ماڵ بەڕێوەبەرێ، ئیسلام داوای لێ دەکات ھاوسەر پیادە بکات – ژن بێ یان پیاو – ((یامعشر الشباب ! من استطاع منکم الباءة فلیتزوج...)).
ژنان لەسەردەمی پێغەمبەردا ﷺ دەردەچوون بۆ مزگەوتەکان، ھیچ ڕێیان لێ نەدەگیرا، ئەگەرچی ئەو سەردەمەو ئەمڕۆ – لەڕووی پاکیی و ئەخلاقییەوە – ئاسمان و ڕێسمان فەرقیانە. ئەو سەردەمە ژنان بەسەرو مل و سینگ داپۆشراوەوە دەردەچوون و (زینەت)ی خۆیانیان دەرنەدەخست، لەگەل ئەوەشدا، دوای کۆچی پێغەمبەر ﷺ خاتوو (عایشە – خ) بەچاکی نەدەزانی ژنان بچنە مزگەوت: ((قالت عایشە رضی اللە عنھا -: کان نساء المؤمنین یشھدن الفجر مع رسول اللە ثم یرجعن متلفعات بمروطھن ما یعرفن من الغلس) متفق علیە. وە ھەروەھا دەلێ: ((لو أدرک رسول اللە ما أحدث النساء لمنعھن من المساجد، کما منعت نساء بنی إسرائیل)). ئاخۆ ئەگەرخاتوو (عایشە – خ) کەوتبایەتە ئەمرۆژگارەوە ئێمەی تێکەوتووە، چی گوتبایە؟!.
ئینجا بۆ پێناسەی خۆ دەرخستن لەزەمانی پێشوودا (التبرج فی الجاھلیة الأولی) موجاھید دەڵێ: ژن لە نێوان پیاواندا دەھات و دەچوو، ئەوەبە (تبرج) دادەنرا. (قەتادە) دەڵێ: ژنان جۆرە لەنجەو لارێکیان دەکرد، خوا رێی لێگرتن! چونکە بە (تبرج) دادەنرا.
(موقاتیل) دەڵێ: ژنان لەمال دەردەچوون، سەرپۆشیان لەمل شتەک نەدەدا، ملوانکەو گەردن و گوارەیان دەردەکەوت، بە (تەبەروج) دادەنرا !. ئەگەر ئەمڕۆ لەگەل ئەو سەردەمەدا بەراورد بکەین، دەبینین لە تاریکستاندا دەژین، کەوتووینەتە (أسفل سافلین)ی جاھیلیەت، کەوتووینەتە ئەو چەپەڵییە، کە خوا بە خێزانەکانی پێغەمبەری فەرموو: [إنما یرید اللە لیذھب عنکم الرجس أھل البیت ویطھرکم تطھیرا].
سەرچاوە/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا - نوسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود
بەروار2020/04/02سەردان 1398
پێشەکیی - ژنان و كاروبارى ژنان لە ئيسلامدا قورئان گرنگی بە ژنان و کاروباری ژنان دەدات.! پێکھاتەی جەستەی ژن و پیاو لێکجودایە.! بێحورمەتی کەناڵە سێکسیە بازرگانیەکان بەرامبەر بە ژنان.! چهند خوویهكی جاهیلیهت بهرامبهر به ژنان و چارهسهریان له ئیسلامدا (1+2) چهند خوویهكی جاهیلیهت بهرامبهر به ژنان و چارهسهریان له ئیسلامدا (3+4) چهند خوویهكی جاهیلیهت بهرامبهر به ژنان و چارهسهریان له ئیسلامدا (5+6) چهند خوویهكی جاهیلیهت بهرامبهر به ژنان و چارهسهریان له ئیسلامدا (7+8) کیژانی ھەتیوو بێ باب، گەلێ ستەم وناھەقیان لێدەکرا.! فره ژنێتی..! فره ژنی له چهند ڕوویهكهوه پێویسته.! پرسیارێكی سهیرو سهمهره لەسەر فرە پياوى؟! ئەگەری سەرھەڵدانی ئاڵۆزی لە فرە ژنییدا.؟ فره ژنێتی پێغهمبهر "صلى الله عليه وسلم" مارهیی ژنان.! ئایا مارەیی سنووری بۆ دادەنرێت ؟