غه‌ریزه‌ی جنسیی به‌ سه‌رجێیی‌ شه‌رعیی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێ.!

غه‌ریزه‌ی جنسیی به‌ سه‌رجێیی‌ شه‌رعیی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێ.!


شيخ أحمد كاكه محمود

ته‌نها چاره‌سه‌رێك بۆ پاك ڕاگرتنی كۆمه‌ڵگه‌، له‌كاری دزێوو ناپه‌سه‌ند، (زه‌واج)و یه‌كخستنی (نێرومێ)یه‌ به‌ شێویه‌كی‌ شه‌رعیی‌، وه‌له‌سه‌رده‌وڵه‌ت و باوك و براو خزم و كه‌س و كار پێویسته‌ ئاسانكارییان بۆ بكه‌ن و، گرێ و گۆتاڵیان بۆ دروست نه‌كه‌ن، تا ناچار نه‌بن هه‌ڵسن به‌كاری دزێوو ناشیرین، تا ناچار نه‌بن ڕێگای له‌شفرۆشی هه‌ڵبژێرن بۆ خۆیان – كه‌ به‌داخه‌وه‌ – ئه‌مڕۆ بۆته‌ باوونه‌ریت ورێگای‌ په‌یداكردنی‌ نان وخۆراك لای‌ هه‌ندێ‌ له‌ژنان، به‌ شێوه‌یه‌ك زۆر به‌ ئاسان و به‌ نرخێكی هه‌رزان ده‌ست ده‌كه‌وی‌! هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌تی جل وبه‌رگی باڵا پۆش و، فه‌رمان به‌ چاونوقاندن له‌ ئاست نامه‌حره‌مدا هات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵی موسڵمان ده‌كات، هاوكاری ژن و پیاو، كچ وكوڕ بكه‌ن، ڕێگه‌یان بۆ ئاسان بكه‌ن، نه‌بوونی‌((ماڵ‌ وسامان)) نه‌بێته‌ هۆكاری دواكه‌وتنی (زه‌واج)یان، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ زانایان ده‌ڵێن: له‌ سه‌ر حكومه‌تی سه‌رده‌م پێویسته‌ له‌حاڵی كۆمه‌ڵایه‌تی (نێرومێ) بپرسێته‌وه‌، ژنی بێ مێرد، پیاوی بێ ژن نه‌هێڵێته‌وه‌، به‌ڕای منیش ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تێك پێك بهێنرێت ته‌نها بۆ كاروباری لاوان و ژنانی بێ مێردو، پیاوانی بێ ژن، كارێكی واجبی‌ ئیسلامیی‌ جێبه‌جێكراوه‌،جا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش له‌هه‌ر شـارێـكـدا چـه‌نـد به‌ڕێوه‌به‌رێتێك و چه‌ند ده‌زگایه‌ك دروست بكات، ئه‌وانیش له‌هه‌ر گه‌ڕه‌كێك، چه‌ند كه‌سێكی‌ زاناو دڵسۆز به‌مه‌سه‌له‌ی لاوانه‌وه‌ هه‌ڵبژێرن، پاشان ده‌وڵه‌ت بوودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ دابنێت، ئه‌گه‌رچی له‌ بوودجه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌شت و گه‌ڕ و ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و خانووبه‌ره‌و وه‌زاره‌ته‌كانی تربێت. بۆیه‌ خوا ده‌فه‌رمووێ: [وأنكحوا الأیامی‌ منكم والصالحین من عبادكم وإمائكم إن یكونوا فقرا‌ء یغنهم الله من من فضلهِ والله واسع علیم] 24/32. واته‌:ژنی بێ مێرد و، پیاوی بێ ژنتان جووت بكه‌ن، ژنه‌كه‌ به‌مێردی بده‌ن و، پیاوه‌كه‌ش هاوسه‌ری بۆ په‌یدا بكه‌ن،وه‌ عه‌قه‌باتی‌ رێگه‌یان مه‌هێڵن، به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و گرێیه‌ دارایی‌ بوو، به‌ ڵێنی‌ خوای‌ میهره‌بانه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سكورت بوون كیفایه‌تیان بدات. (ئه‌بوبه‌كری صدیق) خوا لێی ڕازی بێت فه‌رمووی: ئیوه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی خوا ئه‌نجام بده‌ن، خواش به‌ڵێنی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات. پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌فه‌رمووێ: هاوكاری‌ سێكه‌س له‌سه‌ر خوا هه‌قه‌: ژن هاوه‌رێك، مه‌به‌ستی پاراستنی (عه‌وره‌ت)ی بێت، به‌نده‌یه‌كی نامه‌ بۆ كراو بۆ ئازادبوون، مه‌به‌ستی بێت بیداته‌وه‌، جیهادكه‌رێك له‌ پێناو سه‌رخستنی دینی خوا دا تێبكۆشێت. (ئه‌حمه‌د، ترمزی، نه‌سایی، ئیبن ماجه‌). ((ثلاثة حق علی‌ الله عونهم: الناكح یرید العفاف، والمكاتب یرید الأدا‌ء، والغازی‌ فی‌ سبیل الله)).
له‌فه‌رمووده‌یه‌كی تردا هاتووه‌كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ لاوه‌كان - كچ وكوڕ - هه‌ڵده‌نێ به‌پێی تواناو گونجان زه‌واج بكه‌ن، چونكه‌ هه‌م چاویان له‌ئاست حه‌رامه‌كان ده‌نووقێ، هه‌م عه‌وره‌تیشیان ده‌پارێزرێ، خۆ ئه‌گه‌ر توانایش نه‌بوو، با بچن ڕۆژو بگرن، چونكه‌ ڕۆژوو ده‌بێته‌ قه‌ڵغان له‌ ڕووی تاوان و كاره‌ گوناح هێنه‌ره‌كاندا: ((یامعشر الشباب ! من استطاع منكم البا‌ءة فلیتزوج، فإنهُ أغض للبصر، وأحصن للفرج، ومن لم یستطع فعلیه بالصوم، فإنه ڵهُ وجا‌ء)) متفق علیه‌.
له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی تردا ده‌فه‌رمووێ: جووت ببن (ئه‌ی نێرومێ‌!) تا نه‌وه‌و نه‌سلتان ببێ، چونكه‌ نه‌سل ونه‌وه‌ی ئێوه‌ – ته‌نانه‌تی‌ منداڵێكی له‌بارچووش – بۆ من مایه‌ی شانازیه‌ له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا: ((تزوجوا توالدوا تناسلوا، فإنی‌ مباه بكم الأمم یوم القیامة)) ئه‌بووداود، نه‌سایی.
ئیسلام زۆر به‌ لێبڕاوانه‌ هه‌وڵ‌ ده‌دات بۆ ڕاگرتنی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ به‌پاك و خاوێنی و، سووكایه‌تی نه‌كردن به‌ژنان و ڕێگرتن له‌ له‌شفرۆشی به‌ ژنان، بۆیه‌ به‌تایبه‌تی ده‌فه‌رمووێ: ((ولاتكرهوا فتیاتكم علی‌ البغا‌ء إن أردن تحصنا لتبتغوا عرض الحیاة الدنیا...)) 24/33. (سوددی) ده‌ڵێت: كوڕه‌كه‌ی سه‌لوول (عه‌بدوڵڵا) كه‌نیزه‌یه‌كی هه‌بوو، هه‌ركه‌ میوانی هاتبا – بۆ ڕێزگرتن له‌ میوانه‌كه‌ – ده‌ینارده‌لای بۆ جووت بوون !، ڕۆژێك ئه‌و كه‌نیزه‌ هاته‌لای (ئه‌بووبه‌كر) خوا لێی ڕازی بێت سكاڵای له‌ (عه‌بدوڵڵا) كرد، ئه‌ویش بۆ پێغه‌مبه‌ری‌ ﷺ گێڕایه‌وه‌، پێغه‌مبه‌ریش بڕیاریدا نه‌هێڵن بگه‌ڕێته‌وه‌ لای (سه‌لوول)، سه‌لوولیش كردیه‌ هه‌راو داوای له‌ خه‌ڵك كرد نه‌هێڵن موحه‌ممه‌د ئه‌و زوڵمه‌ی لێ بكات ! ئه‌وسا ئه‌و ئایه‌ته‌ هات فه‌رمووی: له‌شفرۆشی مه‌كه‌ن به‌ ژنانه‌وه‌ – چ ئازادو چ كه‌نیزه‌.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیسان كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپا – له‌وانیشه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆمان بۆ جاهیلیه‌تی كۆن گه‌ڕایه‌وه‌، بگره‌ خراپتریش، ده‌توانین بڵێین هه‌موو كون وقوژبنێكی دنیایان پڕكرد له‌ فه‌سادو ! فرمێسكی (تیمساح)یش ده‌ڕێژن بۆ ژنان.


سه‌رچاوه‌/ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا -  نوسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه محمود

بەروار2020/04/02سەردان 1463