دیداری‌ به‌رێز كاك حسێن خلیفه‌ محمد
دیداری‌ به‌رێز كاك حسێن خلیفه‌ محمد


دیداری‌ به‌رێز كاك حسێن خلیفه‌ محمد دۆستی‌ دێرینی‌ مامۆستا
به‌ ناوی‌ خوای‌ گه‌وره‌ی‌ میهره‌بان

سه‌ره‌تا زۆر سوپاس بۆ خوای‌ گه‌وره‌ كه‌ جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود كوڕانی‌ وه‌ك ئێوه‌ی‌ هه‌یه‌ .

زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ خزمه‌تیان به‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام و به‌ها نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانییه‌كان كردووه‌و به‌ پێنوسه‌كانی‌ ده‌ستیان و به‌ چه‌ك داكۆكیان له‌ خاكی‌ پیرۆزی‌ كوردستان كردووه‌، وه‌ ڕابردوویه‌كی‌ پاكیان هه‌یه‌ له‌ مێژوودا.
مامۆستایانی‌ ئاینی‌ ئیسلامی پیرۆز هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بوون له‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی‌ كوردستانداو زۆر جاریش سه‌ركرده‌و ڕابه‌رو پێشه‌وای‌ گه‌له‌كه‌یان بوون له‌ خه‌بات و تێكۆشان و فیداكاری‌ و به‌رگریكردن له‌ پیرۆزیه‌كانی‌ كوردستان، وه‌ له‌ ڕووی‌ زوڵم و زۆرو سته‌م ڕاوه‌ستاون، ئه‌وه‌ش مێژوو شاهیدی‌ له‌سه‌ر ده‌دات بۆ ده‌ورو ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ پیاوانی‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانی‌  كوردستان له‌ وانه‌ش  وه‌ك نمونه‌ باس ده‌كه‌ین: شێخ محمودی‌ حه‌فید، شێخ سه‌عیدی‌ پیران،پێشه‌وا قازی‌ محمدو هاوسه‌نگه‌ره‌كانی‌، شێخی‌ نه‌هریی‌ و هه‌ڤاڵه‌كانی‌، شێخ عه‌بدولسه‌لامی‌ بارزانی‌ و، شێخ ئه‌حمه‌دی‌ به‌رزانی‌ و، مه‌لا مسته‌فای‌ بارزانی‌ و، مامۆستا مه‌لا عوسمان عه‌بدولعزیزو، ده‌یان و سه‌دان پێشه‌وای‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئایینی‌ فیدا كار بوون بۆ پیرۆزیه‌كانی‌ كوردستان، ده‌كرێت لێره‌شدا ئه‌وه‌ش بڵێین له‌ كوردستان مامۆستایانی‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام ده‌وری‌ كاریگه‌رو ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ ووشیار كردنه‌وه‌و پێگه‌یاندنی‌ نه‌وه‌ی‌ دوا ڕۆژی‌ ئه‌م گه‌له‌، له‌ عیلم و عیرفان و سوڵح و ئاشتی‌ و چاكه‌ خوازی‌ ناكرێت، لێره‌دا ڕۆڵی‌ پیاوێكی‌ گه‌وره‌و مه‌زنی‌ وه‌ك مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمودی‌ هه‌ورامان فه‌رامۆش بكرێت، چ وه‌ك پیاوێكی‌ ئایینی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ چ وه‌ك نوسه‌رو چ وه‌ك سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ك، هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تی‌ گه‌له‌كه‌یدا بووه‌، مامۆستا پیاوێكی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان بوو زۆر به‌داخه‌وه‌ مردن مه‌ودای‌ نه‌دا زیاتر گه‌وره‌یی‌ و مه‌زنی‌ ئه‌و پیاوه‌ ئایینیه‌ ده‌ربكه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م پیاوه‌ زانایه‌ له‌ڕاستیدا وه‌جاخی‌ ڕۆشنه‌و منداڵه‌كانی‌ هه‌میشه‌ دۆست و ڕه‌فیقه‌كانی‌ باوكیان به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه‌ و كاكه‌ محمودی‌ برای‌ مامۆستا دۆستی‌ دێرین و برای‌ خۆشه‌ویستمان هه‌ر كات ده‌ی‌ بینم یادو یاده‌وری‌ مامۆستا دێته‌ خه‌یاڵم و كاكه‌ محمودیش پیاوێكی‌ تێكۆشه‌ری‌ ئه‌و قۆناغه‌ی‌ شۆڕش بووه‌، نه‌وه‌كانی‌ مامۆستای‌ كۆچكردوو نوسین و كتێب و وتاره‌كانی‌ مامۆستا كۆده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ چاپیان ده‌گه‌یه‌نن، نوسینه‌كانی‌ مامۆستا له‌ مردن ڕزگار ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش دڵی‌ مامۆستا ئارام ده‌گرێت و به‌خامه‌و پێنوسه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ مامۆستای‌ كۆچكردوو باشترین ته‌فسیری‌ قورئان كه‌وته‌ ناو كتێب خانه‌كانی‌ كوردستان به‌مه‌ش خزمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام كردووه‌و كتێبخانه‌ی‌ كوردیشی‌ ده‌وڵه‌مه‌ند كرد، (ته‌فسیری‌ ڕامان) كه‌ ماناو لێك دانه‌وه‌ی‌ قورئانی‌ پیرۆز به‌ كوردی‌ له‌ پاش كۆچی‌ دوایی‌ مامۆستا نه‌وه‌كانی‌ ئاواتی‌ مامۆستایان به‌دی‌ هێنا، جه‌نابی‌ مامۆستای‌ كۆچ كردوو به‌ جێی‌ هێشتین و كۆچی‌ دوایی‌ زیانێكی‌ گه‌وره‌ بوو، نوسخه‌ی‌ ئه‌و ته‌فسیره‌ی‌ ڕامان له‌ ئایه‌ته‌كانی‌ قورئانی‌ پیرۆز به‌كوردی‌ مامۆستا عیرفان و مامۆستا سوهه‌یب له‌سه‌ر وه‌سێتی‌ بابی‌ كۆچكردوویان بۆ هه‌موو دۆست و ڕه‌فیقه‌كانی‌ بابیان نارد نوسخه‌یه‌كیشیان به‌ دیاری‌ بۆ من نارد كه‌ پیرۆزترین شت له‌لام له‌ هه‌موو كتێبه‌كان ئه‌و ته‌فسیره‌ی‌ ڕامان بوو، بۆیه‌ من به‌مشێوه‌ی‌ خواره‌وه‌ وه‌ك ره‌فیقی‌ مامۆستای‌ كۆچكردوومان وا له‌ كه‌سایه‌تی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ كاكه‌ محمودی‌ هه‌ورامان ده‌ڕوانم .

 برای‌ خۆم كاكه‌ عیرفان، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمودی‌ هه‌ورامان پیاوێكی‌ گه‌وره‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان بوو، زاناو ڕووناكبیرو مێژووناس و ئایین په‌روه‌رو پێشمه‌رگه‌و شۆڕشگێڕێكی‌ قۆناغی‌ شۆڕشی‌ ڕزگاری‌ كوردستان بوو، جه‌نابی‌ مامۆستای‌ كۆچكردوو گه‌ر یه‌كێك له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌و پیاوه‌ی‌ بناسیایه‌ ده‌یزانی‌ چه‌ند گه‌وره‌و به‌ هیمه‌ت و به‌ قیمه‌ته‌ بۆ ئاینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام و، خزمه‌تی‌ گه‌له‌كه‌ی‌، من له‌ سالاَنی‌ حه‌فتاكان مامۆستام ناسیوه‌ كه‌ كتێبه‌كه‌یم خوێنده‌وه‌، به‌ ناوی‌ وته‌ی‌ زاناكان و باوه‌ڕ به‌خودا، گه‌وره‌یی‌ و زانایی‌ ئه‌و پیاوه‌م بۆ ده‌ركه‌وت، بۆیه‌ حه‌زم ده‌كرد هه‌میشه‌ ڕه‌فیق و هاوڕێی‌ وه‌ك ئه‌وم هه‌بێت، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ئاینی‌ و نیشتمانی‌ بوو، نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نوسێكی‌ گه‌وره‌ بوو، توانیویه‌تی‌ سوچێكی‌ كتێبخانه‌ی‌ كوردی‌ به‌پێنوسه‌كه‌ی‌ پڕ بكاته‌وه‌و چه‌ندین كتێب و وتارو ڕێنمایی‌ و نوسینی‌ به‌نرخی‌ بۆ مێژوو تۆمار كردووه‌، له‌وانه‌ ته‌فسیری‌ قورئانی‌ پیرۆز به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ڕێك و پێك كه‌ به‌مه‌ش خزمه‌تێكی‌ مه‌زنی‌ كردووه‌ به‌ مسوڵمانانی‌ كوردستان و ، ئاشنا كردنیان به‌ مانای‌ قورئان و ته‌فسیره‌كه‌ی‌ له‌ ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی‌ (12، 13/ 5/1987) ی‌ ده‌ڤه‌ری‌ شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان له‌ دژی‌ ڕژێمی‌  به‌عس ده‌ورو ڕۆڵێكی‌ گرنگی‌ هه‌بوو، له‌گه‌ڵ هه‌زاران هاولاَتی‌ ناوچه‌كه‌ ڕوویان له‌ چیاكانی‌ كوردستان كردو په‌نایان بۆ شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی‌ هێناو، مێزه‌ره‌ سپیه‌كه‌ی‌ به‌سته‌ پشتیی‌ و جبه‌كه‌ی‌ شانی‌ كرده‌ سه‌نگه‌رو له‌ ڕووی‌ ڕژێمی‌ به‌عسدا ڕاوه‌ستا، مامۆستا پیاوێكی‌ له‌سه‌رخۆو هێمن و ڕووخۆش بوو به‌رده‌وام له‌خه‌می‌ ئازادی‌ كوردستاندا بوو، جه‌نابی‌ مامۆستا له‌ دروستكردنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیزو جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا علی‌ عبدالعزیزو جه‌نا بی‌ مامۆستا شێخ محمد به‌رزنجی‌  هاوڕێكانی‌ دیكه‌ی‌ ده‌ورو ڕۆڵ و كاریگه‌ری‌ هه‌بوو له‌ پێكهێنانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ له‌ كوردستان، من چه‌ندین جار له‌ مه‌یداندا، له‌ قۆناغی‌ شۆڕشدا مامۆستام دیوه‌ به‌ جل و به‌رگی‌ شۆڕشگێڕی‌ پێشمه‌رگانه‌وه‌ به‌ تاقم و تفه‌نگه‌وه‌ له‌ سورێن له‌ هه‌ورامان له‌ ناوچه‌ی‌ پێنجوێن له‌ قه‌ره‌داخ، مامۆستا پیاوێكی‌ سیاسی‌ و ئاینی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و مه‌یدانی‌ بوو، له‌ساڵی‌ (1988) له‌ هه‌ورامان به‌جه‌نابی‌ مامۆستام وت: حه‌ز ده‌كه‌م كار بكه‌یت بۆ دانانی‌ مێژوویه‌كی‌ هاوچه‌رخ بۆ گه‌له‌كه‌مان و نووسینه‌وه‌ی‌ مێژووی‌ شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كان، مامۆستا زۆری‌ پێخۆش بوو، وتی‌ كاك حسین ئێستا ئێمه‌ له‌ شۆڕش داین له‌ جیهاد داین ئه‌گه‌ر مردن مه‌ودای‌ داین پێشنیاره‌كه‌ت جێ‌ به‌جێ‌ ده‌كه‌م، له‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ ساڵی‌ 1991ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمودم له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ تازه‌ بینیه‌وه‌و، سه‌ردانی‌ كردم بۆ ماڵه‌وه‌مان وتی‌ ئه‌گه‌ر خوای‌ گه‌وره‌ یاوه‌رمان بێت و یارمه‌تیم بدات له‌ به‌رنامه‌مدا هه‌یه‌ قورئان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ پاراو به‌زمانی‌ كوردی‌ ته‌فسیر بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ مسوڵمانانی‌ كوردستان به‌ باشی‌ له‌ مانای‌ قورئان تێ‌ بگه‌ن و، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ پاشه‌ ڕۆژێكی‌ ڕووناك له‌ هه‌ردوو دنیا بۆ گه‌له‌كه‌م، منیش زۆر هانم داو ته‌شجیعم كرد، ئه‌م پیاوه‌ گه‌وره‌ی‌ كوردستان هه‌میشه‌ وه‌ك كوردێك هه‌ستی‌ كردووه‌ به‌ ئێش و ئازاری‌ گه‌له‌كه‌یی‌ و، بۆیه‌ له‌پێناو ئاینه‌كه‌یی‌ و كوردو كوردستان دژ به‌ڕژێمی‌ به‌عس ڕاپه‌ڕیی‌ و ژیانی‌ ئاواره‌ی‌ هه‌ڵبژاردو، ماڵ و منداڵه‌كانی‌ ئاواره‌ی‌ ئۆردوگای‌  ده‌ربه‌ندی‌ دزڵی‌ ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان بوون و خۆشی‌ بانگه‌وازی‌ جیهادی‌ دژ به‌ڕژێمی‌ به‌عس ڕاگه‌یاندو، به‌م هه‌نگاوه‌ی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا بووه‌ خۆشه‌ویستی‌ هه‌موو شۆڕشگێڕێك، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ شۆڕشدا من به‌رپرسی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌زووری‌ حزبی‌ سۆسیالستی‌ كوردستان بووم،له‌ كیمیاباران و كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵی‌ (1988) له‌لایه‌ن ڕژێمی‌ به‌عسه‌وه‌، جه‌نابی‌ مامۆستا ده‌ورێكی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوو له‌ شاردنه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ شه‌هیدانی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و به‌خاك سپاردنیان، مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د زۆرجار لای‌ من باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ زۆر دژی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ بوو، ده‌ی‌ وت ئه‌م شه‌ڕانه‌ پێی‌ ده‌ڵێن ماڵ وێرانی‌ و هه‌موو به‌زیانی‌ كورد ته‌واو ده‌بێت، كۆچی‌ دوایی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود له‌ دڵ و ناخمدا هه‌ژاندمی‌ و ئازاری‌ زۆری‌ دام ، خوای‌ گه‌وره‌ به‌ به‌هه‌شتی‌ به‌رینی‌ شاد بكات، كۆچی‌ دوایی‌ و ماڵئاوایی‌  ئه‌و زانا مه‌زنه‌ی‌ كورد، زه‌ره‌رو زیانێكی‌ گه‌وره‌ بوو له‌گه‌لی‌ كورد كه‌وت، به‌و شێوه‌یه‌ش ئه‌ستێره‌یه‌كی‌ گه‌شاوه‌ی‌ ئاسمانی‌ كوردستان ماڵئاوایی لێ‌ كردین و، كۆچی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا زه‌ره‌رو زیانێكی‌ گه‌وره‌ش بوو له‌ برایانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان كه‌وت، خوای‌ گه‌وره‌ ڕۆحی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا له‌ ڕیزی‌ شه‌هیدان و صدیقان و یاوه‌رانی‌ ڕه‌سول دا حیساب بكات، مامۆستا زۆر هه‌وڵیدا كه‌ ناكۆكی‌ له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ دروست نه‌بێت و دژی‌ ناكۆكیه‌كان بوو، هه‌میشه‌ لای‌ من ده‌ی‌ وت ناكۆكی‌ ناوخۆیی‌ به‌ زه‌ره‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان و بزووتنه‌وه‌ ته‌واو ده‌بێت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دۆستی‌ جه‌نابی‌ مامۆستاو خۆشه‌ویستی‌ ئه‌و بوون یان لایه‌نگرو هه‌واداری‌ ئه‌و زانا مه‌زنه‌ی‌ كوردستان بوون هه‌میشه‌ ڕێزو حورمه‌ت له‌ بنه‌ماڵه‌و كوڕو كچ و هاوسه‌ری‌ مامۆستا بگرن و ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ هه‌قیان له‌سه‌ر په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت و گه‌له‌كه‌یان هه‌یه‌ كه‌ دڵنه‌وایی‌ بكرێن، مامۆستا پیاوێكی‌ زۆر به‌ هیمه‌ت و مه‌زن بوو له‌ ده‌ستمان چوو، كۆچی‌ دوایی‌ ئه‌و ته‌نها زه‌ره‌ر نه‌بوو بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌، به‌ڵكو گه‌لی‌ كورد زاناو دانایه‌كی‌ گه‌وره‌و به‌ هیمه‌تی‌ له‌ ده‌ستدا، بۆیه‌ پێویسته‌ حیزبه‌كه‌ی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا (واته‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ كوردستا ن) گه‌وره‌ پیاوانی‌ وه‌ك مامۆستا عوسمان عبدالعزیزو مامۆستا مه‌لا علی‌ و مامۆستای‌ كۆچكردوو ده‌یان سه‌ركرده‌و شه‌هیدیان داوه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ شانازی‌ بكه‌ن به‌ سه‌ركرده‌ی‌ وه‌ك خوا لێ خۆشبووان .
من له‌ ساڵی‌ (1989) به‌سه‌ختی‌ بریندار بووم مامۆستا سه‌ردانی‌ كردم بۆ هه‌ورامان و زۆر دڵخۆشی‌ كردم به‌ ئایه‌تی‌ قورئان و به‌ فه‌رمووده‌ زۆر دڵدانه‌وه‌ی‌ دام و ئازاره‌كانی‌ جه‌سته‌م سوك بوون، پێی‌ وتم تۆ خه‌باتت كردووه‌و پێشمه‌رگه‌ییت بێ‌ مقابل دژ به‌ ڕژێمی‌ كوفری‌ به‌عس ڕاوه‌ستاویت شه‌هیدو بریندار لای‌ خوای‌ گه‌وره‌ پاداشتی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، وتی‌ تۆ نوێژ ده‌كه‌یت و ڕۆژوو ده‌گریت كه‌سێكی‌ مسوڵمانیت هه‌م باوه‌ڕت به‌ خوای‌ خۆت هه‌یه‌و هه‌م به‌ڕاستی‌ خه‌بات ده‌كه‌یت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ لای‌ خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌جری‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌، دوا جار وتی‌ كاك حسێن چه‌ند منداڵت هه‌یه‌؟ وتم سێ‌ كچ، وتی‌ ناویان چییه‌؟ وتم ناویان دڵسۆزو به‌فرین و ڕه‌نگین، مامۆستا چاوه‌كانی‌ له‌ یه‌كناو كه‌مێك فیكری‌ كرده‌وه‌، یه‌كدانه‌وه‌ی‌ بۆ پیتی‌ ناوه‌كان كردو وتی‌: خوا برایان پێ‌ بدات ناوه‌كانیان زۆر باشه‌. (ئێستا به‌فرینی‌ كچم ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی‌ كوردستانه‌) كچه‌كانیشم دوو برایان هه‌یه‌ به‌ ناوی‌ حه‌مرین و هارون) . دوا وته‌م بۆ كوڕو كچه‌كانی‌ مامۆستا ئه‌وه‌یه‌ مامۆستا مێژوویه‌كی‌ پاكی‌ هه‌یه‌و خزمه‌تێكی‌ به‌رچاوی‌ هه‌یه‌و پێویسته‌ شانازی‌ بكه‌ن به‌ گه‌وره‌یی‌ و دیاری‌ باوكیان هه‌میشه‌ لای‌ من و بنه‌ماڵه‌ی‌ ئێمه‌ خاوه‌نی‌ ڕێزن .
                           
                             هه‌ر شادبن
       هاوڕێی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا: حسین خلیفه‌ محمد  
                             سیروان
                     شه‌وی‌ 19/11/ 2009
بەروار2020/03/30سەردان 614