پرس و راوێژ لەسەر نوێژى هەینى بۆ ژنان.؟


19- پرس و راوێژ لەسەر نوێژى هەینى بۆ ژنان.؟


نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


وەڵام/
1- ئەگەر ژنان لەگەڵ ئیمامدا نوێژى هەینییان کرد، دروستەو فەرزەکەى نیوەڕۆیان لە کۆڵکەوتووە، خۆ ئەگەر لەماڵەوە کردیان، دیارە دەبێ چوار ڕکاتەکەى نیوەڕۆ بکەن.
2- نوێژ بە کۆمەڵ (نوێژى جەماعەت)، ئەگەرچى سوننەتیش بێت، یان نوێژى هەینى، لەگەڵ ئیمامێک لە تەلەفزیۆن و رادیۆوە، دروست نییە، با گوێى لەدەنگى ئیمامیشەوە بێت.
3- ئەگەر ژنان لە نوێژدا، دەستکێشیان کردە دەست، قەیدى نییە.
4- نوێژ لە مزگەوتێکدا کە نە ئیمامەکە دەبینرا، نە نوێژ خوێنەکانیش، بەڵکو تەنها دەنگیان دەبیسرا دروستە.
5- لە ریزى نوێژ بە کۆمەڵدا، هەقە ژنان هەمیشە لە دواى ریزى پیاوانەوە بن، خۆ ئەگەر لە ریزى پیاوەکاندا جێ نەما بۆ پیاوان، دەتوانن لە بەر ناچارى لە پشت ژنەکانەوە نوێژ دابەستن.
6- ئەگەر ژنان و پیاوان پێکەوە نوێژیان بە کۆمەڵ دەکرد، دەبێ ژنان لە پشت پیاوەکانەوە راوەستن، ئیتر ئەو پیاوانە مەحرەمى ژنەکان بن، یانا.
7- نوێژ بە کۆمەڵ بۆ ژنان (مباح)ـە، نەک سوننەت، چونکە هیچ فەرموودەیەک نییە بە راشکاوى سوننەتییەتى بگەیەنێت.
8- قسەى راست ئەوەیە کە پێشنوێژیکردنى ژنان بۆ نێرینە – ئەگەرچى منداڵیش بێ- دروست نییە.
9- دەتوانرێ لە مزگەوتێکدا لە پشت پیاوانەوە، چادرێک بۆ ژنان هەڵبدرێ و نوێژى تیا بکەن.
10- کاتێ ژنان دەیانەوێ بچن بۆ مزگەوت، دەبێ ئەم مەرجانە ڕەچاو بکەن:
- بە تێرو تەسەل خۆ داپۆشن.
- بۆنخۆشیى (عەترو موعەتتەر) لە خۆ نەدەن.
- بە هۆى چوونیان بۆ مزگەوت، مافى ماڵ و منداڵ و مێردیان نەفەوتێ.
- هیچ فیتنەو خراپەیەکى لێ نەکەوێتەوە.
11- (شێخ ئیبن عثيمين) دەڵێ: لەبەر ئەوە نوێژى ماڵەوە بۆ ژنان باشترە تەنانەتى لە (مسجدالحرام)یش، ئەو پاداش و فەزڵە بۆ پیاوان هەیە لە نوێژى بە کۆمەڵدا بۆ ژنان نییە، بەڵام رۆیشتن بۆ مزگەوت و داواى لێبوردنى فریشتە بۆیان و.. ئەمانەیان بۆ هەیە.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/04/02سەردان 363